جوغڕافیای مێژوویی و کوولتووری کورد  لە شیعری "حەمدی"دا

 

دوکتور ئازاد موکری

 

"ئەحمەدبەگ"ی کوڕی "فەتاح بەگ"ی ئەرازی، ناسراو بە "حەمدی" یەکێک لە شاعیرانی گەورەی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردییە کە لە ساڵی 1876ی زایینیدا لە دایک بووە و ساڵی 1936ی زاییبنی کۆچی دواییی کردووە. حەمدی لە بنەماڵەی ناسراوی ساحیب قەڕانە. ئەو برازای شاعیری گەورەی کورد "مستەفا بەگی کوردی" و ئامۆزازای "سالم"ی شاعیرە. لە شاری سلێمانی لە دایک بووە و هەر لەو شارەش کۆچی دواییی کردووە. خوێندنی سەرەتاییی وەک هەموو خوێندەوارانی سەردەمی کۆن بە خوێندنی کتێبەکانی ئایینی و ئەدەبییەوە دەست پێکردووە. سەرەتا لە لای باوکی واتا فەتاح بەگ دەرسی خوێندووە. پاشان لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی درێژەی بە دەرس خوێندن داوە و دواتر بۆ دەوامی خوێندن لە قوتابخانەی ڕەشیدییە ناوی نووسیوە و دەرسی خوێندووە. ماوەیەکیش لە خانەقای مەحوی کە مەکۆیەک بووە بۆ خوێندنەوە و فێر بووونی زانست و تەریقەت گیرساوەتەوە.

پاش ئەوەی خوێندەواریی سەرەتاییی خۆی تەواو دەکا و دەبێ بە خوێندەوارێکی باش، بیری سەفەر و ناسینی دەوروبەری دنەی دەدا کە هێندێ لە ناوچەکانی دەوروبەری کوردستان ببینێ. هەر بەو مەبەستە سەردانی وڵاتی ئێران دەکا و چەندین شاری گەورەی ئێران وەک تەورێز و شارەکانی ڕۆژئاوای ئێران دەبینێ. پاشان ڕوو دەکاتە بەغدا و لەگەڵ ئەو مێترۆپۆل و شارە گەورەیە ئاشنا دەبێ.

حەمدی بە هۆی خوێندەواریی خۆی و بنەماڵەکەیەوە زۆر هۆگری زمان و ئەدەبیات و مێژوو و کۆمەڵگەی کوردەواری بووە. هەر بۆیە ژان و ئازارەکانی نەتەوەی کورد هەست پێ دەکا و دوای ڕاپەڕینی "شێخ مەحموود" بە دژی دەسەڵاتدارانی سەر خاکی کوردستان، ڕەگەڵ شۆڕشگێڕانی لایەنگری شێخ مەحموود دەکەوێ. لە شەڕ و تێهەڵچوونەکانی شێخ مەحموود لەگەڵ سوپای نەیارانی کوردستان و تورک و ئینگلیزییەکاندا بەشدار دەبێ. تا ئەوەی شێخ مەحموود لە لایەن ئینگلیزییەکانەوە دەگیرێ و بۆ هیندستان دوور دەخرێتەوە. بەڵام ئەو لە نەبوونی شێخ مەحموودیشدا درێژە بە فکر و بیرێک دەدا کە بۆ گەورە کردنەوە و ئەستاندنی مافی کورد لە لایەن شێخ مەحموودەوە کاری بۆ کرابوو و خوێنی بۆ ڕژابوو. بۆیە پاش گەڕانەوەی شێخ مەحموود لە ساڵی 1922 دا و پاش دامەزراندنی حکوومەتی کاتیی کوردستان لە لایەن شێخ مەحموودەوە، دەبێتە بەرپرسی گومرگ. پەیوەندیی حەمدیی شاعیر لەگەڵ شێخ مەحموودی سیاسەتوان و ڕێبەر، زۆر دەوام ناهێنێ و بە هۆی هێندێک کێشەوە لە ساڵەکانی 1923 بەم لاوە حەمدی پەیوەندیی لەگەڵ شێخ مەحموود دەپسێنێ.

پاش ئەوەی حکوومەتی عێراق لە ساڵی 1924 دەست بە سەر وڵاتی کوردستاندا دەگرێ و حکووومەتی شێخ تێکدەچێ، حەمدیی شاعیر و ڕۆشنبیر و خوێندەوار، بە هۆی خوێندەواری و پلەیەک کە لە نێو کۆمەڵگادا بوویەتی، وەک ڕەئیسی بەلەدییەی سولەیمانی و نازری ئەعشاری ناوچەی سورداش هەڵدەبژێردرێ. بەڵام مانەوەی لەسەر ئەو پۆست و کارەش زۆر دەوامە ناکێشێ و لە ساڵی 1926 دا بۆ هەمیشە واز لە کاری حکوومەتی دێنێ و سەرەنجام لە ساڵی 1936 لە تەمەنی شەست ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکا و لە گردی سەیوان دەنێژرێ.

 حەمدی جودا لە پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە شاری سلێمانی و لە کوردستان بوویەتی، وەک ئەدیبیش پلەوپایەکی بەرزی لە نێو ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیدا بۆ خۆی دەستەبەر کردووە و یەکێک لە درێژەدەرانی بە توانای ڕێبازی ئەدەبیی کوردییە و میراتگری قوتابخانەی مستەفا بەگی کوردی و سالم و لە ڕێی ئەوانەوە نالی و مەحوییە. بۆیە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا، ئەو نوێنەرێکی باشی قوتابخانەی ئەدەبی بابانە. هەرچەند لە بواری فیکرەوە شیعری ئەو تا ڕادەیەک قەرزداری شیعری شاعیرانی نێوبراوە، بەڵام بە گشتی حەمدی شاعیرێکە ویستوویەتی لەو سەرچاوانە بیری خۆی پاراو بکا، کەچی لایەنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی تۆخیش بە سەر ئەو بیرەدا بکێشێ کە لە شاعیرانی پێش خۆی وەک نالی و مەحوی و کوردی و سالم وەریگرتووە.

ئەگەر شاعیرانی وەک کوردی و تەنانەت مەحوییش هەندێک ئاماژەی کوردانە و ناسیۆنالیستی لە شیعریاندا دەبینرێ، ئەو ڕووکارە لە شیعری حەمدیدا بە هۆی تێکەڵاو بوونی ئەو بە ڕەوتە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکانی کوردەوە، ڕووکارێکی یەکجار هەراوترە و لە بواری زمانییەوە گوتارێکی تازەی لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا ساز کردووە. گوتارێک کە پێش ئەو بە شێوەی ئاماژەیی دەتوانین لە شیعری زۆر شاعیردا و بۆ وێنە لە شیعری مەحوی و حاجی قادردا بیبینینەوە. بەڵام گوتاری نەتەوەخوازی لە شیعری حەمدیدا دەوری سەرەکی دەگێڕێ و شیعر دەبێتە چوار چێوەیەک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوەخوازان. ئەو شاعیرە بیرمەندێکی ڕۆشنبیری کورد لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم لە شاری سلێمانییە.

ناسیاویی حەمدی لەگەڵ ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و بە گشتی جوگرافیای کەلتووری، سیاسی، سروشتی و ئابوووریی کوردستان کارێکی کردووە کە بیری ئەو لە بیرێکی ناوچەیی تێپەڕێ و بیرێکی گشتگیر و سەراسەری و نەتەوەیی بێ. واتە داوا و ویستێک کە حەمدی لە شیعرەکانیدا دەیخاتە ڕوو، داوا و ویستی تەنیا ناوچەیەکی کوردستان نییە، بەڵکوو ویستێکە کە هەموو کوردستانی تێدا دەبینێتەوە و هەر بەو شێوەیە دەتوانین بە پێی ئەو هێما و نیشانە جوگرافیاییانەی لە شیعرەکانی داهێناوێتی کوردستانێکی گەورە بکێشینەوە.

ئەگەر ئێمە تەنیا شیعرێکی ئەو بکەینە پێوەر و لەسەر ئەو شیعرە بدوێین ئەوە دەتوانین شیعری "ئەی وەتەن"ی حەمدی دەستنیشان بکەین. ئەو شیعرە شیعرێکە کە هەموو ئەو نیشانانەی تێدایە کە نیشاندەری ئەوەن شاعیرێک چەندە ئاگاداری جوغرافیای مێژوویی و سیاسیی وڵاتێکە کە لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە پارچە پارچە و دابەش کراوە. حەمدی لە شیعری ئەی وەتەندا باسی ئەوە دەکا کە چۆن وڵاتی ئەو لە لایەن ڕۆژئاواییەکان و ڕۆژهەڵاتییەکانەوە واتە ئیمپراتۆرییەکانی ڕۆژئاوا یا ڕۆم  و ڕۆژهەڵات یان عوسمانی و قەجەرەوە داگیر کراوە. بەڵام ئەو بەردەوام لە دەقەکانیدا پارێزگاری لە وڵاتێک دەکا کە لە داگیر کراوە. باسی بوونی جوغرافیایەکی بەهێزی ئینسانی، جوگرافیایەکی بەپیتی ئابووری و جوگرافیایەکی جوان و دەوڵەمەندی سروشتی دەکا. دەتوانین دانە دانەی ئەو بابەتانە لە شیعرەکانی و بە تایبەت  لەو شیعرەی حەمدی دا ببینینەوە. تا ئەو جێگایەی کە ناوچە جۆراوجۆرەکانی بەشە جوداکانی کوردستان لێک گرێ دەدا. باسی کاژاو و شەمزینان و بادینان و بارزان و هەورامان و وان و قەسری شیرین و پەیکووڵی و قەندیل و پیرەمەگرووون و هتد لە شیعرێکدا، لێک گرێدانەوەی ئەو هەودا پس پسە جوغڕافیاییەیە کە داگیرکەرانی کوردستان لێکیان هەڵوەشاندووەتەوە.

بەم شێوەیە، لەم ناوچانەوە وا ناوی هێناون، دەنگێک دەبیستێ کە دەنگی ئازادیخوازی و دەنگی ژێردەستەبوونی نەتەوەیەکە. کەواتە حەمدی شاعێرێکە لە شیعرەکانی دا جوگرافیای کولتووری و سیاسی و مێژوویی نەتەوەکەی خۆی نەخشاندووە.

 

ئەی وەتەن ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە

ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە

بەستە سەربەرزی ئێواران و سبەینان مانگ و ڕۆژ

وەک نیشانی ئیفتیخاری سنگ و نەجمەی شانتە

بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان

ئاوە یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە

ئاوە یا نوورە لە عەکسی خۆر کە دەبریسکێتەوە

ئەهلی حیکمەت وا دەزانێ دوڕڕەکانی کانتە

گوڵگوڵی سوور و سپی خاڵخاڵی خاکی ڕەش ئەڵێی

پۆدرەیی ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە

عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار

فەسڵی هاوین گەرمی مەیلی بەفرەکەی زستانتە

بۆ چی ئەنباری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور

شەهربازاڕ خوانی میوانە لەبەر میوانتە

باسی میوەی تۆ دەکەم بۆیە قەڵەم هاتۆتە بەر

بەستەکانم بستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە

بۆ ئەمەی جارێ بەسەرتا پێ نەنێم ئەفکاری من

یا بەسەر ڕۆیشتنە یا سەربەسەر هیجرانتە

پڵپڵەی پشتێنی زێڕینی حەبیبی قەومی کورد

زڕزڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە

پۆیە سیروان و زەرب بۆ شاڵی چۆغە و ڕانکت

وەک حەریر دیجلەی جەزیرە با ئەدەی بۆ تانتە

کورد کوڕەکاژاوی لووتی وا بڵند کردۆتەوە

هەر وەکوو شەمزینی بادین ئارەزووی بەرزانتە

ئاسمان و شاخی بەرز و سەتحی ئەرزت دەردەخا

ماڵی کوردیت و ئەوە دیوار و حەوشە و بانتە

پەیکوڵی تا قەسری شیرین ڕاکشاوە پێی کوڵی

دەستی قەندیلت درێژە بۆ چراچی وانتە

پیرەمەگروون تاجی شاهانەی بەسەر بەرزی فڕاند

تەم دەماوەند داگرێ مەحجووبی هەورامانتە

خەتتی دیوانی شکستەی گرد و لووتی بەرزی شاخ

وازیحە بۆ سەربەخۆیی توڕڕەیی فەرمانتە

جار بە جار حەمدی گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە

جەردە ڕامەگرە نەڵێن خەڵقی کە جانی جانتە

 

KURDŞOP
460 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!