ڕەخنەیەک لەسەر تابڵۆی "تاجە گوڵینە"ی ڕێبوار سەعید – بەشی 1


 

ئاڵا ڕەزایی

 

تابڵۆی "تاجە گوڵینە" کاری هونەرمەندی کورد "ڕێبوار سەعید"ە و تایبەتمەندیگەلێکی هەیە کە دەکرێ وەک کارێکی زۆر جیاواز لە ئاست باقی بەرهەمی هونەریی نیگارکێشانی کورددا چاوی لێ بکەین. لەم بابەتەدا بە کورتی ئەو تایبەتمەندییانە دەسنیشان دەکەین.

١- کووبیسم

لە سەرەتادا کاتێک چاو لە وێنەکە دەکەین، دەتوانین تا ڕادەیەک شێوازی کووبیسم لەو تابڵۆیەدا ببینین. کووبیسم یەکێک لە بەناوبانگترین و گرینگترین جووڵانەوە هونەرییەکانی سەدەی بیستەمە کە داهێنەرەکەی "پابلۆ پیکاسۆ" نێگارکێش و هونەرمەندی بەناوبانگی خەڵکی ئێسپانیایە. لە کووبیسمدا جوانی و شێوازی ئەوەی کەسایەتییەکان و دیاردەکانی نێو وێنەکە لە ڕاستی بچن و نزیک بن لە شتێکی ڕاستەقینە، نەتەنیا گرینگ نییە، بەڵکوو دەبێ لە ناو بچێ و بە شێوازێکی تێکشکاو و جیاواز دابنرێتەوە؛ کە ئەوەش بە شکڵە هەندەسییەکان وەکوو سێگۆشە و جەغز و لاکێشە... گەڵاڵە دەبێ. هەروەها دەبێ لە ژمارەیەکی زۆر ڕەنگ کەڵک وەربگیرێ کە شێوازێکی کۆلکەزێڕینەیان بێت و هەر کامێکیان لە یەکێک لە لەتەکانی نێو تابڵۆکەدا کەڵکیان لێ وەربگیرێ. ئامانجی هەرەگرینگ لە کووبیسمدا گەیاندنی واتا و هەست بە شکڵگەلێکی تێکشکاو و ژمارەیەکی زۆر لە ڕەنگە؛ تا ئەوەی جوانیی ڕاستەقینەی شتێک بە بەردەنگ نیشان بدا.

لەو تابڵۆیەدا ژنێک دەرکەوتوووە کە جەستەیەکی زۆر ناڕێک و خواری هەیە و لە جەستەی مرۆڤێکی ڕاستەقینە ناچێ و لەتوکوت کراوە. بۆ وێنە هەریەک لە دەستەکانی لە جێگایەکی ناتەریب لە جەستەوە هاتوونەتە دەرێ و بە یەکێک لە دەستەکانی خەریکە خۆی دەپارێزێ و دەموچاوی بووەتە دوو لەتی سەوز و شین. هەروها دەبینرێ کە ئەو ژنە بەشێک لە وڵاتەکەی کردووه‌تە تاجێک و لەسەر سەری داناوە، ئەو بەشەی دیکە لە وڵاتەکەشی کە ئاژەڵەکانیشی تێدایە، خەریکە بەسەریدا هەڵدەفڕێ و بە لەتێک لە دەموچاوی کە چاوی لە خوارێیە، پاسەوانی دەکا. ئەو لەتەی دیکە لە دەموچاویشی بە دەستێک گرتووە و خەریکە چاو لە تاجەکەی دەکا. بەوجۆرە ژنی ناو تابڵۆکە تاجەکەی دەپارێزێ.

زۆر ئاشکرایە کە هیچ یەک لەو تایبەتمەندییانەی کوترا ڕاستەقینە نین و ئەمە کارێکی کووبیستییە. بەڵام هونەرمەند زیاتر لەوەی ویستبێتی ڕاستی بنوێنێ، ویستوویەتی واتایەک لە قاڵبی جەستەی ئابنۆرماڵ و خوار و خێچی ئەو ژنە و تاجەکەی و وڵاتەکەی خوارەوە بۆ ئێمە بنوێنێ.

شتێکی تریش ئەوەیە کە لەو تابڵۆیەدا زۆر بوونی ژمارەی ڕەنگەکان وەک تایبەتمەندییەکی کوبیستی زۆر بەرچاوە. بێجگە لەوەش، ئەوەی ڕەنگگەلێکی زۆر لە جلی خاتوونەکەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە، لە چاو تاجەکەی و وڵاتەکەی خوارەوە و بەکگڕاوندی وێنەکە، ژنەکە بەهێزتر و بەرجەستەتر لە چاو باقی وردەکارییەکانی تابڵۆکە نیشان دەدا. ئەوەش هەر کارێکە کە ڕێک کووبیسم دەیکا. لە کووبیسمدا هونەرمەندی نیگارکێش بۆ بەرچاوتر کردنی ئەو بەرباسەی دەیهەوێ هەڵبژاردەتری کا، ڕێژەیەکی زیاتر لە ڕەنگە زیندووەکان لەکار دەکا. هەروەها دەکرێ بگوترێ هونەرمەند لە هەرکام لەو ڕەنگانە بۆ گەیاندنی واتایەک کەڵکی وەرگرتووە. بۆ وێنە لە جلی ژنەکە و دەموچاوی ژنەکەدا زۆر لە ڕەنگگەلی وەکوو سەوز و شین و سپی کەڵک وەرگیراوە کە ئەو ڕەنگانە زیاتر واتاگەلێکی وەک ئازادی یان وەک ئاشتی دەتوانن بگەیێنن. بەڵام ئێمە لێرەدا پاڕادۆکسێک لە ڕەنگەکاندا دەبینین؛ چونکە لە پەنای ئەو ڕەنگانەوە، ڕەنگی تری وەکوو ڕەش و سوور و نارنجی و پەمەیی لە جلی ژنەکەدا کەڵکیان لێ وەرگیراوە کە دەتوانن لە پەنای ئاشتی و ئارامیدا واتای هێز و خەبات و چالاکی بگەیێنن. ئەو تەکووزیی ڕەنگە وەک خاڵێکی گرینگ هەروەها لە تاجەکەشدا بەدی دەکرێ کە هەمان نیشتمانەکەیەتی. لەو تاجەدا کە هێمای نیشتمانی خاتوونەکەیە، لە ڕەنگی وەک ڕەش و نارنجییش کەڵکیان وەرگرتووە کە بێجگە لە واتای ئاشتی، واتای چالاکی و هێزیش دەگەیێنی. بەڵام بۆ ئەوەی تێمی کووبیستی بپارێزرێ، لە قەڵافەتی ژنەکەدا، ئاستی کەڵک وەرگرتن لە ڕەنگەکان یەکجار سەرترە، کە هەر ئەوەش سەرەکیترین خاڵی تابڵۆیە، نەک لە وردەکارییەکاندا.

٢- ئێکۆ فێمینیزم

پێش ئەوەی بمهەوێ پەیوەندیی ئەو وشەیە لەگەڵ واتای ئەو وێنەیە باس بکەم، واتای ئێکۆ فێمینزم پێناسە دەکەم.

ئێکو فێمنیزم(ecofeminism)  شێوازێک لە بیر کردنەوەیە کە بۆ یەکەم جار "فرانسواز دوبون" کە نووسەرێکی فەڕانسەویە لە ساڵی 1974دا لە کتێبەکەی بە نێوی "فێمینیزم یان مردن" باسی کرد. دوبون سەبارەت بە ئێکۆفێمینیزم دەڵێ: شێوازێک لە بیر و باوەڕە کە بریتییە لە چالاکییە ئازادیبەخشەکانی ژنان بۆ سروشت. بیر و باوەڕی ئێکۆ فێمینیستی چەند تایبەتمەندیی ئێستێدلالی هەیە بۆ ئەوەی ژنان دەبێ ببنە سەرۆکانی چالاکییەکی ئێکۆلۆژیک. بۆ ئەوەی هەم بۆخۆیان ڕزگار بن و هەم سروشت ڕزگار بێ و لە کۆتاییدا هەردووکیان لە لایەن خەڵکەوە ڕێزیان لێ بگیرێ:

١-ئێکۆفێمینزم دەڵێ ژنان و سروشت، هەردووکیان توانایی خوڵقاندنی ژیانیان هەیە و ژیان بێ ئەوان بە هیچ جۆرێک ناکرێ، بەڵام هەردووکیشیان بە درێژاییی میژوو کەڵکی خراپیان لێ وەرگیراوە و بەکەم گیراون و تووشی کۆیلەتی هاتوون. هەروەها ئەوان یەخسیری دەسەڵات بوون و ئەو ستەمە هەم لە سروشت چووە و هەم لە ژن و هەروەها ستەمەکەش سەرچاوەیەکی هاوبەشی هەیە.

٢-ئێکۆ فێمینیزم لەگەڵ جۆرێک بیر و باوڕەی پیاوسالارانە کە پەیوەندیی بەینی ژن و سروشت پێک دێنێ، دژایەتی دەکا. ئەو بیر و باوەڕە پیاوسالارانەیە کە بە باوەڕی ئێکۆفێمینیستەکان سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە سەر جیهانی سەرمایەداری و کاپیتالیزم، دەڵێ هەندێ تواناییی جەستەیی و بیۆلۆژیکی وەکوو دووگیان بوون و ژیان بەخشین بە منداڵ، ژنان بە سروشت نزیکتر دەکاتەوە. جا ئەوجاریش کە ژن بەشی بیۆلۆژیک و جەستەیی جیهانە، کەوابوو پیاو بەشی بیرمەند و ئاوەزمەندی جیهانە کە سەرکەوتوویی بەسەر ژندا هەیە. هەروەها پیاو لەبەر بیرمەندی، ئەرکی ئەوەیە کە بەسەر ژن و سروشتدا زاڵ بێ و بتوانێ بۆ پێشکەوتوویی و سەرکەوتنی خۆی تا ئەو جێیەی پێی خۆشە کەڵکیان لێ وەرگرێ و تەنانەت بە کۆیلەیان بگرێ، بۆ ئەوەی وەک بەشی ئاوەزمەند (و نەک جەستەیی وەک ژن و سروشت) ژیار و مێژوو بخوڵقێنێ .

 

KURDŞOP
815 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!