مامۆستا عەلی مەردان  ئاسۆیەکی ڕوون بە ڕووی مۆسیقا و شوناسی کوردیدا - بەشی ١

دیاکۆ شاسواری

 

"گەڵای پاییز" ناوی کتێبێکە کە بیرەوەرییەکانی یەکێک لە گەورەترین هونەرمەندانی کورد "مامۆستا عەلی مەردان"ی لە خۆگرتووە. ئەوەی ڕاستی بێ ناسیاریی من لە سەر عەلی مەردان وەک ناسیاریی زۆربەی خەڵکی کورد لە ڕێی گۆرانییەوە بوو. وەک ئەوەی عەلی مەردان گۆرانیبێژێک وەک هەموو گۆرانیبێژانێکی دیکەی کورد بووە کە بە شێوەیەکی خۆڕسک  هێندێک مەقام و بەستەو ئەڵڵاوەیسی و ئاوازە کوردییەکان فێر بووبێ و بە ڕێکەوتیش تۆماری کردبن. بەڵام پاش خوێندنەوەی نزیکەی چوار سەد لاپەڕە لە بیرەوەرییەکانی ئەو هونەرمەندە، بۆم دەرکەوت عەلی مەردان جودا لەوەی  هونەرمەندێکی بەتوانا و خاوەن شێواز و لێزان لە بواری مۆسیقادا بووە، مرۆڤێکی وردبین، بە بەرنامە و لە هەمان کاتدا خاوەن زانستی پسپۆڕانە لە بواری مۆسیقادا بووە. بەر لەوەی  لایەنە جیاوازەکانی بیر و هونەری عەلی مەردان بە پێی بیرەوەرییەکانی خۆی بخەمە بەر باس، پێم خۆشە باسی شێوازی نووسینی بیرەوەرییەکانی ئەو هونەرمەندە گەورەیە بکەم. عەلی مەردان بیرەوەرییەکانی بە پێی مێتۆدێکی تایبەت گێڕاوەتەوە .واتە بیرەوەرییەکانی بە شێوەیەکی خەتتی و هێڵێکی ڕاست، لە منداڵیەوە تا سەردەمی پیری و زۆرهانی نەگێڕاوەتەوە. بەڵکوو ئەو وێستگانەی لە ژیانی تاکە کەسیی خۆیدا و لە ژیانی هونەرییدا گرینگ بوون، لەنگەری لەسەرگرتوون و بە وردی بۆ خوێنەری شی کردوونەتەوە.

 هەرکام لە بەشەکانی بیرەوەرییەکانی عەلی مەردان، ناوێکی تایبەتیان لێ نراوە و دیارە ئەو هونەرمەندە بە مەبەست ئەو کارەی کردووە. بۆ وێنە لە بەشی یەکەمەوە کە دەست پێ دەکا بەناوی "تارماییەکانی منداڵی"، لەو پاژەدا  دەپەرژێتە سەر باسی ڕەچەڵەکی بنەماڵەیی و شوێنەزای خۆی واتە کەرکووک. هەندێک لە داب و ڕەسمە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ئەو سەردەم لە شاری کەرکووک دەگێڕێتەوە کە بۆ هەموو خوێنەرێک و بە تایبەت بۆ شیکاران و پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسیی کلتوور گرینگن و دواتر زیاتر ئاوڕیان لێ دەدەینەوە.

لە بەشی دووەمی ئەو بیرەوەرییانەدا کە نێوی "لەیلان و دیوەخانی شێخ"ە، سەرەڕای ئەوەی نەریتێکی نالەباری کۆمەڵایەتی واتە دەست بە سەرماڵی هەتیودا گرتن دەبێتە بەردی بناغەی ئەو  بەشە، ڕۆڵی دیوەخانی ئاغایان و تەکیە و خانەقای شێخان لە پەرەسەندنی مۆسیقا و لە دەوری یەک کۆکردنەوەی هونەرمەندان و هونەردۆستان دەخاتە بەر باس. ئەوەی کە بۆ خۆی لەو کەشوهەوا کەلتووری و چینایەتییەدا چۆن توانیویەتی دەنگی خۆی بدۆزێتەوە و تواناییەکانی خۆی کەشف بکا و دەروویەک بۆ داهاتووی خۆی هەڵبنێ. لە بەشی سێهەمدا کە ناوی لێناوە "عاشقێکی هەڵوەدا"، ئەزموونی ئەوینی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەزموونێک هەر لە تەمەنی هەژدە ساڵییەوە زەین و بیری داگیر کردووە و تا دوا وێستگەی ئەو بەرهەمە و ئەو بیرەوەرییانە لە زەین و بیری ئەو هونەرمەندەدا ماوەتەوە. ئەوینی هونەرمەندێک بە خاڵۆزاکەی.

 بەشی دواتر گێڕانەوەی تەرکەوەتەن بوونی خۆیەتی بە نێوی "حەفتەغار و ڕەنجەکانی". ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لە لەیلان واتە ئاواییەکەیان دەچێتە دەرێ و لە حەفتەغار دەمێنێتەوە. بۆ یەکەم جار داڵدەو پەنایەک پەیدا دەکا. بەڵام دواتر ئەو داڵدەو پەنایەشی لێ دەڕووخێ و ئەو ماڵەی کە ڕای دەگرن تووشی گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەبن و ئەوەش هەم ژیانی ئەو بنەماڵەیە و هەم داهاتووی عەلی مەردان دەگۆڕێ.

 لە بەشی دواتردا واتە لە بەشی پێنجەمدا کە ناوی ناوە "بەرەو بەغدا"، سەفەری دوور و درێژ و تا کۆتاییی تەمەنی عەلی مەردان دەست پێ دەکا. سەفەرێک کە لە بێکاری و نوستن لە بارەگای شێخ عەبدولقادری گەیلانی و نوستن لەسەر شەقام و شۆستەکانەوە تا گەیشتن بە گەورەترین پلەکانی هونەر دەگرێتەوە.  سەفەرێک کە تێیدا هاونشینی کرێکاران و ڕەنجدەران و لێقەوماوانی بەغدایە و دواتر پلە بە پلە سەر دەکەوێ و ئەو جار دەگاتە ئاستێک کە لەگەڵ بەرزترین هونەرمەندان و نووسەران و شاعیران و سیاسەتوانانی کورد و عەرەب لە عێراق و میسر و ئوردن و باقیی وڵاتان پەیوەندی ساز دەکا.

لەو سەفەرەدا بە دەیان وێستگەی دیکەی گێڕاوەتەوە کە بۆ خوێنەر و مرۆڤی کورد بەکەڵکن و دواتر ئاوڕیان لێ دەدەینەوە.

حەسەن زیرەک و عەلی مەردان

 

 ئەوەی ئەو هونەرمەندە دەیگێڕێتەوە و ئەو ڕووداوانەی لە بەغدا و وڵاتانی دیکە بەسەری هاتوون هەر کامیان بۆ خوێنەری کورد و بۆ هۆگری هونەری مۆسیقا لە کوردستان، کۆمەڵێک داتا و ئەزموونی تازەیان تێدایە کە نابێ سەرسەرەکی بە سەریاندا تێبپەڕین.  ئەوەی لەو کۆمەڵە بیرەوەرییەی عەلی مەرداندا سەرنجڕاکێش و خاوەن بایەخە ئەوەیە کە هیچ بەشێک لە بەشەکانی ئەو بیرەوەرییانە شک نابەین کە وەکی دواتر باسیان دەکەین لەگەڵ دیاردەیەکی تازە و زانیارییەکی تازە و سەرسوڕمانێکی تازەمان ئاشنا نەکەن. چون لە هەرکام لەو بەشانەدا شتی نەکوتراوە کە پەیوەندیی بە هونەری کوردی و بە مۆسیقای کوردی و بە کۆمەڵگای کوردییەوە هەیە دەخاتە ڕوو.

واتە تەنیا جەختی لەسەر گێڕانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی بیرەوەرییەکانی تاکە کەسی خۆی نەکردووە، (کە زۆر جار لە کتێبە بیرەوەرەکاندا دەیانبینین و ڕەنگە بۆ خوێنەر چەندە گرنگ نەبن)، بەڵکوو عەلی مەردان بە دانستە ئەو وێستگە گرنگانەی بیرەوەریی خۆی گێڕاوەتەوە کە دەبوو لەگەڵ خەڵکی خۆی، لەگەڵ نەتەوەی خۆی و لەگەڵ هۆگرانی هونەری مۆسیقادا بەشیان بکات.

بۆ وێنە ئەوەی کە ئەو هونەرمەندە چۆن توانی بە شێوەیەکی پسپۆڕانە بێتە نێو دنیای هونەرەوە. لە گەڵ کامێک لە هونەرمەندانی گەورەی عەرەب و کورد پەیوەندیی هەبووە؟ ئەو پەیوەندییانەی ئەو لەگەڵ ئەو هونەرمەندانە لەسەر چ بنەمایەک بووە؟ ئایا هونەرمەندانی عەرەب و کوردی هاوشان و هاوزەمانی خۆی کاریگەرییان لە سەری بووە یان ئەو کاریگەریی لەسەر ئەوان بووە .

عەلی مەردان و محەممەد جەزا

 

  چەندەی مۆسیقا بە شێوەی زانستی زانیوە؟ چ ڕۆڵێکی لە پەرەپێدانی مۆسیقای کوردیدا هەبووە. ئاخۆ عەلی مەردان وەک مامۆستا لە فێرگەکانی بەغدا وانەی گوتووەتەوە یان وانە فێر بووە. ئایە عەلی مەردان تەنیا لە چوارچێوەی مۆسیقای کوردیدا ناسراوە یا لە پانتای دنیای عەرەبیشدا ناسراوە. پەیوەندیی ئەو لەگەڵ مۆسیقای عەرەب و لەگەڵ مۆسیقای وڵاتانی وەک میسر و ئوردون و سووریا و عێراق چ بووە؟ لەگەڵ مۆسیقا و هونەری کوردی چ پەیوەندێکی هەبووە؟ کامێک لە هونەرمەندانی کورد ستایشی توانا و گەورەییی عەلی مەردانیان کردووە؟ عەلی مەردان کام وێستگە لە بیرەوەرییەکانی خۆی بۆ کام هونەرمەندی گەورەی کورد تەرخان کردووە و لەنگەری لەسەر گرتووە. ئەو هونەرمەندانەی وەک مووزیسیەن هاوڕێی عەلی مەردان بوون کێ بوون. ئایا هەموویان کورد بوون ئایا وەکی دەگوترێ هەموویان عەرەب بوون؟ کۆی ئەو پرسیارانە لە درێژەی  بیرەوەرییەکانی عەلی مەرداندا بۆ خوێنەران ڕوون دەبێتەوە و ئێمە لە نووسینەکانی دواتردا دانەدانە پەردەیان لەسەر هەڵدەینەوە.

 

 

KURDŞOP
658 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!