ئاوڕدانەوەیەک لە "خراپیی ئاسایی"

 

سەرفراز ئازاد

 

Hannah Arendt (١٩٠٦- ١٩٧٥)، زانای سیاسی ئەمریکییە و بە ڕەچەڵەک ئەڵمانییە. لەبەر ئەوەی جوولەکە بوو، نەیتوانی لە زانکۆکانی ئەڵمانیا وانە بڵێتەوە، بۆیە بەرەو ئەمریکا هەڵهات و بووە یەکەم ژنە پڕۆفیسۆری فوول تایم لە زانکۆی Princeton. ئەوەی وایکرد هانا بەناوبانگ بێت، بیرۆکەی "خراپیی ئاسایی" بوو.

"خراپیی ئاسایی"، بە کورتی، تیشک دەخاتە سەر دەسبەسەرکردنی Eichmann لەلایەن موسادەوە (کە یەکێک بوو لە فەرماندە گەورەکانی سەردەمی نازی و بە تیۆریی "چارەسەریی کۆتایی" سەدان هەزار جوولەکەی کوشت) و هێنانی بۆ ئیسرائیل بۆ دادگاییکردن و هەروەها بانگهێشتی هانا، فەیلەسووفی گەورەی جوولەکەکان کرا بۆ دانیشتنەکان، بۆ ئەوەی ببێتە چاوەدێر. هانا لەم دانیشتنانەدا بەردەوام ئەوەی نازییەکان دەیکەن بە دەرەوەی عەقڵ و لۆژیک دەبینێت و ئەم کردەوانەی بە ڕادیکاڵ پێناسە دەکرد. دوای دادگاییکردنەکە و بۆ سزای لەسێدارەدانی Eichmann، ڕاپۆرتێکی بە ناوی "ڕاپۆرتێک لەسەر خراپیی ئاسایی، Eichmann لە ئیسرائیل" لە ئەمریکا بڵاو کردەوە.

ئەوەی هانا سەرنجی لەسەر بوو و بە "خراپیی ئاسایی" پێناسەی کرد، بە کورتی شتێکی لەم شێوەیە بوو: نازییە بێویژدانەکان و ئەو مرۆڤکوژانەی کە خەڵکیان بە جینۆساید مەحکووم دەکرد، مرۆڤی ئاسایی بوون. ئەوانیش دەتوانن یەکتریان خۆش بوێت و دڵخۆش بن، هەروەها دڵتەنگیش بن. بەپێچەوانەی باوەڕی جەماوەرییەوە، ئەوانەی خراپەیان ئەنجام داوە، پیاوکوژ و دڕندە نین، بەڵکوو تەنیا بۆ مانەوەی دەوڵەت، بەهۆی بەرپرسیاریەتی و ئەرکەوە ئەم خراپەیان کردووە و ڕەنگە ئەم خراپەیە، سادە و ئاسایی بێت. (تەنانەت Eichmann ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون، قەبووڵ نەکرد، چونکە کارەکانی لە حکوومەتی نازیدا لەسەر بنەمای یاسایی بوو و ئەو کارانە بە تەواوی بە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەرکەوە ئەنجام دەدرا، بۆیە خۆی بە بێتاوان دەزانی).  Eichmann دەیگوت: هیچ دەسەڵاتێکی لە پلەبەندیی نازییەکان نەبووە و تەنیا ئەو فەرمانانەی کە بۆی دەهاتن، جێبەجێی دەکردن." (Ceserani-2005)

بەڵام کەسێکی وا کە بووەتە هۆی مردنی جۆراوجۆر و سەدان هەزار کەسی ناردووە بۆ مردن، چۆن دەبێ ئاوا ئاسایی باسی بکات؟ Bernstein لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت: "ئەو جۆرە کردارانە کە وەک سەرچاوەی خراپەکاری دێنە ئەژمار، پاشخانێکی مێژوویی درێژخایەنیان هەیە و هەرچەندە ئینسانی نین، بەڵام بۆ مرۆڤ فام دەکرێن." (Bernstein-2010)

Eichmann ساڵی ١٩٦٢ و دوو ڕۆژ پێش لەسێدارەدانی، نامەیەکی بۆ سەرۆککۆماری ئیسرائیل، "ییتزهاک بەنزڤی" نارد. Eichmann لەم نامەیەدا دەڵێت: "وەک لە دادگادا گوتم، دڕندەیی گەورە بەرامبەر بە جوولەکەکان کراوە. پێویستە لە ئێستادا و لە داهاتوودا لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو دڕندەییە بکرێن. بەڵام پێویستە جیاوازییەک لەنێوان سەرکردەکان و کەسانی وەک مندا هەبێت کە تەنیا فەرمانەکانم جێبەجێ کردووە. من سەرکردە و فەرماندەر نەبووم، بۆیە هەست بە تاوانباری ناکەم." (Eichmann-1962)

 

 

یەکێک لە قوربانییانی نازییەکان،Simon Wiesenthal ، کە لە ئۆردووگاکانی نازییەکاندا بووە و لە مردن ڕزگاری بووە، سەبارەت بە نازییەکان دەڵێت: "بۆ ئەوەی کەسێک میلیۆنان کەس بکوژێت، پێویست ناکات ئەو کەسە وشکباوەڕ و سادیست بێت، شوێنکەوتوویەکی پابەند کە بە ئامادەییەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، بەسە." (Wiesenthal- 1998). بە گوتەی هانا: "کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەیان کەسی وەک Eichmann هەن، نە شێتن و نە سادیستن؛ بەداخەوە هەموویان بە شێوەیەکی ترسناک کەسانی ئاسایین." (Arendt-1963)

لەم ڕوانگەیەوە، بوون لەنێو گرووپی وەهادا، ​​متمانە بەخۆبوونێکی مامناوەند بە مرۆڤەکان دەبەخشێت و ئەو جۆرە گرووپانە دەبنە هۆی خولقاندنی تاوان. چونکە کاتێک بابەتی تاوانەکە کەسێک نەبێت، بەڵکوو گرووپێکی گەورەی وەها بێت، کەس تۆمەتبار ناکرێت. واتە ئەو کەسانە کە دەچنە نێو ئەو جۆرە گرووپانەوە، مێشکیان لە دەرەوە بەجێ دەهێڵن و ئەم کارە خراپانە بە شێوەیەکی ئاسایی ئەنجام دەدەن.

دوای ئەم باسانە دەبێ ئەمە بڵێین: ئەگەر تۆ لەنێو گرووپێکی وەهایت، ئەگەر شوێنکەوتووی ئایدۆلۆژیایەک یان کەسێکیت و هەموو شتێک بەلای تۆوە ئاسایی دەردەکەوێت، لە شوێنی خۆت بووەستە، ڕوو لە ئاسمان بکە و ئەمە لە خۆت بپرسە: من چی دەکەم؟ وەک هانا دەڵێت: "هیچ شتێک لەوە گرینگتر نییە کە بیر لەوە بکەینەوە کە چی دەکەین."

سەرچاوەکان:

CESERANI, David (2005) Becoming Eichmann

WİESENTHAL, Simon (1998) Justicia, no venganza

ARENDT, Hannah (1963) A report on the banality of evil, Eichmann in Jerusalem

EİCHMANN, Adolf (1962) Ji serokkomarê İsraîlê re name

BERNSTEIN, Richard. J (2010) Radikal Kötülük Felsefi Bir Sorgulama, çev. Nil Erdoğan, Filiz Deniztekin, İstanbul: Varlık Yayınları

 

 

KURDŞOP
581 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!