ڕەخنەیەک لەسەر تابڵۆی "تاجە گوڵینە"ی ڕێبوارسەعید – بەشی2

 

ئاڵا ڕەزایی

 

بەشی یەکەمی ئەم وتارە لێرە بخوێنەوە

 

بەڵام ئێکۆ فێمینیزم بە پێچەوانەی ئەو جۆرە بیر و باوەڕەیە. ئێکۆفێمینزم بە ئێمە دەڵێ ئەو جۆرە بیر و باوەڕە کە ژن و پیاو بە تەواوی لێک جودا دەکاتەوە و پیاو وەک ئافرێنەری ژیار و عەقڵی جیهان و ژنیش وەک سروشتێک بۆ کۆیلەتی و هێزی پیاو دەبینێ کە لە پیاو کەمترە، بۆتە هۆکاری ئەوەی قەڵەشتێکی زۆر قووڵ لە نێوان سروشت و ژیار بخوڵقێندرێ. بە جۆرێک کە هەم سروشت و ژنان زۆریان خەسار وێ کەوتووە و هەم هیچ شارستانییەتێک بەو جۆرە لە بیر و باوەڕ نەخوڵقێنراوە کە مافی مرۆڤەکانی زۆر بەباشی تێدا بسەلمێنرێ و هەموو لە سروشت و کۆمەڵگایەکی پر لە ئاشتیدا بژین.

بۆیە ئێکۆ فێمینستەکان دەڵێن ئەو قەڵەشتە قووڵەی بەینی ژیار و سروشت تەنیا بە غەریزەی سروشتیی ژنانە و ئاگاداریی ژنان لە جێگای خۆیان لە کۆمەڵگا و سروشتدا پڕ دەبێتەوە؛ چونکە ژن بە تەواوی دەتوانێ تێبگا کە هەم خۆی هەم سروشت، لەبەر کۆمەڵگای پیاوسالار، لە بارودۆخێکی وەکوو یەکتری ستەمیان لێ چووە و بەسۆخرە گیراون.

٣-ئێکۆ فێمینیزم وا بیر دەکاتەوە کە ستەم و بەکۆیلەگرتن بەسەر ژن و سروشت هەردووکیان یەک سەرچاوەیان هەیە کە بیر و باوەڕی پیاوسالارانەیە، بۆ ئەوەی پیاوان وەک بەشی بیرمەند و ژیارساز لەوان وەک بەشێکی بێ بیر و بێ ئاوەز و تەنیا جەستەیی کەڵک وەرگرن. بۆیە ژن دەبێتە باشترین کەس بۆ پاسەوانیی سروشت چونکە دەتوانێ لە دەردی سروشت کە سەرچاوەکەی هەر وەک دەردی خۆی وایە تێبگا و ژن باشترین کەسە بۆ ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ئێکولۆژیک.

بەڵام ئەگەر ئەوجار بێینەوە سەر وێنەکە، دەتوانین زۆر بابەتی ئێکۆفێمێنیستیی تێدا ببینین. ئێمە پێش هەمووشتێک لێرەدا ژنێک دەبینین کە ناخی تابڵۆکەیە و گرینگترین بابەتی تابڵۆکەیە. هەر ئەو جۆرەی پێشتر باسم کرد هونەرمەند هەم زیاترین ڕەنگی تێدا بەکار بردووە و هەم لە باقیی شتەکان گەورەتری کێشاوەتەوە. کەوابوو لێرەدا ئێمە دەبینین بە پێچەوانەی باوەڕی پیاوسالارانە، ئەو ژنە هیچ نەیهێشتووە وەک جەستەیەک و بە بۆنەی ئەوەی بەشێکی نزیکتر بە سروشتە، کەسێک یان شتێک بەسەریدا زاڵ بێ. خاڵێکی دیکەی تریش کە لەو ژنەدا دەدیترێ، ئەوەیە کە ئەو ژنە خەریکە بەسەر وڵاتەکەیدا دەفڕێ و ئێمە دەبینین کە ئەو وڵاتەی بەسەریدا دەفڕێ، ئاژەڵی لێیە کە دەتوانێ لێرەدا واتای سروشتی بۆ ئێمە هەبێت. شتێکی تریش کە دەیبینین ئەوەیە کە ئەو ژنە بە بەشێک لە دەموچاوی کە سەوزە (سەوز لێرەدا دەتوانێ سیمبولی سروشتیش بێ) خەریکە لەسەرەوە پاسەوانیی وڵاتەکەی و سروشتەکەی دەکا و هەروەها بەشێک لە کراسەکەشی هەر سەوزە، ئەوە دەتوانێ نوێنەری نزیکایەتیی ژن و سروشت و وەک یەک چوونی ژن و سروشت بێت. دیسان لێرەشدا هەر واتای ئێکۆفێمینیستی دەبینین، چونکە لەو تابڵۆیەدا ژن وەکوو کەسێک هەڵبژێردراوە کە ئاگای لە سروشتە، بەو هۆکارەوە کە ژن و سروشت وەک یەک وان و هەردووکیان سەرەڕای ئەوەی تواناییی خوڵقاندنیان هەیە و ژیان بەخشن، دەردی هاوبەشیان هەیە کە بۆ هەردووکیان سەرچاوەی هەر پیاوسالارییە کە بە درێژاییی مێژوو، لەبەر ئەوەی تواناییی خوڵقاندنیان هەبووە هەر وەک کەرەسە چاویان لێ کراوە. بۆیە ژنان زیاتر لە هەموو کەس دەردی سروشت دەرک دەکەن و باشترین کەسن بۆ پاراستن و ئاگا لێبوون لە سروشت. هەر ئەو جۆرەی لەو تابڵۆیەدا نیشان دراوە و ئێمە لەو تابڵۆیەدا دەبینین ژنی نێو تابڵۆ، سەبارەت بە سروشتەکەی و خۆی ئاگادارە؛ هەم بەسەر سروشتەکەیدا هەڵدەفڕێ کە بتوانێ پاسەوانیی لێ بکا و هەم دەستێکیشی بە دەوری خۆیدا گرتووە کە ئاگای لە خۆی بێ وەک بەشێک لەسروشت.

٣-پێوەندی بەینی سۆسیالیزم و ژن

خاڵێکی زۆر گرینگ لە تابڵۆکەدا ناوەکەیەتی کە نێودێر کراوە بە "تاجەگوڵینە". مەبەستیش لە تاجە گوڵینە، نیشتمانی ئەو ژنەیە کە لەو وێنەیەدا وەک تاجێک لەسەری کردووە .

ئەو کارەی نێگارکێش لێرەدا کردوویەتی واتایەکی زۆر قووڵی هەیە و دەتوانێ وا لێک بدرێتەوە کە ژن هۆکارێکی زۆر زۆر بەهێز و گرینگە بۆ وڵاتەکەی؛ بەو شێوەیە کە ژن وەک شاژنێک وایە کە وڵاتەکەی وەکوو تاجێک لەسەر کردووە و کاتێک کە سەری بەرزە، وڵاتەکەشی هەر بەرزە، بەڵام ئەگەر سەری شۆڕ بێ و لێ بکەوێ، وڵاتەکەشی کە دەبێتە تاجەکەی، بەردەبێتەوە و تووشی نزمی و پێخوستبوون دەبێ. دەکرێ بگوترێ لێرەدا واتایەکی زۆر بەهێز لە لایەن نیگارکێشەوە بۆ ژن نیشان دراوە و دەتوانین پێوەندیی بدەینەوە بەفەلسەفەی سۆسیالیستی لە هەمبەر پلەی ژندا .

سۆسیالیزم فەلسەفەیەکە کە باسی ئەوە دەکا چۆن کەسایەتییەکانی نێو یەک کۆمەڵگا دەبێ بە هاوکاریی یەکتر ببنە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵگایەکی بەهێزتر و سەرکەوتووتریان هەبێت و زۆربەی فەیلەسووفانی گەورەی سەدەکانی نۆزدە و بیست وەکوو "کاڕڵ مارکس" و "سیمۆن دۆبووار" لەسەر ئەو بیر و باوەڕە کۆک بوون کە خوڵقاندنی کۆمەڵگایەکی بەهێز، بەبێ بەشداریی ژنان کە نیوەی کۆمەڵگان و بەبێ کەڵک وەرگرتن لە تواناییەکانی ئەوان مومکین نییە. کاڕڵ ماڕکس کە فەیلەسووفی گەورەی سەدەی نۆزدەیە و یەکێک لە شوێن دانەرترین فەیلەسووفانە، لە فەلسەفەی سۆسیالیزمدا دەڵێ ئێمە ناتوانین هەرگیز لە کۆمەڵگادا پێش بکەوین تا کاتێک کە ڕەگەزی مێ، یارمەتیدەری ئێمە نەبێت. هەروەها فەیلەسووفی گەورەی سەدەی بیستەم، سیمۆن دوبووار لە سەرەتادا وای بیر دەکردەوە کە ئەگەر کۆمەڵگایەکی سۆسیالیست هەبێ کە تێیدا هەموو بۆ سەرکەوتن تێدەکۆشن و بەئامانجی پێشکەوتن زەحمەت دەکێشن، تێکۆشین بۆ مافی ژنان ئیدی پێویست و گرینگ نییە؛ چون ئەودەم ئیدی هەمووشتێک دەچێتەوە سەر جێی خۆی و مافی مرۆڤ  بە واتای دروستی خۆی دەپارێزرێ.

بەڵام دووبووار دوایی لەو قسەیەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە و ساڵگارێک دواتر لە ئاخافتنێکدا دەڵێ تا ئێمە لە سەرەتادا بۆ ژنان تێنەکۆشین و ژنانیش فێر نەبن کە بۆخۆیان بۆ مافی خۆیان تێبکۆشن، قەت ناتوانین کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیمان هەبێت کە مافی مرۆڤەکانی تێدا دەپارێزرێ و کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوویە. چونکە لەسەرەتادا بەشی ژنانی کۆمەڵگا دەبێ هێز و مافی خۆی وەبیر بێتەوە و بۆ ئەو حەول بدا، جا دوایی ئەو هێزە دەستەبەر دەبێ کە بتوانێ لە کۆمەڵگایەکدا، یارمەتیی هەموو مرۆڤەکان بدا و ببێتە کەسێک لە کۆمەڵگاکەی کە بە هاوکاریی ئەوانی تر نیشتمانێکی گەشەسەندوو چێ بکا.

KURDŞOP
766 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!