پەیڤێک بۆ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک

     بە مەبەستی پاراستن و پاڵپشتیکردنی ڕەنگاوڕەنگیی زمان و هاندانی پەروەردەی چەند زمانی، هەروەها بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە نەریتە زمانی و کولتوورییەکان لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و لێبوردەیی و دیالۆگ، ڕێکخراوی یونسکۆ لە دانیشتنی ٣٠ی کۆنفرانسی گشتیی خۆیدا لە ساڵی ١٩٩٩، ڕۆژی ٢١ی شوبات (٢ی ڕەشەمە)ی وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک دیاری کرد. ئەم بابەتەی خوارەوە بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە نووسراوە.

پێشەوا کوردستانی     یەکێک لە دەرئەنجامەکانی شۆڕشی فەرەنسە و ئینگلیز و ئەمریکا لە ڕۆژئاوا، گۆڕینی هەستی دڵسۆزی و ناسنامە لە ئیمپراتۆریەتەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوە و لە ئایینی بوونەوە بۆ نەتەوەیی بوون و هێنانەکایەی چەمکی "ماف" بوو کە لە ئاکامدا بووە هۆی دروستکردنی دەوڵەت- نەتەوەی عەلمانی، ناوەندخوازی خاوەن پیشەسازی و لیبڕاڵ و ئەمە بوو بە فۆڕمی ستاندارد و شەرعیی دامەزراوە سیاسییە مۆدێرنەکان. بە پێچەوانەی سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی کە لە خاکی ئیمپراتۆریدا پێویست بە تاک زمانی نەبوو و فەرمانەکانی میری لە لایەن ئەفسەرانی کارگێڕیی دوو زمانە ەوە بە خەڵک دەگەیەندرا؛ لە حکوومەتە نوێیەکاندا، گەڕانەوە بۆ لای دەنگ و بۆچوونی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەتدا پێویست بوو بۆ ئەوەی شەرعیەت و دەسەڵات بسپێرێت بە حکوومەت تاکوو بەناوی ئەوانەوە وڵات بەڕێوە ببات. لە وەها دۆخێکدا بوونی کەناڵێکی پەیوەندیی دوولایەنە لە نێوان حکوومەت و نەتەوە و لە ئەنجامدا، پێویستیی توانایی قسەکردن بە زمانێکی فەرمی یان نیشتمانی لەلایەن هەموو هاوڵاتیانەوە هاتە کایەوە(ڕایت، ٢٠٠٤:٣١).

      لە فەڕانسە، مافی قسەکردن بە زمانی دەسەڵات کە پێشتر لە دەستی نوخبەی کۆمەڵگادا بوو، بە بیانووی سەپاندنی دیموکراسی بە هەمووان بەخشرا  و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەسەر هەموو خەڵکی فەرانسەدا سەپێندرا و لە ئەنجامدا کۆماری نوێ لەسەر بنەمای "یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک حکوومەت" دامەزرا. ئەمە وەک بنەما و ئەسڵێک بە خێرایی لەلایەن زۆربەی دەوڵەتە تازە دامەزراوەکانەوە لە سەدەی نۆزدەهەمدا تەقلیدی لێ کرا (Jage, 2000:73). سەرەڕای ئەوەش، کۆنگرەی ڤیەنا لە ساڵی ١٨٢٥دا، وێڕای پێناسەکردنی "کەمینەکان" وەک "گرووپی نەتەوەیی"، مافی مەدەنی و سیاسی و ئازادییە ئایینیەکانی پێ بەخشین (پریس، ١٩٩٨: ٦٠).  دواتر، هەمان بنەمای "یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک دەوڵەت"، بەبێ گوێدانە پاشخان و بەستێن و هۆکارەکانی هاتنە ئارای لە ئەوروپای سەدەی نۆزدەهەمدا و تەنها بە مەبەستی ئاسمیلەکردنی زمانی و کولتووری و هەوڵدان بۆ چڕکردنەوەی دەسەڵات، خرایە بەرنامەی کاری حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی ڕەزاخان لە ئێران و ئەتاتورک لە تورکیا و بەداخەوە تاکوو ئەمڕۆش هەر جێبەجێ دەکرێت.

      دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، پرسی کەمینە نەتەوەییەکان وەک هۆکارێکی ئەگەری گرژیی نێوان حکوومەتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەری هەڵدایەوە (Hanum, 1996: 53). لەدوای دامەزراندنی نەتەوەیەکگرتووەکان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو ململانێیانەی کە بەهۆی ناڕەزایەتیی کەمینە نەتەوەییەکانەوە دروست بووە، بەمەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، ئەم مافە بنەڕەتیانەی خوارەوە، کە کاکڵەی هاوبەشی سەرجەم پەیماننامەکانی پەیوەست بە پاراستنی کەمینە نەتەوەییەکان بوون، لەلایەن هەموو وڵاتانەوە قبوڵ کران: مافی هاووڵاتی بوون و داواکردنی ڕەگەزنامە؛ مافی ژیان و ئازادیی ڕادەربڕین؛ مافی ئازادیی باوەڕ و ئازادیی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی ئایینی و لە هەردوو بواری تایبەت و گشتیدا؛ مافی یەکسانی و جیاکاری نەکردن لەسەر بنەمای ڕەگەز و زمان و ئایین؛ مافی دامەزراندنی دامەزراوەی تایبەت بۆ بەکارهێنانی زمان و ئەنجامدانی کاروبارە ئاینییەکانیان و مافی هەبوونی سندوقی داراییی گشتی بە مەبەستی کاری پەروەردەیی، ئایینی یان خێرخوازی (وارنز، ٢٠٠١: ٥).

      بەپێی مادەکانی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا لە ساڵی 1948، جینۆسایدی فەرهەنگی و زمانی بریتییە لە " گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵان لە گروپێکەوە بۆ گرووپێکی تر" یان "پێشگرتن لە بەکارهێنانی زمانی ئەندامانی گرووپ لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانە یان لە قوتابخانەکان، یان لە چاپەمەنییەکاندا". هەروەها بڕگەی ١٠٧ی پەیماننامەی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٥٧، لە پێوەندی لەگەڵ ئەندامانی هۆز و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەیەک، پەروەردە بە زمانی دایکی خۆیان بە مافی ئەوان دەزانێت. جگە لەوەش، مادەی 5 (1)(c) پەیماننامەی یونسکۆ دژی هەڵاواردن لە بواری پەروەردەدا لە ساڵی 1960دا بەفەرمی دەڵێ: "ئەندامانی کەمینە نەتەوەییەکان مافی ئەنجامدانی چالاکیی و کاروباری پەروەردەیی، لەوانەش بەڕێوەبردنی قوتابخانەکان و بەکارهێنانی زمانی دایکیان هەیە". لە لایەکی دیکەوە، لە مادەی ٣٠ی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ لە ساڵی ١٩٩٠دا هاتووە کە "لەو وڵاتانەی کە کەمینەی ڕەگەزی، ئایینی و زمانییان تێدا دەژی، مافی ئەو منداڵانەی ئەندامی یەک لەم گرووپانەن، سەبارەت بە سوودوەرگرتن لە کەلتوور و دەربڕینی باوەڕ بە ئایینێک و ئەنجامدانی کاروباری ئایینی و بەکارهێنانی زمانەکەیان نابێت پشتگوێ بخرێت. جگە لەمانە، جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی ئەندامانی کەمینە زمانی، ئایینی و نەتەوەیییەکان لە ساڵی ١٩٩٢ وڵاتان پابەند دەکات بە پشتیوانی و پاراستنیان و هەروەها ئەڵێ: ئەبێ هەلومەرجی پێویست بڕەخسێت بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی ناسنامەی خۆیان و دابینکردنی زەمینە و دەرفەتی پێویست بۆ فێرکردن و فێربوون بە زمانی دایکی.

      "سکۆتناب کانگاس" بەپێی پێناسەی جینۆساید لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی ڕێگری و سزادانی تاوانی جینۆساید لە ساڵی ١٩٤٨دا، هەریەک لەم کردەوانەی خوارەوە بە جینۆساید پێناسە دەکات:

 أ) کوشتنی ئەندامانی گروپ

 ب) تووشکردنی برینداریی جەستەیی یان دەروونیی توند بەسەر ئەندامانی گروپەکەدا

 پ) داڕشتن و پلاندانان بۆ ئەو مەرجانەی دەبنە هۆی لەناوچوونی جەستەییی هەموو یان بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکە و سەپاندنی بەسەر ژیانیاندا

 ت) سەپاندنی شێوازەکانی ڕێگریکردن لە زاوزێکردن بەسەر ئەندامانی گروپەکەدا

 ج) جیاکردنەوەی منداڵان لە گروپێک و گواستنەوەیان بە زۆر بۆ گروپێکی تر؛ بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە ئەندامانی گرووپێکی نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئایینی.

 هەروەها بەپێی ئەنجامی توێژینەوەی کەیسەکان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان، پێی وایە پەروەردەی ناچاریی منداڵان بە زمانی غەیرە زگماکی لە قوتابخانەکاندا دەتوانێت ببێتە هۆی جیابوونەوەی منداڵان لە گروپێک و گواستنەوەیان بە زۆر بۆ گروپێکی زمانی تر. ئەمەش لەگەڵ پێناسەی جینۆسایددا یەک دەگرێتەوە و هەربۆیە خوێندن بە زمانێک جگە لە زمانی دایکی هۆکارێکە بۆ ئاسیمیلەکردنی زمانی و فەرهەنگی و ئەمە نموونەیەک لە جینۆسایدە (اسکوتناب کانگاس، 2010).

 

Wright, S. (2004) Language Policy and Language Planning. London: Palgrave.

Hannum, H. (1996) Autonomy, Sovereignty, and Self-Determination. Philadelphia: University of Pennsylvania Press.

Judge, A. (2000) ‘France: One state, one nation, one language?’ in S. Barbour and C. Carmichael (eds) Language and Nationalism in Europe. Oxford: Oxford University Press.

Preece, J. J. (1998) National Minorities and the European Nation-States System. Oxford: Clarendon.

Varennes, F. (2001) ‘The Linguistic Rights of Minorities in Europe’, in S. Trifunovska (ed) Minority Rights in Europe European Minorities and Languages. The Hague: Kluwer Law International.

Skutnabb-Kangas, Tove & Robert Dunbar (2010) Indigenous Children’s Education as Linguistic Genocide and a Crime Against Humanity? A Global View.

 

سەرچاوە:

زاهدی. صدیق. " آسیب شناسی آموزش اجباری بە زبان غیر مادری". فصلنامە فرهنگی هایا" . پاییز ١٣٩٣. شمارە ٧و٨ . ص ١٤٧  

 

 

KURDŞOP
397 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!