ئایدیۆلۆژیا چییە و ئایا "کوردایەتی" ئایدیۆلۆژیایە؟

- ڕۆژ قادری

ئەوەیکە کە ناسیۆناڵیزمی کوردی یان "کوردایەتی" ئایدیۆلۆژیایە یان نا، باوەڕم وایە کە ئایدیۆلۆژیایە، چونکە لە زانستە سیاسییەکاندا ناکرێت بە شێوەی بژاردەیی سەیری دیاردەکان بکرێت، ئەگەر ناسیۆناڵیزمی ئەورووپایی، تورکی، فارسی و ئەمریکای لاتین و... ئایدیۆلۆژیایە، کەواتە ناسیۆناڵیزمی کوردیش ئایدیۆلۆژیایە.

ئایدیۆلۆژیا چییە؟

ئایدیۆلۆژیا بە دوو واتا بەکار دەبرێت: یەکەم، بە واتای سنوورداری چەمکی ئایدیۆلۆژیا کە تەنیا بۆچوون و ئەندێشە توندڕۆوەکان واتە ناسیۆناڵ- سوسیالیزم و فاشیزم و بۆچوون و باوەڕە توندڕۆوەکانی چەپ واتە کۆمۆنیزم، لەخۆ دەگرێت. دووەم، بە واتای پان و بەرفراوانی چەمکی ئایدیۆلۆژی کە هەر جۆرە تیۆریی مەبەستدار یان هەر جۆرە هەوڵێک بۆ نزیککردنەوەی زانست و سیاسەت بە سیستەمێک لە باوەڕەکان لەخۆ دەگرێت، یان بە واتایەکی تر، دوو جۆر مەکتەبی سیاسیی توندڕەوانە، وەک کۆمۆنیزم و فاشیزم یان میانەڕەو وەک لیبراڵیزم و پارێزکاری و جۆرەکانی دیکەی ئەندێشە سوسیالیستییەکان لەخۆ دەگرێت.

هەرچەند پێناسەگەلێکی جۆراوجۆر لە ئایدیۆلۆژیا پێشکەش کراون، بەڵام هەموو ئەم پێناسەگەلە خاوەن خاڵێکی هاوبەشن؛ ئەوەیکە ئایدیۆلۆژیا سیستەمێکی ئەندێشەیی جیاوازە کە لەهەمبەر دیاردەکان و بابەتە تایبەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، خاوەن بۆچوونە. بەم واتایە کە ئایدیۆلۆژیاکان لەهەمبەر ئەم چەمکانەدا بێ لایەن نین، بەڵکوو هەم خاوەن ڕا و ئایدیان و هەم هەوڵ دەدەن ئەم ئایدیاگەلە بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە. بۆیە لێرەدا خاڵی جیاوازیی ئایدیۆلۆژیا لەگەڵ تیۆرییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت، تیۆری لە حاڵی وەسفکردن و شرۆڤەکردن و لە کۆتاییدا ڕاسپاردنە، بەڵام ئایدیۆلۆژیا هەوڵ دەدات ڕێگا و شێوازی خۆی پێشکەش بکات و لەم ڕێگایەدا پێویستی بە پێکهاتەکانی هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسییە.

ئایا ناسیۆناڵیزم ئایدیۆلۆژییە؟

ناسیۆناڵیزم وەکوو دکتۆرینێکی سیاسی، لە سەرەتای ساڵی ١٨٠٠ی زایینی لە ئەورووپادا لەدایک بوو و بەرەبەرە چووە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و کۆمەڵناسییەوە. ڕیشەکانی ناسیۆناڵیزم وەکوو باوەڕێکی سیاسی، بە شۆڕشی فەڕانسەوە (١٧٨٩) دەبەسترێتەوە کە بنەما سەرەکییەکەی لە بەرخۆدانی خەڵکی ستەملێکراو دژی دەسەڵاتدارێتیی ستەمکار، شکڵی گرت و بەم شێوەیە سەرەتا لە ئەورووپا و دواتر لە ئەمریکای لاتین پەرەی سەند.

ناسیۆناڵیزم بە ڕەسەنایەتیدان بە یەکە نیشتمانی و ڕەگەزییەکان، وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی و بناغەیەکی فیکری و تیۆریک و کردەوەییی نەتەوەیەک دێتە ئەژمار.

وێڕای ئەوەیکە ناتوانرێت پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ ناسیۆناڵیزم بهێنرێتەوە، بەڵام بەگشتی بەپێی بۆچوونی "وینسێنت" لەسەر ناسیۆناڵیزم، دەتوانین بڵێین: "گرووپێک لە خەڵک کە بەگشتی بە هۆکارەکانی نیشتەجێبوون لە مەڵبەندێکی هاوبەش، میرات و فەرهەنگی هاوبەش، بەرژەوەندی و هۆگریی هاوبەش لە هەنووکەدا و هیوا هاوبەشەکانیان لە داهاتوودا و مەیلی هاوبەش بۆ ژیان و پاراستنی دەوڵەت، پێکەوە یەکگرتوون، گرووپێکی ناسیۆناڵیستن. هەروەها گشت ئایدیۆلۆژیا ناسیۆناڵیستییەکان (ئایینی، سێکولار، پارێزکار، ڕادیکاڵ، ئیمپریالیستی و سەربەخۆییخواز و...) لە یەک خاڵدا، واتە نەتەوەخوازی، هاوبەشن." "وینسێنت" ناسیۆناڵیزم بە بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژیک دەزانێت کە لە هەوڵی گەیشتن و پاراستنی سەربەخۆیی، یەکیەتی و ناسنامەی حەشیمەتێکی مرۆییە کە ژمارەیەک لە ئەندامەکانی باوەڕیان وایە کە نەتەوەیەکن. ناسیۆناڵیزم دیاردەیەکی مۆدێڕنە؛ چارەنووسی هەر نەتەوەیەک، گەڕانەوە بۆ ڕابردووی شکۆمەندی نییە، بەڵکوو دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ڕووحی ئەو ڕابردوویەیە لە دۆخێکی مۆدێڕندا.

لەم ڕووەوە ناسیۆناڵیزم ئایدیۆلۆژیایە و بەپێی تایبەتمەندیی ئایدیۆلۆژیاکان، نموونەی مێژوویی بوونی هەیە کە ئەم ئایدیۆلۆژیایەش وەکوو ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە، کارەساتی مرۆییی خوڵقاندووە. هەرچەند ناسیۆناڵیزم توانی ببێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتگەلێک کە بەپێی ئێتنیک شکڵی گرتووە و تایبەتمەندیی دەوڵەت- نەتەوەسازیی هەبووە، لە قۆناغگەلێکیشدا ئایدیۆلۆژیای خەبات دژی داگیرکاریش بووە. بۆیە ناسیۆناڵیزم لەم ڕووەوەشەوە زۆرترین کاریگەریی لەسەر شکڵدان بە جیهانی نوێ هەبووە.

ئایا ناسیۆناڵیزمی کوردی (کوردایەتی)، ئایدیۆلۆژیایە؟

ئەوەیکە کە ناسیۆناڵیزمی کوردی یان "کوردایەتی" ئایدیۆلۆژیایە یان نا، باوەڕم وایە کە ئایدیۆلۆژیایە، چونکە لە زانستە سیاسییەکاندا ناکرێت بە شێوەی بژاردەیی سەیری دیاردەکان بکرێت، ئەگەر ناسیۆناڵیزمی ئەورووپایی، تورکی، فارسی و ئەمریکای لاتین و... ئایدیۆلۆژیایە، کەواتە ناسیۆناڵیزمی کوردیش ئایدیۆلۆژیایە.

بەڵام خاڵی سەرەکی لە ناسیۆناڵیزم و ئایدیۆلۆژیاکان ئەوە نییە کە چونکە ئایدیۆلۆژیان کەوایە دەبێ بە چاوی دڕدۆنگی و وەکوو دیاردەیەکی دژە مرۆیی سەیریان بکرێت، ئەوەی کە گرینگە گوتارگەلێکە کە لە داوێنی ئایدیۆلۆژیاکان شکڵ دەگرن. لەبارەی ناسیۆناڵیزمەوە، هەم گوتارەکان و هەم جۆری ناسیۆناڵیزم (ئێتنیکی، ڕادیکاڵ، ئایینی و مەدەنی و...) شکڵدەری پێکهاتە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکانن.

کەوایە ناسیۆناڵیزمی کوردی یان کوردایەتی، هەرچەند وەک ئایدیۆلۆژیایەکە، بەڵام گوتارەکانی داوێنی لە توندوتیژی دوور بوون. لە ڕاستیدا ئەوەیدیی ناسیۆناڵیزمی کوردی، نەتەوە باڵادەستەکان نەبوون، بەڵکوو حکوومەتەکان بوون و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەیکە ناسیۆناڵیزمی کوردی بەپێچەوانەی ناسیۆناڵیزمی دراوسێکانی خۆی، خۆی لە دژایەتی لەگەڵ نەتەوەکان ببوێرێت.

KURDŞOP
775 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!