یەکی ئادار-ڕۆژی لەدایکبوونی دەرهێنەری ناوداری کورد یەڵماز گۆنەی

کوردشۆپ- دەرهێنەری سینەما و ئەکتەر و نووسەری ناوداری کورد یەڵماز گۆنەی لە ڕێکەوتی 01.04.1937 لە گوندی یەنیجەی سەر بە شاری یوڕەگر سەر بە پارێزگای عەدەن لە دایکبووە. یەکێکە لە منداڵەکانی خێزانێکی کوردی کرێکاری خاوەنی ٧ منداڵ. ناوی ڕاستەقینەی "یەڵماز پوتون"ە. باوکی خەڵکی گوندی "دەسمان"ی سەر بە "سیوێرەگ"ی شاری ڕحای باکووری کوردستان بوو. دایکیشی خەڵکی "گمگم"ی سەر بە پارێزگای مووش لە باکووری کوردستان بوو. باوکی کوردێکی زازا بووە بەڵام یەڵماز لە عەدەن گەورە دەبێت. هەر بۆیە عەدەن بابەتی زۆرێک لە فیلمەکانیەتە. دوای ماوەیەک کار و ژیان لە عەدەن، دەچێتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنێت. لە ئەستەنبوڵیش لەگەڵ دەرهێنەر و فیلمسازی سینەما "عاتیف ییڵماز" ئاشنا دەبێت.

"یەڵماز گۆنەی" قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری عەدەن تەواو کردووە و لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە کاری کردووە. چەندین کاری جیاوازی کردووە هەر لە کۆکردنەوەی پەمۆوە تا ژمێریاری. لەم ساڵانەدا ئەدەبیات سەرنجی ڕاکێشا و دەستی کرد بە نووسینی چیرۆک. لە ساڵی 1956 لە زانکۆی ئەنقەرە یاسای خوێندووە، بەڵام دواتر چووەتە زیندان و بەهۆی سەختیی باری دارایی بنەماڵەکەیەوە نەیتوانیوە لە ڕووی داراییەوە بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، بە ناچاری بەشی یاسا لە زانکۆی ئەنقەرە بەجێ دەهێڵێت.

دوای ئەوە دەچێتە باکووری کوردستان بۆ ئەوەی لەوێ کار بکات. پاشان بڕیار دەدات درێژە بە خوێندن بدات و لە فاکەڵتیی ئابووریی زانکۆی ئەستەنبوڵ دەست بە خوێندن دەکات. دواتر دیسان دەچێتەوە زیندان و بەهۆیەوە ناچار دەبێت واز لە خوێندن بهێنێت. بۆیە خوێندنەکەی بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و تەنها یەک ڕێگای لەبەردەمدا دەمێنێ. بە وتەی ئەو، ناچار دەبێ لە قوتابخانەی ژیان و لە ڕێگەی ئەو مامۆستایانەوە کە ژیان قبوڵ دەکەن، خۆی پەروەردە بکات و ڕابهێنێ" و ئەویش ئەو کارە دەکات... لەم ڕووەوە دەڵێت: "قوتابخانەکەم کتێب، سینەما، زیندان، یاسای توندی ژیان، فشارە کۆمەڵایەتییەکان، خیانەت و ئازایەتییە. مامۆستاکەم ژیانە". گۆنەی لە ساڵی 1972 بە تاوانی بەشداریکردن لە بۆنە سیاسییەکان دەستگیرکراوە و پێش ئازادکردنی 2 ساڵ لە زینداندا بووە.

یەڵماز گۆنەی، لەکاتی وێنەگرتنی فیلمی "دڵەڕاوکێ" لە شاری عەدەن، داواکاری گشتیی یومورتەلیکی سەر بە شاری عەدەنی بە هۆی ئەوەی سووکایەتیی پێ کردبوو کوشت و سزای ١٨ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. لە زینداندا لە بواری سینەمادا درێژەی بە کارەکانی دا و فیلمەکانی "کەری" و "ڕێگا"ی کە نووسیبوو، لەلایەن "زەکی ئۆکتەن" و "شەریف گۆرەن"ەوە وێنەیان گیرا و ئەو دوو فیلمە بەربەستێکی زۆریان هاتە سەر ڕێ. پاشان جارێکی دیکە فیلمی "ڕێگا"ی مۆنتاژ کردەوە و خەڵاتی فێستیڤاڵی کانی بەدەست هێنا. یەڵماز گۆنەی لە ساڵی ١٩٨١ لە زیندانی سپارتا هەڵهات و بە نهێنی وڵاتی تورکیای بەجێهێشت.

یەڵماز گۆنەی دوای کۆچکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، فیلمی دیواری ساز کرد. ئەو فیلمە دوا فیلم بوو کە وێنەی گرتووە. یەڵماز گۆنەی لە ساڵی 1983دا لەگەڵ شاعیرانی بەناوبانگی کورد "جگەرخوێن و عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی" لە پاریس ئینستیتیوتی کوردی دامەزراند و لە  نەورۆزی ساڵی 1984دا بابەتێکی پێشکەش کرد.

یەڵماز گۆنەی لە وتارەکەیدا وتی:

سڵاو هاوڕێیان! ئازار و ناخۆشی و نەهامەتی و هەژاری و خوێن و فرمێسک لە چاوی گەلی کورددا چارەنووس نییە. ئێمە ئەم چارەنووسە ڕەت دەکەینەوە. ئێمە ئەو چارەنووسە ناناسین. ئێمە منداڵی وڵاتێک نین کە لە چوار قۆڵەوە داگیرکرابێت، دەمانەوێت منداڵی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو و ئازاد بین. ئێمە دەمانەوێت لەسەر خاکی خۆمان، لە ژێر ئاڵاکەماندا، بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین. ئەمڕۆ هاوڕێیانی ئازیز لە زۆر شوێنی کوردستان، شاخ و دەشت، لە زیندانەکاندا دژی زوڵم و ستەمی فاشیستەکان دەجەنگن و لە شەڕدا گیانی خۆیان لەدەست دەدەن. ئێمە ئەو کەسانەی لە شەڕدان و ئەوانەی بۆ ئەو مەبەستە گیانیان لەدەست داوە لە دڵمان و لە خەباتماندا بە زیندوویی دەهێڵینەوە.

گۆنەی لە ٩ی ئەیلولی ١٩٨٤ لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا لە فەڕەنسا بەهۆی شێرپەنجەی گەدەوە کۆچی دواییی کرد. ئەو لە فیلمەکانیدا تیشکی خستووەتە سەر سەختییەکانی ژیانی گەلی کورد، هەروەها چیرۆک و ئەزموون و سیناریۆی نووسیوە. لە ژیانی هونەریدا چەندین بەرهەمی بەنرخی بەجێهێشتووە.

یەڵماز گۆنەی دەیان بەرهەمی بەجێهێشتووە و لە زۆر فیلمدا وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاری کردووە و لە زۆر فیلمیشدا وەک دەرهێنەر کاری کردووە. فیلمی یۆل (ڕێگا) یەکێکە لەو بەرهەمانە. ڕێگا، لە ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ فیلمی 'وێندا'ی دەرهێنەری یۆنانی "کۆستا گاڤراس" بە هاوبەشی خەڵاتی "پاڵم دی ئۆر"ی بەدەست هێنا.

 

KURDŞOP
937 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!