کایە کولتوورییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات و دژکردەوەی دەسەڵات

دوکتور  کاروان جوانڕۆیی

 

لە دوای کۆچی دواییی هونەرمەند "تاهیر خەلیلی" کاردانەوەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان جێگای سەرنج بوون. تاقمێکی زۆر لە چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و هونەری، بۆ کۆچی دواییی هونەرمەند تاهیر خەلیلی بابەتیان نووسی و هەستی خۆیان دەربڕی و خوێندنەوەیان بۆ کاریگەریی سروود و گۆرانییەکانی لەسەر ڕەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان لە سەردەمی شۆڕشدا خستە ڕوو. تاهیر خەلیلی لەو هونەرمەندانە بوو کە لە سەردەمی شۆڕشی خوێناویی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها سەردەمی شۆڕشی کاریگەر لە باشووری کوردستان، بە دژی دوو دەسەڵاتی داگیرکاری بەعسی و کۆماری ئیسلامی، سەنگەرێکی بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییی خۆی هەڵبژارد کە ئەو سەنگەرە، سەنگەری هونەر و بە تایبەت هونەری بەرخۆدان بوو.

 بە پێی پێناسەی ڕۆشنبیرانی پۆست کلۆنیالیست، هونەری بەرخۆدان هونەرێکە لە بەرابەر سەردەستانی داگیرکەر ڕادەوەستێ.هەروەها هونەری بەرەنگاری بە تایبەت هونەری مۆسیقا بە درێژاییی شۆڕش لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەرییەکی بێ ئەملاو ئەولای لەسەر ڕاگرتنی متمانەبەخۆییی نەتەوەیی لە کوردستاندا هەبووە. هونەرمەندانی وەک دکتۆر شوان، شوان پەروەر ،ناسر ڕەزازی، تاهیر تۆفیق، تاهیر خەلیلی، نەجمەدینی غوڵامی، میکایل، جوان حاجۆ، جەماڵ موفتی و زۆر هونەرمەندی دیکە، بە کوتنی سروودی شۆرشگێڕانە، ورەی کۆمەڵگای کوردییان لە بەرابەر تۆپ و تانگ و کیمیاباران و بۆمبارانی نەتەوەی سەردەست بەهێز کرد. واتە یەکێک لە چەکە گرنگەکانی نەتەوەی کورد لە سەدەی بیستەمدا، بۆ سەلماندنی ڕەواییی ماف و داخوازییەکانی، سەنگەری هونەر بووە. ئەوەش ڕاست ئەو شتەیە کە بیرمەندانی پۆست کلۆنیالیستی وەک ئیدوارد سەعید، هومی بەهابەها، و گایاتری ئیسپیواک چاکراوێرتی، جەختیان لەسەر کردووە. هەرسێکی ئەو فیلسووفانە کە هەرکام بە شێوەیەک ئەندێشەی پۆستکۆلۆنیالیستییان پەرە پێداوە، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە؛ نەتەوە بن دەستەکان تا زەمانێک لە بەرامبەر پڕۆپاگاندای نەتەوەی سەردەستدا، بە چەکی بیر و هزر و هونەر تەیار نەبن، بە چۆکدا دێن. بەڵام ئەو نەتەوە ژێردەستانەی جودا لە مەیدانی خەباتی چەکداری، بۆ پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان پەنا دەبەن بۆ سەنگەری هونەر، زمان، ئەدەبیات، سینەما و بە تایبەت مۆسیقا، ئەو نەتەوانەن کە ڕەوتی مێژوو لە بەرژەوەندیی خۆیان دەگۆڕن

واتە ئەو نەتەوانە خۆیان بە چەکێکی بەهێز تەیار دەکەن، کە لە سەردەمی نوێدا پێویستە هەموو نەتەوەکان بە دەستیانەوە بێ. وەکی دەزانین لە دابەشکارییەکانی داگیرکاری لە بواری زانستە سیاسیەکاندا، کۆی مێژووی بەشەری لەو ڕوانگەیەوە بە سەر سێ قۆناغدا دابەش دەکرێ. قۆناغی داگیرکاری یا یا کلۆنیالیزمی نەریتی، سەردەمێکە کە کلۆنیالیستەکان ڕاستەوخۆ لە ڕێی هێزی چەکدارییەوە وڵاتێکیان داگیر دەکرد و وڵاتی داگیرکراو وڵاتێکی هەڵبژاردە بوو کە لە بەرابەر کۆی ئەو هێزە نیزامی و چەکدارییەی نەتەوەی سەردەستدا، توانای دەستکردنەوە و بەرگریکردن لە خۆی نەبوو. بەڵام ئەو حەولانەش کە لەو بوارەدا دەدران هێندێک حەول بوون کە جاری وا بوو سەرکەوتنیان بە دەست دێنا و زۆر جاریش لەگەڵ شکست ڕووبەڕوو دەبوون. ئەوەی جێی ئاماژەیە ئەوەیە کە تەنانەت ئەو حەول و بەرخۆدانانەی لەگەڵ نەتەوەی سەردەست دەکرا ئەگەر شکستیشیان هێنابا نیشاندەری بوونی بزاوت و جەریانێک بوو کە لە ژێر پێستی کۆمەڵگا داگیرکراوەکاندا بە مەبەستی پاراستنی خاک و نیشتمان لە ئارادا بوو. ئەوە بەردەوام هێزی کۆمەڵگای دەجووڵاند بۆ وەی زیاتر لەگەڵ هێزە کلۆنیالیستییەکان بەربەرەکانی بکەن. ئەو جوورە ڕووبەڕووبوونەوەی سەردەستەکان لەگەڵ بن دەستەکان، نرخێکی زۆری بە سەر سەردەستی داگیرکاردا دەسەپاند. هەر بۆیە خولی دووەمی داگیرکاری کە پێی دەڵێن داگیرکاریی مۆدێرن دێتە ئاراوە.

 لە داگیرکاریی مودێرندا هێزی سەردەستی داگیرکەر، حەول دەدا بە خزانە نێو کۆمەڵگای داگیرکراوەوە، بژاردەی خۆی لە نێو ئەواندا هەڵببژێرێ. واتە هێندێک قەڵەم، سیاسیکار و هونەرمەند کە بە پێی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی داگیرکار و هێزی داگیرکار بیر دەکەنەوە و دەنووسن و کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرەنگییەکان بەڕێوە دەبەن، چالاک دەکەن. هێزی داگیرکار لەو پوتانسیەل و وزە شاراوەیە کەڵک وەردەگرێ. ئەوە سوودێکی یەکجار گەورەی بۆ هێزی کلۆنیالیستی مۆدێرن هەیە. سوودەکەشی ئەوەیە کە هێزی کلۆنیالیستی، نیگەرانی کاردانەوەی توندی خەڵکی داگیرکراو نییە، چونکە لە نێوخۆیاندا هێندێک قەڵەم و ئەندێشەو هێزی وەکار خستووە کە ئەو قەڵەم و هێزانە بە دژی گەلی خۆیان خەریکن دەنووسن. بە دژی خەڵکی خۆیان یا لە دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی خۆیان چالاکن.  خەڵکیش دەبینن کە ئەو کەسەی ئێستا بە دژی ئەوان دەنووسێ یا خەریکە گوتارێکی تازە دێنێتە ئاراوە کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەواندایە، یان هاوڕایان دەبن و یان دژیان دەوەستنەوە. بەڵام هەمیشە تاقمێک فریوی کایەکان دەخۆن. بەشێک لە نەتەوەی ژێردەست هاوڕا دەبن لەگەڵ ڕۆشنبیران، سیاسی و نووسەری هاوڕا و هاوبیر و هاوبەرژەوەندی دەسەڵات.

نموونەی ئەو جۆرە ڕۆشنبیر و سیاسی و نووسەرانە چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چ لە باشووری کوردستان لە سەردەمی بەعسدا زۆرن. بەڵام ئەو شێوە داگیرکارییەش کاتێک توانایی خۆی لە دەست دەدات کە نەتەوەی داگیرکراو مۆرەکانی کایەی تازەی داگیرکەرانی ناسییەوە حاشای لە هاوشوناس بوون و هاوخەبات بوونی ئەوان کرد. ئەو جار داگیرکەران ڕێگای سێهەمیان هەڵبژارد. واتە خولی سێهەمی کۆلۆنیالیزم دەستی پێکرد. لە خولی سێهەمی کۆلۆنیالیزم یان داگیرکاریدا کە پێی دەڵێن داگیرکاری لە سەردەمی پۆست مۆدێرندا، هێزی داگیرکار کۆی دەسەڵات و توانا و هێزی خۆی لە ڕێگای ڕاگەیەنە، گۆڤار، ڕۆژنامە و لە سەردەمی ئێستادا لە ڕێگای مۆڵتی میدیا و سۆشیال میدیاوە بەڕێوە دەبا. گرنگترین کاریشی شکاندنی شکۆی چالاکانی فەرهەنگی، ئەدەبی، سیاسی و کۆمەڵایەتییە. لەو ڕێگایەوە دەیهەوێ سامانی کولتووری و فەرهەنگی و نەتەوەییی نەتەوەیەک دزێو نیشان بدا. ئەوە هەر ئەو شتەیە کە ئیدوارد سەعید لە کتێبی ڕۆژهەڵاتناسیدا پێی دەڵێ؛ ڕووشاندنی سیمای شوناسی نەتەوەیی.

 ئەگەر ئەو بابەتە بەراورد بکەین لەگەڵ ڕووداوێک کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە، دەبێ باسەکەمان بەو شێوەیە تەتەڵە بکەین؛ دوای مردنی یەکێک لە هونەرمەندانی پارێزگاری شوناسی سیاسی و نەتەوەیی واتە تایری خەلیلی، کۆمەڵێک لە چالاکانی ئەدەبی و  هونەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی ئەو هونەرمەندە نەتەوەیی و شوناس سازە کۆڕێکی خۆمانەیان پێک هێناوە و تەنیا کارێک کردوویانە ئەوەیە کە یەکێک لە سروودەکانی سەردەمی شۆڕشی تاهیری خەلیلی بە کۆمەڵ دەخوێننەوە. ئەو کارەی ئەو پۆلە ئەدیب و هونەرمەندە لە ڕوانینی یەکەمدا کارێکی ئاسایی و وەبیرهێنانەوەیەکی ئاساییە. بەڵام ئەگەر لە شێوە نیگای پۆست کلۆنیالیستیەوە تێی بڕوانی، کۆمەڵێک لە چالاکانی فەرهەنگی و هونەری خاوەن بەرهەم و داهێنەری نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جەختیان لەسەر شێوەیەک لە بەرەنگاری کردووەتەوە یا شێوەیەک لە بەرەنگارییان دیسان وەگەڕخستۆتەوە، کە ئەو شێوەبەرەنگارییە، شێوە بەرەنگاریی کولتووری و هونەرییە. شێوە بەرەنگاریێکی دژە توندوتیژییە. شێوە بەرەنگارییەکی ناسراو لە دونیای پۆست مۆدێرندایە. واتە دەست بردن بۆ مەعریفە و پەنابردن بۆ هونەر و دەستەوداوێن بوونی داهێنانی هونەری.

دیارە دەستپێکردنی ڕەوتێکی وا دوو چەشن کاردانەوەی بە دوادا دێ. کاردانەوەیەک کاردانەوەی کۆمەڵگایەکە کە تا سەر ئێسقان لە پاش شۆڕشێکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ڕابردوودا بریندارە. ئەو کۆمەڵگایە بۆ وەدیهێنان یا بەکارهێنانی شێوەیەکی نوێ لە بەرەنگاری کە ئەویش بەرەنگاریی کولتووری و هونەرییە، بۆ جارێکی دیکە خەریکە خۆی ڕێکدەخاتەوە. ئەو شێوە بەرەنگارییە شێوە بەرەنگارییەکی متمانە پێکراوە لە ئاستی جەهاندا. کاردانەوەی دووەم لە لایەن دەسەڵاتەوەیە. هەر لە سەردەمی ئیستیعمار یا داگیرکاری نەریتیەوە کە سەردەمی داگیرکاریی ئینگلستان بە سەر هیندستاندا بوو، بەرەنگاریی کەلتووری و هونەری تەنیا چەشنێک بەرەنگارییە کە داگیرکار لە بەرابەریدا بە چۆکدا دێ. واتە هونەرمەندان و نووسەران ڕێگایەک دەگرنەبەر کە دەرفەتی چالاکبوونی دەسەڵات بۆ بەڕێوەبردنی کایەی سیاسی لە دژی ئەوان کورت دەکەنەوە. یا ئەو دەرفەتەیان لێ دەستێننەوە. بەڵام سیستەمی تۆتالیتێر و هەموو شت خواز کە تابشت و توانایی دان پێدانان بە کایەی هونەری و کولتووریشی نییە. هەر بۆیە کاردانەوەی بەو شێوەیە دەبێ کە هەموو ئەو هونەرمەندانە بە زەبری زۆری کۆ دەکاتەوە. هونەرمەند گەلێک کە لە دۆخی ئەوەڵدا بە ڕووحێکی شۆرشگێڕانە و هونەری و دڵێکی خۆشەوە مزگێنییەکی تازە بە کۆمەڵگا دەدەن کە ڕەوتی هونەری بەرەنگاری درێژەی هەیە. لە ڤیدیۆی دووەمدا کە دەستکردی دەسەڵات یا سیستمە، هەر ئەو هونەرمەندانەن بە مەبەستی ڕووشاندنی سیمایان و بە مەبەستی ناشیرن کردنیان لە بەرچاوی کۆمەڵگاوە، لە شوێنێک کۆیان کردوونەتەوە و بەیاننامەیەکیان بە ناوەرۆکی پاراستنی دەستکەوتەکانی سیستەمەوە پێ دەخوێنێتەوە و سروودێکیشیان بە مەبەستی داژداریکردن لە کۆی خاکی ئێران پێ دەڵێتەوە.

لە بەرابەردا تاقمێک لە نووسەرانی کورد هاو هەڵوێستیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی نیشان داوە و ئەوانیش چوونەتە سەنگەرێکەوە کە بە داخەوە دەسەڵات لەو سەنگەرەوە هێرش دەکاتە سەر سیما و شوناسسازانی نەتەوەی کورد. ئەویش سەنگەری ڕووشاندن و بریندارکردنی کەرامەتی ئەو قەڵەم و هونەرمەندانەیە کە لانی کەمی کاری ئەوان پاراستنی زمان و فەرهەنگی کوردییە. کۆمەڵگای کوردی و ڕۆشنبیرانی کورد نابێ لە سەردەمی وا بێ هەڵوێست بمێننەوە.

KURDŞOP
630 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!