ژنە دەنگبێژی کورد: ئێران خانم

 

شادی

ئێران خانم ژنە دەنگخۆشێکی کوردە و لە ساڵانی 1950-1951 لە گوندێک بە ناوی "ئینکێسو" سەر بە ناوچەی برادۆستی شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. ناوی ڕاستەقینەی "ئێران موجەڕڕەدە" بەڵام ناوی ئێران خانمی وەک ناوی هونەریی خۆی بەکار هێناوە.

ئێران خانم لە بنەماڵەیەکی هەژار و جووتیار بووە. ژیانی منداڵی و گەنجیی بە کارەوە بەسەر دەبات. ئێران خانم ڕۆژانە لە ماڵێکی دەوڵەمەنددا کار دەکات بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەی دابین بکات. باوکی ناوی عەبدولڕەحمان و دایکی ناوی پەریبشان یان پەرێشانە. ئەو گۆرانیبێژە کوردە تەمەنی منداڵی و لاویی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ناخۆشیدا بەسەر دەبات. بەڵام ئێران خانم یەکەم گۆرانیبێژی ژنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دوای هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ناوی سەعید بووە، لە گوندی سۆماناوا نیشتەجێ دەبێت و بۆ ماوەیەک لەوێ درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بە پاڵپشتیی هاوسەرەکەی لە کاری گۆرانیبێژی بەردەوام دەبێت. دەبێتە خاوەنی کچێک و دوو کوڕ و ساڵانێکی زۆر پێکەوە دەژین. کاتێک سەعیدی هاوسەری دەیهەوێت ژنێکی دیکە بخوازێت، ئێران خانم ژنهێنانی دووەمی سەعید قبوڵ ناکات؛ هەر بۆیە منداڵەکانی و مێردەکەی بەجێدەهێڵێت و ماوەیەک لەگەڵ دایکی و باوکی دەمێنێتەوە.

 لە ساڵی ١٩٧١ بە پشتیوانیی مستەفا عەلیزادە، حەمید یۆسفی و ئیبراهیم نەورۆزی، لە بەشی کوردیی ڕادیۆی ورمێ بە فەرمی وەک بێژەر دەستی بە کار کرد. ئەو لە ڕادیۆی ورمێ ناوبانگی دەرکرد و خۆشەویست بوو. دەنگی ئەو خاتوونە بە تامەزرۆیییەکی زۆرەوە لە هەموو پارچەکانی کوردستان دەبیسترا و بڵاودەبووەوە.

 لەگەڵ دامەزراندنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و فەرمانی خومەینی، دۆخی ڕادیۆ و هونەرمەندان گۆڕا. کورد کاتێک دەیویست بە ئاسوودەیی و ئازادانە لەگەڵ زمان و کولتوورەکەیدا بژی، ڕووبەڕووی فشار و توندوتیژییەکی گەورە بووەوە. لەو ڕۆژانەدا ئێران خانم بە شێوەیەکی نهێنی درێژەی بە کارەکانی و هونەری گۆرانی وتن دەدا. بەشێک لە بەرهەمەکانی بە قاچاخ دەگوازێتەوە باکوری کوردستان بۆ دابەشکردن. بەم شێوەیە دەنگی گۆرانیبێژی کورد، ئێران خانم، لە باکووری کوردستانیش ناسراوە و بڵاو دەبێتەوە.

 ئێران خانم دوای ماوەیەک لە جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی سەعید، شووی بە داداش نەسیری کرد و پێکەوە ڕوویان لە تارانی پایتەختی ئێران کرد. دوای ٣ ساڵ مانەوە لە تاران، ڕوویان لە شاری دیلەمان یان سەلماس کرد. دوای ئەوەی ١٥ ساڵ لەو شارەدا نیشتەجێ بوون، بڕیاریان دا بگەڕێنەوە بۆ شاری ورمێ. لەوێ بە دووکانێکی بچووک بژێوی ژیانیان دابین دەکرد. هەرچەندە کەس باوەڕی بەوە نییە کە ئێران خانم خۆی کوشتبێت، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەخۆشخانەی ورمێ، گۆرانیبێژی کورد، ئێران خانم، لە 10ی خاکەلێوەی 2001 خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئێران خانم زیاتر بە گۆرانی و تێکستەکانی وەک کولە دڵ من، دەلال، عاریفۆ لاوۆ، باجۆ، عەمرێ من، باڤێ لالۆ، دۆتمام ئو پسمام، فیلیتە قوتو، گەورێ و لۆ شیڤانۆ ناسراوە.

KURDŞOP
818 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!