سازکردنی چەمک و گۆڕینی واتا لە ئەدەبیاتی میدیاییی کۆلۆنیاڵیزمی ئێرانیدا

- ماردین ڕەحیم‌نژاد

 

سازکردنی چەمک و دەستەواژە و گۆڕینی واتا لە ئەدەبیاتی میدیا و پڕوپاگەندەی کۆلۆنیاڵیزمی ئێرانیدا بۆ گۆڕینی شوناسی کورد و کوردستانی، شەڕێکی بەردەوام و بێ پسانەوەی میدیایی فارسە. سازکردنی ئەم دەستەواژانە پرۆژەیەکی کۆلۆنیاڵیستییە بۆ تێکڵاوکردنی ناوەند و پەراوێز و هەروەها ئاسانکاری بۆ پرۆژەی ئاسیمیلاسیۆن و وەرگرتنەوەی خاوەنداریی کورد بۆ خاک، فەرهەنگ، کەلتوور و کەلەپووری کوردستان و تاپۆکردنیان وەکوو مڵکی نەتەوەی باڵادەست و هەروەها پڕکردنی زەین و بەکگراوەندی کورد لەو دەستەواژانە کە زامنی سوڵتە و باڵادەستیی فارسن.

"لاکان"گوتەنی: "ئێمە لە هێڵی کەلامدا تێکڵاو دەبین"؛ فاشیزمی فارس دوای دامەزراندنی دەوڵەت- نەتەوەی دەستکردی ئێرانی، لە سیاسەتی میدیاییدا هەوڵی داوە زەین و بیرەوەریی کورد بە چەمکگەلێک کە بەرهەمی گوتاری زاڵن پڕ بکات و ئەو چەمک و دەستەواژانە کە لەنێوان ئێمە و ئەواندا هێڵی جیایی دەکێشن کاڵ بکاتەوە یان بە شێوازێک گۆڕانکارییان بەسەردا بێنێت کە پێش بە سازکردنی دیسکۆرس و واتای کوردی بگرێت.

یەکێک لەو بابەتانە کە بەڕوونی لەنێو میدیا ئێرانییەکاندا دەبینرێت، هاوئاهەنگییەکی تەواوە لە بەکاربردنی چەمک و دەستەواژەکانی پەیوەندیدار بە کورد و کوردستانەوە. میدیای ئێرانیی فارس‌زمان چ میدیای دەسەڵات و چ میدیای ئۆپۆزیسیۆن، لە ئاست نەتەوەی کورددا یەک ئەدەبیات بەکار دەبەن و مەیل و خواستێکی کۆلۆنیاڵیستی بۆ سڕینەوەی باری مانایی شوناسی کوردستانیی دەستەواژەکان یان سەپاندنی بارێکی مانایی نیگەتیڤ بۆ چەسپاندنی بندەستی و شکاندنی شکۆی کورد لە هەموویاندا دەبینرێت.

بۆ نموونە ئەم دەستەواژانەی خوارەوە هەموویان بۆ بەرهەمی گوتاری زاڵن کە لە تەواوی میدیای فارس لە یەک ئاراستەدا بەکار دەبرێن: "کوردی ئێرانی"، "مەناتقی کوردنشین"، "کوردهای ئەسیل"، "کوردهای مەرزنشین"، "کۆردها لە جیاتیی کورد"، "گویشی کوردی"، "زەبانهای کوردی"، "مەرزدارانی غەیور" یان هاوواتاکردنی ناوی کورد لەگەڵ "قەتڵی نامووسی" و "کۆڵبەری" و...

بۆچی ئەم دەستەواژانە بەکار دەبەن؟ بۆ نموونە دەستەواژەی "مەناتقی کوردنشین" لەبەرچاو بگرن. ئەگەر لە لەندەن بەو ناوچانە کە عەرەبی تێدا نیشتەجێ بووە بڵێیت "مەناتقی عەرەبنشینی لەندەن" یان "مەناتقی تورکنشینی ئاڵمان" ئەم دەستەواژەیە کێشەساز نییە، چونکە هەموو ئەوانە کۆچبەرن و لە وڵاتی دووەمدا لە یەک یان چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا نیشتەجێ بوون. بەڵام ئەگەر بڵێیت "مەناتقی ئینگلیسینشینی لەندەن"، ئەمە ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتیی نیشتمانە لە ئینگلیسی و کردنیانە بە کۆچبەر و میوان لە وڵاتی خۆیاندا.

میدیای فارس‌زمانیش هەر ئەو چەمک و دەستەواژە بەئەنقەست و بە پیلان بۆ ئەستاندنەوەی خاوەنداریەتیی خاکی کوردستان و سڕینەوەی شوناسی کوردستانیی نیشتمانی کورد، لە شەڕێکی میدیایی نەرمدا زۆرزۆر دزێوانە ڕۆژانە دووبارە دەکاتەوە. ئەم دەستەواژە کورد لەسەر خاکی خۆی دەکاتە میوان و کۆچبەر و نەتەوەی ساختەی ئێران واتە فارس دەکاتە خاوەنی کوردستان.

دیوێکی تری پیلانی بەکارهێنانی "مەناتقی کوردنشین" ئەوەیە کە کورد بڕوا بەو وڵاتە ساختەیە بێنێت و لە هەستی نەتەوەییی کوردییەوە بۆ هەستی نەتەوەییی ئێرانی بگوازرێتەوە.

دەستەواژەیەکی تر کە بە زۆری و بەئەنقەست لەلایەن میدیای فارسییەوە بەکار دەبرێت، هاوواتاکردنی کوردە لەگەڵ قەتڵی نامووسیدا. لە کاتێکدا بەپێی ئامارەکان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران کەمترین ڕێژەی کوشتنی ژنانی تێدایە و زۆرترین ئاماری کوشتنی ژنان لە تاران و کەرەج و ئیسفەهانە. میدیای فارس لە کوردستان قەتڵی نامووسی دەکاتە دیاردەیەکی ئێتنیکیی تایبەت بە کوردەوە، تەنیا بۆ شکاندن و قێزەونکردنی کورد و بێزارکردن و شەرمەزارکردنی کورد لە کوردبوونی.

دەستەواژەیەکی تر کە میدیای کۆلۆنیاڵیزم هەوڵی چەسپاندنی دەدات، "مەرزدارانی غەیور"ە. ئەم دەستەواژە چەند پیلانی لە پشتە. یەکەم، سنوور جۆرێک هەستی پەراوێزبوون و بێدەسەڵاتی لای کورد دروست دەکات و لە یەکەیەکی بەرفراوانی بەهێزدا کورد لە سووچێکدا بە بێدەسەڵاتی نمایش دەکات. دووەم، کورد دەکاتە پارێزەری سنووری وڵاتێک کە خاوەنی ڕاستەقینەکەی نەتەوەیەکی خاوەن دەسەڵات و خاوەن شارستانییەتە و کورد ڕۆڵی پاسەوانی سنوورەکانی پێ سپێردراوە. سێهەم، ئەو سنوورانە کە بۆ نەتەوەی کورد سنووری دەستکردن و قەبووڵیان ناکات، لە دەورەیەکی زەمەنیدا و لە پرۆسەیەکدا کە بەردەوام تێپەڕاندی سنوور کوشتنی بەدواوە دێت و سنوور و مەرگ پێکەوە تێکەڵ دەبن، کورد بڕوا بەو سنوورانە دێنێت و دەبێتە پارێزەری سنوور یان بە تەعبیری ئەوان "مەرزداری غەیور".

سەدان چەمک و دەستەواژەی وەها هەن، تەنیا پێویستە ئەوە بڵێین کە هیچ چەمک و دەستەواژەیەک لە میدیای کۆلۆنیاڵیزمدا بەبێ پلان و پیلان بەکار نابرێت و دەبێ نەتەوەی کورد بەوردی وریای ئەو بابەتانە بێت.

KURDŞOP
688 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!