لە میوانداریی شیعردا: کۆمەڵگەی چیای ئارژەن ئاری

ئارژەن ئاری لە زۆر بابەتدا باسی چیای کردووە. هەندێک جار بە مەبەستی خۆشەویستی؛ "ئەز نازدار، چیا نازدار، تو نازدار". چیا هێندە نازدارە، تەنانەت لە شیعرەکەدا کەوتووەتە نێوان ئەو و خۆشەویستەکەیەوە.

ڕێزان دلژەن

ئەگەر کەسێک بڵێت کوردان بە سێ وشە پێناسە بکە، ئەگەر من بم، بە دڵنیاییەوە دەڵێم یەکێکیان چیایە. بێگومان ئێمە نەتەوەیەکی چیایین، جوگرافیاکەمان لە چیا پێک دێت، بەڵام پرسی ئێمە لەگەڵ چیا تەنیا پەیوەندیی بە جوگرافیاوە نییە. چیا بۆ ئێمە خۆشەویستییە، هیوایە، ئازادییە، خەون و خەیاڵە و بێگومان هەندێک جار ئازار و خەمە.

شاعیرانی ئێمە ئەم بابەتەیان پشتگوێ نەخستووە و زۆرجار چیایان کردووەتە ناوەندی شیعرەکانیان. هەروەها "ڕێناس ژیان"یش یەکێکە لەو کەسانەیە کە لەسەر لووتکەی شاخەکان شیعرەکانی دەخوێنێتەوە:

"ئەی چیا!

ب پەرپتە،

ل خوە بخە،

بهەدمە

جوان خوە ل ناڤێ تە دگرن،

کەوێن خوە ب تە دفرینین،

خوە دسپێرن بەژنا تە"

بێگومان "سەلیم تەمۆ"یش دەستی لە چیا نەشۆردووەتەوە و لەگەڵ چیاکانی خۆی نووسیویەتی:

"من ژی جیهانەک هەبوو ل با دبوو ل سەر خەونان

ئەز ژی مالێ گۆتنێ مە ڤا خوە دبێژە هەیا داویێ

دبینم کو تەڤی چیایێن خوە ئەم

راولێن چیرۆکانن؛ مەنە نیلەک، نە فەراتەک"

چیا ساڵانێکە بابەتی شیعری کوردییە، هێمایەکی بەهێزە. تەنانەت دەتوانین بڵێین، بورجی شیعری کوردی لەسەر لووتکەی چیا دروست کراوە. بەڵام پێم وا نییە کەس وەک "ئارژەن ئاری" چیای کردبێتە ناوەندی شیعرەکەی، بە واتایەکی تر ئاری لەنێو چیادا نووسیویەتی.

ئارژەن ئاری لە زۆر بابەتدا باسی چیای کردووە. هەندێک جار بە مەبەستی خۆشەویستی؛ "ئەز نازدار، چیا نازدار، تو نازدار". چیا هێندە نازدارە، تەنانەت لە شیعرەکەدا کەوتووەتە نێوان ئەو و خۆشەویستەکەیەوە. پرسیارێک، مەبەست لە نازداریی چیا چییە؟ فەزایەکی فیزیکی، وەک لەنێوان دوو گونددا، یان فەزای ئەبستراکت کە ئاری ناتوانێت بەهۆی چیاوە بگاتە خۆشەویستەکەی و ناوی دەبات، یان بانگەوازێک بۆ ئازادی؟ و لێرەدا ئەگەر شاراوەش بێت، ئاری دەبێ لەنێوان خۆشەویستەکەی و چیادا یەکێکیان هەڵبژێرێت، واتە چیاکە ئەوەندە بەنرخە، لە ئاستی خۆشەویستەکەیدایە.

هەندێک جار وەک بابەتێکی دژە کۆلۆنیالیزمە:

"کیژان میرەکە ل دەڤێ ریا تە

سە دەوتە، گور دزوورە، باز دفیکینە

تو بلیلینە ب وی دەنگێ سابا

شیار کە ژ خەوێ چیاکێن سەرخەتێ

ئەڤ قووچا هانا شەمەریان

نەیارن ژخوە ئەز و ڤێ هکوومەتێ!"

"هەراکۆلم ئەز، ئەز هەراکۆلم

ل ژۆرم

ئەنیا خوە راک! هین ژی ل ژۆرم"

بۆ دژە کۆلۆنیالیزم هیچ وشەیەک لە چیا باشتر نییە، ڕاستە. هەموو کوردێک پەنای بۆ چیا بردووە، بێگومان شاعیریش پەنا بۆ چیا دەبات. بەڵام شاعیر دەبێ بتوانێت ئەڵتەرناتیڤ دروست بکات نەک خۆی لە چیادا بخنکێنێت.

ئارژەن ئاری لە شیعرێکیدا بە ناوی "تەمبی"، چیاییبوونی خۆی ئاشکرا دەکات:

"یان ل کەندالێن دل بکۆلە

یان ژی ل پەرێن خەولە-چیایەکی

شەرمە: شاعرەکی چیایی داهێژن گۆرنێ

ل گۆرستانەکا کێل-کەڕ

ل بەر گوهێن زڕ- باژارەکی!"

ئاری، وەک خۆی دەڵێت: "من شاعیرێکی چیاییم، ئاساییە ناوەندی شیعرەکەم چیا بێت" و خۆی وەک چیایەک بە خوێنەران دەناسێنێت.

ئەم شاعیرە چیاییە بێگومان سەرسامی چیایە، وەک چۆن ستایشی خۆشەویستەکەی دەکات، بێگومان ستایشی چیاش دەکات:

"هەیرانۆ چیا

کراس و خەفتان وسا

کا

ل بەژنا کێ تێ!؟"

ئەگەر شاعیرێکی چیایی بێت، سەرسام بێت بە چیا، دەبێ لە هەموو تەمسیلێکدا چیا بەکار بهێنێت:

"دلێ من ل سەر پیانە!

دلێ من ب قاسی دەهـ چیان"

"هەر چیا ب ئەڤینەکێ ب ناڤ دبوو"، ئارژەن ئاری هەر شیعرێکی بە چیایەک ناو لێ نابوو. بەکورتی و بەکوردی دەتوانین بڵێین ئارژەن ئاری - و چەندین شاعیری تر- شیعرەکانیان لە چیادا گەورە کردووە و زمانی چیایان بەکار هێناوە تاکوو تینوویەتیی چیا بشکێنن. ئەرکێکی گەورەی لەسەر چیا داناوە. لە زۆرێک لە ناڕەحەتییەکانیدا، بانگی چیای کردووە و گوتوویەتی دەبێ من/ شیعر ڕزگار بکەیت. تەنانەت کاتێک وشەی "چیا"ی بەکار نەهێنابێت، لەم وشانە کەڵکی وەرگرتووە: "سیپان، نەمروود، هەرەکۆل، جوودی و ئاگری و..."؛ با لێرەدا ڕاوەستین و چەند پرسیارێک بکەین. ئەرێ چیا بۆ ئێمە هێما/ پاڵنەرێکی زۆر بەهێزە، بەڵام ئایا جگە لە چیا هێمایەکی تری دژە کۆلۆنیالیزمی هاوشێوە لەلای شاعیرانی کورددا نییە؟ ئایا ئاسۆی داهێنەر تەسکە؟

بێگومان مردنی "شاعیرێکی چیایی" لە چیادا دەبێت...

"ئەز ژی دمرم ل ڤی چیایی و تو ژی"

سەرچاوە:

١- ئازار، ڕێناس ژیان، وەشانی بەلکی، ٢٠٢٠

٢- بەلەمی با، سەلیم تەمۆ، وەشانی دارا، ٢٠١٩

٣- Şêrgele، ئارژەن ئاری، وەشانی سۆر، ٢٠١٩

٤- Ev çiya rûspî ne، ئارژەن ئاری، وەشانی سۆر، ٢٠١٩

٥- Ramûsan min veşartin li geliyekî، ئارژەن ئاری، وەشانی سۆر، ٢٠١٩

KURDŞOP
566 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!