جوان حاجۆ، کەنگێ بوو بە جوان حاجۆ؟

فێرات دیمیرۆئۆغڵو

 

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٩٤ لە شاری ئیزمیری تورکیا وێنەی جوان حاجۆم لەسەر ئەلبۆمی دووری بینی. دڵتەنگ بوو. خەمبار خەمبار دەیڕوانی و پڕ بوو لە خەفەت. لەو کاتەدا گوێم لە گۆرانیی هێڤی میتال دەگرت. سەردەم سەردەمی مۆسیقای مێتاڵ بوو، بەڵام بەهۆی نیرڤانا کورت جۆباینەوە، مۆسیقای گرانج (شێوازێکی مۆسیقای رۆک)یش بەرهەم دەهات. من هەرگیز گوێم لە جوان حاجۆ نەگرتبوو، بەڵام دوای ساڵێک کە چوومە زانکۆ، حەزم دەکرد مۆسیقای خۆم، ڕۆکی کوردی، بدۆزمەوە و گوێ لە مۆسیقای ڕۆک بگرم. لەهەموو لایەک و بە تایبەت لە کاکم (کە چالاکێکی سیاسی بوو)م دەپرسی ئاخۆ بە کوردی مۆسیقای ڕۆک هەیە یان نا؟ وەڵامەکەش هەمووی هەر وەک خۆی بوو.

-  دەبێ گوێ لە جوان حاجۆ بگریت.

 دوو ئەلبۆمی ئەوم دۆزییەوە کە لە تورکیا بڵاوکرابوونەوە: دووری و سی ۆ سێ گوللـە. شەو و ڕۆژ بە وۆکمانەکەم گوێم لە گۆرانیی جوان حاجۆ دەگرت. دوای ماوەیەک بەدواداچوونم بۆ ئەلبۆمەکانی کرد کە لە تورکیا قەدەغە کرابوون. "دیلەکانی ئازادی"م کەوتە دەست. گۆرانیی "ئەی دڵبەر"، "غەریبی" و بە تایبەتی "دیلەکانی ئازادی" منی بردە دونیایەکی تر. "نهێنیی سبەینێ" وەک دەنگێکی ئەفسووناوی دەمبات. ماوەیەک نەخۆش بووم ئیتر نەمتوانی نان بخۆم. من تەنها گوێم لە کاسێتەکانی دیلەکانی ئازادی بوو و کاتێک لایەکی شریتەکە کۆتایی هات، تەنها بۆ ئەوەی لایەکەی تری دابنێم لە جێ هەڵدەستام. ئەگەر بە هەڵە نەچووبم بە لانیکەم دوو ڕۆژ بەبێ پشوو گوێم لەو ئەلبۆمە بوو.

لەو کاتەدا چەندین ئەلبۆمی جیاوازی ئەو بە دەستمان گەیشت، بەڵام ناوی ئەو ئەلبۆمانەمان نەدەزانی و نەماندەزانی کەی تۆمارکراون. کارەساتترین شت ئەوە بوو کە ئەم ئەلبۆمانە کە ئێمە بە ناوی جوان حاجۆ گوێمان لێ دەگرت، ڕەنگە کۆپییەک بووبێ لە چەندین کۆپیی دیکە، هەر بۆیە دەنگی جوان لاواز بوو، بەڵام گرنگیمان پێ نەدەدا. بۆ ئێمە کەسێکی سیحراوی و ئەفسانەیی بوو. پێویستمان پێی بوو. پێویستمان بە ڕۆک ستارێکی کورد بوو. گۆرانیی "ئەرێ کەچیکێ تو وێرێ" لە دەنگی هارد ڕۆکدا بوو. ئێمە حەزمان دەکرد گوێی لێ بگرین، سەرمان بلەقێنین و لەگەڵی شێت بین.

دوای ئەوە وردە وردە ئەلبۆمەکانی بە دەنگی ئۆرجیناڵی خۆی فرۆشران و زیاتر و زیاتر تێگەیشتین کە جوان حاجۆ، دەنگە تێر و پڕەکەی چەندە جوان و خۆشە. ئیتر کۆپیی دەیەمی دەنگەکەی نەبوو و ڕاستەوخۆ گوێمان لێ دەگرت.

من و هاوڕێکانم گوێمان لێ دەگرت و گاڵتەمان لەگەڵ یەکتر دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت من هەموو شەوێک لە خەونەکانمدا جوان حاجۆ دەبینم و هەندێک جار دەبمە گیتارژەن و تەپڵ لێدەری ئەو... چیمان لە ناویدا بینی کە ئەوەندە شێت بووین؟ کە ئێستا سەیری دەکەم دەبینم ئەو سەردەمانە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی خۆمان لەو سەردەمە ڕزگار بکەین و لە سەردەمێکی مۆدێرنی کوردەواریدا بژین. وەک ئەوە وابوو لە وڵاتێکی ئازاددا بین و بە زمان و هۆشیاریی ئازادی خۆمانەوە بژین.

بەڕای من ئەلبۆمی "سی و سێ گوللـە" لە مێژووی ڕۆک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان و تورکیادا هەڵکەوتەیە. گۆرانیی "دیالۆگ"ی گوزارشتی لە توڕەیی ناخمان دەکرد و ئیمانمانی بەهێزتر دەکرد. گۆرانیی "گولەک" هەم گۆرانییەکی خۆشەویستی بوو و هەم گۆرانییەکی سیاسی بوو. گۆرانیی "نکارم" بە ڕوونی فەلسەفەی خۆی بە قسەکانی خۆی دەربڕی. ئەم گۆرانییە بۆ ئێمە گۆرانیی نەبوونی و شادی بوو. پاشان ئەلبۆمێکی بڵاوکردەوە کە تەنها لە یەک گۆرانی پێکهاتبوو. "داستانی عگیدێک" بە ئاوازە ڕەسەنەکەیەوە، شیعری مەحمەد ئوزون، هۆش و عەقڵی ئێمەی دەبرد. پێش ئەم ئەلبومە، ئەلبۆم و گۆرانیی "بلوورا من"، گۆرانیی "زینێ" بە مۆسیقا و تێکستەکانیان ئێمەی هەڵفڕاند. ئەلبۆمە کۆنەکانی بەردەوام دەهاتنە دەرەوە. کاتێک ئەم ئەلبۆمانە بڵاوکرانەوە، بۆمان دەرکەوت کە هەرگیز گوێمان لە هەندێک ئەلبۆم نەگرتووە، یان هەندێک گۆرانی کە بە هی جوان حاجۆمان دەزانی هی ئەو نین. دواتر بۆمان دەرکەوت کە ئێمە وەک جوان گوێمان لە عەباس ئەحمەد گرتووە کە بە دەنگ و شێوازی میوزیکەکەی زۆر لە جوان حاجۆ دەچوو. نموونەیەکی ئەلبۆمی "کچا دەلال"ی بەرهەمی عەباس ئەحمەد بوو. ئەم ئەلبۆمە وەک ئەسڵی نەبوو، کۆپییەک بوو لە کۆپییەکان کە بەدەستمان هێنا و نەماندەزانی جوانە یان کەسێکی تر.

"گولا سوور" ئەلبۆمێکی ناوازە بوو. دەتوانین ئەم ئەلبۆمە بە ئەلبۆمی فۆلکلۆر-ڕۆک ناو ببەین. گۆرانییەکانی "هەڤالا ئەڤیندار"، "کان"، "گولا سوور"، "یەریڤانێ" لەسەر زمانی هەمووان بوون. ئەلبۆمی "ئەمینا ئەمینا" هاوشێوەی مۆسیقای کلاسیکی کوردی بوو. تۆمارکردنی ئەم ئەلبۆمە پرۆفیشناڵ نەبوو، بەڵام حەماسەتی جوان بە هەموو شێوەیەک هەستی پێ دەکرا. دەتوانین بڵێین ئەلبۆمەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، گۆرانیی سیاسییان لەخۆ گرتبوو. لەو ساڵانەدا دۆزی کورد و کوردستان لە هەموو شوێنێکدا تەشەنەی کردبوو. لە باکوور، شەڕی چەکداریی کورد دەستی پێ کردبوو، لە باشوور سەددام ئەنفاڵی کردبوو، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجەی ئەنجام دابوو. برای جوان لە ڕیزەکانی جەنگاوەرانی باکووردا مردبوو. ئەم ڕووداوانە کاریگەرییان لەسەر مۆسیقا و تێکستی گۆرانییەکانی جوان حاجۆ هەبوو. "من ناڤێ کۆلا ل بورجێن دیاربەکر" کورتەیەک لە مێژووی خەباتی کوردە.

ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین جوان حاجۆ جارێک بێتە کوردستان و کۆنسێرت بکات وەک چۆن لە تەلەفزیۆنی کوردی دەردەکەوت. لە ساڵی ٢٠٠٣ دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دێتە فێستیڤاڵی باتمان. ئێستا ئیدی کێ دەتوانێت بخەوێت و تاقەت بێنێ؟ ئەو ڕۆژانە، تاکە بابەتی سەر لێوەکان کۆنسێرتەکەی جوان حاجۆ بوو. چەند ڕۆژێک باسی کۆنسێرتەکەمان دەکرد و پلانمان دادەنا کە چۆن بچینە کۆنسێرتەکە. هەندێکیان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان ڕۆیشتن، هەندێکیان چەند ڕۆژێک پێشتر ڕۆشتن و لە لای ناسیاوەکانیان مانەوە. هەروەها ١٥-٢٠ مینی پاسمان وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی زانکۆی دیجلە بە کرێ گرت و چووین. بەڵام سێ سەعاتی پێ چوو تا گەیشتینە باتمان. گەشتەکە کە بڕیاربوو کاتژمێرێک بخایەنێت، بەهۆی زۆریی هاتوچۆوە گۆڕا بۆ سێ کاتژمێر. لە ناوچەی کۆنسێرتەکەدا خەڵکێکی زۆر بوون کە دەگریان و وێنەی جوان حاجۆیان ماچ دەکرد. ئێمە بە شێوەیەک گوێمان لێ گرت و سەیری کۆنسێرتەکەمان کرد وەک ئەوەی جادوویەک بەسەر ئێمە و جوان حاجۆدا هاتبێت. وەک خەونێکی شیرین وابوو. کۆمپانیایەک چەند کۆنسێرتێکی دیکەی ڕێکخست، بەڵام مۆسیقاژەنەکانی یاوەری هەرجارێک جیاواز بوون، بەڵام هەوادارەکانیشی دەیانویست ئەو تیپەی پێشوو ببینن کە لە ئەلبۆمی دووری لەگەڵیدا بوون. جوان حاجۆ لەگەڵ ئەو گرووپەدا وێنەیەکی دیزاین کردووە. بەتایبەت وێنەی ئەو کۆنسێرتانە خراپ و پەرش و بڵاو بوون. ئەم کۆنسێرتە بۆ من یەکەم و کۆتا کۆنسێرتی جوان حاجۆ بوو. چونکە جگە لەم کۆنسێرتە، هیچ کام لە کۆنسێرتەکانی ئەوەندە بە جۆش و خرۆش بەڕێوە نەچوون و ئیدی جوان وەک ئەو جوان حاجۆیەی ئێمە دەمانناسی دەرنەکەوت.

جوان حاجۆ-کۆنسێرتی باتمان

 

هەمووکات چاوەڕێی ئەلبۆمە نوێیەکانی بووین. "دەریا" هاتە دەرەوە. دەنگێکی جیاوازی هەبوو. ئەلیکترۆنی بوو. کاریگەرییە ئەلیکترۆنییەکانیان زۆر زیاد بوو. بەڵام ئێمە دەمانزانی کە جوان حاجۆ هەمیشە شتێکی نوێ تاقی دەکاتەوە. بۆ ئێمە گرنگ نەبوو و لەگەڵ گۆرانییەکانی "قامیشلۆ"، "فەقیرۆ"، "حەز دەکەم" دیسان سەرمان سوڕما. جوان حاجۆ، لە تورکیا و لە نێو تورکەکاندا ناو و دەنگی خۆی بڵاوکردەوە. وەک موزیکژەنێکی کورد لەلایەن هەمووانەوە گوێی لێ دەگیرا. تا ئەلبۆمی "نا نا" و "ئۆف" و "وەگەڕێ"، هونەرمەندێکی تاقانە و ڕەسەن بوو بۆ ئێمە. بەڵام نازانین چۆن بوو، ئەو بەم ئەلبۆمانە بە ساوند پۆپ میوزیک چووە سەر کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و دەیکوت ئیدی حەز دەکەم مۆسیقای خۆم لە دیسکۆ و کڵاپەکانیشدا بڵاو کەمەوە. مۆسیقای ئەو گۆڕابوو و بووبوو بە شتێکی تر. هەموومان سەرمان سوڕما و خۆزگەمان بە ئەلبۆم و میوزیکەکانی پێشووی جوان حاجۆ دەخواست. هەندێک کەس دەیانگوت بەرهەمهێنەرەکەی بە هەڵە ئاراستەی کردووە، هەندێکیش دەیانگوت بۆرژوازیی کورد لە تورکیا فێڵیان لێ کردووە و دەخوازن بیبەنە بازاڕی مۆسیقای تورکیا. بەڵام ئاشکرایە کە ئەو لەبەر دڵتەنگیی خۆی هاتە تورکیا و کۆنسێرتی بەڕێوە برد. لە تەلەفزیۆنێکی سکاندیناڤیادا خۆی دەڵێت کە نایەوێت بچێتە سەر شانۆ گەورەکانی کۆنسێرتەکان. بەڵام گوتیشی من تەنیا بۆ گەل ئەم کارە دەکەم.

ئەمن چەندە ئەلبۆمەکانی دوای "دەریا"م بەدڵ نەبوو، بەڵام هەندێک گۆرانی لە ئەلبۆمی "ئۆف"دا تامی جوان حاجۆی کۆنیان دەدا. کەم کەس ئەم گۆرانیانە دەزانێت، چونکە وێنەی گۆرانییەکانی وەک "ئۆف" و "نا نا" کەوتە پێش هەموو شتەکان و هەوادارە کۆنەکانی هەرگیز گوێیان لە گۆرانییەکانی دیکەی نەگرت. گۆرانییەکانی "دارستانا تە"، "ڤندا بو"، "گۆتن سار دبن" لە ئەلبۆمی "ئۆف"دا گۆرانییەکی کوالیتی بەرز و خاوەن بناغەیەکی زۆر بەهێز بوون. من باوەڕم وایە ئەگەر ئەم گۆرانییانە و ئەوانی تری وەک ئەمانە بە دەنگێکی جیاواز دروست بکرایەن، یان بە وێنەیەکی جیاواز پێشکەش بکرایەن، دەنگدانەوەیەکی بێ وێنەیان دەبوو.

هۆکارەکەی هەرچییەک بێت، بە لای منەوە گرینگ نییە. هەرکەسێک لە سەرەتاوە گوێی لە جوان گرتبێت، بۆی دەردەکەوێت کە هەریەک لە ئەلبۆمەکانی، بە دەنگەکەی جیاوازە لە ئەلبۆمەکەی تر. لە شوێنێکدا ناوەستێت و هەمیشە هەوڵ دەدات. جوان حاجۆ بە تێڕوانین و ژیانی خۆی بوو بە جوان حاجۆ. لە ساڵانی نەوەدەکان و ٢٠٠٠ەکاندا، جێپەنجەی خۆی تۆمار کرد. چاوەڕێین جارێکی تر پێمان بڵێتەوە وەک لە کۆنسێرتێکدا وتی:

 

- ئایا ئێمە خوشک و براین؟

هەمووان هاوار دەکەن و دەڵێن: بەڵێ!

دەی بیرەیەکم بدەنێ با بیخۆینەوە!.

 

KURDŞOP
791 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!