منیش لەسەر زمانەکەم تێهەڵدانم خوارد

 

ڕێبین ئۆزمەن

 

لە باکوری کوردستان لە مێژە لێدان بەهۆی زمانەوە ناوبانگێکی زۆری هەیە. قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری توورکیاوە تا ئەمڕۆش بە شێوازی جیاواز بەردەوامە. لە ساڵانی چلەکاندا سزای قسەکردن بە زمانی کوردی بەراورد بەو سەردەمە پارەیەکی زۆر بوو. لە سەردەمی دواتریشدا قسەکردن بە زمانی کوردی ئەشکەنجە و زیندانیکردن و دەربەدەریشی لێ کەوتەوە. لە ساڵانی نەوەدەکاندا، هەرچەندە ئەم بەربەستانەی سەر زمانی کوردی کەمێک خاو کرانەوە، بەڵام ئەمڕۆش ئەو سنووردارکردنانە بە شێوازی جیاواز و نادیار بەردەوامن.

بە تایبەتی کەسانی وەک من کە لە ساڵانی نەوەدەکان دەستیان بە خوێندن کردووە و نەوەکانی پێش ئێمە بە هۆی زمانی کوردییەوە زۆر لە لایەن مامۆستایان و کارگێڕانی قوتابخانەکانەوە لێیان درابوو. ئەم لێدانانە بوونە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر واز لە خوێندن و قوتابخانە بهێنن. بەڵام بەڕاستی من و هاوڕێکانم کە لەو کاتەدا لەگەڵ من لە پۆلەکاندا دەیانخوێند، لەو ڕوانگەیەوە بەختمان باش بوو. چونکە لە باکووری کوردستان لەو کاتەدا میللەت لەسەر پێی خۆی هەڵسابوو و لە قوتابخانەی لەیلی کە ئێمە لێمان دەخوێد، هەرچەندە مامۆستاکان نەیاندەویست بە کوردی قسە بکەین، هەموو قوتابییەکان بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد نەک تورکی. مەبەستم ئەوەیە لە واقیعدا هەرگیز لەبەر زمانی کوردی لێم نەدرا.

بەڵام..

ڕۆژی هەینی بوو و ڕۆژانی هەینی بۆ ئێمەی قوتابیانی قوتابخانەی لەیلی پیرۆزترین ڕۆژ بوون. ئەو ڕۆژەی کە لە ڕۆژانی جێژن و سەیران خۆشتر بوو. لەبەر ئەوەی ڕۆژی هەینی دەگەڕاینەوە بۆ ماڵەکەمان، بۆ لای خێزانەکەمان، بۆ لای دایک و باوک و خوشک و برا و هاوڕێکانی گوندەکەمان. دیسان هەینییەکی وا خۆش و پڕ لە خۆشەویستی بوو. تا نانی نیوەڕۆ تەنها یەک وانە ماوە. دوای سەعات دوانزە کە نانی نیوەڕۆمان خوارد، سەعات یەک دوو پۆلی تر دەچووین، پاشان سروودی نەتەوەیی تورکیامان دەوتەوە و پەرش و بڵاو دەبووینەوە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە ماڵەوە.

مامۆستاکەمان پێش نانخواردنی نیوەڕۆ هاتە پۆل و وتی مناڵەکان نیوەڕۆ نایەمە پۆل. بەڵام قوتابخانە بەجێ مەهێڵن. چاوەڕوانی دوو وانەی داهاتوو بن و دوای وتنەوەی سروودی نیشتمانی بگەڕێنەوە ماڵەوە. ئێمەی منداڵانی پۆلەکە زۆر دڵخۆش بووین. هەر وانەکەمان تەواو کرد، ڕامکرد بۆ لای براکەم، وتم مامۆستاکەمان نیوەڕۆ نایەت بۆ وانەکە؛ منیش ئێستا دەچمەوە ماڵەوە. ئەویش دەنگی نەکرد. تەنها جانتاکەم هەڵگرت و چاوەڕێی خواردنیشم نەکرد. خۆم فڕێدایە ناو پاسێکی نسەیبین. پاس کەوتە سەر ڕێی میدیا و ڕێگای نوسەیبینی گرتەبەر. لەو ساڵانەدا پۆلیسی دەوڵەتی تورکیا لە سەرەتای جادەی میدیادا لە شەقامی ئیپێکێ وەستابوو. من لە ناو پەسەکەدا لەلای شووشەکە دانیشتووم. لە لایەکەوە شوێنی ددانی کەوتووم بە زمانم پڕ دەکەمەوە، هەندێک جاریش زمانم دەردێنم و پاسەکەش هەر وا بەڕێگاوەیە. گەیشتینە بنکەی پۆلیس. پاس بە هێواشی دەڕۆیشت، ئەفسەری پۆلیس ئاگاداریی دا و دەستی جووڵاند. بەڵام پاس نەوەستا، ڕاستییەکە ئەوەیە کە شۆفیرەکە کە جادەی ئیپەکی بەجێ هێشتبوو، سەرنجی لەسەر ڕێگاکە بوو نەک پۆلیسەکە.

کاتێک دەربازی ئەودیوی ڕێگاکە بووین، پیاوێک و دوو ژن دەستیان بەرز کردەوە و پاسەکەیان ڕاگرت. سواریش نەبوون. لەو کاتەدا دیتم پۆلیسێک بە هەردوو دەستی مەچەکی گرتم و دایبەزاندم. هەر بە تورکییش دەیگوت: "sen misin dilinu çikaran?" (تۆ ئەو کەسەی زمانت دەردەهێنیت؟) و سووکایەتیی پێ دەکردم و بە زللـە و مست لێی دەدام. دوای ئەوەی پۆلیسەکە لە لێدانم ماندوو بوو، دیسان ڕایکێشام و فڕێی دامە ناو پاسەکەوە. بێگومان لەو ساڵانەدا کەس نەیدەوێرا قسە لەگەڵ پۆلیس بکات. دوای ئەوەی فڕێی دامە ناو پاسەکە، وەڕێ کەوتینەوە. بەڵام ئەمجارە ژمارەیەک ژن و پیاوی بەساڵاچوو و شۆفیر و دوو سێ گەنجی ناو پاسەکە، دەستیان کرد بە جنێودان بە پۆلیس. دڵنەوایییان دەدامەوە و هەوڵیان دەدا ئارامم بکەنەوە. منیش تا ئەو کاتەی گەیشتینە وێستگە و دابەزیم، تێر تێر گریام.

 

بەڵێ هەرگیز لەبەر زمانی دایکم لێم نەدرا، لەو ڕوانگەیەوە بەختم هەبوو؛ بەڵام منیش بەهۆی زمانەکەمەوە لێم درا....

KURDŞOP
602 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!