مێکانیزمەکانی دەسەڵاتی تاران بۆ ئاسمیلەکردنی گەلی کورد

- ڕۆژ قادری

 

دەسەڵاتی تاران هەمیشە هەوڵی داوە بە مێکانیزمگەلی "زبر و هێز"، یان "چەواشە و پڕوپاگەندە و شەڕی نەرم"، خۆی بەسەر گەلانی "کورد، بەلووچ، عەرەب" و ئەوانی دیکەدا بسەپێنێت و ڕێگە نەدات ئەو گەلانە بیر لە شوناسی خۆیان بکەنەوە و شوێن ماف و خواستەکانیان بکەون. ستراتیژیی تاران بە مەبەستی ژێرچەپۆکە هێشتنەوەی گەلانی دیکە، ئاسمیلەکردنیانە. بەو پێیە، دەسەڵاتەکانی تاران بە درێژایی مێژوو هەوڵیان داوە گەلی کورد "کاڵ" بکەنەوە و لەنێو خۆیاندا بیتوێننەوە؛ بۆ نموونە هەوڵیان داوە کورد بە گەلێکی ئێرانی یان ژێرکۆمای ئێرانی پێناسە بکەن. هەروەها زمانی کوردی وەک زاراوەیەکی ئێرانی پێناسە دەکەن و بۆنە کوردییەکانی هاوشێوەی نەورۆز وەک بۆنەی ئێرانی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خۆیان تاپۆ دەکەن.

لەم بابەتەدا بەکورتی دەپەرژێینە سەر بەشێک لەو مێکانیزمگەلە کە دەسەڵاتی تاران بۆ ئاسمیلەکردنی گەلی کورد کەڵکی لێ وەرگرتوون.

شەڕی دەروونی

یەکێک لە مێکانیزمەکانی ئاسمیلەکردن و هەوڵ بۆ بچووککردنی گەلی کورد، شەڕی دەروونییە کە فارسەکان لە ئێران و تورکەکان لە تورکیا لە دژی کورد وەڕێیان خستووە؛ بۆ نموونە، سووکایەتیکردن، بە گوندی نیشاندانی کورد، بە دواکەوتوو نیشاندان و پیشاندانی کورد وەک خەڵکانێکی کێوی و نەخوێندەوار لەنێو میدیا فەرمییەکان و چاپەمەنییەکانیان، تەنیا هەندێکە لەو شەڕە دەروونییەن لە دژی کورد.

هاوکات کوردان وەک "مرزداران غیور"، "کردهای عزیز" و "کرد ایرانی" ناو دەبەن و بەو جۆرە بە کورددا هەڵدەڵێن کە لە ڕاستیدا بە مەبەستی خەڵەتاندن و گەوجاندنە و لە چوارچێوەی شەڕی نەرم و سیاسەتبازییەکانی داگیرکەر دێنە ئەژمار. ئاکامی ئەم شەڕە دەروونییە ئەوەیە کە تاکی کورد ئەگەر وریا و وشیار نەبێت، هەست دەکات کوردی قسەکردن و جلی کوردی لەبەرکردن شەرمە، بۆیە هەوڵ دەدات بە جۆریک هەڵسوکەوت و قسە بکات کە ڕەزامەندیی داگیرکەر بەدەست بهێنێت کە چیتر گاڵتەی پێ نەکرێت! ئەگەر تاکی کورد بکەوێتە ئەو داوەوە، داگیرکەر گەشتووەتە ئامانجی خۆی، بەڵام ئەگەر تاکی کورد وشیار بێت، ناکەوێتە ئەو داوەوە و هەوڵەکانی داگیرکەر پووچەڵ دەبێتەوە.

کۆچ و ڕاگواستن

دەیان هەزار کورد بەناچاری ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە و ڕۆژانە خوێنیان دەڕێژرێت و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژیمەکانی تاران ڕێگەیان لە گەشەی ئابووریی کورد گرتووە و دەیان ساڵە کورد بۆ دابینکردنی بژێویی خۆی، بەناچاری ئاوارەی پارێزگاکانی ناوەندی ئێران و وڵاتانی دیکە کراوە.

گوشاری لەڕادەبەدەری ئابووری، بڕێک لە کوردانی ناچار کردووە زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن بۆ ناوچەکانی دیکە. ئەوەش ڕێگەیەکی دیکەیە کە ڕێژیمەکانی تاران گرتوویانەتە بەر، چونکە کوردانێک کە نیشتەجێی پارێزگاکانی دیکە دەبن، هاسانتر ئاسمیلە دەبن و لەنێو گەلانی دیکەدا دەتوێنەوە، کەچی سەرەڕای ئەوەش، هێشتا دەبینین ئەو کوردانەی بەناچاری کۆچیان کردووە یان لە ڕابردوودا بۆ ناوچەکانی خوراسان و قەزوێن ڕاگوێزراون، تا ڕادەیەک کوردبوونی خۆیان پاراستووە یان خەریکن شوناسی خۆیان دەبیننەوە.

پەرەپێدانی بێ هیوایی

مێکانیزمی دیکە بۆ ئاسمیلەکردنی گەلی کورد، پەرەپێدانی بێ هیواییە. گەلی بێ‌هومێد و بێ‌دەرەتان، بە یەکجاری کۆڵ دەدات و دەست لە شۆڕش و سەرهەڵدان هەڵدەگرێت و خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی سەرکوتکار دەکات. گەلی کورد، گەلێکی سەرکەش و شۆڕشگێڕە کە هیچکات ملکەچی زوڵم نەبووە. داگیرکەرانی کوردستان بۆ لەپێخستنی کورد، شەڕی دەروونی و تاقەتپڕوکێنیان وەگەڕ خستووە. ڕۆژانە کۆڵبەر و شۆڕشگێڕ دەکوژن، بەردەوام بەندکراو لەسێدارە دەدەن، ڕەشبگیری دەکرێت و خەڵکیان هەژار هێشتووەتەوە. ئەمە تێکەڵەیەکی شەڕی "نەرم" و "زبرە".

ڕێژیمی تاران سیستەماتیک و ڕۆژانە، کورد دەخاتە بەندیخانە یان دەیکوژێت؛ بەم چەشنە، گرتن و ڕشتنی خوێنی تاکی کورد ئاسایی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات سێبەری ترسی خۆی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان تاریکتر بکات. ئامانجی ئەم شەڕە دەروونییە، ناهومێدی خستنەنێو دڵی تاکی کوردە. ئەگەرچی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران تێچوویەکی زۆری بۆ ئەم شەڕە داوە، بەڵام دەبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئەو بەشانەی کوردستان (وەک کرماشان و ئیلام) کە بە ساڵانێک هەوڵی داوە کوردایەتیی تێدا بسڕێتەوە، هەستی شوناسخوازییان تێدا گەورەتر دەبێتەوە.

سەپاندنی زمانی فارسی

یەکێک لە گرینگترین ئامرازەکان بۆ تواندنەوەی گەلی کورد، سەپاندنی زمانی فارسییە. ڕێژیمی ئێران کە سەدان ساڵە "چەک" و "دەسەڵات" و "میدیا"ی لەبەر دەستدایە، هەموو ئەمانەی وەک ئامرازێک بۆ بچووککردنەوە و لەنێوبردنی زمانی کوردی بەکار هێناوە. سووکایەتی بە زمانی کوردی، یەکێک لە دیارترین مێکانیزمەکانە کە کەڵکیان لێ وەرگرتووە بۆ ئەوەی تاکی کورد شەرم بکات بە کوردی قسە بکات. تەنانەت لە سایکۆلۆژی و زانستی دەروونناسی کەڵکیان وەرگرتووە و بە گاڵتەکردن و سووکنرخاندنی زمانی کوردی، هەوڵیان داوە کەسایەتیی تاکی کورد بڕووخێنن تاکوو قسەکردن بە زمانی دایکیی خۆی بەلاوە شەرم بێت و فارسی‌قسەکردن بە پێشکەوتویی بزانێت.

ئەمانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی بەهێزی و ڕەسەنایەتی، دەوڵەمەندی و سەربەخۆبوونی زمانی کوردی، دەبینین ئەم زمانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر پێش دەکەوێت، بەڵام لە بەرانبەردا سەرەڕای تێچووی زۆری ساڵانە بۆ فەرهەنگستانی زمانی فارسی و داتاشین و دزینی وشە لە زمانەکانی دیکەوە، فارسی نەیتوانیوە خۆی لەژێر هەژموونیی وشەی زمانی عەرەبی دەرباز بکات.

لە ئاکامدا زمان، ئەو شوناسە گرینگەیە کە ئەگەر گەلێک نەیپارێزێت، بە تێپەڕبوونی کات، ئەو گەلە پاش گۆڕینی زمانەکەی، کەلتوور و داب و نەریت و هەموو پێناسەکانی دەدۆڕێنێت و خۆی لە بەرگی گەلی زاڵ دەبینێتەوە و دەتوێتەوە و بە تەواوەتی ئاسمیلە دەبێت.

کۆتایی

ئاسمیلە، چەکێکی مەترسیدارە کە ڕێژیمی تۆتالیتەر و داگیرکەرانی کوردستان بۆ تواندنەوەی گەلی کورد کەڵکی لێ وەردەگرن و پێویستە تاکی کورد بزانێت لە کوێی ئەم گەمە سیاسییەدا جێی گرتووە، چونکە کاتیک تۆی تاکی کورد شێوازی شەڕەکەت خوێندەوە، ئەوکات دەزانیت هەنگاوی داهاتووت دەبێ چی بێت کە ئەویش، بەرگریکردنە لە شوناسی کوردی بە هەموو بەشەکانییەوە.

 

KURDŞOP
665 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!