- ڕۆژ قادری
کوردستان، وڵاتی کوردان
کوردستان بە واتای وڵاتی کوردان، ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن. کوردستان بەسەر وڵاتانی "ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق"دا دابەش کراوە و بەشگەلێکیشی لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی ئەرمەنستان و ئازەربایجانە.
دیاریکردنی سنووری کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگوچەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی دەسەڵاتی کوردستانانیان بە دەستەوەیە، وەک یەکەیەکی جوغرافی یان نەتەوەیی چاوی لێ ناکەن، بەڵکوو پتر بە "ناوچە کوردنشینەکان" ناویان لێ دەبەن.
لە ڕوانگەی سیاسییەوە، باشووری کوردستان تەنیا بەشی کوردستانە کە بە شێوەی نێودەوڵەتی وەک پێکھاتەیەکی فیدراڵی لە ناو عێراقدا ناسراوە کە نیوەی خاکی باشوور لەخۆ دەگرێت و ئەو نیوەکەی لەژێر دەسەڵاتی عێراقدایە. هەروەها بەشگەلێک لە ڕۆژاوای کوردستان لەدەستی هێزە کوردییەکانە.
لەلایەکی ترەوە کورد لە ئێراندا بە فەرمی وەک کەمایەتی ناسراوە، بەڵام لە ڕووی خوێندن بە زمانی کوردی و مافەکانی دیکەی نەتەوایەتییەوە بێبەشن.
نێودەوڵەتی بوونی پرسی کوردستان
پرسی کورد، بنچینەیەکی مێژوویی و سیاسیی هەیە و یەکێکە لە پرسە ئاڵۆزەکان کە تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە.
دوای شکستی ئیمپراتۆریی عوسمانی، سەرکەوتووانی شەڕ و دەوڵەتی عوسمانی لە ١٠ی ئاگوستی ١٩٢٠، پەیمانێکیان لەنێوان خۆیاندا واژۆ کرد کە بە پەیمانی "سیڤەر" ناوبانگی دەرکرد. بەپێی مادەکانی ٦٢ و ٦٤ی ئەم پەیماننامەیە، خۆبەڕێوەبەریی کوردەکان لە شێوەی سەربەخۆیی سیاسی بە فەرمی ناسێندرا.
بۆ یەکەمین جار پەیمانی "سیڤەر" پرسی کوردی بە نێودەوڵەتی کرد و مافی یاسایی نەتەوەی کوردی لە ئاراستەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بە فەرمی ناساند، هەرچەند ئەم پەیماننامەیە هیچکات جێبەجێ نەکرا، بەڵام پرسێک بە ناوی کورد هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی جیهانەوە و شێوەی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە گرت.
وێڕای ئەوەی کە چەندین جار مافی سیاسیی کوردەکان لە مەڵبەندی ئەژدادیی خۆیاندا لەلایەن دەوڵەتەکانی دەسەڵاتدار بەسەر کوردستاندا پێشێل کراوە و حیزبە کوردستانییەکان بەردەوام بە بەڵگەوە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی پارێزەری مافی مرۆڤیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام دەوڵەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستان، پرسی کوردیان بە پرسێکی نێوخۆیی زانیوە و هیچ جۆرە ئیزنێک بە دەستێوەردانێکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان نادەن.
بەگشتی ئەم خاڵانەی خوارەوە باس لە نێودەوڵەتی بوونی پرسی کورد دەکەن:
١- چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و کاریگەرییە ئەمنییەتییەکانی لەسەر ناوچەکە.
٢- چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و چوونە ژێر پرسیاری مافەکانی مرۆڤ.
٣- ئاوارەیی و دیاردەی کۆچبەری بەهۆی گوشاری سیاسی و ئەمنییەتی لە کوردستان.
٤- دەستێوەردانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پرسی کورد لە ساڵی ١٩٩١ و پەسەندکردنی ڕەشنووسی ٦٨٨ی شورای تەناهی.
٥- دامەزرانی هەرێمی کوردستان و حوزووری کونسولگەری و نووسینگە بازرگانییەکان لەم هەرێمەدا.
٦- ئامادەبوونی کاریگەری کوردەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و بە جیهانیبوونی ناوی پێشمەرگە لە میدیا کاریگەرەکاندا.
٧- دامەزرانی حکوومەتی نیوەخودموختاری ڕۆژاوای کوردستان.
بڵاوبوونەوەی جیهانی و ناوچەیی هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان، سەرنجی جیهانییان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، ڕێکخراوە ناحوکمییەکان و دەوڵەتە ئورووپایی و ئامریکاییەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و خێرا دەوڵەتەکانی ناوەندی دەکەونە ژێر گوشاری ڕای گشتی یان گوشارە فەرمییە نێودەوڵەتیەکانەوە.
تێکەڵاویی ئەم دوو چالێنجە، دەوڵەتەکان ناچار بە گۆڕینی ڕوانگە و سیاسەتیان بەرانبەر بە کوردەکان دەکات تاکوو هەوڵ بدەن دێموکراسی پەرە پێ بدەن و فەرهەنگ و زمانی کوردی گەشە پێ بدەن و هەڵاواردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئاوەدانی نەهێڵن. لەم ڕێگایەشەوە ئاستی ڕەزامەندیی کوردەکان دەبەنە سەرەوە. ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمە بێت، ململانێی نێوان دەوڵەتەکان و کوردەکان زۆرتر دەبێت و سیستەمی نێودەوڵەتی هان دەدات کە پشتگیری لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بکەن.