کتێبەکانی قوتابییانی سەرەتایی و پەروەردەی ئایدیۆلۆژیک لە ئێراندا

- ماردین ڕەحیم‌نژاد

لە ڕوانگەی "نیچە"وە، دەسەڵات مەعریفە بەرهەم دەهێنێت، لەبەر ئەوە، مەعریفە خزمەت بە دەسەڵات دەکات. مەعریفەی ئێرانی، هەڵبەت ئەگەر بکرێت ناوی مەعریفەی لێ بنرێت، بەرهەمی هزر و ئەندێشە و زەینی نەتەوەی باڵادەستە کە لە ڕێگای دەسەڵاتەوە گێڕانەوەی تایبەتی خۆی بۆ هەموو ڕەهەندەکانی ژیان، بەتایبەت مێژوو، ئایین، هونەر و ئەدەبیات لە سیستەمی پەروەردەدا دەباتە ناخی منداڵانی غەیره‌فارسەوە و لە سیستەمی پەروەردە وەکوو ئامراز یان "فۆکۆ"گوتەنی "تەکنۆلۆجیایەکی هێز" بۆ شکڵدان و لەقاڵبدانی شارۆمەندێکی ئێرانی کەڵک وەردەگرێت؛ ئەم شارۆمەندە ئێرانییە شارۆمەندێکە کە زمانەکەی فارسییە، لە دنیابینییەکی فارسیدا دەخولێتەوە و هەست و سۆزێکی تەواو فارسیی هەیە و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی فارس بە هی خۆی لەقەڵەم دەدا و... .

"میشائێل بێلیک" دەڵێت: "مەرجی سەرەکیی سەپاندنی هێژموونیی نەتەوەیی، زۆر جار سەپاندنی هێژموونیی زمانە"، لە هێژموونی زماندا تەنیا ئاخاوتن نییە کە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵکوو بیرکردنەوە و زەین و ڕۆح و دنیابینیی تاکیش گۆڕانی بەسەردا دێت و لە پرۆژەیەکی درێژخایەندا نەتەوەی بندەست تەسلیمی ئیرادەی نەتەوەی باڵادەست دەبێت و کۆی باکگراوەندی مێژووییی خۆی لەبیر دەکات. بۆ نموونە لە ڕستەی "براکەم سەربازە و لە سنوور تیر دەهاوێژێ"، ئەوە تەنیا زمان نییە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵکوو خولیا و وێنای منداڵیش لە چەمکی سنوور و تێکڵاوکردنی لەگەڵ کوشتن و تیرهاویشتندا گۆڕانی بەسەردا دێت و سنوور لە زەینی منداڵدا دەبێتە حەقیقەتێک و بڕوای پێ دێنێت. ئەم ڕستە و ئەم پەروەردە لە واقیعدا شەڕێکی سایکۆلۆژیکییە کە لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا دەست پێ دەکات بۆ گۆڕینی واتای سنوور لە زەینییەتێکی کوردییەوە بۆ زەینییەتێکی فارسی. چوونکە سنوورەکانی وڵاتی ساختەی ئێران هیچکامیان لەسەر واقیعێکی جوغرافیایی- مێژوویی بونیاد نەنراون و فۆبیای گۆڕانکاریی سنوور ترسێکی بەردەوامی نەتەوەی باڵادەستە و دەبێ بە هێژموون و گۆڕینی زەین و باکگراوەندی منداڵ، پێش بە گۆڕانکاری لە سنوورەکاندا بگرێت یان بە واتایەکی تر سەبارەت بە چەمکی سنوور، کوردێک فارسی بیر بکاتەوە.

سنوور لە عەقڵییەتی سیاسیی ئێرانیدا تەنیا هێڵێکی فەرزی نییە بۆ جیاکردنەوەی سنووری دوو وڵات، بەڵکوو ئایدئۆلۆژیایەکە بۆ پاشەکشەپێکردن و بچووککردنەوەی ئەویدیی پارس و سەپاندنی دنیابینی و گێڕاندنەوەکانی پارس بەسەر ئەویدیی پارسدا. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە هەر لە سەردەمی کورشی پارسییەوە تا ئێستا بە ئامانجێکی دیاریکراو لە بەرامبەر کورددا بەکار دەبرێت. سەبارەت بە واتا و مەرامی پشتپەردەی بەکارهێنانی سنوور، سەرنجتان ڕادەکێشین بۆ چەند دێڕ لە کتێبەکەی دوکتۆر "هێرش قادری".

قادری دەڵێت: "کورش لەبەر ئەوە لەنێو پارسەکاندا مەزن و پیرۆزە کە سەردەستیی لە ماد وەرگرت و خستیە دەست پارسەکانەوە... ناوی ماد کرا بە خشتروپاوننشین یان سنووردار و مرزبان و بەپێچەوانەی پارس، هەر خشتروپاوننشینێکیش دەبێ خەڕاج بدات. بێجگە لە مادەکانیش هیچ خشتروپاوننشینێک لە مێژوودا تۆمار نەکراوە".

بە سەرنجدان بەو بەڵگە مێژووییە کە دوکتۆر قادری هێناویەتەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەمکی سنوور لە عەقڵییەتی سیاسیی ئێرانیدا تەنیا ناوی هێڵێکی سادە و ساکار نییە، بەڵکوو مەیلێکی کۆڵۆنیاڵیستی و ئایدیۆلۆژیایەکی پارسییە بۆ کۆیلە و ژێردەستەهێشتنەوە و پەراوێزخستنی بەردەوامی کورد. پلانێکی کۆلۆنیاڵیستییە بۆ ئەوەی کورد وەکوو باجدەر و خەڕاجدەری پارسی بهێڵێتەوە. ئەگەر ئێستا دەبینین لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا سنوور دەبرێتە ڕۆحی منداڵەوە و لەگەڵ چەک و فیشەک تەقاندندا تێکڵاوی دەکات، تەنیا ئاماژە بە ئەوەیە ئەو خشتروپاوننشینە هێڵی سوورە و بە هەر شێوازێک بێت ئەو پێگەی خەڕاجدەرییەی کورد دەبێ بهێڵرێتەوە. کوردستان لە دۆخێکی کۆلۆنیدایە کە بەردەوام خەریکە باج و خەڕاج بە پارس دەدا و ئەم دۆخە خۆی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی پەیوەندیی سۆڵتە و دۆخی کۆلۆنی و لاوازیی کورد و کوردستانە.

دوکتۆر "کەماڵ سلێمانی" و "داوود عوسمانزادە" لە توێژینەوەیەکی تێروتەسەلدا ناوەڕۆکی کتێبەکانیان خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، "پەرتووکەکانی خوێندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، فارسی بە ئاسایشی نیشتمانی و پاراستنی نیشتمانەوە گرێ دەدەنەوە"، هەر لەبەر ئەوە کتێبەکان ئاخێنراون لە وانەی خۆشەویستیی زمانی فارسی و کەلتوور و هونەر و هێماکانی نەتەوەی باڵادەست. لە درێژەدا دەڵێت: "سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێرانیبوونی پێ یەکسانە لەگەڵ فارسیبوون. سیستەمی پەروەردەی ئێران فارسیبوونی هەمووانی پێ شتێکی  ڕوون، ئاشکرا و بەڵگەنەویستە، چونکە ئامانجە بنەڕەتییەکەی دروستکردنی واقیعی کۆمەڵایەتیی تەواو فارسییە. فارسی گێڕانەوەی خۆی وەکوو چیرۆکی من و ئێوە دەگێڕێتەوە، چیرۆکی من لەگەڵ چیرۆکی ئێران نیشتمانی خۆشەویستم و مێژووەکەی دەست پێ دەکات".

هەروەها لە درێژەدا دوکتۆر سلێمانی دەڵێت: "لە سیستەمی پەروەردەی ئێراندا، کەلتووری خودی فێرخوازە دوو زمانییەکان دەبێتە ژێردەستەی کەلتوورەکەی دیکە. چیرۆکەکانی ئێتنۆ- نەتەوەی حاکم کە ڕەنگدانەوەی کەلتووری و ئایینی و بایەخە هاوبەشەکانی دیکەی هەیە، مێژووی نەتەوەیەکی ویستراو پێک دەهێنن، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە چۆن دەسەڵات گەمەی دوانەی حاکمییەت دەقۆزێتەوە کە سروشتی هۆگری پێبەندی و هەروەها مۆراڵی کۆمەڵگە دیاری دەکات و لە ئەو ڕێگایەوە پاساو بۆ پەراوێزخستنی لایەنەکەی دیکە دەهێنێتەوە".

هەروەها لە تێکست و وێنەی کتێبەکاندا کاتێک باس لە سیفەتێکی قێزەون و ناشارستانی وەکوو جەردەگەری، خوێنڕشتن و تاوانکاری و... دەبینی، هیچکات ئەو سیفەتە لە قاڵبی کەسایەتییەکی فارسدا نمایش ناکرێت، بەڵکوو لە قاڵبی عەرەب یان کورد یان کەسێکدا نیشان دەدرێت کە هیچ فڕێکی بە نەتەوەی فارسەوە نەبێت.

لە چیرۆکێکدا کە بە چیرۆکی کەڵەشێری ئێرانی بەناوبانگە مەبەست چەنەبەچەنە و پڕوپاگەندای سەردەمی شەڕە، هەر لە پۆلی ٣ی سەرەتاییدا ئەو فیکرە دەباتە ڕۆحی منداڵەوە کە بۆ دوژمنەکانیان خەت و نیشان بکێشن و فێری بەرپەرچدانەوەی دوژمن ببن.

بەگشتی کاتێک بەوردی سەیری ناوەڕۆکی کتێبەکان دەکەیت، ئەم بابەتانە بەشی هەرە زۆری ناوەڕۆکی کتێبەکان پێک دێنێت کە بێجگە لە مەیلێکی کۆلۆنیاڵیستی بۆ سڕینەوەی شوناسی کوردی و شکڵدانی زەین و کەسایەتیی تاکی کورد، هیچ ڕەهەندێکی هزری، زانستی و پرسیارورووژێنەری تێدا بەدی ناکرێت کە دەبێتە هۆکاری پەروەردەبوونی تاکی خولقێنەر و کارامە و لێهاتوو:

یەکەم: مێژووی ئێران و ئوستوورە و ئەفسانە ئێرانییەکان واتە فارسەکان. سەرتاپای وانەکانی کتێبەکان پڕە لە چیرۆکی دەستکرد و خەیاڵیی نەتەوەی فارس و زمانی فارسی.

دووەم: چیرۆکی ئیسلامی و سەفەری حەج و کەربەلا و هەروەها وێنەی خومەینی وەکوو باوکی ڕۆحی و کەسایەتییەکی ئاسمانی کە منداڵان ماچی دەکەن یان منداڵانی لە ئامێز گرتووە و...

سێیەم: تەواوی لاپەڕەکانی کتێبەکان ئاخێنراون لە وێنەی خومەینی، خامنەیی، ئاڵای ئێران، نەخشەی ئێران و وێنەی نوێژخوێندن و چادر لەبەرکردنی کچانی چوار پێنج ساڵان و...

چوارەم: ئەخلاق و کرداری ئیسلامی و نمایشکردنی سینەزەنی و... کە هەڵقوڵاوی شێعیزمی ئێرانییە.

پێنجەم: زمان، ئەدەب، هونەر و کەلتووری فارسی.

شەشەم: خۆشەویستیی نیشتمان و گیانفیدایی بۆ پاراستنی ئێران و هەروەها نمایشکردنی بەردەوامی سەرباز و چەکوچۆڵ و سەنگەری شەڕ بۆ پاراستنی ئێران.

حەوتەم: پەراوێزخستن و بچووککردنەوەی بەئەنقەست و پلان بۆ داڕێژراوی ئێتنیکە غەیرەفارسەکان و نمایشکردنیان وەکوو پاژێک لە کۆی گشتیی نەتەوەی ئێران یان فارس.

ئەگەر بمانهەوێت لە چەند دێڕێکدا بابەتەکە کورت بکەینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ بابەتە پڕ ناوەڕۆکەکەی دوکتۆر سلێمانی کە لەوێدا دەڵێت: "بەگشتی ئامانجی پەروەردەی نەتەوەیی بریتییە لە گۆڕینی منداڵێکی بێلایەن لە قوتابخانەکاندا بۆ سووژەیەکی نەتەوەیی دڵخواز، لە ڕێگەی دانانی ئەو منداڵانە لە جێگایەک کە زمان و ئەدەب و مێژووی فەرمیی نەتەوەیەک کە بانگەشەی بەفەرمیبوونی بۆ کراوە، بە هەموو جۆر دەرس دەدرێت. ئەرکی قوتابخانە گشتییەکان ئەوەیە کە لەنێو گەنجاندا شوناسی نەتەوەیی دڵخوازی دەوڵەت دابڕێژێت، ئەویش لە ڕێگەی ناساندنی قارەمانە نیشتمانییەکان و یادکردنەوەی نائاگایانە و سەپاوی ڕووداوە نەتەوەییەکان و...".

KURDŞOP
765 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!