لە "کۆماریخوازی"ی شاعیرانی کوردەوە بۆ "ئانتی‌کۆمار" بوونی شاعیرانی فارس

هەڵسەنگاندنی دوو شیعر کە لە سەردەمێکدا بۆ سیستەمی کۆماری نووسراون لە لایەن شاعیرێکی ناوەندنشینی وەک میرزادەی عیشقی و شاعیرێک کە لە شارێکی دوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، زۆر شتی تازەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بە هۆی ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان هەر لە پێش شۆڕشی مەشڕووتەی ئێرانەوە، پێکهاتەیەکی سیاسی بوو، خەڵکی چاکتر لە گەندەڵییەکانی سیستەمی پاشایەتی دەگەیشتن.

دوکتور ئازاد موکری

کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، هەم لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەم لە ئەدەبیاتی ئەو جوگرافیایەدا، گۆڕانکاریی گەورە بەدی هات. ئەو گۆڕانکارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی هات، یەکێک لە ئاکامەکانی ڕەوتی بەجیهانیبوون یا گلۆبالیزەیشن بوو. دیارە گلۆبالیزەیشن یا بەجەهانیبوون ڕەوتێک بوو کە ئەندیشەی هەموو گەلانی جیهانی بۆ یەکتری ڕاگوێست. ئەو پرۆسەی ڕاگوێستنە لەو وڵاتانەی دەستیان بە ڕاگەیەنە گشتییەکان و ڕۆژنامە و کتێب و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن ڕادەگەیشت، ڕەوتێکی خێراتری هەبوو. بەڵام بۆ وڵاتێکی وەک ئێران و پارچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو جوگرافیایەدا بوو، بە هۆی ئەوەی دەرفەتەکانی ڕاگوێستنی زانیاری لە ئاستێکی بەربڵاودا نەبوون، شەپۆلەکانی بەجیهانیبوون درەنگتر ئەو ناوچانەی گرتەوە.

یەکێک لە ئاکامەکانی ئەو شەپۆلی بەجیهانیبوونە، ناسینی شێوازێکی جیاواز لە ئەدەبیات و بە تایبەت لە ئەدەبیاتی سیاسیی ناوچەدایە. "یوونس ڕەزایی" لە وتاری "رەوتی نوێبوونەوەی ئەندێشەی شێعری کوردی"دا، بە وردی ئەو بابەتەی باس کردووە. تا پێش ئەو ڕووداوە، واتە پێش ئەوەی ئەندێشە ڕۆژئاواییەکان لە ڕێگای ڕۆژنامە، کتێب، ڕاگەیاندن و هەروەها لە ڕێگای سەفەری گەشتیارە بیانییەکانەوە یان بەهۆی سەفەری گەشتیارە ناوخۆییەکان بۆ دەرەوە، بێتە ناو بیری کۆمەڵگاوە، ناوەرۆکی ئەدەبیات لە وڵاتی ئێران بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ناوەرۆکێک بوو کە گرێدراوی هەزار ساڵ نەریتی بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد و مرۆڤی ئێرانی بوو. ئەو بنەمایانەی ئەدەبیاتی لەسەر دامەزرابوو بریتی بوون لە ئەویندارییەکی سەروو سروشتی، کە تێیدا مەودای نێوان عاشق و مەعشووق ئەوەندە هەراو بوو کە نەدەکرا سەرچەشنی ئەو مەعشووقەی ئەدیب و شاعیران باسیان دەکرد، لە سەر عەرز ببینییەوە. واتە ئەدەبیات بە گشتی پێیەکی لە حەوا دابوو و کەمتر وابوو پێی لەسەر واقیعەکانی ناو کۆمەڵگا بەندبێ.

 لە لایەکی دیکەوە ئەمری واقیع و نواندنەوەی لە ئەدەبیاتدا، وەک کارێکی نائەدەبی و بەدوور لە هونەر چاوی لێ کراوە، هەر بۆیە کەمتر وا هەیە لە ئەدەبی نەریتیی کورد و فارسدا ڕووی ڕاستەقینەی ژیان و واقیعی کۆمەڵگا ببیندرێ. ئەگەرچی لە هەر دوو واری ئەدەبی فارسی و کوردیدا، نموونەی هەڵوارتە هەڵدەکەوێ کە شاعیر و نووسەران جەختیان لەسەر ئەمری واقیع کردبێتەوە و ئەو بابەتەیان کردبێتە هەوێنی دەقەکانیان. بەڵام بە گشتی ئەو ئاراستەیە نەبووە بە گوتارێکی باو و زاڵ. بەڵام وەکی باس کرا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەوە، ئەدەبیاتی کوردی و فارسی لەو ڕێڕەوەی پێشوو لایاندا.

لەو سەردەمە بەدوا، ئەدەبیات توانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کەڵک لە واتا و چەمکی زانستەکانی دیکە و بە تایبەت زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان وەربگرێت. نووسەران و شاعیرانی کورد وێڕای نووسەران و شاعیرانی ئێران، واتا و بابەتە سیاسی و چەمکە کۆمەڵناسییەکانیان کردە ناوئاخنی شیعرەکانیان و ئەو ڕەوتە ڕەوتێک بوو کە بە ڕەوتی  "وەخەبەرهێنان" یا "بە ئاگاکردنەوە"ی کۆمەڵگا ناسراوە. چۆن شاعیران و نووسەران، لە پلەی کەسانێک کە ئیلهامیان بۆ دێت و پەیوەندیی سەروو سروشتییان هەیە، دابەزینە خوار و وەک ڕێبەرانی پێشەنگی بیر و سیاسەتی کۆمەڵگا بانگەشەیان بۆ ئەو بابەت و واتایانە دەکرد کە لە بواری فەلسەفە و کۆمەڵناسی و سیاسەتدا برەویان پەیدا کردبوو. یەکێک لەو واتا گرینگ و پڕبایەخانە، واتا و پێکهاتەی "کۆماریخوازی" لە بەرابەر واتا و سیستەمی پاشایەتیدا بوو.

لە نێو شاعیرانی فارسدا یەکەم شاعیرێک کە ئاوڕی لە واتای کۆماریخوازی داوەتەوە، شاعیرێک بوو بە نێوی "میرزا ئەبوولقاسمی کوردستانی" ناسراو بە "میرزادەی عیشقی". میرزادە خوێندەوارێک بوو کە لە زانکۆکانی ئەستەمبوڵ دەرسی خوێندبوو، بەڵام گەڕانەوەی بۆ ئێران هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای گۆڕانکارییە گەورەکان لە بیری مرۆڤی ئێرانیدا. هەر بۆیە میرزادەی عیشقی لە پێکهاتەی سیاسیی ئێران ورد بووەوە. هەر لەو سەردەمەدا تاقمێک لە پیاوانی سیاسیی ئێران حەولیان دەدا لە بەرابەر سیستەمی سیاسیی پاشایەتیدا کە حوکمڕانیی دەکرد، سیستەمی کۆماری دابمەزرێنن. میرزادەی عیشقی لە بەرابەر ئەو کەسانەدا ڕادەوەستێ و بەجێی ئەوەی کەسایەتی و شێوەی ڕوانین و پێشینە و تواناییەکانی ئەوان بداتە بەر ڕەخنە، گاڵتە بە سیستەمی کۆماری دەکا.

میرزادەی عیشقی کە خۆی بە پێشەنگی نوێبوونەوەی شێعری ئێرانیش دەزانی، زۆر نەشیاوانە تانە لە کەسانی کۆماریخواز دەدا و تەنانەت بەو بۆنەیەوە سووکایەتی بە خەڵکی کورد دەکا کە خۆیان پێ لایەنگری سیستەمی کۆمارییە:

میرزادە لە شێعرێکیدا ئاوا باسی کۆماری دەکا؛

"کە باسی کۆماری دەکرێ

خەڵکی ئێران بۆی کەر دەبن

لەبەریان دەکەم گیا و تفاق و

وەک کەر هەوساریان لە مل دەکەم..."

بە کورتی ئەو شاعیرە فارسی بێژە کۆماریخوازی بە ڕێگایەک بۆ کەر کردن و فریودانی خەڵک دەزانێ.

 

هەر لەو سەردەمەدا شاعیرێکی کوردی خەڵکی شاری مهاباد بە نێوی "مەلا مارفی کۆکەیی" کە ئەویش  لە دەست سیستمی ڕزیو و کۆنە پەرستانەی پاشایەتی  وەزاڵە هاتبوو،  شیعرێکی جیاواز و موژدە بەخشانە و تێگەیشتووانە لە مەڕ سیستەمی کۆمارییەوە دەنووسێ. هەڵسەنگاندنی دوو شیعر کە لە سەردەمێکدا بۆ سیستەمی کۆماری نووسراون لە لایەن شاعیرێکی ناوەندنشینی وەک میرزادەی عیشقی و شاعیرێک کە لە شارێکی دوور لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، زۆر شتی تازەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. بە هۆی ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان هەر لە پێش شۆڕشی مەشڕووتەی ئێرانەوە، پێکهاتەیەکی سیاسی بوو، خەڵکی چاکتر لە گەندەڵییەکانی سیستەمی پاشایەتی دەگەیشتن. لەو نێوەدا شاعیران و نووسەرانی کورد پێشەنگی برەودان بە ئەندێشە مودێرنەکان و لە نێو ئەواندا ئەندێشەو پێکهاتە سیاسییە تازەکانی جیهان بوون.

مەلا مارفی کۆکەیی لە شیعری "وەرن بیکەین بە جومهوری"دا، نە تەنیا گاڵتە بە ناوەرۆک و پێکهاتەی کۆماری ناکا، بەڵکوو لە پێشدا سیمای وڵاتێک دەنەخشێنێ کە لە ژێر سێبەری شەوێکی خەستدا گیری کردووە. واتە بە شێوەی خوازەیی و ئیستیعاری باسی ئەوە دەکات کە سیستەمی پاشایەتی سیستەمێکە کە مرۆڤەکان تێیدا لە تاریکایی و بێدەرەتانی و ناخۆشیدا دەژین.

بەڵام لە کۆتاییدا مەلا مارف داوای ئەوە دەکات کە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو وڵاتەی کە تاریکاییی پاشایەتی باڵی بە سەردا کێشاوە، دەبێ خەڵکی هاودەنگ و هاوئاهەنگ، دەنگ هەڵبڕن و بەشداری بکەن لە پێکهێنانی سیستەمێکی تازەدا، تا وڵات ڕووناک داگەڕێت. ئەو سیستەمە ڕووناکیبەخشەش بە کۆماری یان جومهووری دەزانێ:

" برا بیری چرایێکی بکەن، تاریکە شەو دادێ

قیامێکی بکەن تێکڕا، وەرن بیکەین بە جومهووری."

KURDŞOP
772 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!