سروودی نیشتمانی و شوناسی نەتەوەکان

- ڕۆژ قادری

 

نیشتمان، وڵات، مەڵبەند، بەرخۆدان، هیوا، ئازادی، ئاشتی، شکۆ، دلێری، سەربەرزی و گەورەیی و...، یان چەمکە هاوتاکانی ئەو وشانە، لەو وشانەن کە بە زۆری و بە جیددییەتەوە لە سروودە نیشتمانییەکاندا خۆیان دەنوێنن.

 

سروودی نیشتمانی

سروودی نیشتمانی یان سروودی نەتەوەیی، پارچە مۆسیقا یان سروودێکە کە لەلایەن دەوڵەتەکانەوە وەکوو سروودی نیشتمانی و فەرمیی وڵات دادەنرێت.

لە ئەمڕۆدا و لە جیهاندا، هەر وڵاتێک سروودی نیشتمانیی تایبەتی خۆی هەیە. سروودە نیشتمانییەکان، ئاواز یان مۆسیقاگەلێکن کە لە دۆخگەلێکی تایبەت لە وڵاتەکاندا، دەژەنرێن یان دەخوێنرێنەوە. ئەم سروودانە ئاوازگەلێکی نیشتمانپەرستانەن کە وەکوو ڕێز لە ئۆگری و ئینتماکانی هەر وڵاتێک دەژەنرێت. ئەم ئاوازانە لە ڕاستای بزاوتنی هەستی نیشتمانپەرستی دەخوێنرێتەوە.

"ئاڵا" و "سروودی نیشتمانی" لە هەر وڵاتێکدا، پیشاندەری "شوناسی نەتەوەیی" لەو وڵاتەدایە، ئاڵا بە ڕەنگ و نەخشەکانی و سروودی نیشتمانی بە واتا و چەمک و مۆسیقاکەی، باس لە شوناسی نەتەوەیەک دەکەن.

تایبەتمەندییەکانی سروودە نیشتمانییەکان

لە سروودی نیشتمانیی هەر وڵاتێکدا، شوناسی هەر وڵاتێک بەرچاوە کە نیشانەی ئارمانەکان و ئامانجەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەیە، ئارمان و ئامانجگەلێکی وەکوو ئازادی، یەکگەرتوویی و سەربەخۆیی خەڵکی ئەو وڵاتە. بۆ نموونە ئەم یەکگرتووییە لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی ئاڵماندا بەم شێوەیە ئاماژەی پێ کراوە: "ئاڵمان، ئاڵمان سەرووتر لە هەموو شتێک، سەرووتر لە هەموو شتێک لە دونیادا کە هەمیشە کاتی بەرخۆدان و پاراستن، برایانە یەکپارچە ڕادەوەستێت."

لە سروودی نیشتمانیی هەر وڵاتێکدا، ئاماژە بە بوونناسیی خەڵک، ئیدئۆلۆژیی سیستەمی سیاسیی وڵات، مێژوو، شکۆ یان سەرکەوتنەکان و بەزاندنی دوژمنەکان، دەکرێت. بۆ نموونە لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی چیندا وەها بە جیددییەتەوە باس لە نەترسان لە دوژمنانی چین دەکرێت: "هەزار هەزار دڵەکانی ئێمە وەکوو دڵێک لێدەدات، لە ئاگری دوژمن مەترسن، بڕۆنە پێشەوە، لە ئاگری دوژمن مەترسن، بڕۆنە پێشەوە، بڕۆنە پێشەوە و بڕۆنە پێشەوە."

نیشتمان، وڵات، مەڵبەند، بەرخۆدان، هیوا، ئازادی، ئاشتی، شکۆ، دلێری، سەربەرزی و گەورەیی و...، یان چەمکە هاوتاکانی ئەو وشانە، لەو وشانەن کە بە زۆری و بە جیددییەتەوە لە سروودە نیشتمانییەکاندا خۆیان دەنوێنن. بۆ نموونە، "ئازادی ئاوەها لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی برازیلدا خۆی دەنوێنێت: "وەدیهاتنی ئەم بەرابەرییە کە بە باسکی بەهێزی خۆمان بەدەستمان هێنا، لە ئامێزی تۆدایە ئەی ئازادی، سینگمان لە بەرامبەر مەرگ ڕادەوەستێت."

هەروەها، بەشگەلێک لە هەندێک لە سروودە نیشتمانییەکان، لەسەر یەکگرتوویی، یەکدەنگی و یەکڕیزیی نێوان خەڵک جەخت دەکاتەوە. بۆ نموونە لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی ڤێنێزۆئێلا، یەکگرتوویی خەڵک ئاوەها سنوورە جوغرافیاییەکان دەبەزێنێت: "یەکپارچە بە ڕشتەیەک کە لە ئاسمانەکاندا بوو بە ڕشتە، قاڕەی ئامریکا، هەر وەکوو یەک نەتەوەیە."

لە هەندێک لە سروودە نیشتمانییەکان، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە مێژینەی شۆڕش یان خەبات بۆ گەیشتن بە سەربەخۆییان هەبووە، بەشگەلێکی پڕسۆز بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکگرتوویی و پاراستنی ورەی خەبات، دانراوە. بۆ نموونە لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی ئەرمەنستاندا ئەم بابەتە بە جوانی دیارە: "نیشتمانی ئێمە، ئازاد و سەربەخۆیە کە سەدان ساڵە زیندووە، لە ئێستادا ڕۆڵەکانی خۆی بەرەو ئەرمەنستانێکی ئازاد و سەربەخۆ بانگهێشت دەکات."

لە بەشە جیاوازەکانی سروودە نیشتمانییەکان، بینەر و بیسەری جۆرەکانی بەردەنگین. لە زۆربەی ئەو بەشانەدا، مەبەست لەو بەردەنگانە، ڕاگەیاندنی وەفاداری بە نیشتمان یان ڕێبەرە و هەندێک جاریش خەڵک بەردەنگن. هەروەها لە هەندێک لە سروودەکاندا، دۆعا بۆ نیشتمان و خەڵک دەکرێت و ئاواتەخوازی باشترینەکانن بۆ وڵاتەکەیان. بۆ نموونە لە بەشێک لە سروودی نیشتمانیی وڵاتی کۆرەی باشووردا، ئاوەها لەسەر وەفاداریی خۆیان بۆ نیشتمان، جەخت دەکەنەوە: "بەم ئیرادە و بەم بیرەوە، چ لە ڕەنج و چ لە شادیدا، وەرن هەتاکوو هەموو وەفاداریی خۆمان پێشکەشی مێهری نیشتمان بکەین."

سروودی نیشتمانیی کوردستانییان

لەم نێوانەدا، ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەیەک کە خاکمان داگیر کراوە و وێڕای ئەوەی کە هێشتا وڵاتی سەربەخۆی خۆمان نییە، بەڵام سروودی نیشتمانی و ئاڵای تایبەتی خۆمان هەیە کە هەردەم دوژمنان لەم ‌هێماگەلە کە گەورەیی بە شوناسی نەتەوەییمان دەبەخشن، ترساون.

سروودی نیشتمانیی "ئه‌ی ڕه‌قیب"، له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباددا، بوو به‌ سروودی نیشتمانی و تا ئێستاش هه‌ر سروودی نیشتمانیی کورد له‌ چوارپارچه‌ی کوردستانه‌.

سروودی "ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی كوردزمان"، لەلایەن "یوونس ڕەئووف"، ناسراو بە "دڵدار"‌، ساڵی ١٩٤٠، لە بەرامبەر بە شۆڤێنیزم و ئەو زوڵم و ستەمەی كە دەرحەق بە كورد دەكرا، هۆنراوەتەوە‌‌. ئەم ‌سروودە،‌ باس لە خەبات و بەرخۆدان و بوونی كورد دەكات، بۆیە بوو بە سروودێكی نیشتمانی.

لە سەردەمی دوو سەركردەی ناودار و نەمری كورد، "پێشەوا قازی محەممەد" لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە ڕۆژهەڵاتدا و دواتریش مەلا "مستەفا بارزانی" لە شۆڕشی ئەیلوولدا، برەوی پێ درا و لە مێشكی نەتەوەی كورددا چەسپێندرا. ئەم سروودە بووەتە بەشێكی جیانەكراوە لە مێژووی كورد و ئەمڕۆكەش بووەتە سروودێكی فەرمی لە هەرێمی كوردستاندا.

ناوئاخنی "ئەی ڕەقیب"،‌ ئاڵا، نیشتمان و كوردە‌، ئەم سێ چەمكانەش‌ باس لە ناسیۆناڵیزم و نیشتمانپەروەری دەكەن. ئاڵا، نیشتمان و كورد، سێ كۆڵەكەی سەرەكیی ئەم سروودە پێک دێنن. لە بارودۆخی ئەمڕۆكەی كوردستان و ناوچەكە‌دا، ئاڵا و سروودی نیشتمانیی كوردستان، سەیوانەیەكە لە پانتایی كوردستاندا كە دەوری ڕێكخستنی نەتەوەیەک لە نیشتمانێكدا دەگێڕێت.

KURDŞOP
676 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!