کتێبی پۆرترەی ناودارانی کورد

100 portraits of kurd

 

پۆرترە گرتن بە شوێن شوناسێکی جیاوازەوە

 

کتێبی ١٠٠ پۆرترە یان پۆرترەی ناودارانی کورد لەو کتێبانەیە کە هەم قەبارە و جۆرەی چاپەکەی و هەم ناوەرۆک و ئاکامی کاری نووسەر و بەدیهێنەرەکەی لەگەڵ کتێبەکانی دیکە جیاوازن. ئەو کتێبە  لە قەبارەی زۆر گەورە لەسەر کاغەزی گلاسەی باش و بە شێوەیەکی  پڕۆفیشناڵ چاپ  و بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە بریتییە لە پۆرترەی ١٠٠ کەسایەتیی ناسراوی کورد. هونەرمەندی وێنەگر لوقمان ڕەحیمی لە گێڕانەوەیەک هەر لەو کتێبەدا باسی ڕەوتی کارەکەی دەکا و لە پێشەکیی کتێبەکەشدا ئاماژە بە هۆکاری  گرینگ بوونی  ئەو کتێبە کراوە. ئەو کتێبە پۆرترەی زۆر کەسی ناوداری لە نووسەر و شاعیر و مووزیسیەن و پەیکەرتاش و ... تێدایە.

هەم گێڕانەوەی زارەکی و ڕاستگۆیانەی وێنەگر لە ڕەوتی کارەکەی و هەم بەرهەم و ئاکامی کاری وێنەگریی ئەو، لە چوارچێوەی ١٠٠ پۆرترەی هونەریدا، دەربڕ و نیشاندەری قورسایی کار و بە بایەخبوونی ئەو کۆمەڵە وێنەیەیە. کۆمەڵە کارێک کە ئەزموونی ساڵیانی هونەرمەندێکی وێنەگری لە خۆ گرتووە و لەویش گرینگتر لە باری ناوەرۆکیشەوە هەڵگری پۆرترەی کەسایەتییە هونەری و ئەدەبی و زانستیییەکانی کورد لە ڕوانگەی وێنەگرەوەیە.

ئەگەر سەرنج بدەینە گێڕانەوەی سەرەتاییی وێنەگر لە یەکەم برووسکە و هانەی کارەکەیەوە، بەو خاڵە گرینگە دەگەین کە وێنەگری ئەو کۆمەڵە کارە، لە لایەک تاقمێک لە کەسایەتییە هەڵکەوتەکانی هونەری و ئەدەبی و زانستیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هونەرمەندانە، بە تەکنیک و دەربڕینێکی تایبەتەوە کە ڕاوێژی دووربین و لێنزی ڕەحیمی لەودا دەناسرێتەوە، لە قابی دووربینەکەیدا گونجاندووە.

هەر ئەو دەربڕینە تایبەتەشە کە "ئیلێن ڕانتاکڕانس" لە کتێبی "وێنەی پەتی"دا بە "واژۆی وێنەگر"ی ناو دێنێ. واژۆی وێنەگر دەتوانێ جۆری نیگای بۆ ئاسۆ بێ، واژۆیەکی دیکە کەڵکوەرگرتن لە لێنزی خێرا بە بێ برووسکە، جاری واشە کەڵکوەرگرتن لە لێنزی واید یان تێلە دەتوانێ وەک شێوازی کاری وێنەگرێک بناسرێ، یان کۆنتڕاستێک لە پاش وێنەگری لە نەرمئامیردا زیاد دەکرێ. هەڵبەت جودا لەوانە ڕوانینی وێنەگر بۆ واتاکان و ڕەنگدانەوەی ئەوانە لە لاپەڕەکانی ئاڵبۆمی وێنەکانیشیدا، واژۆیەکی دیکەیه و هەڵبەت ئەو ئاراستەیە لەو کۆمەڵە کارەدا بە ڕوونی دەبیندرێ. لە لایەکی دیکەوە ئەو بابەتەشی سەلماندووە کە وێنەگرییش دەتوانێ بابەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ. بابەتێکی شوناسخواز و جوداکەرەوە ...

گەڕان بە شوێن کەسایەتییە ناودارەکانی سەر بە شوناسێکی زمانی و نەتەوەیی و تۆمارکردنی ڕوخساریان لە چوارچێوەی بەرهەمێکی هونەریدا؛ ڕوانینیکی هونەرییە بۆ تۆمار کردنی وێنەی ئەو کەسانەی بە مەزەندەی وێنەگر و بەرهەمەکانیان هەڵکەوتەن و لە سازکردنی پێکهاتەی هونەری و کولتووریی گەلی خۆیاندا ڕۆڵیان هەبووە و بەو شێوەیە بوونەتە بەشێک لە مێژووی نەتەوەیەک، چون دواتر و پاش تێپەڕبوونی سەردەمێکی مێژوویی، بێگومان لانیکەم بەشێک لەو بەرهەمانە لە نێو نووسراوە و کتێبە مێژوویییەکاندا کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. لە لایەکی دیکەوە چون وێنەگری هونەرێکی بێ سنوورە و زمان ناناسێ، دەتوانین شرۆڤەیەکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی لەو کۆمەڵە بەرهەمە بە دەستەوە بدەین؛ ئەویش لەو ڕوانگەیەوە کە ئەو بەرهەمانە نیشاندانی سیمای هونەری و ئەدەبی و ...ی نەتەوەیەک و زەق کردنەوەی شوناسێکی دەوڵەمەندن لە پێش چاوی بەردەنگی سەر بە شوناسەکانی دیتر و ئەویتر.

گرتنەبەری ئاراستەیەکی وا وەکی "بێرنیس ئابووت" لە نووسراوەی "وێنەگری دەبێ لە سەر پێی خۆی ڕاوەستێ"دا دەڵێ: وردبینی و داودۆزیی دەوێ. ئەوەش واتە ناسیاریی وێنەگر لە کاتی ئێستا، یان دیتنی کاتی ئێستا بە ڕوونییەکی واوە کە دەڵێی لەوێوە لە ڕابردووت ڕوانیوە و داهاتووش هەست پێدەکەی. ئەو کارەش ڕێگایەکی سەرسوڕهێنەری هەیە و پێویستی بە زانست و ناسیاری و تێگەیشتن لە کاتە. هەر بۆیە وێنەگر دەبێ بە تەواوی کوڕی زەمانی خۆی بێ. کەسێک کە لە دەلاقەی چاوی ئەوەوە کاتی ئێستا بە ڕابردووەوە دەلکێ. لەو کتێبەی بەر دەستدا، ئەگەر تێگەیشتن لە کات و کەڵکەڵەی شوناسی سەردەم بۆ وێنەگر وەک بابەتێکی تیۆریکیش نەخرابێتە ڕوو، گەڕان بۆ واتاکانی بابەتێکی وا بە پێی هەست به مەترسیکردن لە پشتگوێخرانی شوناسی نەتەوەیی و حەول بۆ سازکردنی بینایەک لەو بوارەدا و بە یارمەتیی لێنزی دووربین، نیشانەی کاتناسی و وردبینییە.

بەو ئیدە و تێبینییەوە کە کۆی ئەو پۆرترانە بەشێک لە کەسانی شوناسساز و هونەرمەند و ڕۆڵگێڕی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردن و ئەوەش دەتوانێ ئەگەر لە ڕوانگەی کەسانی وەک "ئیدوارد سەعید" و "هومی بەهابەها"وە لێی ورد بینەوە، هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە لە جیهانێکدا، کە بەشێکی زۆر لە ڕاگەیەنەکان و تەنانەت تاقمە سەردەستەکان، جاری وایە بۆ لاواز کردنی توانای شوناسێک حەول دەدەن، یان لانیکەم حەولی خستنە پەرواێزیان دەدرێ و تەنانەت دەیانهەوێ ڕوخساریان بڕووشێنن، کارێکی ئەوتۆ "دەتوانێ تێکۆشان بێ لە پێناو ڕاستکردنەوەی سیمای ڕوشاو و بریندار"ی شوناسێک.

 جودا لەو باسەش؛ لە ڕاونگەی هونەریشەوە جۆراوجۆرییەک لە شێواز و ستایلی وێنەگردا دەبیندرێ. شەبەنگێکی بەربڵاو لە هونەر و توانایییەکان لە سیمای کەسانی هەڵبژاردەی وێنەگردا دێتە بەرچاو. لە نووسەر و موزیسیەن و دەرهێنەری سینەماوە بگرە تا شاعیر و مێژوونووس و وەرگێڕ و پزیشک و ... بە کورتی دەتوانین بڵێین وێنەگر لەهەر پۆرترەیەکدا حەولی داوە جۆری ڕوانین و نووسینی جودا بێ لە پۆرترەکانی دیکە و لە ڕادەی توانای، کۆی ماکە ئامادەکانی ناو قابی وێنە، هەم نیشاندەری پۆرترەی یەک کەس و هەم هەڵگری جۆرێک پەروەردەکردنی کەسایەتی لە ڕێگای ماکە هەڵبژێردراوەکانی کەسی وێنە لێگیراو بێ. ئەو کەرەسانەی کە دەتوانن دەربڕی هونەر و ئیش و کاری کەسایەتیی هەڵبژێردراو بن. ڕەنگە لەو نێوەدا هەموو پۆرترەکان بە هۆکاری تەکنیکی و تەنانەت کاتی وێنەگرتنەکە و باری دەروونیی کەسایەتییەکان لە کاتی وێنەگرتندا، هەڵگری ئەو وەسفە نەبن، بەڵام حەولی وێنەگر لەو ڕێبازەدا بە پیت و بەهرە بووە و بەشێکی زۆر لە پۆرترەکان زمانێکی ڕەوان و واتایەکی ڕوونیان تێدایە و کەسایەتیی بەرباس لە قابێکدا کورت دەکەنەوە و بەرهەمێکی جوان و هونەرین بۆ نەسلی ئێستا و داهاتووی بواری هونەری ئێران و کوردستان.

 

 

بەشێک لە گێڕانەوەی تۆمارکردنی پۆرترەکان بە دووربینی لوقمان ڕەحیمی

 

کارکردن لەگەڵ قالەمەڕە دژوار و جاری وابوو ئەستەم بوو. نە تاقەتی بوو، نە کارێکی واشی بۆ گرینگ یان پێ گرینگ بوو. هونەرمەندێکی شوناسساز لە نێو خەڵکەکەیدا و بێ ئیدیعا و چەوساوە و زوڵم لێکراو. هەڵبەت ئیستا؛ هەر ئەو پۆرترەیەی کە ئاکامی هاوکاری لەگەڵ ئەو هونەرمەندە بوو، لە کەشی مەجازی و ڕاگەیەنە کوردییەکاندا بەردەوام کەڵکی لێ وەردەگیرێ و دووپات دەبێتەوە.

دوای ئەو کارە ڕووم کردە شارەکانی دیکە و بە شوێن هونەرمەندانی کورددا سنە و کرماشان و تاران و سابڵاغ و سەقز و بانە ... بە کورتی بە گوتەی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کاڵەی ئاسنم لە پێ کرد و ملی ڕێم گرتە بەر و چوومە خزمەت زۆر کەسایەتیی گەورە و مەزنی کورد.

تاقمیک لە هونەرمەندان لە تاران بوون و هەرجارەش سەفەر کردن بۆ تاران بە مەبەستی گرتنی پۆرترەی هونەرمەندانی پێتەختنشین زۆر پڕ دەردیسەر بوو. هەر بۆیە ناچار ماڵێکم بە کرێ گرت  و تا کۆتاییی کارەکەم لە تاران کە چل تیکەیەک لە کولتوورەکانی ئیرانە مامەوە، تا سیمای کەسانی ناسراوی هونەر و ئەدەب و وەرگێڕان و شانۆ و سینەما و پزیشکی ب هتدی کورد لە قابی مێژوودا تۆمار کەم.

لە شارام نازری و سەدیق تەعریف و بێهرووز غەریب پوور و ئیبڕاهیم یوونسی و عەلی ئەشڕەف دەرویشیانەوە بگرە تا کامکار و عەندەلیبییەکان و ... لە مووسیقی‍یەوە بگرە تا پزیشکی

پۆرترە گرتن لە نێو نەتەوەیەکدا کە بە زۆر هۆکار هیچ شتێکی پیشەیی نەبووە، دژوارە. دەبێ هەم هونەرمەند بی و هەم بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکان و هەم شۆفیر و ... دەبێ لەگەڵ هونەرمەندان و ئەو سیمایانەی تێگەیشتن و ڕووحی جودا و زۆر جار دژ بە یەکیان هەیە، بدوێی و هاوئاهەنگ بی. توانای قەناعەت پێهێنانت هەبێ. تا کەسێک کە مووی سەری لە ڕێی هونەردا سپی کردووە، هونەرەکەت بە جیددی وەرگرێ. کارەکەت بە هونەری بزانێ و متمانە بە تۆ و لێنزەکەت بکا. ئەویش لە جیهانێکدا کە ڕۆژانە ملیۆنها و بەڵکوو میلیاردها وێنەی هونەری و ناهونەری دەستاودەست دەکرێن و کەڵکی جۆراوجۆریان لێ وەردەگیرێ.

دژواریی پۆرترە گرتن تەنیا سەفەرکردن و دۆزینەوەی ڕۆژی تایبەت و دۆزینەوەی گۆشەی پێویست و نوور و دووربین و چۆنایەتی نییە، بەڵکوو بەشێکیشی ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو هونەرمەندانەیە لە گەڵت ڕێ ناکەون؛ هەڵبەت مەجبووریش نین ئەو کارە بکەن. بەڵام منی پۆرترەگر مەجبوورم بارودۆخەکە بگۆڕم تا سووژەی دووربینەکەم سەرنجی ڕابکێشرێ. دوو نموونە لەو دژوارییانە ئەگەر باس بکەم یەکیان کۆمەڵە پۆرترەی پڕبایەخی بنەماڵەی هونەرمەندی کامکارەکانە کە نەیاندەویست بێنە ئاتۆلیە یان لانیکەم شوێنی پێویستی تۆمار کردنی وێنە و پاش ماوەیەکی زۆر توانیم دڵیان نەرم کەم و ڕازی بن وێنەیان لێ بگرم. نموونەی دووەم نووسەری بە ناوبانگ "کەلیموڵلا تەوەحودی" لە خۆراسان بوو کە چیرۆکێکی دوور و درێژی هەیە و سەرەئەنجام پاش چوار ساڵ توانیم متمانەی وەدەست بێنم و ڕازیی کەم. ئاخرییەکەی بەو ڕستەیەوە پێمل بوونی خۆی دەربڕی کە "لە خۆم شێت ترێکم گیر کەوتووە" وەرە و وێنەکەت بگرە. چووم و زۆر پۆرترەی خۆی و هەڵبەت کۆمەڵە وێنەیەکی دیکە لە کارێکی بەڵگەیی-کۆمەڵایەتی -کۆچی کوردەکانی خۆراسان- ئاکامی ئەو سەفەرە بوون و …

KURDŞOP
793 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!