عەلی مەردان و هۆگری بە دۆزینەوەی ڕەگەزی دەنگ - بەشی2

دیاکۆ شاسواری

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێننەوە

 وەکی لە نووسینی عەلی مەردان دەردەکەوێ، بە هۆی ئەوەی ئەو هونەرمەندە لە گەڕەکی "تەکیەی شێخ عەلی تاڵەبانی"ی شاری کەرکووک ژیاوە، هەر لە منداڵییەوە بە هۆی هۆگری بە تەکیە و لەو ڕێیەوە ئاشنا بوون لەگەڵ قورئانخوێن و حافزەکانی شارەکەی، بەرەو فێر بوونی ئاواز و مۆسیقا هان دراوە. دیارە قورئان خوێنان و ئەو کەسانەی کە ئاوازە ئایینییەکان دەخوێنن، ئەوانە کلتوورێک و نەریتێکی تایبەت لە خوێنداندا کە بە درێژایی زەمان فێربوون، ڕەچاو دەکەن و شێوازەکانی قورئان خوێندن بە پێی مێتۆدی ئەو خوێندنەوانەی کە قورئانخوێنە جۆراوجۆرەکان گوتوویانەتە بەر، هاندەری ئەوانە بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان لەسەر ڕیتم و فۆڕمی مۆسیقایی جیاواز تاقی بکەنەوە. جودا لەوە زۆر بۆنەی ئایینی وەک مەولوودی و مەولوودنامەخوێنی و ڕێوڕەسمی تەواو بوونی فەقێیەتی، کە تێیدا فەقێکان جەژن دەگرن، بوونەتە هۆکاری زۆر بۆنەی جیاواز کە پیویستیان بە ئاواز و مۆسیقا بووە. هەر بۆیە لە دێرزەمانەوە لە کوردستان هەندێک مەراسیمی مەزهەبییان بە ڕێوەبردووە کە تێیدا دەنگخۆشەکانی پابەندی ئایین، شیعر و ئاوازی ئایینی و قورئانیان خوێندووەتەوە. دیارە بە پێی توانای دەنگ و مرخی هونەری و جۆری شیعرەکانیان هەر کام شێواز و ئاوازێکیان هەڵبژاردووە.

عەلی مەردان سەرەتا وەکی بۆ خۆی دەڵێ، بەجێی ئەوەی خوو بداتە یاری و گەمەی منداڵان، فێری گوێگرتن لە قورئانخوێنەکان و لەو کەسانەی کە ئاوازە مەزهەبییەکان دەخوێنن بووە. لەو ڕێگایەوە فێری ئەوە دەبێ دەنگی خۆی لە دۆخی جودادا چۆن بەکاربێنێ. دواتر شارەزایی پەیدا دەکا لە خوێندنەوەی قورئان و ئەو سروود و ئاوازە دینییانەدا. هەر لەو کۆڕ و کۆبوونەوانە لەگەڵ چەند کەسێک ناسیاوی پەیدا دەکا، کە مەقامە کوردییەکانی وەک ئەڵڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و ...یان گوتووە.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو بەشە لە ژیانی عەلی مەرداندا، حوزووری ژنانە لەو کۆڕوکۆبوونەوە مەزهەبییانە. بە تایبەت ئەو لەگەڵ دوو ئافرەت ئاشنا دەبێ کە ئەوانیش حافزن. دوو خوشکی دەنگخۆشن کە هەر دووکیان بە مەلا نێو دەبردرێن. "مەلا شەوکەت" و "مەلا هەیبەت". ئەو دوو ئافرەتە هەم قورئانخوێنن هەم لە ئایین و جەژنەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی جێژنەکانی مەولوودنامە و ڕێوڕەسمە ئایینیەکان، ئاوازی مەزهەبی و قورئان دەخوێنن و لەوانیش زۆر شت فێردەبێ. گرینگتر لەوە دوای ئەوەی مێردمنداڵ دەبێ، باوکی کۆچ دەکا و مەجبوور دەبن ماڵیان ڕابگوێزن بۆ ئاوایی لەیلان. ماڵی خاڵی عەلی مەردان لەوێ بووە. لەو ئاواییە دەروویەکی دیکە بە ڕووی عەلی مەرداندا دەکرێتەوە. ئەویش دیوەخانێکی گەورەی لێ بووە کە دیوەخانی شێخە. لەو دیوەخانەدا جودا لەوەی هەموو خەڵک هامووشۆی ئەوێیان کردووە، شەوان کەسانی دەنگخۆش بۆ ڕازاندنەوەی دیوەخانی شێخ، گۆرانی و مەقاماتیان گوتووە کە چەند کەسی ناودار لەوانە "خدری بارام چاوەش" و "کامیلی تەپەلۆیی" بوون. ئەوانە مەقامەکانی ئەڵڵاوەیسی و خورشیدی و خاوکەر و زۆر مقاماتی دی دەڵێن. عەلی مەردان بەوانە سەری سووڕ دەمێنێ و لە ئاکامدا بە ڕۆژانە ئەو شتانەی لەوان فێر بووە بۆ خۆی دەیانڵێتەوە و گەنجینەیەکی زۆر پێک دێنێ. تا وای لێ دێ دەنگی دەبیسترێ و ئەویش بانگ دەکرێتە دیوەخان و بەو شێوەیە عەلی مەردان لەو کۆڕ و کۆبوونەوانە تواناییی دەنگی خۆی دەبینێتەوە. هەر لەو ماوە کورتەدا هۆگرێکی زۆر لە ئاوایی لەیلان بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. ئەوەی لەو بەشەدا عەلی مەردان جەختی لەسەر دەکا ڕۆڵی تەکیە و خانەقا و دیوەخان و مزگەوتە لە پەروەردەکردنی دەنگی هونەرمەندانی ئەو سەردەمدا کە هەرکام لەو شوێنە سوننەتییانە بە هۆی ئەوەی پۆلێک ئینسانی دەنگخۆش و هونەرمەندی تێدا بووە، فێری ئاواز و مۆسیقا بوون. هەرچەند ئەو ئینسانە دەنگ خۆش و هونەرمەندانە و ئەوانەی کە لە بنکە مەزهەبییەکانی وەک مزگەوت و تەکیە و خانەقا کاریان کردووە شیعرەکانیان شیعری ئایینی بوون، بەڵام لە ئاوازەکانیاندا ئەو ڕیتم و ئاوازانەیان دووپات کردووەتەوە کە لە کۆی جەهانی ئیسلامەتیدا باو بوون. ئەو هونەرمەندانە ئەوانەیان بە شێوەیەک ناوچەیی کردووە و لەگەڵ دەنگ و کەلتووری خۆیان، لەگەڵ ئەو ڕیتم و ئاوازانەی کە لە ناوچەی کوردەواریدا باو بوون و بە تایبەت لە ناوچەی کەرکووک ڕێکیان خستوون و شتێکی ناوچەییان لێ بەدیهێناوە و بووە بە نەریتێکی جوانیناسانەی دەنگخۆشی لەو ناوچەیە و عەلی مەردان لەوانە کەڵک وەردەگرێ و هەر ئەو کەشوهەوایە بە پێی بیرەوەرییەکانی خۆی، زیاترین کاریگەرییان تا سەردەمی لاوەتی لە سەر هونەری ئەو داناوە.

 ئەو وردە دیاردە هونەرییانەی لەسەری کاریگەر بوون بریتی بوون لە؛ شێوەی دەربڕین و ڕیتم و ئاوازی قورئانخوێنەکان و ئەو کەسانە کە لە مزگەوتەکان مەولوودیان خوێندووە بە تایبەت مەلا شەوکەت و مەلا هەیبەت کە لە شاری کەرکووک دوو خانمی قورئانخوێن و ئاوازخوێنی ئایینی بوون. دواتر لە ئاوایی لەیلان ئەو ئاوازخوێنانەی مەقاماتی وەک ئەڵڵاوەیسی و قەتار و خاوکەر و ئای ئای و خورشیدیان خوێندووە. عەلی مەردان ئەو مەقاماتە لەوانە فێر دەبێ و ئامادە دەبێ بۆ وەی وەک کەسێکی دەنگخۆش سەرەتا لە ناوچەی کەرکووکدا دەربکەوێ. شتێک کە لەو سەردەمەدا بە ژیانی زیاد دەبێ ئەوینی عەلی مەردانە بە دوو خاتوون هەر لە سەردەمی لاوەتیدا لە ئاواییەکەی خۆیان. ئەوانە دەبنە هۆی ئەوەی، ئەو بەجێی ئەوەی زیاتر بە لای ئاواز و مەقاماتی ئایینی و مەزهەبیدا بچێ، ئەوین و خۆشەویستی، ئەو سەرچاوانە بن کە ئاواز و هەستی هونەرمەندانەی ئەو دەبزوێنن و لە ئاکامدا عەلی مەردان عاشقی خاڵۆزایەکی خۆی دەبێ. هەرچەندە هەرگیز بەو خاڵۆزایەی ناگا. ئەو عەشقە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەستی ئەو دەبێ و تەنانەت لە شیعرێکدا کە بەرهەمی ئەو ئەوینەیە باسی ئەوە دەکا کە ئەو عاشقی خاڵۆزاکەی بۆوە و خاڵی ڕێگریی لەو ئەوینە کردووە و ئەوینەکەی ئەوی سەرکوت کردووە. دوای ئەوەیە کە عەلی مەردان لەو ناوچەیە کۆچ دەکا و سەرەتا دەچێتە ناوچەیەک بە نێوی "هەفتەغار".

 لە ناوچەی هەفتەغار خوو دەداتە کار و پیشەی ڕۆژانە، بەڵام جودا لەوە لە تەنیاییی خۆیدا خەریکی کاری هونەرییە و لە ئاکامدا دوای ئەوەی لە هەفتەغاردا موسیبەتێک دێتە پێش و ئەو کەسەی کە لەوێ داڵدەی داوەدەمرێ و دەکوژرێ، عەلی مەردان بڕیار دەدا بەو گەنجینە هونەرەی کە لە ناوچەی کەرکووک و لە دێهاتی دەوروبەری کەرکووک فێری بووە، لە حەیرانبێژەکان لە بەیتبێژەکان لە قورئانخوێنەکان لەوانەی کە مەولوودی دەخوێنن، واتە بە گەنجینەیەک لە ئاواز و ڕیتم و ئیقاعەوە ڕوو بکاتە مێترۆپۆل و شارێکی گەورەی وەک بەغدا. لەوێ ژیانێکی تازە و بناغەی ژیانێک لەسەر هونەر و لەسەر پەرەپێدان بە هونەری کوردی و سەقامگیرکردنی کەسایەتیی هونەریی خۆی دەست پێ بکا. واتە عەلی مەردان لە ناوچەیەکی بەرتەسکەوە کارەکانی دەست پێ کرد. نەریت و شێواز و ڕیتم و فۆڕمە هونەری و ئاوازییەکانی کوردەواری فێر بوو و ئەو جار هەنگاوی نا بەرەوە شارێکی گەورەی وەک بەغدا تا لەوێ بتوانێ ئەو گەنجینەی کە فێری بووە، تێکەڵ ئەو گەنجینە بەربڵاوە بکا کە لە بەغدا فێریان دەبێ و کەسایەتیی هونەریی خۆی لەوێ بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ پەروەردە بکا.

KURDŞOP
594 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!