فۆلکلۆر و نەتەوەسازی

نەتەوەی کورد هەمیشە شانازیی بە دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری خۆیەوە دەکات و ئەگەر ڕاستییەکەی بگوترێت، گەلانی دیکەش باسیان لە دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی کردووە. بەپێچەوانەوە بەشێک لە نەتەوە داگیرکەرەکان هەوڵی دزینی فۆلکلۆری کوردییان داوە.

ن: کەیهان محەممەدی‌نژاد

چونکە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوەیەکی سەقامگیر و دامەزراو بووە، لە ڕووی مێژوو، شارستانییەت و فۆلکلۆر و... هتد زۆر دەوڵەمەندە.

نەتەوەی کورد هەمیشە شانازیی بە دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری خۆیەوە دەکات و ئەگەر ڕاستییەکەی بگوترێت، گەلانی دیکەش باسیان لە دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی کردووە. بەپێچەوانەوە بەشێک لە نەتەوە داگیرکەرەکان هەوڵی دزینی فۆلکلۆری کوردییان داوە.

بۆیە پێویستە لە سەرەتاوە پێناسەی وشەی فۆلکلۆر بزانین و بزانین سەرەتا ئەم وشەیە لە کوێوە هاتووە و دواتر دێینە سەر فۆلکلۆری کوردی و بزانین تا چەند لەسەر نەتەوەسازی کاریگەرە.

فۆلکلۆر چەمکێکی زۆر کۆن نییە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی کۆنە؛ فۆلکلۆر وشەیەکە لە "فۆل" بە واتای "خەڵک" و "لۆر" بە واتای "زانست"، واتە "کلتووری خەڵک" وەرگیراوە. بۆ یەکەمجار، وشەی "فۆلکلۆر" ساڵی ١٨٤٦ لەلایەن نووسەرێکی بەریتانی بە ناوی William John Thoms لە گۆڤاری Athenæum بڵاو کرایەوە. لە ئەدەبیاتی بازاڕیدا ئەم وشەیەی بەکار هێنراوە.

ناوبراو لە نامەیەکدا بۆ خەڵکی ئاتێن دەنووسێت: "لەمەودوا لە بری وشەی داب و نەریت، وشەی "فۆلکلۆر" بەکار بهێنن".

بە بڕوای William John Thoms، فۆلکلۆر بریتییە لە کردار، ئەفسانە، چیرۆک، خەیاڵ، پەند، سێحر و ئەدەبیاتی زارەکی و هەموو شتە کۆنەکان. ئێستا وشەی فۆلکلۆر وردەوردە جێگەی خۆی لە کۆمەڵگەدا دەکاتەوە.

لە پێناسەیەکی تردا، ڕێکخراوی "یوونسکۆ" وەها پێناسەی فۆلکلۆر دەکات: فۆلکلۆر بریتییە لە کۆمەڵێک بەرهەمی فیکریی مرۆڤەکان کە کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگەیەکی دیکە جیا دەکەنەوە و هەندێک بابەتی وەک چیرۆک، شیعر، ئەدەب، تابلۆ، شوێنی هونەری، ئامێری مۆسیقا، کاری دەستی و مێژوویی، شوێن و بیناسازی لەخۆ دەگرێت.

لەنێو گەلی کوردیشدا، فۆلکلۆر وەها پێناسە کراوە: ئەدەبیاتی زارەکی وەک حەیران، لاوک، هۆرە، سیاوچەمانە، پەندی پێشینییان، مەتەڵ، چیرۆک و ئامێری مۆسیقا، کەلوپەلی کۆنی نێو ماڵ، ڕۆمان، لایەلایەی دایکان و... هتد.

فۆلکلۆر سەرچاوەی گێڕانەوەیە و داهێنەرانی نادیارە. ئەمە یەکێکە لە پێناسە ڕوونەکانی فۆلکلۆر کە ئافرێنەرەکەی دیار نییە.

لە ڕێگەی فۆلکلۆرەوە لەبارەی بەهاکانی گەلان زانیاری وەدەست دەخرێت و فۆلکلۆر گەنجینەی ناوازەی دەربڕینی ئەدەبییە، هەروەها یەکێکە لە باشترین ڕێگاکانی ناسین و شرۆڤەی نەتەوەیەک.

نەتەوەی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە خاوەنی فۆلکلۆری دێرینە و لە ڕووی کولتوور، ئەدەب، جلوبەرگ، مۆسیقا، پەند، شیعر، هەڵپەڕکێ و گۆرانی و خواردن و خواردنەوە، زۆر دەوڵەمەندە.

دەتوانین بڵێین فۆلکلۆری نەتەوەی کورد سەرچاوەی دەوڵەمەندی تەواوی فۆلکلۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چونکە کورد یەکەم نەتەوە بووە کە لەسەر خاکی خۆی سەقامگیر بووە. لە ڕاستیدا کورد کۆچەر نەبووە، کورد لە ناوچەیەکی ترەوە نەهاتووە، چونکە کورد یەکەم نەتەوە بووە لە زاگرۆسدا نیشتەجێ بووە. شارستانییەت لەلایەن کۆچەرەکانەوە دروست نابێت، چونکە کۆچەرەکان شارستانییەتیان نییە، کولتوور و ژێرخانیان نییە. ئەگەر کەسێک لە شوێنێکدا نیشتەجێ بوو، پێویستە پێش هەموو شتێک بیر لە دروستکردنی بینایەک یان شوێنێک بۆ ژیان بکاتەوە. ئەگەر مرۆڤ ماڵێک دروست بکات، بیر لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ دەکاتەوە. یەکێک لەو شتانەی کە نەتەوەی نیشتەجێ پێویستی پێیەتی، ڕۆشنبیری و ئەدەب و شارستانییەتە. بۆیە هەموو جیهان زۆر باش دەزانن کە یەکەم نەتەوەی سەقامگیر لە زاگرۆس نەتەوەی کوردە؛ ئێمە دەوڵەمەندترین ئەدەب و کولتوور و فۆلکلۆرمان هەیە. لە ڕاستیدا فۆلکلۆری کوردی وەک دەریایەکی گەورە و بێبن وایە.

یەکێک لە بناغەکانی ناسیۆناڵیزمی کوردی، فۆلکلۆرە. بەهۆی فۆلکلۆرەوە نەتەوەکان دەناسرێن. چەکی بەرگریی هەر نەتەوەیەک فۆلکلۆرە و مرۆڤەکان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم چەکەوە نەتەوەکەی خۆیان بپارێزن.

فۆلکلۆر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەتەوەسازی و نیشتمانسازی هەیە. فۆلکلۆر وەک ئاوێنە وایە و نەتەوە لەو ئاوێنەیەدا ڕەنگ دەداتەوە. گەر سەیری چیرۆکی فۆلکلۆری، لاوک، حەیران و چیرۆکی کوردی بکەین، دەبینین زۆربەیان لەسەر کەسایەتییە قارەمان و دیارەکانی کورد و شەڕی ئەوان لەگەڵ داگیرکەران و سەدان نموونەی تر کە بۆ نەتەوەکەیان خەباتیان کردووە و تێکۆشاون، ئافرێندراون. یان ئەگەر سەیری هەڵپەڕکێی فۆلکلۆری کوردی بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە ئەم هەڵپەڕکێیە کوردییانە پڕن لە ڕەمز و سەرکەوتن. گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی بە زمانی هەڵپەڕکێ قسەمان لەگەڵ دەکات و ڕووداوە دێرینەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان هەوڵی داگیرکردنی خاکی کوردستانیان داوە، لە هەمان کاتدا هەوڵیان داوە فۆلکلۆری کوردیش بدزن و بیتوێننەوە و بیکەن بە موڵکی خۆیان. داگیرکەرانی کوردستان وردەوردە هەموو شتێکیان دزیوە و داگیریان کردووە، لە زمانەوە بیگرە تاکوو ئامێری مۆسیقا و چیرۆکی کوردی و سەدان شتی تری فۆلکلۆری کوردی.

هۆکاری لاوازبوون و تواندنەوەی فۆلکلۆری نەتەوەی کورد، دەگەڕێتەوە بۆ خاوەندارێتی نەکردنی کورد لە فۆلکلۆرەکەی.

بۆیە ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژەرانی کورد ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە پڕۆسەی پەرەپێدانی فۆلکلۆر و ڕێگریکردن لە ئاسمیلەکردنی فۆلکلۆر هەیە و دەتوانن پەرە بە فۆلکلۆر بدەن؛ هەروەها بە دروستکردنی ناوەند و نووسینی کتێب ڕێگری لە لەنێوچوونی بکەن. چونکە ئەرکی سەرەکیی پاراستنی فۆلکلۆر دەکەوێتە سەر شانی توێژەران و نووسەرانەوە.

ئەو کەسانەی دەسەڵاتیان هەیە و کەسانێک کە فۆلکلۆریان خۆش دەوێت و توانای شوێنکەوتنیان هەیە، با لەسەر فۆلکلۆر کار بکەن و بەرەو پێشکەوتنی ببەن. ئەگەر لە پاراستنی فۆلکلۆری خۆمان شکست بهێنین، داگیرکەرانی کوردستان ئەو فۆلکلۆرە ئاسمیلە دەکەن و بۆ ماوەیەک دەبینین کە ئێمە شتێکمان بە ناوی فۆلکلۆر نییە.

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، فۆلکلۆر کاریگەرییەکی گرینگی لەسەر پرۆسەی نەتەوەسازی و نیشتمانسازی هەیە و ئەوە فۆلکلۆرە کە ئێمە وەک نەتەوە پێناسە دەکات و ئەرکی پاراستنی لەسەر هەر هەموومانە.

KURDŞOP
665 بینین

نەتەوەپەرەستی لە کوردستان - کورستەی پێشڤەچوونی مێژوویی و کەلتووری-سیاسی

پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی خاکی بە شێوەیەکی سەرەکی بەربەستی دابڕانی ڕۆشنبیرانی کورد لە خاکەکەیان بوو. بیرۆکەی تورکەکان بۆ ئەوەی کورد بێ ڕۆشنبیر بێت و بەردەوام بن لە ئاسمیلەکردن، تا ڕادەیەکی زۆر ئامانجەکانی خۆی بەدی هێناوە. ئەم پچڕانە کاریگەریی قوڵی لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆشنبیرانی کورد هەبوو، بەتایبەتی ڕێگریی لە دروستبوونی چەمکی ناسیۆنالیزمی نیشتمانپەروەرانە کرد.

کورد و هەڵبژاردن لە ئێراندا

ئاوڕدانەوەیەک لە پەیوەندیی نێوان ژینگە و سیاسەت

ئاسەوارە مێژوویییەکان، پردی نێوان ئێستا و ڕابردوومانن

رۆژهەڵاتی کوردستان و راوەستان لەبەرانبەر پاردۆکسی کۆماری ئیسلامیدا

پیلانی داگیرکەران بۆ دروستکردنی ناکۆکی لەنێو کوردان

ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وانەوەرگرتن لە شۆڕشە سەرکەوتووەکان

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەبڕاوەی کورد

بە بۆنەی مووشەکبارانی هەولێری پایتەختی کوردستانەوە

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!