"ئەدیب" شاعیرێکی بە توانا و کەمتر ناسراوی موکریان

 شیعری مەلا ڕەسووڵ میراتی شیعری موکریانی دوای وەفاییی پێوە دیارە. بە داخەوە مەلا ڕەسووڵی ئەدیب بە هۆی نالەباریی ژیانی و ئەو هەموو ئاڵوگۆڕەی کە لە ژیانیدا بەدی هاتووە بەشێکی کەم لە شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.

دوکتور ئازاد موکری

 

شیعری کوردی لە موکریان لە دوو سەدەی ڕابردوودا، هێز و گوڕێکی زۆر باشی بە خۆوە دیتووە. ئەو ئاڵوگۆڕەی شیعری کوردی لە موکریان تێیدا بەدیهات و دواتر لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی ستاند، لە سەر دەستی شاعیری بەتوانا و گەورەی کورد "میرزا عەبدوڕەحیمی سابڵاغی" ناسراو بە "وەفایی" شکڵی گرت.

 هەر وەک دەزانین میرزا عەبدوڕەحیمی وەفایی سەد و سی و حەوت ساڵ لەوە پێش مردووە. واتە پێش ئەو سەدە و نیوە، وەفایی لەگەڵ کۆی ئەزموونە شیعرەکوردییەکانی پێش خۆی ئاشنا بووە و بە تایبەت ئاگای لە زمانی دژوار و پڕ لە پێچیاویی نالی و مەحوی بووە. لە لایەکی دیکەوە ئاگاداری شیعری پڕ ڕەمزوڕاز و عیرفانیی مەلای جزیری بووە. هەر دوو جۆر ئەزموونی شاعیرانەی شاعیرانی باسکراو لە دیوانی وەفاییدا دەتوانین ببینینەوە.

هەروەها وەفایی لەگەڵ ئەزموونی شیعری ئاشقانە و عارفانەی ئەدەبیاتی فارسی ئاشنا بووە و شاعیرانی وەک حافز و سەعدی و سەناییی غەزنەویی ناسیوە. جودا لەو بوارە، ئەدەبیاتی عەرەبیشی بە باشی زانیوە. کۆی ئەو ئەزموونانە کارێک دەکا کە وەفایی بناخەیەک بۆ شێوەیەک لە غەزەل و شیعری کوردی دابنێ کە شێوازێکە دەتوانین بە سەهلی مومتەنیع نێوی بەرین. واتە شێوازێکی بەڕواڵەت ساکاری لە بنەمادا دژوار.

کەسی سێهەم لە چەپەوە: وەفایی

 

وەفایی لەو شێوازە شیعرەیدا هەم ئەزموونی شیعری ئەویندارانەی کوردی بە چڵەپۆپەی خۆی گەیاند و هەم ئەزموونی شیعری عارفانەی کوردییشی پەرە پێدا. لە زۆر شوێنیشدا بە تێکەڵاوکردنی ئەو دوو ئەزموونە، جەهانبینی و شێوەڕوانینێکی تازەی بۆ ئینسان و دونیا خوڵقاند. کەسایەتیی وەفایی بە هۆی ئاوێتە بوونیشی لەگەڵ بنەماڵەی شێخانی نەهری و پێگەیەکی بەرز لە نێو ئەو بنەماڵە سیاسی و ئایینییەدا، کەسایەتێکی شۆێندانەر بوو. هەر بۆیە شیعری وەفایی بە زوویی لە موکریان و سەراسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە گشتی لە هەموو پارچەکانی کوردستان بڵاو بۆوە. لە لایەن زۆر یەک لە هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و میرزاکانی کوردەوە دەستنووس و نوسخەی لێ هەڵگیراوە و بڵاو کراوە. جودا لەوە وەفایی زۆر قوتابیی بەتواناشی پەروەردە کردوون کە یەکێک لەو قوتابییانە شاعیرێکی دەستڕەنگین و بەتوانا بە نێوی "مەلا ڕەسووڵی مەلا سادق" ناسراو بە "ئەدیب"ە.

مەلا ڕەسووڵی ئەدیب سەدەو نیوێک لەوە پێش هاتووەتە سەر دنیا. سەردەمی مێرمنداڵی و لاوێتیی مەلا ڕەسووڵ هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی پیریی وەفایی. مەلا ڕەسوول شاگردی وەفایی بووە. لە قوتابخانەی ئەو و لە مەکتەبی ئەو فێری شیعر و ئەدەبیاتی کوردی بووە. هەر بۆیە شاعیرێکی بە توانا و بە دەسەڵات بووە و زۆر شیعری نووسیوە کە لە ڕەوانی و جوانیدا شان لە شانی شاعیرە هەرە باشەکانی دوای وەفایی دەدەن.

چون هەر وەک دەزانین وەفایی بە پەرەپێدەری شیعری قوتابخانەی بابان لە موکریان دەزانن و لە نێو قوتابیانی ئەو قوتابخانە شیعرییەدا ناوی زۆر شاعیری وەک میسباحودیوانی ئەدەب و حەریق و تاد دەبەن. بەڵام بە هۆی ئەوەی درەنگ و پرش و بڵاو شیعری ئەدیب بڵاو بۆتەوە، کەمتر ناوی ئەو شاعیرە لێهاتوویە هاتووە.

 شیعری مەلا ڕەسووڵ میراتی شیعری موکریانی دوای وەفاییی پێوە دیارە. بە داخەوە مەلا ڕەسووڵی ئەدیب بە هۆی نالەباریی ژیانی و ئەو هەموو ئاڵوگۆڕەی کە لە ژیانیدا بەدی هاتووە بەشێکی کەم لە شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە.

مەلا ڕەسووڵی ئەدیب

 

 ئەو دیوانەی لە مەلا ڕەسووڵی ئەدیب بڵاو بووەتەوە سەرجەم شازدە شیعری لەخۆ گرتووە. بە پێی نەریتی ڕوانین بۆ پیتی ئاخری سەروای شیعرەکان، بۆمان دەردەکەوێ کە گیوی موکریانی کە بۆ یەکەم جار شیعرەکانی مەلا ڕەسووڵی ئەدیب کۆ دەکاتەوە و چەپکێک لە شیعرەکانی لە برازایەکی مەلا ئەدیب وەردەگرێ، تەنیا بەشێک لە دیوانی ئەدیب لە لایەن برازاکەیەوە دەدرێ بە گیوی موکریانی. چون بە پێی نەریتێک کە لە دیوانی شاعیرانی کلاسیکدایە، شاعیرانی کلاسیک و بە تایبەت شاعیرانی بەتوانای وەک مەلا ڕەسووڵ کە زمانێکی پاراو و تەبعێکی ڕەوانیان بووە، لە هەموو پیتەکانی سەروا کەڵکیان وەرگرتووە و شیعریان هۆنیوەتەوە.

بەڵام لەو شازدە شیعرەی مەلا ڕەسووڵی ئەدیبدا بەو جۆرە دەتوانین پیتەکانی سەروا بناسینەوە: سێ شیعریان پیتی ئاخری سەرواکەیان ئەلفە. سێ شیعریان پیتی سەروایان ڕێیە. دوو شیعریان پیتی ئاخری سەرواکەیان میم و نوونە. شەش شیعر پیتی سەرواکەیان هێیە و دوو شیعریش پیتی سەروایان بە ی تەواو کراوە. واتە تەنیا شەش دانە پیتی سەروا لە شیعرەکانی مەلا ڕەسووڵی ئەدیب کەوتوونەتە دەست گیوی موکریانی و بڵاوی کردوونەتەوە و باقی شیعرەکانی نەکەوتوونەتە دەست ئەو توێژەرە کە بڵاویان بکاتەوە. هەر ئەو چەند شیعرە کەمەی مەلا ڕەسووڵیش نیشان دەدا ئەدیب شاعیرێکی بە دەسەڵات بووە.

 مەلا ڕەسووڵ کە ساڵی هەزار و هەشت سەد و حەفتا و چواری زایینی لە ئاوایی شاوەلەی نەغەدە لە دایک بووە، خوێندنی خۆی بە زمانی عەرەبی و فارسی و کوردی لە مزگەوت و حوجرەکانی ئەو سەردەم دەست پێ کردووە. تا دەگاتە ئاستێک کە لە لای وەفایی، شاعیری بە توانای کورد، دەبێتە فەقێ و لە لای ئەو قورئان و ئەدەبیات و بە تایبەت شیعر فێر دەبێ. دواتر ئەو شاعیرە بە شوێن بژیوی ژیانیەوە لە چەند ئاوایی وەک میرزا و مەلای ئاوایی دەست بەکاردەبێ. بۆ وێنە لە ئاوایی پەسوێی پیرانشار دەبێتە مامۆستا و وانەبێژی کوڕەکانی قەرەنی ئاغای مامەش. دوای ماوەیەک ڕوو لە ئاوایی سەرگیزی شاری شنۆ دەکا و دەبێتە مامۆستای کوڕەکانی عەبدوڕەحمان ئاغا. بەڵام لەگەڵ هیچ یەک لەو ئاغایانە ناحاوێتەوە و سەرەنجام لەلایەن ئەو ئاغایانەوە سووکایەتی پێ دەکرێ و لە تەمەنی پەنجا و هەشت ساڵیدا کۆچی دوایی دەکا.

قەرەنی ئاغای مامەش و عەلیی کوڕی

 

ناسراوترین شیعری مەلا ڕەسووڵی ئەدیب غەزەلێکە بە نێوی "چاوەکەت مەستە بە ناهەق فێری مەیخانەی مەکە". ئەو غەزەلە کە غەزەلێکی دوور و درێژە، زمان و داڕشتنی تایبەتی شاعێرێکە کە هەموو زەرفییەتەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردیی دەرک کردووە. دیارە مەلا ڕەسووڵ جودا لەو غەزەلە چەند غەزەلی دیکەی لە شازدە شیعرە بە جێماوەکەی هەیە کە هەموویان نموونەی باشی غەزەلی پاش وەفایین و شان لە شانی شیعرەکانی وەفایی دەدەن. بەڵام مەلا ڕەسووڵ شاعیرێکی پڕ کار بووە. شیعر لای ئەو تەنانەت ئەو سەردەمەی کە وەک کەرەسەش کەڵکی لێ وەرگرتووە پێکهاتەیەکی پیرۆز و پتەوی بووە. مەلا ڕەسووڵ چەند هەجویەی هەیە کە لەو هەجویانەشدا هەوڵی داوە ئەو پەڕی سەنعەت و جوانکاریی شیعری بەکار بێنێ. هەروەها دەسەڵاتێکی یەکجار زۆری بووە لە قالبی پێنج خشتەکیدا کە هەم بۆ خۆی چەند پێنج خشتەکیی سەربەخۆی هەیە و هەم پێنج خشتەکی لەسەر شیعری شاعیرانی دیکە بۆ وێنە تاهیر بەگی جاف داناوە.

ناکرێ شاعیرێک کە ئەوەندە زمانزان و جواننووس بووبێ و لەهەمان کاتدا کار و باری ڕۆژانەی بە شیعر دەربڕیبێ تەنیا ١٦ شیعری بووبێ. بۆ وێنە مەلا ڕەسووڵ هەجوی مەلایەک دەکا بە هۆی ئەوەی سووکایەتییان پێ کردووە و بە ناوی خوازراوەوە شیعری بۆ نووسیوە.

لەو شیعرەدا دەسەڵاتی زمانی و نەترسیی شاعیر لە دەربڕیندا دەردەکەوێ:

مەعلوومە کە لەم مەفسەدە کێ ئەسس و ئەساسە

تەرزی مەسەلە، جێی سمی کەر، چنگی هەیاسە

وا نیمە بە کوردی، تەڕەفی خۆم کە نەناسم

ڕووی دیارە لەبن پەردە، وەکوو ئاسوپەڵاسە

مەعلوومە بە قووەی کلک ئێسک دەشکێنێ

بێچارە برایم نییە، بەو هۆش و هەواسە

بێ سڕ نییە ئیخفایی تەخەللوس لە هیجادا

جاکێشیی و گەووادییە ئەم ترس و هەراسە

هاجی تەڕەفی من، کەرە، مونشی بێ چ کاتب

هێند ئەحمەقە، بۆی واجبە مەهمیز و قەراسە

بێ تەبع و هەوایە، بە کەری بێتە مەسافم

شیعرم وەکوو شێست تیرە، موقابیل بە مەساسە

نامونتەزەمە، شیعری نەفامانەیی جاهیل

وەک جندە موباهاتی بە گاندان و لیباسە

تەبعی کەچی وەک جەوهەری جوو بوو وەدەری خست

گەر چاری نەما جندە سیلاحی کەتە داسە

تەعقیبی مەکە چیدی ئەدیب، بەم قەڵەمی هەجو

دوژمن کە بە ئەو تەعنە لەنێو ژانی نیفاسە

 

یان لە شیعرێکی دیکەیدا هەجوی ئاسنگەرێک دەکا کە درەنگی کار و باری ئەو ڕاپەڕاندووە.

 

 گلەیی نامەیەک بۆ قەرەنیاغا دەنووسێ بە هۆی بێ مەیلی و بێ وەفایی قەرەنی ئاغاوە. ئەو شیعرە دەسەڵاتی زمانی و لەهەمان کاتدا بوێریی مەلارەسووڵ نیشان دەدا.

 

تۆ لەلایێکی دەڵێی ئەهلی دڵ و ویجدانم

خاسسە مەنسووبی زەکی خاکی شەهی بورهانم

ئەڕشەدی موکری و بەگزادەیی ئەکڕادی نەجیب

ئەعقەلی مەنگوڕ و پیران و شنۆ و لاجانم

پڕ خوشووع و وەڕەع و ڕازیی و تەسلیمی قەزا

سۆفییی سافی دەروون، دوور لە درۆ و بوختانم

مونکیری تاعەتی تۆ نیمە، لە قەول و عەمەلت

کە مونافینە لە یەک، مەحتەل و سەرگەردانم

کەی منت دیت بە دوو چاوت، لە خەتا و جورم و گوناهـ

وا بە تەقلید و هەوا کەوتیە دووی خیزلانم

خزمەتم کردی زەمانێکە قەدیم، هەم بەڵەدی

با حوقووق و بەوەفا، خۆش سیفەت و ئینسانم

سووئی زەننی تۆ لە کەم لوتفییە دەرحەققی ئەدیب

وەرنە مەعلوومە «ئەدیب» موخلیسی ئاغایانم

ئەوانە نیشان دەدا کە شیعر لای مەلا ڕەسووڵ کارێکی بەردەوام و ڕۆژانە بووە و بە داخەوە بەرهەمەکانی تێداچوون و ڕەنگە ئێستاش باقیی شیعرەکانی بە دەست کەسوکارییەوە مابن.

KURDŞOP
784 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!