مێژووی مهاباد لە تابلۆیەکدا و شەڕێک لە جیهاندا

خوێندنەوەی تابلۆی نیگارکێشیی "رووبارە خوێنینەکان لە بەفردا" بەرهەمی هونەرمەندی مهابادی "ئیرەج قادری ئازەر"

بۆ خوێندنەوەی مێژووی پەیوەندیدار بەم بابەتە ئەم دوو بابەتەی خوارەوە بخوێننەوە:

کۆمەڵکوژیی خەڵکی مهاباد لە نێوان دوو بەرداشی عوسمانی و ڕووسدا – بەشی 1

کۆمەڵکوژیی خەڵکی مهاباد لە نێوان دوو بەرداشی عوسمانی و ڕووسدا – بەشی 2

 

بەو تێبینییانەوە کە باس کرا ئەگەر لەسەر تابلۆی "رووبارە خوینینەکان لە بەفردا" بدوێین؛ تایبەتمەندییەکانی ئاوان: تابلۆکە هێلەکانی ئەستوونین. نزیکەی ١٩ کەسی تێدایە هەشتیان جەنازەن و لەسەر عەرز کەوتوون. دووژ نی تێدایە لە لایەنی ڕاست و لای جەپی تابلۆکە، یەکیان بە کراسی سوور و یەکیان بە کراسێکی ئاسمانییەوە . سێ پیاوی ڕووس لە ناوەڕاستی تابلۆکەدا دەبینین کە پیاوێکی کوردیان گرتووە و دەتوانین  بڵێین جلەکانیان ڕاکێشاوە و بە شمشێری لە کالان دەرهاتوو هەڵمەتیان  بۆ بردووە. دیارە بە پێی ئەوەی جلەکانی جلی کوردین و کەوا و پاتۆڵ و پشتێند و سۆرانیی بە ستووە، دەردەکەوێ پیاوەکە کوردە. لە لایەنی ڕاستی تابلۆکە پیاوێکە کە خەریکە هەڵمەت دەکاتە سەر ژنێکی کورد، پیاوە ڕووسە و ژەنەش بە جلوبەرگەکانیدا بۆمان دەردەکەوێ کوردە. ژنەکە دەستەکانی بە نیشانەی تەسلیمبوون هەڵهێناوە. شوێنەکە سەر بەرزاییەکانی شاری مهابادە. شار لە نێو کەشوهەوایەکی تەمومژاویدا نیشان دراوە. خوێن لەسەر بەفر شۆڕاوگەی بەستووە و کوشتار و جەنازە و ڕوخساری ترساوی خەڵکی کورد و ڕوخساری ترسێنەری سەربازە ڕووسەکان لەوێدا بەدی دەکرێ. دیارە ئەو تابلۆیە بۆ نێشاندانی بێڕەحمیی ڕووسەکان و لێقەوماویی خەڵکی کوردی مهاباد و تەنیاییی ئەو خەڵکە خوڵقاوە. لە وێنەکەدا هیچ کوردێک چەکی پێ نییە. لەبەرانبە تفەنگ و تۆپ و خەنجەری ڕووسدا خەڵکێکی بێ چەک دەبینین. تەنانەت ئەگەر سەرنج بدرێ لە لایەنی ڕاستی تابلۆکە تۆپیشی لێیە. لە بەرانبەر تفەنگ و تۆپ و خەنجەری ڕووس کورد هەر زۆر دەست بەتاڵ و  بەتەنیایە. هەڵمەتی جەنگاوەری ڕووس بۆ سەر ژنە ئاسمانی پۆشەکەی لایەنی ڕاستی تابلۆکە نیشاندەری ئەو ستەم و دەستدرێژییانەیە کە ڕووسەکان  بۆسەر ژنانی کوردی شاری مهابادیان کردووە و ئەوەش ڕاستییەکە کە لە زۆربەی ڕاپۆرتەکاندا باسی کراوە و حاشا هەڵنەگرە.

 بوونی جەنازە خوێناییەکان کە هەشت دانەن و هەموو بەرینایی تابلۆکەیان داگرتووە، فەزایەکی دیکەی تابلۆیە. ئەوە تەریبی ئەو قەتڵ و کوشتارە دەهەزار کەسییەیە کە لە مهاباد کراوە. هەڵوەرینی ئەو جەنازانە کە لەباری ئاسۆییی تابلۆکەدایە نیشاندەری کوژرانی یەکجار زۆر و لە ڕادە بەدەری خەڵکی مهابادن. ئاسۆی تەمومژاویی شارێک کە لە نێوان شاخەکاندا و لەپشت ڕووسەکانەوە دیارە، نیشاندەری داهاتووی شارە، بە جۆرێک کە دەڵێی تا ڕووسەکان ئەوێ بە جێ نەهیڵن، شار هەر نابینرێ و بەدی ناکرێ.  سێ شانۆی لێک هەڵەنگووتنی ئینسانی کورد و سەربازی ڕووس لە تابلۆکەدا، لە بەر چاومانە. شانۆی یەکەم شانۆی لایەنی ڕاستە، کە کوتمان ژنە ئاسمانی پۆشەکە تەواو خەجڵاوەو و هەر دووک دەستی هەڵهێناوە. شانۆی ناوەڕاست پیاوە کوردەکەیە، کە بەدەست سەبازانی ڕووسەوە خەریکە دەکوژرێ و شانۆی لای چەپ، پیاوێک و ژنێکی کوردی سوور پۆشن کە لە هەمبەر سەربازی ڕووسدا دەستیا ن بە نیشانەی تەسلیم هەڵهێناوە . هەر سێک شانۆکە و هەم تەرمی سەر بەفرەکان نوێنەری  بێدەسەڵاتی و تەنیاییی خەڵکی کورد لەو ئاقارە لە کات و شوێنی مێژوی جیهان دایە کە جەنگەی شەڕی جیهانیی یەکەمە.

کۆی ئەوانە دەریدەخەن خەڵکی کورد هیچ دەوڵەت و پشتیوان و تەنانەت ڕێبەرێکی نەتەوەییش نییە کە پشتیوانیان بکا. جگە لەوانە زیندەورێکی دیکە کە لە تابلۆکەدا دەبینرێ ئەسپە کە هێمای سەروەرییە. ئەسپ زۆربەی کات هێمای سەروەری و دەستڕۆیشتوویی بووە لە تابلۆکاندا. لەو تابلۆیەدا چوار ئەسپ هەن کە دوانیان سواری ڕووسیان لەسەرە، دوانیشیان هەرا وا ڕاوەستاون.  مرۆڤە زیندووەکانی نێو تابلۆکە کە لە پێرسپێکتیڤ و لە دوورەوە دەبینرێن، بە پێی ڕەنگی جلکەکانیان زیاتر ڕووسین و کوژاروەکانی سەر عەرزەکە هەموو کوردن کە نیشانەی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی سوپای ڕووسە بەسەر خەڵکی ئەو کاتی بێ پشت و پەنای مهاباددا. بە پێی ئەو بابەتانەی گوترا؛ تابلۆی "رووبارە خوێنینەکان لەبەفر دا" کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن هونەرمەند "ئیرج قادری ئازەر"ەوە خەڵق کراوە، لە شێوازی ڕیالیزمدایە کە ڕاستەقینەکان بێ ئاوێتەکردنی خەیاڵ بەیان دەکا، جوانی بە جوانی و  ناحەزی بە ناحەزی دەنوێنێ. تابلۆکە بەرینایی و بارستاییی ڕەنج وخەم و ستەم و تەنیاییی مرۆڤی  کوردی بێ  پشت و پەنا و بێ ڕێبەر لە شەڕی یەکەمی جیهانیدایە کە هیچ هێزێک بە هانای کوردی ئەو سەردەمەوە نەهاتووە و تەنیایی و بێکەسی و ستەم و مەرگ، بەشی کورد  بوو لە شەڕیکدا کە تەناتەت دەوڵەتی ئێرانیش خۆی لێ بە سێحەب نەکردن.

........................

"دەقی لێدوانی "خاتوو لەیلا ساڵحی" لە کۆڕی خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان، لەمەڕ تابلۆی "ڕووبارە خوێنینەکان لە بەفردا"، کە لە لایەن کورد شۆپەوە هێنراوەتە سەر کاغەز و دابەزێندراوە"

KURDŞOP
904 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!