کورتەیەک لەسەر شانۆ و شانۆی کوردی

زارا عەلی

 

شانۆ، یەکێکە لە بەشەکانی هونەر و جۆرێکە لە ئەدەب. بە مانای هونەریی خۆی، فۆرمێکە لە هونەر کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەقی ئەدەبی دەگۆڕدرێت بۆ دیمەن و پێشکەش بە بینەر دەکرێت. شانۆکار ئەم دیمەنانە لەگەڵ جووڵەکانیان لەسەر ستەیجی شانۆ پێشکەش دەکەن. مرۆڤ دەتوانێت شانۆ بە شێوەیەکی تر بناسێنێت: شانۆ دیاردەیەکی هونەرییە کە لەسەر بنەمای دیدارێکی ئامانجدار لەنێوان ئەکتەرەکان و بینەران، لە کات و شوێنێکی تایبەت و دیاریکراودا، بە ئامانجی نیشاندانی چرکەساتێکی ئەدەبی، پێک دێت.

دەرکەوتنی شانۆ، جیا لە هونەرەکانی تر و جیا لەوان، لە سەرەتای ژیانی مرۆڤەوە دەستی پێ کردووە. ئەگەر مرۆڤ خوێندەوار، بیرمەند و ڕامیار بێت، بێگومان ئاشقی داهێنان و ئاشقی جوانی دەبێت؛ هەر بۆیە دەبینین کە نواندن و تەقلیدکردنی هەندێک کەس یان هەندێک ئاژەڵ، ڕەفتارێکی سروشتیی مرۆڤە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لاساییکردنەوە و نواندن زگماکین. چالاکییەکانی وەک سێحرکردن، ڕێوڕەسمی ئایینی، شایی، دیلان و گۆرانی، نیگارکێشان، نەخشاندنی دیوار و بەرد و پێشکەشکردنی قوربانی بۆ خودایان، وەک سەرەتای هونەری شانۆ سەیر دەکرا.

هەروەها مرۆڤەکان لە ڕووداوە سروشتییەکان و دروستبوونی کۆمەڵێک شتی سەیروسەمەرە دەترسان و نەیاندەزانی چۆن هاتوونەتە ئاراوە. چونکە هۆکاری کارەساتە سروشتییەکان و یاسا سروشتییەکانیان نەدەزانی، خۆف و ترس دەچووە نێو دڵیانەوە و لەبەردەم ئەو ڕووداوانەدا سەریان دادەنواند و دەبوون بە عابد. سیحری هونەر لەو سەردەمەوە دەست پێ دەکات. بەپێی باوەڕی ئەوان، لەنێو هێزە زیندووەکانی سروشتدا، ڕۆحی تایبەت هەبووە، وەکوو هەست و سۆزی مرۆڤ، بەو هۆیەشەوە سەما و یارییان دروست کرد کە لە ڕەفتاری ئاژەڵان دەچوو. کاتێک خواردنی باشیان هەبوو، شاییان دەگێڕا و کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد. هەموو ئەو هۆشیارییانە بوون بە هەستی خوڵقاندنی شانۆ.

پێش لەدایکبوونی عیسا، لە سەدەی پێنجەم و چوارەمدا، بیرۆکەی شانۆ لە ژیانی یۆنانییە کۆنەکاندا دەرکەوت. ئەوکات شانۆ بە شێوەیەکی خەمبارانە (تراژدی) دەربڕدرا و تەوەری خۆی لە مێژوو و چیرۆکەکانەوە وەرگرت.

دیسان لەو سەدانەدا، یۆنانییەکان و فارسەکان پێکەوە شەڕ دەکەن و دواتر یۆنانییەکان سەردەکەون و پێشڕەوی دەکەن. لەو سەردەمەدا شارەزایانی یۆنانی، "ئەرەستوو و ئەفلاتوون" بە بۆچوونێکی بەهێزەوە شانۆیان لێک دەدایەوە و پەرەیان پێ دا.

شانۆ بەسەر دوو بەشدا دابەش کراوە: "تراژدی و کۆمێدی." ئەم دابەشبوونەی شانۆ گرێدراوە بە شارستانییەتی یۆنانییەکانەوە. ئەمەش بەو ئاهەنگانەش ئاشکرا دەبێت کە لە یۆنان پێشکەش بە یەکێک لە خودایان بە ناوی "Diyonisyos" دەکرا.

لە وەرزی ترێدا، شەرابیان دروست دەکرد و هەمووان سەرخۆش دەبوون و ڕۆژانی خۆشی و شادییان بەسەر دەبرد. کە ترێ کۆتاییی هات، هەمووان دڵتەنگ دەبوون و لەم کاتانەدا شانۆی تراژدی و کۆمێدی دەرکەوتن. هەرچەند شانۆ لە یۆنان و ڕۆم و هەموو جیهان پەرەی سەند، دواتر لەنێو کورددا هەنگاوێکی نا.

لە ساڵانی ١٩٠٠دا گەلی کورد توانی لە ڕێگەی نووسینی شانۆنامەوە مێژووی خۆی بپارێزێت، ئەویش بە پێشکەشکردنی یەکەم شانۆ لە شاری هەولێر لە ساڵی ١٩٠٥دا لەژێر ناوی "تاریکی و ڕووناکی" بە دەرهێنەریی "عەبدولڕەحیم ڕەحیم هەکاری". پاشان شانۆنامەی "مەمێ ئالان" لە ساڵی ١٩١٨دا لە گۆڤاری "ژین" لە ستەنبوڵ بڵاو کرایەوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شانۆیەکی دیکە بە ناوی "دایکی نیشتمان" پێشکەش کرا. جگە لەوەش لە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان کار لەسەر تەوەری شانۆ کراوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە بەردەوام نەبوون، ئەمەش بە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و قەدەغەکردنی هونەر، ئەدەب، فەرهەنگ و زمانی کوردی بووە.

شانۆی کوردی لە باکووری کوردستان لە ساڵانی ١٩٥٠دا پێشکەوتنێکی بەدەست هێنا. ئەمەش لەژێر چاودێریی "مووسا عەنتەر"دا بوو کە بە نووسینی شانۆنامەی "برینا رەش" دەرکەوت.

لە ئێستادا بە ئامانجی گەیاندنی شانۆی کوردی بۆ ئاستێکی بەرزتر، کارێکی زۆر لەسەر شانۆ دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی کۆمەڵگەی گەلی کورد و هۆکارەکانی جوگرافیای کوردستان و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەی کە دەرفەت بە گەلی کورد نادەن تاکوو کورد لە هیچ ڕوویەکەوە پێش نەکەون، بەتایبەت لە بواری شانۆدا.

 

KURDŞOP
362 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!