شەڕی حـەمـاس و ئیسڕائیل و دۆخی کوردستان

پێشەوا هەردی

 

لە پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە هێزەکانی حـەمـاسی نیشتەجێ لە شاری غەززە هێرشێکی چڕیان کردە سەر فیستیڤالێکی مۆسیقا لە ئیسڕائیل و بە سەدان جوویان کوشت و بەسەدانیشیان بە بارمتە گرت و بۆ شاری غەززەیان ڕاگواستن، هەموو دونیا شۆک بوو. هێزەکانی فەلەستینی بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو لە ململانێیەکی توند لەگەڵ هێزی ئیسڕائیلدا بوون، بەڵام هیچ کاتێک نەیانتوانیوە پلانێکی وا تۆکمە دابڕيژن و جێبەجێشی بکەن. پلان و پیلانێک کە تێیدا زۆرترین ژمارەی خەڵکی ئیسڕائیل کوژراون و زۆرترین ژمارەش بریندار و یەخسیر بوون. هەڵبەت ئەو هێرشە ئاکامی دیکەشی بووە و لەوانەش دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە پەلی هاەیشتووەتە وڵاتانی دیکەشەوە. بۆ وێنە بێ سەروشوێن بوونی گەشتیارانی ئامریکا، ئینگلیس، فەڕانسە، ڕووسیا، ئاڕژانتین، بڕازیل و کوژرانی چەندین کەسی بیانیشی بە دوادا هاتووە. بە واتایەکی دی کێشەکە لە کێشەیەکی ناوچەییەوە بەرەو کێشەیەکی جیهانی لە گۆڕاندایە. ئەوەی دەشزانرێ تەنیا بە پێی ئامارە سەرەتاییەکانە و ئێستاش بە تەواوی ژماری دیل و کوژراو و بێسەروشوێنی ئیسڕائیلی و گەشتیارە بیانییەکان ڕوون و ئاشکرا نییە.

دیارە ئیسڕائیلیش هەرچەند لەبەر بوون و گیانی دیلەکانی لەدەست حـەمـاسدا بە پارێزەوە خەریکی هێرش و دژ کردەوەیە بەڵام هەواڵ و لێداونی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەوە دەگەیەنێن کە هێرشێکی بەربڵاوی ئاسمانی و زەمینی لە گۆڕێدایە. هەموو وڵاتانی ئەورووپایی و ئامریکاش پشتگیریی خۆیان بۆ هەرچەشنە دژکردەوەیەکی ئیسڕائیل دەربڕیوە.

لەو نێوەدا ناوی ئێران جارێکی دیکە هاتوەتەوە نێو ناوەکان. زۆر لایەن  ئێران و تەنانەت ڕووسیاش بە پشتگیر و یارمەتیدەر و تەنانەت پلان دانەری ئەو هێرشە گەورەیە دەزانن. هێرشێک کە شکۆی بەرگری و چەکداریی ئیسڕائیلی تا ئێستا بە تەواوی خەوشدار کردووە و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە ئیسڕائیل ئەو شەڕە بەرێتە سەر بەڕەی ئێرانیش.

لەو نێوەدا و لەجەنگەی ئەو هێرش و شەڕە سەرسوڕهێنەر و ترسێنەرەدا کە بە هەزارن کەسی سڤیلی تێدا دەبنە قوربانی، هەموو ڕاگەیاندنەکانی جیهان ڕووی کامێراکانیان کردووەتە ناوەندی ئەو شەڕە و لە ئاکامەکانی دەکۆڵنەوە، تورکیا هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و خەریکی تێکدان و وێران کردنی ژێرخانەکانی ئەو هەرێمەیە و ڕاگەیاندنەکانی دونیا و تەنانەت کوردیش ئەو کوشتار و جینایەتانەی تورکیایان لەبیر بردووەتەوە.

لەهەمان کاتدا سیاسییەکانی کورد وەک هەمیشە بە پێی ئەوەی لە ڕاگەیاندنی کوردی دەبینرێ، بە سەر چەند لایەندا دابەش بوون، بەشێکیان کە هێزە ئیسلامییەکانن و هەڵبەت ژمارەیشیان زۆر نییە، ڕاستەوخۆ پشتگیریی حـەمـاس دەکەن.

بەشێکی زۆرتریشیان کە کۆی هێزە نەتەوەییەکانن چاوەڕێی ڕووداوەکان دەکەن. بەڵام وێدەچێ لەو کێشە و ململانێیەدا دڵیان لای ئیسڕائیل بێ و لە ترسی ئاکامە ناوچەییەکانی ناوێرن دەری بڕن.

رەنگە ئەو سیاسەتەی کوردان تا ڕادەیەک جێگای لێ وردبوونەوە و تەنانەت قەبووڵ کراویش بێ. واتە کورد لە چەند دەیەی ڕابردوودا بەردەوام لە لایەن هێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیاوە سەرکوت کراوە و تەنانەت لە لایەن ئێرانەوە بە هاوکاریی ئیسڕائیلیش تۆمەتبار کراوە، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر و ڕێگەپێدراوتر هێرشی بکەنە سەر. هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەوە ناکرێ کورد و هێزە کوردییەکان ڕاشکاوانە بێنە مەیدانی پشتگیری و باسی ئەو کێشەیەوە. بەڵام ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە ئێستا مەیدانی دیپڵۆماسیی ناوچەیی بۆ کورد جارێکی دیکەش ئامادە بووەتەوە. نەک بۆ بەشداری لەو شەڕە ماڵوێرانکەرەدا، بەڵکوو بۆ سەلماندنی ڕاستەقینەی هەموو داواکانی خۆیان و نیشاندانی دڕندەیی و ناسیاسی بوونی نەیارەکانیان.

پرسیار ئەوەیە ئایا سیاسییەکانی کورد دەتوانن لەو دەرفەتە بۆ جارێکی دی بووژاندنەوەی باس و کێشەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەڵک وەربگرن. یان دەبێ چاوەڕێی ئاکام بکەن؟

کورد ئەگەر بیهەوێ لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە تا ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان بدوێ، پێویستە ئەو شەڕە و دەستپێک و دەستپێکەرانی ئەو شەڕە بکاتە بنەمایەک بۆ دوان و دانوستان. واتە هاوچارەنووسی لەگەڵ قوربانییانی تێروریسم بکاتە بەڵگە و بەو پێیە لەگەڵ دونیای ڕۆژئاوا بدوێ کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا زیاتری پێوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای بەژەوەندیی ئابووری بووە و ڕاستەقینەی ئەو ناوچەیەیان دەرک نەکردووە و ئەوەی ئێستاش بەسەر خۆیان و هاوپەیمانەکەیان دێ، ئاکامی ئەو خراپ حاڵی بوونەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

KURDŞOP
682 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!