ئەڤین تەیفوور
وێنە و ڕەنگ یەکێکە لە توخمە گرینگەکانی ئەدەبی منداڵان. وێنەکە وردەکارییەکانی چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە و بەپێی ڕووداوەکانی چیرۆکەکە ڕۆڵ دەگێڕێت؛ واتە ئەو دەقەی نووسەر دەینووسێت، وێنەکێش ئەو دەقە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دەکێشێت. بۆیە کاتێک منداڵان سەرەتا کتێبێکی چیرۆکیان دەست دەکەوێت، سەرەتا سەیری ڕەنگ و وێنەی سەر بەرگی کتێبەکە دەکەن و دواتر کتێبەکە دەکەنەوە و دەچنە نێو خەیاڵی وێنە و ڕەنگەکانی نێویەوە.
ئەو وێنە ڕەنگاوڕەنگانە کاریگەرییەکی ناوازەیان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و ئەمەش لە منداڵانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە: "ڕۆژێک دایکی کچێکی تەمەن ٧ ساڵان، هەموو تابلۆکانی ژووری کچەکەی کە پڕ لە ڕەنگی جیاواز بوون، بۆ پێشانگەیەکی وێنە برد، دوای چەند ڕۆژێک بینی کچەکەی چیتر قسە ناکات. دایکەکە لە بارودۆخی کچەکەی زۆر ترسا و بردی بۆ لای پزیشکێک. بەڵام پزیشکەکە پێی گوت کە کچەکە هیچ نەخۆشییەکی نییە، ڕەنگە دۆخی دەروونیی باش نەبێت، بۆیە قسە ناکات. دایک هەرچییەکی بۆ کچەکەی کرد، قسەی نەکرد. دایکەکە دەڵێت، ڕۆژێک دوای ئەوەی کارم بە تابلۆکان تەواو بوو و گەڕاندمەوە بۆ ژووری کچەکەم، بینیم دوای ماوەیەک کچەکەم دەستی بە قسەکردن کردەوە." منداڵان ڕەنگە نەتوانن هەست و داخوازیی خۆیان شی بکەنەوە، بەڵام کاتێک شتێک کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات، یەکسەر ئەو کاریگەرییە لەسەر ڕەفتار و دەروونی منداڵەکە دیار دەکەوێت. بۆیە مرۆڤ لەم جۆرە چیرۆکانە فێر دەبێت کە ڕەنگ و وێنە چۆن کاریگەریی لەسەر منداڵان هەیە.
دەروونناس و مامۆستای دەروونناسی، بانگین عەبدوڵڵا، دەڵێت: "منداڵ یان مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبن، هەندێکیان بە بینین کاریگەرییان لەسەر دادەنرێت، هەندێکیان بە گوێگرتن کاریگەرییان لەسەر دادەنرێت و هەندێکیشیان بە هەستەکانیان کاریگەرییان لەسەر دادەنرێت."
لە ڕاستیدا منداڵان هەستیارن و خەیاڵی بێ سنووریان هەیە. ئەوان بە هەستەکانیان سەیری شتەکانی دەوروبەریان دەکەن و دەکەونە ژێر کاریگەرییانەوە. و لەبەر ئەوەی منداڵان هەمیشە وەک کەسانی دەوروبەریان ڕەفتار دەکەن، واتە لاسایییان دەکەنەوە، ئەم کاریگەرییە دەتوانێت لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنیی لەسەر داهاتووی منداڵەکان هەبێت. بۆیە کاتێک چیرۆکەکان بە وێنە و ڕەنگی تەواوەوە پێشکەشی منداڵان دەکەین، ئەوان خۆیان لە کارەکتەرەکانیدا دەبیننەوە و کاریگەرییان لەسەر دەبێت. منداڵان زۆر پرسیارکەرن، هەرچی دەیبینن لێی دەپرسن: ئەمە چییە، چۆن دروست بووە، چۆن وەهایە و چەندین پرسیاری دیکە. بۆیە لێرەدا دەتوانین ئەم چەند پرسیارە لە خۆمان بکەین. ئەو نووسەرانەی بۆ منداڵان دەنووسن تا چەند بیر لە منداڵ، خەیاڵ، هۆشیاری، ڕەفتار، وێنە و تێگەیشتن لە منداڵان دەکەنەوە؟! ئەو وێنەکێشەی کە قسەکانی نووسەر بۆ وێنە دەگۆڕێت، تا چەند لە زانستی وێنەی منداڵان تێگەیشتووە؟ واتە کاتێک نیگارکێش هیچ پەیوەندییەکی بە دەروونناسیی منداڵانەوە نەبێت، منداڵەکان ڕقیان لەو وێنانە دەبێتەوە کە دەیکێشێت، یان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دەبێت و ئەو کاریگەرییە دەبێتە هۆی نەخۆشیی دەروونی. هەموو ئەم کێشەیە لەبەر ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان دەق و وێنە و ڕەنگدا نییە.
وەک نموونە لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکانی "شمک زێڕین"دا کۆمەڵێک نموونە دەبینین (چیرۆکەکە یەکێکە لە کۆمەڵە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان کە لەلایەن گرووپی ئارا زارۆکەوە چاپ کراوە).
لە هەموو لاپەڕەکانی چیرۆکەکەدا وێنەی کەم هەیە و ڕەنگەکانی کەمێک وشک، تاریک و زۆر دیار نین. واتە بۆ لاپەڕەیەکی پڕ لە دەق تەنیا وێنەیەکی ئاسایی دانراوە. کاتێک ئەم چیرۆکەمان بۆ کوڕێکی تەمەن ٧ ساڵان دەخوێندەوە بە ناوی گیان محەممەد، لە لاپەڕەی دووەمی چیرۆکەکەدا ئەمەی گوت: "ئەم ژنە زۆر پیس و ناشیرینە." قسەی منداڵان بەم شێوەیە خەڵک سەرسام دەکات. ئەم منداڵە چۆن پێشبینیی ئەوەی کردووە کە ئەم ژنە زۆر پیسە بەبێ ئەوەی چیرۆکەکە بخوێنێتەوە و گوێ لە چیرۆکەکە ڕابگرێت؟ کاتێک ئەم پرسیارەمان لەو منداڵە کرد، گوتی: "چونکە ئەو ژنە لووتی زۆر درێژە و ڕوو ناخۆشە."
لە ڕاستیدا ئەم جۆرە وێنانە هەمیشە وا لە منداڵان دەکەن لەو جۆرە ژنانە بترسن و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی تەنانەت منداڵە گەورەکانیش لە ڕووخساری پیرەکان بترسن. وێنەکێشی ئەم ٥ چیرۆکە ئەم وێنانەی کێشاوە و پڕی کردووە لە ڕەنگی کاڵ بەبێ ئەوەی گرینگی بە خەیاڵ و هەستی منداڵان بدات. واتە هەندێک جار وێنەکە بەهۆی تاریکیی ڕەنگەکەیەوە دیار نابێت. ئەمە لە هەموو چیرۆکەکاندا وایە، بە تایبەتی لە چیرۆکی پێنجەمدا بە ناوی ڕۆڤیی هێلەڤان جیاوازە. وەک لاپەڕەکانی ١٠-١٢-٢٠. هەروەها کۆمەڵێک وێنەی توندوتیژی تێدایە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە دەقەکەوە نییە. واتە دەق لە لایەک و وێنەکە لە لایەکی تر. هەندێک جاریش بەهۆی ڕەنگی تاریکی وێنەکانەوە، وێنەکان بە باشی پیشان نادرێن.
بۆ نموونە لە چیرۆکی نەورۆزدا هەندێک کەس لە دەوری ئاگرەکە هەڵدەپەڕین. هەندێک کەس لەبەردەم ئاگرەکەدا بەتەواوی ڕەشن! منداڵ لە وێنەیەکی وادا لە چی تێدەگات و چۆن جیایان دەکاتەوە؟ بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئاستی وێنە و ڕەنگەکانی نێو ئەو چیرۆکانە لاوازە و بۆ منداڵان نەگونجاوە.