مەلای جزیری لە ئاسمانەوە تا زەوین - بەشی 1

ئەدەبیاتی عیرفانی لە نێو کورددا، پێشینە و مێژینەیەکی زۆری هەیە. ئەو چەشنە لە ئەدەبیات لە شیعری شاعیری گەورەی کورد "مەلای جزیری"یەوە دەست پێدەکات. لە غەزەل و قەسیدەکانی مەلای جزیریدا، ئەوپەڕی ئەوینی عارفانە و ڕوانینی عاشقانە بۆ دیاردە سەروسرووشتییەکان دەبینین.

 

دوکتور ئازاد موکری

 

مەلای جزیری و دەست ڕاداشتن بەرەو ئاسمان:

ئەدەبیاتی واتاپەروەر و عیرفانی، پێشینە و میژینەیەکی زۆری لە ئەدەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە ناو عەڕەب و فارس و کورددا هەیە. لەو چەشنە لە ئەدەبیاتدا، شاعیران و نووسەران بەردەنگ و سووژەی سەرەکییان بوون/ بووندار/ زاتێکە کە ناکرێ لە هیچ چوارچێوەیەکی تایبەتدا وێنای بکەی. بەڵکوو تەنیا دەتوانین شیمانەی ئەوە بکەین کە ئەو بەردەنگ/سووژەیە گرینگ، مەزن، بێ خەوش، هەڵە و ڕەخنە هەڵنەگرە.

بە گشتی ئەو بەردەنگە کە شاعیران، ئەویندارانە لەگەڵی دەدوێن و ڕاز و نیازی لەگەڵ دەکەن، دەسەڵاتێکی سەرووتر لە مرۆڤی ئاساییی هەیە. لەیەک کاتیشدا مایەی هەموو خۆشی و دڵخۆشییەکانی شاعیرە و بناخەی هەموو ناکامی و ڕۆژە ڕەشییەکانیشێتی.

ئەو بەردەنگە تایبەتە کە شاعیر لەگەڵی دەدوێ و لە وەسفی تێر نابێ کێیە؟

نە شاعیر خۆی دەزانێ و نە هیچ خوێنەر و توێژەرێکیش. واتە کەسێکی تایبەت نییە و هەموو کەسێکیشە. هەموو نموونە و سەرچەشنێکی جوان و بێ خەوشە. ئەفلاتوون گوتەنی سەرچەشنی هەرە بەرزی زاتێکی بەدیهێنەرە. بەڵام دەکرێ مەبەست ئەویش نەبێ. ئەوەندەی هەیە کە ئەو ڕووگەی گوتار و خۆشی و ئازارە، پێی لەعەرزی بڕاوە. ناکرێ "کەس/ ناکەس"ێکی وا نیشتەجێی هەر ئەو شوێنەبێ کە مرۆڤی ئاسایی لێی دەژی. ئەو سەرچەشنە بە هێز و نموونەییە سەرچاوەی ئیلهامی زۆریەک لە شاعیران بووە و ئەو چەشنە ئەوینەش بە ئەوینی عیرفانی ناوبراوە.

ئەدەبیاتی عێرفانی لە نێو کورددا، پێشینە و مێژینەیەکی زۆری هەیە. ئەو چەشنە لە ئەدەبیات لە شیعری شاعیری گەورەی کورد "مەلای جزیری"یەوە دەست پێدەکات. لە غەزەل و قەسیدەکانی مەلای جزیریدا، ئەوپەڕی ئەوینی عارفانە و ڕوانینی عاشقانە بۆ دیاردە سەروسرووشتییەکان دەبینین. شیعری مەلای جزیری جودا لەوەی شیعرێکە لە باری پێکهاتەوە بە هێزو پتەوە، لە بواری  واتاشەوە شان لە شانی شیعری باشترین شاعیرانی ناوچە دەدا. بۆ وێنە غەزەلەکانی هاوتای غەزەلی حافزی شیرازییە و وەکی بۆ خۆشی ئاماژەی پێدەکا زمان و بیری شاعیرانەی حافزی بەدڵ بووە. بەڵام شێوازی دەربڕینی ئەوین و سۆز لە دەقی مەلای جزیریدا، شێوازێکی یەکجار جیاوازترە لە شاعیرانی کورد و شاعیرانی فارسیش. ئەوینێک کە لە شیعری ئەو دایە ئەوینێکە پسپۆڕ و لێزانانی بواری ئەدەبیات دەبێ بگەڕێن تا بوار و وارێک کە ئەو ئەوینە دەیگرێتەوە دیاری بکەن. واتە دەستنیشانکردنی جوغڕافیای ئەوینی جزیری ڕەنگە دژوار بنوێنێ. شیعر و  قەسیدەی ئەو لە بواری عیرفانیشدا، شیعر و قەسیدەیەک نییە کە دروشمی پێوە دیاربێ. بەڵکوو بە شێوەیەکی ڕەمزی و نومادین خوێنەر دەتوانێ تێبگا یا ببینێتەوە کە مەلای جزیری لە کام بواردا شیعری نووسیوە. ئایا ئەوینێک کە ئەو هەڵیبژاردووەوە یان ئاراستەیەک کە ئەو گرتوویەتە بەر، ئاراستەی ئەوینێکی ئینسانییە یا ئەوینێکی ئاسمانی؟ واتە مەلای جزیری لە نێوان ئەو دوو بوارەدا شیعرەکانی لە هاتوچۆدان و خوێنەر بە پێی ڕەمز و نیشانەو کۆی ئەو دەستەواژە و واتا فەلسەفی و عیرفانییانەی کە لە شیعرەکانیدا دەکاری کردوون، تێدەگا کە مەلای جزیری لە کام ئاراستەی فکرییەوە ئەو شیعرەی نووسیوە. ئایا شیعرەکەی شیعرێکی عیرفانی و ڕوو لە ئاسمانە یا شیعرێکی زەمینی و ڕوو لە ئینسانە.

دەستنیشانکردنی ئەو جیاوازییە لە شاعیرانی مامناوەنددا کارێکی سانایە. چون ئەو شاعیرانە ناتوانن پێچیاو بنووسن. لەهەمان کاتدا، ناتوانن مەبەست لە خوێنەر بشارنەوە. بەڵکوو بە شێوەیەکی دروشم ئاسا واتا و مەبەست بە دەستەوە دەدەن و خوێنەر تێدەگا کە شاعیر لەکام بواری ماناییدا دەقی خوڵقاندووە. بەڵام شاعیری کارامە و جوانیناس و جوانینووس هەروا ساکار دەقی خۆی بەدەستەوە نادا. مانا و کاكڵی مەبەست درەنگ دەستەمۆ دەبێ و لە توێی دونیایەکی نیشانەیی و خوازییدا دەیشارێتەوە. هەر بۆیە خوێنەری بزان و وردبینی دەوێ کە دەقەکە لەبەر یەک هەڵوەشینێ تا جارێکی تر بتوانی بە خستنەوە سەریەکی جومگە جوداکانی دەق ناوەندی واتایی دەق بدۆزێتەوە.

نموونەی هەر دوو ئاراستەکە واتە ئاراستەی ڕووەو ئاسمان و ئاراستەی ڕووەو زەوین دەتوانین لە زۆر شیعری مەلای جزیریدا ببینینەوە.

وەکی باس کرا لە ڕووتترین شیعرەکاندا کە شاعیر هەر لە سەرەتاوە دەیهەوێ دەق بە دەست خوێنەرەوبدا، مەلای جزیری ئەو کارەی نەکردووە. بۆ نموونە کۆی ئەو شیعرانەی بۆ مەدحی پێغەمبەر دەنووسرێن، چون شاعیر لەسەرەتاوە مەبەستی بۆ خوێنەر بەدەستەوە داوە نابێ کەشف و دەرخستنی دەق بۆ بەردەنگ کێشەدار بێ. کەچی لە دەقی مەلای جزیریدا وانییە.

واتە مەلای جزیری تەنانەت لەو شیعرانەدا کە بە شێوەی نەریتی بۆ پێغەمبەر و خوداشی نووسیون، حەولی داوە زیاتر لەو دەستەواژە و وشانە کەڵک وەربگرێ کە بە شێوەی ڕەمز و نۆماد، جێگە و پێگەی کەسایەتیەک بەیان دەکەن و لە ڕێگای تەئویل و ڕاڤەوە ئێمە دەتوانین دەستنیشانی بکەین کە مەلای جزیری مەبەستی چ بووە. بۆ وێنە لە قەسیدەی "ئیکسیری ئەوین"دا

 ئیسمی تەیە مەکتوب ددیوانی قیدەمدا

حەرفەک قەڵەمی عیلم بتەقویم ڕەقەمدا

ئەشکال و خەتەن دائیرەی نوختەیی عیلمن

ئەو نەقش و میسالن دە خەیاڵاتێ عەدەمدا ...

 

لێرەدا شاعیر لە پێغەمبەر دەدوێ، بەڵام بە هیچ چەشنێک حەولی نەداوە کە ڕاستەوخۆ ئەو تایبەتمەندییانەی دەبێ بۆ پێغەمبەر وەک کەسێکی پیرۆز بێنێتە بەرباس، بخاتە ڕوو. بەڵکوو لە دونیایەکی نۆمادین و نیشانەیی و لە خوازە عیرفانییەکان کەڵکی وەرگرتووە. واتە ئەو نیشانە و نومادانەی کەسێکی پیرۆز نیشان دەدەن. هەندێک نیشانە دەکار دەکا کە لە جەغزی نیشانە ئایینییەکان دان. بۆ وێنە فیدەم، لەوحی مەحفووز، ئەڕواحی موقەددەس، شەبی قەدر و ...

لێرە لە بەینی دەستەواژەکانی وەک (موقەددەس و شەوی قەدر و میسباح و حەرام  و ...) ئەو پێک هەڵکردن و ڕێکهاتنێکی سەیر لەئارادیە، ئەو پەیوەندییە کە لە بەینی وشەکاندا هەیە دەبێ بدۆزرێتەوە تا دەق خۆ بەدەستەوە بدا. باسی کەسێک دەکات کە دونیایەکی موقەددەسی بە دەوردا هەیە. دەی ئەو دونیا موقەدەسە باسی شەوی قەدر و حەرەم و زۆر شتی دیکەسی تێدایە. هەمووی ئەوانە کۆمەڵە وشەیەکی نۆمادینن کە کەسێکی وەک مەلای جزیری بۆ ئەوەی دوورکەوێتەوە لە زمانی ڕووت و ئاسایی و کلیشەیی مەدح بە کاری بردوون. 

لە دوا دێڕی ئەو قەسیدەیەدا دەبێژێ:

میننەت ژ خودایێ کو ب عەبدی خۆ مەلایێ

ئیکسیری غەمی عیشق نە دینار و درەمدا

دیسان ئەو "ئیکسیری غەمی عیشق"ەی کە ئەو باسی دەکا، ئیکسیرێکە کە وەدەست ناکەوێ. چۆن ئیکسیر شتێکە دەست وێی ڕاناگا. عیشقی ئاسمانی شتێکی دوورە دەستە. مەلای جزیری حەولی داوە بە شێوەیەک لە قەسیدەکانی دیکەشدا ئەو پێوەندییە لە زۆربەی قەسیدەکانیدا ڕەچاو بکا. واتە ئەو شێوەیەک ئەوینی هەڵبژاردووە کە ئەو شێوە ئەوینە، دەتوانین ئاماژەکانی ئەوینێکی سەروسروشتی بۆ دیاری بکەین.

بەڵام مەلای جزیری تەنیا لەو بوارەدا نەماوەتەوە. ئەو ئەوینی زەمینی و ئینسانیشی لە شیعرەکانیدا باس کردووە کە گرینگترین بەڵگە و نیشانە ئەو قەسیدە دوور و درێژ و ناباوانەیە کە لە مەدحی ئینسانێکی تایبەتدا نووسیونی.

KURDŞOP
1138 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!