بە زمانی خۆم وەکوو خۆم دەنووسم

بەڵێ، دوای بیست ساڵ، ئەگەریش بمەوێت، ئیتر ناتوانم بە زمانێکی تر بنووسم، بەڵام بەردەوام دەخوازم وەک کەلامێک، وردە وردە ئەو کەلامەی خۆم بنووسم.

نیهاتی حاجی شاکر

سەرەتا نەمدەزانی ڕۆژێک دێت بە زمانی خۆم دەنووسم. ئەگەر بمزانیبایە بێگومان دەستم سووکتر دەگرت کە لە قسەکانم هەڵە تێنەگەن، من قسەکانم وەک موورووەکانی تەسبێحێک، یەک لە دوای یەک ڕیز دەکرد، بەڵام ئەمە لە دەستی مندا نەبوو و بۆیەش درەنگ کەوتم.

Stefan Zweig لە چیرۆکی "لەنێوبردنی دڵێک"دا دەڵێت: "چارەنووس هەمیشە بەر لەوە لەسەر ڕووح کاریگەری دابنێت، سەرەتا لەسەر زەین و لەش کاریگەری دادەنێت."

باوەڕ بکەن ئەم قسانە و بارودۆخی من زۆر لەیەک دەچن.

کاتێک ئیتر خەریکبوو خۆئاگا دەبووم و هێشتا بەر بای دونیا نەکەوتبووم، زمانم زمانی قسەکردن بوو و زمانێکی دیکەش زمانی خوێندنەوە بوو. جگە لەنێو قوتابخانە، خەڵک لە ماڵەوە و لەگەڵ هاوڕێکانیان بە زمانی خۆیان قسەیان دەکرد، لە قوتابخانەش زمانێکی دیکەیان فێر دەکرد، بەڵام تەنانەت ئەو کاتەش کە ئاگاداری پیتەکانی "ق، خ و و" نەبووم، لە قوتابخانە فێری هەندێک پیت بووم، لە دەفتەرەکەمدا ڕستەی سادەم بە زمانی خۆم دەنووسی. پرسیاری "بۆ ناتوانم بە زمانی خۆم بخوێنمەوە و بنووسم؟" هەمیشە لە مێشکمدا بوو، بەڵام وەک پێشتر گوتم، بای دونیا دەرفەت بە مرۆڤ دەدات. تا ڕۆژێک مرۆڤ ڕاستیی خۆی و چیرۆکی خۆی بۆ دەردەکەوێت.

هەروەها Eduardo Galeano لە کتێبی "ڕاوچیی چیرۆکەکان"دا دەڵێت: "با ڕێگەی گەمژەکان بەجێ ناهێڵێت. باران جێ پێی خەڵک دەشوات. خۆر ڕێگای کات هەڵدەگرێت. چیرۆکبێژیش ئەگەر لە بنەوە لەبیر نەکرێن، ڕێبازی نهێنیی یادەوەریی لەبیرکراو و خۆشەویستی و ئازارەکان دەگرنە بەر."

باوەڕ بکەن نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار خۆم و چیرۆکەکەمم ناسی. ئەو کاتە نەمدەزانی کە قسە لەسەر "چوون" نییە، بەڵکوو "داگیرکردن"ە. وەک James Joyce  دەڵێت: "چاوەکانت دابخە و ببینە"، بۆیە "تۆ ویستت ڕابکەیت، بەڵام خۆتت دۆزییەوە."

بەڵێ هەمیشە حەزم دەکرد دەستبەردار بم و لە وڵاتەکەم ڕابکەم، بەڵام دوای دوو ساڵ خوێندن لە ئەستەنبوڵ، ڕام کرد. لە خۆشحاڵی پێم وەعەرز نەدەکەوت. دەشت و شاخەکان چاوەڕێم بوون و حەزم دەکرد لە دەشتەکەمەوە جارێکی تر سەیری شاخەکانم بکەمەوە، بەڵام ئەمجار کتێبگەلێکم بەدەستەوە بوون و چێژم لێ وەردەگرتن. کاتێک من لەسەریەک دەمخوێندەوە، باوکم گوتی: "کوڕەکەم لە پیاوانی ئایینیی گوند پێش دەکەوێت."

هەڵەی باوکم نەبوو. خوێندنەوە تەنیا کاری پیاوانی ئایینی بوو. بەسەر مردوواندا دەیانخوێندەوە، لەسەر مردوویان دەخوێندەوە، بە نهێنی لەسەر خەڵکیان دەخوێندەوە، مەولوودیان (مەلای باتەیی) دەخوێندەوە و هەندێکجاریش دەیاننووسی، بەڵام من هەر لە سەرەتاوە هەم حەزم دەکرد بخوێنمەوە و هەم حەزم دەکرد بنووسم. هەر بۆیە دەستم کرد بە خوێندنەوە بە زمانی قوتابخانە و نووسین بە زمانی خوێندن، بەڵام هێشتا ئەو زمانەم فام نەدەکرد و لەگەڵ ڕووحم نەدەگونجا و ئەوەی دەمخوێندەوە نیوە بوو و ئەوەی دەمنووسی کەمم دەهێنا.

دوای ساڵێک لە شاردا چوومە کتێبفرۆشییەک. چوومە ژوورەوە و گوتم: "دەمەوێت فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی خۆم بم." کابرا زەردەخەنەیەکی کرد. پاشان کتێبێکی پیشان دام و گوتی: هەموو ئەمانە بە زمانی تۆیە. زۆر خۆشحاڵ بووم و تەنیا سەیری کتێبەکانم دەکرد. کابرا چەند کتێبێکی ڕێزمان و فەرهەنگێکی بۆ هێنام. بۆ ئەوەی ڕۆژێک خێراتر فێر بم، بچووکترین کتێب و فەرهەنگێکی بچووکم برد: وانەی زمانی کوردی (کەماڵ بورکای) و فەرهەنگی بەریکێ (وەشانی دۆز).

ناوی کتێبفرۆشەکە مهەمە نووری بوو، بەڵام ئەو هەمیشە بۆ من وەک خاڵە نووری مایەوە.

ئیتر لە ماڵەوە دەستم کردبوو بە فێربوونی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی خۆم. کاتێک ڕێگام دەکەوتە شار، دەچوومە لای خاڵە نووری، بە زمانی یەکتر قسەمان دەکرد. سەرەتا دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار. هێشتا کات بۆ چیرۆک و ڕۆمان هەبوو، بۆیە تامی خوێندنەوەم چەشتبوو و حەزم دەکرد کاتێک دەیخوێنمەوە وەک ئاو پێیدا بڕۆم. دانیشتم و پیت بە پیت نووسیم و فێر بووم. نزیکەی هەموو ئەو شتانەی کە دەهاتنە زارم و ئەوەی دەهاتە مێشکم، دەخرانە سەر کاغەز. سەرەتا بە قاقلیباز (Richard Bach، بڵاوکراوەی فرات، وەرگێڕ: عوسمان ئۆزچەلیک) و ئەڤینا جەمیلێ (Cengiz Aytmatov، بڵاوکراوەی فرات، وەرگێڕ: ناجی کوتلای) دەستم پێ کرد. ئەمانە یەکەم کتێب بوون و ئیتر بە زمانی خۆم باش دەمخوێندەوە. دواتر پێویستم بە فەرهەنگێکی گەورە بوو و فەرهەنگێکی "د. ئیزۆلی"م کڕی و بە درێژایی ساڵان زۆربەی وشەکانم لەبەر کرد.

کاتێک ئیتر ویستم لە ماڵەوە بە تەنیا بم و بەبێ خەمی دونیا بۆ خۆم کتێب بخوێنمەوە، دیسان کەوتمەوە بەر بایەک و چوومە ئەستەنبوڵ و دەستم بە زانکۆ کرد. دەگوترا ئیستەنبوڵ ناوەندی خوێندنەوە و نووسینە. لە دەوروبەرمدا کەسانێک هەبوون کە دەیانتوانی بە زمانی یەکتر بخوێننەوە و بنووسن، بەڵام هێشتا لەنێو خۆمدا هەستم بە کەموکوڕییەکی گەورە دەکرد. هەرچیم کرد و نەمکرد، ئەم کەموکوڕییە لە مندا هەر مایەوە.

ڕۆژێک هاوڕێیەکم لێی پرسیم: "چۆن دەنووسی؟" پێم گوت: "دەمەوێت وەک خۆم بنووسم."

بەڵێ، دوای بیست ساڵ، ئەگەریش بمەوێت، ئیتر ناتوانم بە زمانێکی تر بنووسم، بەڵام بەردەوام دەخوازم وەک کەلامێک، وردە وردە ئەو کەلامەی خۆم بنووسم. بۆیە لەنێو قسەکانمدا کەلام دەڕژێنم و حەزی خۆم بە زمانی خۆم دەردەبڕم.

 

 

 

KURDŞOP
645 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!