کۆمەڵکوژیی خەڵکی مهاباد لە نێوان دوو بەرداشی عوسمانی و ڕووسدا – بەشی 2

بە درێژایی شەڕ، مهاباد هەشت جار تاڵان کرا و ئێران هیچ بەرگرییەکی لێ نەکرد و مهاباد بوو بە گەورەترین قوربانیی شەڕی یەکەمی جیهانی. کە بەداخەوە یەستاش ئەو قوربانی بوونەی، وەکی باس کرا لە لایەن مێژووە فەرمییەکانی جیهانەوە نەناسراوە بەڵکوو لە مێژ نییە لە بەڵگەنامەکانی کۆنسول و مسیۆنێرە بیانییەکانەوە هێندێک ڕاستی دزەیان کردووەتە دەرێ.

عرووسەکان کاتێک دەستیان بە سەر سابلاغدا گرت، "مومتازولمولک" لە شازادە قاجارەکانی لایەنگری خۆیان لەوێ دێننە سەر کار و دەسەڵاتی شاری مهابادی دەدەنە دەست. بەڵام ئەو دەست بە سەرداگرتنە تەنیا دوو مانگی خایاند و ئەوجار عوسمانی  بە سوپایەکی تازەوە بە سەرکردایەتیی "ژێنڕال خەلیل پاشا" هێرشی هێنا و مهابادی داگیر کردەوە و ساڵی ١٩١٦ بۆ جاری دووەم ڕووس هێرش دەکاتەوە و مهاباد لە دەست عوسمانی دەردێنێ و عوسمانی دەستەوەستان لەبەرانبەر ئەو هێرشەش دادەمێنێ و پاشەکشە دەکا.

موشیرولدەولە

دەوڵەتی ئەوکاتی ئێرانیش کە زەمانی سەرۆکوەزیرایەتیی  "مستەوفیولمەمالیک" و "موشیرودۆلە" بوو، دڵیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی بوو ،ئەگەرچی ئێران بێ لایەنیی ڕاگەیاند؛ بەڵام بە هۆی ئەو بیرەوەرییە تاڵانەی لە شەڕەکانی ئێران و ڕوس لە سەردەمی "فەتحعلی شا"ی قاجار بۆیان مابۆوە و بێجگە لەوەش دەست درێژی و زوڵم و ستەمی ڕووسەکانیان لەو ناوچەیە لە بیر  نەچووبوو. چاری ڕووسیان  نەدەویست . ڕاستە کە لەهەر دوو شەڕی جیهانیدا ئێران بێلایەنیی ڕاگەیاند، بەڵام لەهەر دوو شەڕەکەشدا، دڵی لەگەڵ ئەو لایەنە نەبوو کە ڕووسیە لە جەبهەی ئەواندا بوو. لەو شەڕەشدا سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێلایەنیی دەوڵەتی مستەوفیولمەمالیک سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران، بەڵام دڵیان لای عوسمانی بوو و لەیەکێک لە دانیشتنەکانی عوسمانی و "ئاڵمان" کە هاوپشتی یەک بوون لەو شەڕەدا، سەفیری ئێرانیش واتە "ئیحتشامو لسەلتەنە"ئامادە بوو. لەو دانیشتنەدا، ئەو دوو دەوڵەتە بە ئیحتشامولسەلتەنە ڕادەگەیەنن لە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕووسیە، پێویستە ئازەربایجان داگیر کەن و بەڵێنیان دابوو دوای کۆتایی شەڕ ئەوێ بەجی بێڵن . کەوابوو بێدەنگیی ئێران لەو شەڕەدا بێدەنگییەکی بە ئانقەست  بوو. بۆیە ئێران لە بەرانبەر ئەو هەمو ستەم و جینایەتەی لە مهاباد کرا هیچی نەکرد و بێدەنگ بوو. ئەوەش خەڵکی بێ پەناتر کرد.

موستەوفی ئەلمەماملیک

لە گرتنەوەی جاری دووەمی مهاباد لە لایەن عرووسەوە، وەک جاری یەکەم ماڵ و گیان و پاتاڵی خەڵک هەموو تاڵان کرا، بەشێکی زۆری خەڵک کووژران، هەر چەند "سیدقی بەیگ" سەرۆکی ئوردووی عوسمانی، توانی بۆ ماوەیەکی کورت ڕووسەکان دەرکا، بەڵام ڕووسەکان دیسان و بۆ جاری سێهەم مهابادیان گرتەوە و ئەوجارەیان قازی فەتاح کە ڕێبەریی خەڵک لەهەمبەر ڕووسەکان بوو کووژرا. جیاوازیی ڕەفتاری عوسمانی و ڕووسەکان لە مهاباد لەوەدا بوو کە عوسمانییەکان کە مهابادیان داگیر دەکرد، خەڵکیان تاڵان نەدەکرد و ڕووسەکان هەم لەبەر ئەوەی خەڵکی لەگەڵ عوسمانی کەوتبوون و هەم یەکێک لە  فەرماندەکانیان لەوێ کووژرابوو، کردەوەیان جیاواز بوو. پاش کوژرانی قازی فەتاح بە پێی نامەیەک کە حاکمی مهاباد پاش کوشتنی قازی فەتاح،  بۆ پارێزگاری ئەو دەمی ئازەربایجانی ناردووە،  باسی ئەوانە دەکا و دەڵێ ڕووسەکان لەو هەڵمەتەیاندا زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی مهاباد دەکوژن و میسیۆنێرە ئامریکاییەکانیش دەردەکەن . میسیۆنێرە ئامریکاییەکان ئەو دەستەیە بوون کە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەهاتن لە وڵاتانی  دیکە کاریان دەکرد، کارەکانیشیان زیاتر پزیشکی و فێرکاری بوو. بەشێک لەوانە کە لە مهاباد کاریان دەکرد لە هەر دوو دەستەکە بوون. بەڵام بەداخەوە ئەوجارە ڕووسەکان بۆوەی هیچ سیستەمێک لە مهاباد بۆ دەرمان و پشتیوانی خەڵک لەو شارەدا نەمێنی، ئەوانیش دەردەکەن و خەڵک ئەوەندی دیکە بە تەنیا دەمێننەوە. سەیر ئەوەیە کە شازادە موعتەزیدوسەڵتەنە، کە حاکمی لایەنگری ڕووس بوو و لەلایەن ڕووسەکانەوە ببووە دەسەڵاتداری ئەوێ، لە ڕووسەکان زیاتر زوڵمی لەخەڵکی مهاباد دەکرد، بە شێوەیەک کە ڕووسەکان بۆ خۆیان شازادە موعتەزیدوسەڵتەنەیان لەسەر کار لابرد و لە مهاباد دەریان کرد . واتە ئەگەرچی دەبوو لانی کەم، ئەو وەک ئێرانی بەرگری لەو خەڵکە بکا، هێندی شووی لێ هەڵدەکێشێ و زوڵم لەخەڵک دەکا، ڕووسەکان پێی هەڵدەبەزنەوە لەسەرکاری لادەدەن.

پاش چەند مانگێک دیسان دەوڵەتی عوسمانی هەڵمەت دەکاتەوە سەر مهاباد. ئەوە لە کاتێکدابوو کە مەجلیسی ئەوکاتی ئێران بە پشتگیریی ئاڵمان و عوسمانی، بە تەمای پێکهێنانی دەوڵەتیکی کاتی لە شاری "کرماشان" بوو. عوسمانی هەر بەو هۆیە لەخۆی ڕادی مهاباد بۆ جاری چوارەم لەبەرەستی ڕووسەکان دەربێنێتەوە، بەڵام ئەوجارەش عوسمانی هەر چەند مانگێک توانی مهاباد ڕابگرێ و ڕووسەکان بۆ جاری چوارەم هەڵمەت دێننەوە سەر مهاباد.لە نامەیەکی "ئۆردوون پادوک" کونسوولی ئامریکا لە تەورێزدا هاتووە کە ئەوجارەیان، نزیکەی سی هەزار پەنابەری کورد بە ئازەربایجا ندا ئاوارە دەبن، کە لەو سی هەزار پەنابەرە کوردە، لە سەدا حەفتای بێوەژن و سەغیر بوون.

شایانی باسە یەکێک لە سەرکیترین بەڵگەنامەکانی ئێمە بۆ باس لەو بابەتە نامەی ئەو کۆنسوول و میسیۆنێرانەیە کە ئەو سەردەم لەمهاباد ژیاون، دەنا بەداخەوە مێژووی ڕەسمیی ئەوکاتی مێژوونووسانی ئێرانیش ئاوڕیان لەو هەموو ستەم و جینایەت و دۆخە سەختەی مهاباد نەداوەتەوە.

 بۆ جاری چوارەم ڕووسەکان تا نزیک شۆڕشی ١٩١٧ کە حکوومەتی پادشایی لەوێ دەڕووخی و کۆمۆنیستەکان دێنە سەرکار، مهابادیان بە دەستەوە  بوو، لە نزیک ١٩١٨ کە شەڕی یەکەمی جیهانی کۆتایی دێ، ڕووس و ئاڵمان پەیمانی ئاشتی واژۆ دەکەن و مەیدانی شەڕ  بە جی دێڵن. لەو ساڵەشدا کەشیشێک بە ناوی "ئێی تی ئارلێن"ی ئامریکایی کە یەکێک لە ئەندامانی مسیۆنێرە ئامریکاییەکان لەمهاباد بووە، لە نامەیەکدا ئاوا دەگێڕێتەوە کە برسییەکانی شاری مهاباد نزیکەی چل هەزار کەس دەبن. کە لەحەیبەت ستەمی ڕووس دەبنە پەنابەری عوسمانی و کاتێکیش بەرەو سنووری عوسمانی وەڕێ دەکەون، لە شاخە بەفراوییەکانی سنوور زۆریان، یان لە سەرمان و یان لە برسان قڕ دەبن. دۆخی پەنابەرەکان هێندە خراپ دەبێ کە ڕۆژنامەکانی تارانیش باسی دەکەن، بەڵام دەوڵەتی ئێران دیسان هیچ بەرپرسایەتییەک وەئەستۆ ناگرێ و هیچ یارمەتییەک بە خەڵکی ئەو شارە ناکرێ و  ئاوڕیان لێ نادرێتەوە. پاش شۆڕشی ١٩١٧ و ڕۆیشتنی ڕووسەکان لە ئێران، داکۆکی کردن کە جەبهەی "قەفقاز" و "ئازەربایجان" لە لایەن ڕووسەکانەوە بە ئینگلیس دەسپێردرێ، واتە ئەوجار ڕووسەکان بۆخۆیان بە هۆی ئەوەی سەرقاڵی شۆڕشن، ئێران بە جی دێڵن بەڵام ئینگلیس دەست لە سەر دەست دانانێ و ناهیڵی ئەوناوچەیە بکەوێتە دەست عوسمانی کە تا دوێنی لەبەرانبەریدا شەڕی کردووە.

ئەوجارەیان ئینگلیس لەگەڵ یەکیەتیی ئاشوورییەکان کە پێشتر لە لایەن ڕووسەکانەوە چەکدار کرا بوون،  هەڵمەت دەکەنە سەر ئەو کوردانەی یارمەتیدەری سوپای عوسمانی بوون ، بێگومان عوسمانییش بێکار دانانیشی و دیسان هەڵمەت دەکاتەوە سەر مهاباد و تا تەورێزیش دەڕۆن و تەنانەت ئەوێش دەگرن و دەست دەکەن بە کوشتاری ئاشوورییەکان و کۆچ پێکردنیان و تاڵان کرنیان، بەڵام لە کۆتاییدا و پاش کۆتاییی شەڕی جیهانی، وەکی دەزانین عوسمانی تەسلیمی دەوڵەتانی بەرانبەری دەبێ و ئینگلیسییەکانیش دەست بەسەر مهاباددا دەگرنەوە. بە پێی ئەوانەی باسمان کرد  لە جەنگەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، هیچ کام لە شارەکانی ئێران هێندی مهاباد کە هەشت جار لە  نێوان ڕووس و عوسمانی دەستاودەست دەکرێ  ستەم و بەڵای نەدی.

لە ڕاپۆرتێکدا لە نووسینی یەکێک لە ئەندامانی "کۆمەلەی خەیرییەی بادکووبە"دا باس دەکرێ، کاتێک  چوونەتە مهاباد هێندێ دێهاتی تێدابووە کە کەس نەماوە هەر بزانێ ناویان چییە. دەشڵێ کاتێک ئێمەشیان دەدی، چون پێیان وابوو بۆ کوشتنی ئەوان چووین ڕایان دەکرد. بە پێی گێڕانەوەکان لەو هەشت هەڵمەتەدا، نزیکەی دە هەزار کەس لە خەلکی مهاباد دەکووژرێن. جگە لە مردنی بە کۆمەڵیان لەسەرمان و لە برسان. جگە لەوەش مەزرا و کشت و کاڵیان بۆ ماوەیەکی زۆر کوێر دەبێتەوە و بازرگانیی شاری مهاباد شکست دێنێ و مڵک و مەزرای خەڵک هەمووی لە نێو دەچێ. هەرچەند ڕاپۆرتی ئەو کوشتار و بەتاڵان چوونانە گەیشتە "کۆنفڕانسی ئاشتیی وێرسای" کە لە لایەن دەوڵەتەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی لە فەڕانسە بەڕێوە چوو.ئەو کۆنفڕانسە لە کۆشکی وێرسای "پاریس" بەڕێوە دەچێ و دەوڵەتی ئێرانیش شکایەتی خۆی لەوێ دەخاتە ڕوو لەسەر ئەو کێشانە، باسی مهاباد و هەمەدان و ... دەکا، بەڵام نە ئەودەم و نەهیچ کات دادگایەک بۆ باسی کورد و ماف ستاندنی کورد  بەڕێوە نەچوو.

بە درێژایی شەڕ، مهاباد هەشت جار تاڵان کرا و ئێران هیچ بەرگرییەکی لێ نەکرد و مهاباد بوو بە گەورەترین قوربانیی شەڕی یەکەمی جیهانی. کە بەداخەوە یەستاش ئەو قوربانی بوونەی، وەکی باس کرا لە لایەن مێژووە فەرمییەکانی جیهانەوە نەناسراوە بەڵکوو لە مێژ نییە لە بەڵگەنامەکانی کۆنسول و مسیۆنێرە بیانییەکانەوە هێندێک ڕاستی دزەیان کردووەتە دەرێ.

.............................................

تێبینی:  ئەم وتارە "دەقی لێدوانی "خاتوو لەیلا ساڵحی" لە کۆڕی "خاتوونەکانی وشە و کتێبی بۆکان"، "لەمەڕ تابلۆی ڕووبارە خوێنینەکان لە بەفردا"یە، کە بە هۆی گرینگیی بابەتەکە، لە لایەن کورد شۆپەوە دابەزێندراوە"

KURDŞOP
883 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!