چاپ و چاپەمەنی لە کوردستان و تاراوگە

سەرەڕای هەموو ئەوانە، چاپ و چاپەمەنی خۆی سەنعەتە. ئەم پیشەسازییە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا گۆڕانکاریی قوڵی بەسەردا هاتووە. ئەوەی کە لە کوردستان ڕەچاو دەکرێت، وەختی بەسەر چووە.


 

- ڕۆژ قادری

 

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کردوومە، بە گشتی دۆخی چاپی کتێب لە ئەورووپاش، هەر وەک دۆخی کتێب لە کوردستان قەیراناوی و لاوازە. جیاوازییەک کە لە ئەورووپا هەیە ئەوەیە کە کتێبی کوردی بەبێ گرفتی سانسۆر و تەنانەت تا ڕادەیەک گرفتی ماددیش چاپ دەکرێن، بەڵام ڕێژەی خوێنەر و هەروەها پرشوبڵاویی کوردیخوێنەکان هێندە زۆرە کە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بەرهەمە کوردییەکان بە خوێنەرەکان کارێکی هاسان نییە. ئەم خاڵە لە کوردستان ڕێک بەپێچەوانەیە. واتە چاپەمەنی و خوازیارەکانی کتێب لە یەکتری نزیکن و هاسانتر بەرهەمەکان دەکەونە بەردەست. ئەم خاڵە بۆیە گرینگە ئاماژەی پێ بکەین، چونکە ڕێژەیەک کە ڕوون نییە چەندە کتێبخوێن هەم لە ئەورووپا و هەم لە کوردستان هەیە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەویە کە ئەو ڕێژەیە لە کوردستان زیاترە. کەوابوو لە کوردستان هاسانتر دەکرێت ئەم وزە و بازاڕە لە بەرژەوەندیت دۆخی چاپ و بازاڕی کتێبدا وەرگەڕ بخرێت. ڕاستییەکی ڕوونە کە هەتا ئەم وزەی ئەم ڕێژە کتێبخوێنە و هەروەها بازاڕی کتێب سیستماتیک نەکرێت و لە بەرژەوەندیت چاپ و خاوەنی بەرهەمدا هەڵنەسووڕێت، دڵسۆزی و پێشتیوانییەکانیش بۆ زمانی کوردی و نووسەر و کتێب و هەموو ئەو بابەتانەی لەم پەیوەندییەدان، هەر لەو حاڵەتە سۆزداری و دڵسۆزییانەدا دەمێنێتەوە و کاریگەریی پێویست دانانێت.

 

دیاردەیەکی ناخۆشی تر ئەوەیە کە باری ڕێنووس و زمانەوانیی بەرهەمەکانیش لە چاپەمەنییەکاندا هەر بەو شپرزەییەیە کە لە دۆخی چاپ و بڵاوکردنەوە و بازاڕەکەیاندا دەبیندرێت. چاپەمەنیی وا هەیە کتێب چاپ دەکات کە دنیایەک هەڵەی ڕێنووسی و لە هەموو جۆرەکانی ڕێنووسی زمانی کوردیی تێدایە. کەس سەرودەری لێ ناکات کە ئەمە ڕەچاوی کام ستانداردی زمانی و ڕێنووسی بۆ زمانی کوردیی کردووە. یانی هەر ئەو چاپەمەنییە بۆ خۆی ستانداردێکی نییە بۆ پێداچوونەوەی زمانیی بەو دەقانەدا کە خۆی چاپ و بڵاویان دەکاتەوە. دیارە گرینگینەدان بە بابەتی ڕێنووس و زمانەوانی لە دەقەکاندا وای کردووە کە بابەتی زمانیش وەک بابەتی ستراتیژی و تەوەری بەرهەمەکان گرینگیی تایبەتییان پێ نەدرێت.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، چاپ و چاپەمەنی خۆی سەنعەتە. ئەم پیشەسازییە هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا گۆڕانکاریی قوڵی بەسەردا هاتووە. ئەوەی کە لە کوردستان ڕەچاو دەکرێت، وەختی بەسەر چووە. چاپەمەنیی ئێستا دەکرێت ببێتە هی خودی نووسەر و خاوەن بەرهەمەکان. چاپی دیجیتاڵی و جۆری دیکەی چاپ سەریانهەڵداوە. ئەم دۆخە وا دەکات کە ئەگەر لە کوردستان ئەم بوارەش گەشە نەکات و بەڕۆژ نەکرێتەوە، هەروەک چۆن پیشەی جووتیاری ئیتر بە شێوەی کۆن وڵامدەر نابێت، ئەویش وڵامدەری کۆمەڵگە و پێویستییەکانی سەردەم نابێت.

دیارە کە بەشێک لە خراپیی دۆخی چاپەمەنی کوردیی دەگەڕێتەوە بۆ گرفتی خودی چاپەمەنییەکان. چاپەمەنییەکان ستراتیژییەکی ڕوونیان نییە. چوارچێوەیەکی کاریی دیاریکراویان یان نییە یان ناڕوونە. بابەت و تەوەری تایبەتی لە چاپەمەنییەکاندا کەمتر گرینگیی پێ دەدرێت. بۆ نموونە چاپەمەنی هەیە گۆرانی و قسەی نەستەقیش چاپ دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا کتێبی فیزیا و کیمیاش و ئەدەب و فەلسەفەش چاپ و بڵاو دەکاتەوە.

هەروەها کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێ دا، پیشەی چاپ و چاپەمەنی گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردا هاتووە. بۆ نموونە لە وڵاتی سوید، ناوەندێک بە ناوی "ڕەند" دامەزراوە کە شێوازی ئەمڕۆییی چاپی گرتووەتە بەر. لەم پەیوەندییەدا و سەبارەت بە مەبەست و ئامانجەکان و شیوازی کاری ئەم ناوەندە، "ڕەند زارعی"، نووسەر و وەرگێڕ و دامەزرێنەری ناوەندی ڕەند، بە "کوردشۆپ"ی ڕاگەیاند:

لە ناوەندی ڕەند ئێمە هەوڵمان ئەوەیە تا دەرفەتێک بین بۆ جۆرێکی جیاواز لە چاپ و بڵاوکردنەوە و هەروەها ڕێگایەکیش بین بۆ دیاریکردنی ستراتیژی لە بەرهەمهێنانی دەقدا. هەربۆیەش لە ناوەندی ڕەنددا دەڵێین: ناوەندەکەمان ڕێگایەکی جیاوازە بۆ کارکردن لە بواری بەرهەمهێنان، پێداچوونەوە، هەڵەبڕیی دەق و هەروەها ستراتیژیی دیاریکراومان هەیە لە چاپ و بڵاوکردنەوەدا.

ئامانجی سەرەکیی ناوەندی ڕەند، گرینگیدانە بە دەقی زانستی و ئەدەبی (گێڕانەوە). واتە: گرینگیی تایبەتی بە دەقی زانستی دەدەین. هەر لەم پێناوەشدا کارهاسانی تایبەتی لە هەموو قۆناغەکانی بەرهەمهێنانی دەق تا چاپ و بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکەدا دەکرێت. مەرجی سەرەکی بۆ دەقی زانستی ئەوەیە کە نووسەر یان وەرگێڕ لەو بوارەدا شارەزایی و خوێندەواری پێویستی هەبێت. لەمەڕ دەقی ئەدەبیی گێڕانەوە، پێویستە دەقی ئەدەبیی گێڕانەوە، واتە ڕۆمان و چیرۆک، نووسین بێت و بە زمانی کوردی بێت. لەوە زیاتر ناچینە نێو بوارەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی دەق و چاپەوە و ئەوەش لەلایەک لە نووسەر و خاوەن بەرهەم ڕوون دەکاتەوە کە لە کوێ و بۆچی پێویستە کتێبەکەی لە ناوەندێکی تایبەت بە بواری خۆیدا بڵاو بکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو کەسە لێی ڕوونە کە داهاتووی بەرهەمەکەی چی لێ دێت و دەگاتە دەستی کام توێژ لە کوردیخوێن. لەگەڵ ئەو ئامانجانەدا، ستراتیژی و پلانی ئێمە بەرامبەر بە زمانی کوردی ڕوونە. ئێمە لە ناوەندی ڕەند گرینگیی تایبەتی بە ڕێزمان و ڕێنووسی زمانی دەقەکان دەدەین تا هەم خزمەتێکمان بە زمانەکەمان کردبێت و هەمیش ڕێزمان لە خوێنەر گرتبێت کە بەرهەمێکی نەخەینە بەردەست کە دنیایەک هەڵەی ڕێنووسیی تێدابێت.

ناوەندی ڕەند ناوەندێکی سەربەخۆیە. ئەم ناوەندە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە وڵاتی سوید دامەزراوە و بەپێی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتە کار و چالاکی دەنوێنێت. من پێموایە پێویستە ئەم ئەزموونانە لە کوردستانیش تاقی بکرێنەوە. بۆ وێنە ناوەندێک هەبێت تەنیا بەرهەمی بوارێک چاپ بکات. پێویست ناکات ئەو ناوەندە، ناوەندێک بێت بودجەیەکی زۆر و ئەندامی زۆری هەبن. نا. تەنیا ناوەندێکی سەربەخۆی دڵسۆز و شارەزای هەر بوارێک دەتوانن بڕیار بدەن ئیتر لەمەودوا بەپێی ستراتیژی و ڕێسایەک کە خۆیان پێیان باشە تەنیا کتێب لەو بوارەدا چاپ بکەن. ئەم کارە هەم بازاڕی ئەو چاپەمەنییانەی کە بەبێ بەرنامە و بەبێ ڕێزگرتن و گرینگیدان بە زمان و نووسەر و خوێنەر هەرچی دێتە بەردەستیان چاپ دەکەن و هەمیش کەلێنی نێوان خوێنەر و خاوەن بەرهەمەکاندا پڕ دەکرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، بوونی کەسانێکی شارەزا لە بوارێک لە ڕێکخراوێکدا، هەم دەرفەتی گەشەی زیاتر بەو کەسانە دەدات و هەمیش وەک پیشە و کار، دەکرێت زۆر کەس بکەونە سەر کار و بۆیان ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ ئەوانیش. ئەوە سەرەڕای ئەوە کە بابەتگەلێکی وەک هەڵەبڕی، پێداچوونەوە، داڕشتنەوە، فێرکاری نووسین و هەتا دوایی خۆیان دەتوانن یارمەتی بە زمان و چاپەمەنی کوردی بدەن تا بە شێوەیەکی ئەمڕۆیی و لە ئاست چاوەڕوانی و پێویستییەکاندا بەرهەمەکان چاپ و بڵاو بکرێنەوە. 

 

KURDŞOP
760 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!