"عەلی حەریری" یەکەم شاعیری زاراوەی کورمانجیی زمانی کوردی

هەموو نووسینەکان لەسەر ئەوە  کۆکن؛ کە ئەو یەکەم کەسە بە زاری کرمانجی شیعر  و نووسینی هەبووە. بۆ وێنە  "ئەلکساندر ژابا" نووسیویە عەلی حەریری یەکەمین شاعیری کورد بووە و دیوانێکی شیعر و نووسینی بە کوردی هەبووە . بەڵام هەر کام لەو دوو ڕێکەوتە بە ڕاست بزانین، شک لەوەدا نییە کە یەکەم کەس کە  بە زاراوەی کرمانجی لە کوردستاندا شیعری نووسیبێ عەلی حەریرییە و ڕاستترین بەڵگەش هەمان شیعری ئەحمەدی خانییە کە ئەوی بە پێشەنگی خۆی زانیوە.

 

 

لە مێژووی ئەدەبی گەلاندا، زۆر ناو هەن نەک بە هۆی بارستای بەرهەم و قەبارەی نووسینەکەیان، بە ڵکوو بە هۆی چاخێکی  زەمانی کە تێێدا هەڵکەوتوون، ناویان زیاتر لەبەرهەمیان کەوتووەتە سەر زاران و بوونەتە هێمای شێوەیەک لە نووسین و بیرکردنەوەی نەتەوەیی.

یەکێک  لەو کەسایەتییانە کە لە ئەدەبی فارسیدا، دەتوانین ناوی بێنین کەسایەتییەکە بە ناوی " ئەبوو حەفزی سوغدی" کە ساڵی ٣٠٠ی کۆچی مانگی ژیاوە و تاکە بەیتێکی لێ بە یادگار ماوەتەوە. ئەو تاکە بەیتە ئەوەیە:

ئاسکی کێوی لە دەشتی چۆن هەڵدی

ئەو کە یاری نییە چلۆن ڕادێ

ئەو بەیتە ساکار و  بێ گرێ و گۆڵە، زۆر یەک لە توێژەرانی شیعری فارسی، بە سەرەتای دابڕانی دەزانن. دابڕان لە نەریتێکی نووسین لە ناو فارس زمانەکان و ڕووکردنە گوتاریکی نوێ. تا ئەوکات زیاتری نووسراوەکان لە ئێران بە زمانی عەڕەبی نووسراون و ئەبوو حەفزی سوغدی بە نووسینی ئەو تاکە بەیتە، هەم زمانی فارسیی کردە زمانی نووسین و هەم ناوی خۆی بۆ هەمیشە  لە ناو مێژووی ئەدەبی فارسیدا تۆمار کرد. کەواتە گرینگیی ئەبوو حەفزی سوغدی، نەک لە بەر بارستا و تەکنیک و ناوەرۆکی نووسینەکەی، بەڵکوو لەبەر دەستپێکردنێکی نوێیە کە بۆ زمانی فارسی بوو بە دەروازەیەکی تازە. هەر بۆیە تەنانەت "محەممەد ڕەزا شەفیعی کەدکەنی" توێژەری گەورەی فارس، کتێبێکی بە ناوی "هەزارەی دووەمی ئاسکی کێوی" نووسیوە کە مەبەستی هەمان تاکە بەیتی ناوبراوە و پێی وایە ئەوە زمانی فارسی لە دەوامەی ئەو تاکە بەیتەدا، پێی ناوەتە هەزارەی دووەمی ژیانی خۆیەوە.

لە ئەدەبی کوردییشدا، بە هەمان شێوە چەند کەسایەتی هەن کە گرینگ بوونیان نەک لەبەر بارستا و قەبارەی نووسینەکانیانە و  نەک لە بەر شێوازی بیر و تەکنیکی نووسینیان،  بەڵکوو  گرینگیی ئەو کەسایەتییانە لەبەر ئەوەیە کە دەستپێکەری ڕەوتێک بوون کە پاش ئەوان دەبێتە نەریتێکی نووسین و بیر کردنەوە.

ئەوان لە ڕێگایەکی کە پێشتر  و بە هەزاران ساڵ نووسەرانی بە ڕەگەز و زمان کورد پێیدا دەڕۆیشتن لایانداوە. بە سەدان و  بگرە هەزاران بیرمەند و نووسەر و فیلسووف و زانای ئایینی خاوەنڕای کورد هەبوون، کە خزمەتی بیرکردنەوەیان کردووە، بەڵام ئەو بیر و ئەندێشە ئینسانی و مێژوویی و ئایینی و ئەدەبییەی خۆیان، بە زمانەکانی عەڕەبی و فارسی دەربڕیوە. دەتوانین زۆر کەسی وەک "ئەبوو حەنیفەی دینەوەری" و" تاجەددینی شنۆیی" و "ئیبنی خەلەکان" و لە تازەکانیش "جەمیل سیدقی زەهاوی" و "ئەحمەد شەوقی" و زۆر کەسی دیکە ناو ببەین.

بەڵام ناوێک کە هەموو بیستوومانە و ڕەنگە لە هۆی گرینگیی دەرکەوتنەکەی ورد نەبووبینەوە "عەلی حەریری" یە. ئەو نووسەر و شاعیرە بەناوبانگە، ئەگەرچی زانیاریی تەواو لە بارەی کاتی  ژیانی بەدەستەوە نییە، بەڵام چەندین بەڵگە هەن کە لانیکەم ئەوەمان بۆ دەردەخەن، ئەو زیاتر لە چەند سەدە لەوە پێش ژیاوە.  یەکەم بەڵگە ئەوەیە کە شاعیری مەزنی کورد "ئەحمەدی خانی" لە کتێبی "مەم و زین"دا کە نزیک چوار سەدە لەوە پێش بە زمانی کوردی نووسیوێتی، ناوی هێناوە و دەڵێ:

بێنا ڤە ڕووحا مەلێ جزیری

پێ حەی بکرا "عەلی حەریری"

هەر ئەو تاکە بەیتە نیشان دەدا کە عەلی حەریری، بەر لە ئە حمەدی خانی بە کوردی نووسیویە و ئەوەندەش نووسین و زمانی کاریگەر بووە  کە کەسایەتییەکی مەزنی وەک خانی پێی وایە ئەو بە نووسینی کتێبی مەم و زین، ڕووحی کەسێکی گەورەی وەک عەلی حەریری زیندوو دەکاتەوە.

"ئەمین زەکی بەگ" لە کتێبی "مێژووی کورد و کوردستان"دا دەنووسێ: "عەلی حەریری خەڵکی "دیر ئەلحەریر"ی  نزیک شاری هەولێرە و لە ساڵەکانی ٤٠٠ تا ٤٧٠ی کۆچی مانگی واتە ١٠١٠  تا ١٠٧٧ی زایینیدا ژیاوە و  هاوسەردە می "فیردەوسیی تووسی" بووە.

بەڵام بیر و ڕای دیکەش لە ئارادایە؛ کە پێیان وایە عەلی حەریری دەبێ درەنگتر لەو  مێژووە هاتبێتە دونیا. یەکێک لەو بیر و ڕایانە لە لایەن "حاجی قادری کۆ یی"ەوە دەربڕدراوە. ئەویش بە پێی تاکە بەیتێک لە شاعیری فارس "عەبدوڵڕەحمان جامی"یە. جامی بە پێی نووسینی حاجی قادری کۆیی نووسیویە:

پیر مردی بدیدەام ز جزیر

نیک مردی بدیدەام ز حریر

گۆیا مەبەستیشی لەو دوو کەسە "مەلای جزیری" و "عەلی حەریری"  بووە. بەو پێیە دەبێ عەلی حەریری لە دەوربەری ساڵەکانی ٨٥٠ی کۆچیدا ژیابێ.

بیر و ڕای جیاوازی دیکەش لەمەڕ ساڵی لەدایک بوون و ژیانی عەلی حەریری هەیە. کە لە باسیان خۆ دەبوێرین. بەڵام هەموو نووسینەکان لەسەر ئەوە  کۆکن؛ کە ئەو یەکەم کەسە بە زاری کرمانجی شیعر  و نووسینی هەبووە. بۆ وێنە  "ئەلکساندر ژابا" نووسیویە عەلی حەریری یەکەمین شاعیری کورد بووە و دیوانێکی شیعر و نووسینی بە کوردی هەبووە . بەڵام هەر کام لەو دوو ڕێکەوتە بە ڕاست بزانین، شک لەوەدا نییە کە یەکەم کەس کە  بە زاراوەی کرمانجی لە کوردستاندا شیعری نووسیبێ عەلی حەریرییە و ڕاستترین بەڵگەش هەمان شیعری ئەحمەدی خانییە کە ئەوی بە پێشەنگی خۆی زانیوە. وەکی نووسیویشێتی؛ کاتێک کە ئەو  مەم و زینی هۆنیوەتەوە، عەلی حەریری نەماوە و ئەو بەو کارەی دەیهەوێ ڕۆحی ئەم زیندوو کاتەوە. کۆی ئەوانە دەریدەخەن کە عەلی حەریری زۆر پێش خانی ژیاوە و لانی کەم سەردەمی ژیانی ئەو بەر لە چوار سەدە لەوە پێش بووە.

نموونەیەک شیعری حەریری لە کتێبی "ژیناوەری زانایانی کورد"دا هاتووە :

 

رەیاحین سووسەن و وەردن، لە شێخ  عەلێی غەریب فەردن

وەرستی ئەحمەر و زەردن، هەرو سەد جار د ئەفغان تێت

ژ ئەفغانان نمایم  تیر، دووعاگۆیی تۆ ئەز بێ ڤر

بە بینە شەر دوو ئەسلەح دیر، حەتا ڤی قاسدی جان تێت

بە بینە ڕووشە مالینێ، وەرە هنداڤێ بالینێ

بدەست ئاهانو نالینێ، چ ڕەنگ فریاد ژ ئاسمان تێت

بە فریاد و بە هاوارە، ژ دەست ئاهان من ئەو کارە

نە لازم بەندەئی ژارە، ژ سەییدی چ فەرمان تێت .

 

KURDŞOP
1012 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!