ڕۆژی زمانی کوردی  و بەربەستەکانی بەردەم زمانی کوردی 

زمان تەنیا لە وشە و دەنگ پێک نایەت، زمان تۆوی بوونی نەتەوەیە. هەموو نەتەوەیەک بە زمانەکەی دەناسرێت. زمان پردێکە لەنێوان مێژوو و هەنووکەدا، ئەو نەتەوانەی کە خاوەندارێتی لە زمانی خۆیان دەکەن، خاوەندارێتی لە مێژوو، فەرهەنگ و هونەری خۆیشیان دەکەن.

 

نوژین ئونەن تاجار

زمان تەنیا لە وشە و دەنگ پێک نایەت، زمان تۆوی بوونی نەتەوەیە. هەموو نەتەوەیەک بە زمانەکەی دەناسرێت. زمان پردێکە لەنێوان مێژوو و هەنووکەدا، ئەو نەتەوانەی کە خاوەندارێتی لە زمانی خۆیان دەکەن، خاوەندارێتی لە مێژوو، فەرهەنگ و هونەری خۆیشیان دەکەن. یەکێک لەو شتانەی کە زمان زیندوو ڕادەگرێت ئەوەیە کە لەلایەن منداڵانەوە قسەی پێ بکرێت و بنووسرێت. کاتێک منداڵ بە زمانی دایکی گەورە نەبێت، ئەو زمانە ڕۆژبەڕۆژ و ساڵ‌بەساڵ دەکەوێتە مەترسیی زیاترەوە و بەرەو لەنێوچوون دەچێت.  

بەپێی داتاکانی "یوونێسکۆ"، لە جیهاندا حەوت هەزار زمان قسەیان پێ دەکرێت، لەو حەوت هەزارە، شەش هەزار زمان هەتا کۆتایی سەدەی ٢١، مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەر دەبێت. لەنێوچوونی زمانێک بە واتای لەنێوچوونی نەتەوە و مێژوویەکە. بەپێی وتەی نەتەوە یەکگرتووەکان: "لەنێوچوونی فرەزمانی، هەم کاریگەری لەسەر بایۆلۆژی و فەرهەنگ دادەنێت، هەم کاریگەری لەسەر زۆر شتی تریش دادەنێت."

زمانی کوردی لە بەرامبەر گوشار و ستەمکاری، هەتا ئێستا لەسەر پێی خۆی ڕاوەستاوە و هەتا ئێستا درێژەی بە بوونی خۆی داوە، کوردی زمانێکی کۆنە و بۆ نەتەوەی کورد نەتەنیا وەک زمانێکە، بەڵکوو بووە بە سمبۆلی بەرخۆدان و تێکۆشان. لەپێناو پاراستنی زمانی کوردی و گەیشتنی بە نەوە نوێیەکان، ڕۆشنبیران، زانایان و نیشتمانپەروەرانی ئەم نەتەوەیە شەو و ڕۆژ تێکۆشاون و ئاڵای زمانی کوردییان بە شەکاوەیی گەیاندووەتە ئێستا.

یەکێک لە ڕۆشنبیرانمان بە ناوی جەلادەت عەلی بەدرخان، کار و تێکۆشانی زۆر گرینگی بۆ زمانی کوردی کردووە. لە مێژووی زمانی کوردیدا، ١٥ی گوڵان تایبەت و جێگای سەرنجە. لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینیدا، میر جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێکانی لە ١٥ی گوڵاندا گۆڤاری "هاوار"یان چاپ و بڵاو کردەوە. ئەم گۆڤارە بۆ یەکەمجار بە پیتی لاتینی و عەرەبی چاپ کرا، ئەلفبێی کوردی کە لە ٣١ پیتی لاتینی پێک هاتووە بۆ یەکەمجار لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردیدا بەکار هات. گۆڤاری هاوار بە هەر دوو پیتی عەرەبی و لاتینی تا ٢٣ ژمارە چاپ کرا، دواتر ژمارەی ٢٤ تەنیا بە پیتی لاتینی چاپ کرا. گۆڤاری هاوار دەرگای مۆدێڕنیزاسیۆنی ئەدەب و زمانی کوردیی کردەوە.

میر جەلادەت عەلی بەدرخان لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی هاواردا، بەم شێوەیە نووسیویەتی:

"هاوار دەنگی زانینە. زانین خۆناسینە، خۆناسین ڕێگای خۆشی و بەختەوەری دەکاتەوە. هەر کەسێک خۆی بناسێت، دەتوانێت خۆی بناسێنێت. هاواری ئێمە پێش هەموو شتێک، بوونی زمانەکەمان دەناسێنێت. بۆیە زمان مەرجی یەکەمی بوونە."

لەو هەلومەرجەدا ڕۆشنبیران و ئەوانەی خەمخۆری زمانی کوردی بوون، بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە قەدەغە و گوشارەکان، کاری زۆر گەورەیان کرد. ئەوەی ئێستا ئەرکی ئێمەیە، پەرەدان بە زمانەکەمانە. بە قسەکردن و خوێندنەوە و نووسین، زمانەکەمان بپارێزین و هەروەها ئاڵای زمانەکەمان بە شەکاوەیی بە نەوە نوێیەکانمان بگەیەنین.

لەو ساڵانەدا سەرەڕای نەبوونی دەرفەت، کورد هەڵوێستێکی بەهێزی لەگەڵ پێشەنگ و خۆبەخشەکانی نیشان دا و جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوەڵەکانی، هەریەکەیان وەک شۆڕشگێڕی زمانی کوردی کار و تێکۆشانیان کرد. کاتێک سەیری سەردەمی ئێستا دەکەین، بێگومان کاری زۆر گرینگ بۆ زمانی کوردی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بۆ پەرەپێدانی زمانەکە، بۆچی لە سەدەی بیست و یەکدا جەلادەتێکی تر دەر نەکەوت تاکوو لەسەر ئەم بابەتە تەرکیز بکات و ورد ببێتەوە؟ بۆچی منداڵەکانمان بە زمانی دایکی گەورە نابن؟ کاتێک لەسەر زمانی کوردی لێکۆڵینەوە دەکەین، دەبینین کە بە تایبەتی قسەکردن بە زمانێکی دیکە لە بنەماڵەدا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێتەوە و پێویستە دامەزراوەکانی زمان هەندێک پلانی نوێ بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دابنێن، چونکە ئاسمیلەکردنی زمانی کوردی هێشتا بەردەوامە.

ئیسمالی حەقی بابانزادە لە ساڵی ١٩٠٨دا لە ژمارەی سێی گۆڤاری "هاوکاری و گەشەپێدانی کوردانـ"ـدا باسی لە گرینگیی پەروەردە بە زمانی دایکی کردووە و سەبارەت بە زمان ئەمانەی خوارەوەی وتووە:

"بە کورتی بنەمای ئاسایشی نەتەوەیەک پەروەردەیە و کلیلی پەروەردە زمانە. دەرگای مۆدێڕنیتە بەم کلیلەی زمان دەکرێتەوە. داوا و ڕجا لە نەتەوەکەمان دەکەم کە بیر لەم خاڵە گرینگە بکەنەوە."

کلیلی ڕزگاریی نەتەوەی کورد، بەر لە هەموو شتێک، زمانی کوردییە، دەبێ لە هەموو بوارێکدا بە کوردی قسە بکەین و بنووسین، هەموو ماڵێک دەبێ ببێت بە قوتابخانەیەکی کوردی. کاتێک منداڵان بە فرەزمانی گەورە دەبن، ئەمە بۆ گەشەکردنیان زۆر گرینگە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەم جۆرە منداڵانە لە ڕووی خوێندنەوە لەچاو منداڵانی تر پێشکەوتووترن. ئامانجی هەر دایک و باوکێکی کورد سەرەتا دەبێ ئەوە بێت کە منداڵەکانیان بە زمانی دایکی پەروەردە بکەن، پاشان لە هەر وڵاتێکدا بژین، بە ئاسانی فێری زمانی تر، ئێستا تورکی بێت یان ئینگلیزی و یان ئاڵمانی، دەبن. منداڵان لە بواری فێربوونی زمانەوە لە گەورەکان زیرەکترن.

بەپێی داتاکانی تری یوونسکۆ، ٤٠ لەسەدی دانیشتووانی جیهان بە زمانی دایکیی خۆیان پەروەردە ناکرێن. بەهۆی گوشار و سیاسەتی دەوڵەتان، ملیۆنان کەس لەو مافە بێبەش کراون. کاتێک سەیری داتای تاکزمانی و فرەزمانی دەکەین، دەکرێت لە وڵاتێکدا بە سەدان زمان قسە بکرێت، بۆ نموونە لەم وڵاتانەدا، بە ئەوەندە زمان قسە دەکرێت: پاپوای نیوگینە ٨٥٠، نیجریە ٤٢٧، کامێرون ٢٧٠، زایر ٢١٠، دوورگەکانی سلێمان ٦٦، ئوسترالیا ٢٥٠، هیندستان ٣٨٠ و ئەندونزی ٦٧٠ .

فرەزمانی بۆ وڵاتان سەرمایەیە، بەڵام دەبینین لە وڵاتانی وەک تورکیا ساڵانێک زمانی کوردی قەدەغە کرابوو و هەزاران کەسیش تەنیا لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لە زیندانەکان کرابوون.

بۆیە تاکزمانی دژی گەشەسەندنی زمان، کولتوور، هونەر و زانستە و پێویستە سیاسەتی زمانیی وڵاتانی تاکزمان گۆڕانی بەسەردا بهێنرێت و دەرفەت بە پەروەردە بە زمانی دایکی بدرێت.

١٥ی گوڵان، ئەم ڕۆژە مێژووییە کە ڕۆژی زمانی کوردییە، لە هەموو کوردێک پیرۆز بێت. بەم بۆنەیەوە، ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی زمانی کوردی میر جەلادەت عەلی بەدرخان و هاوڕێیانی وەبیر دێنمەوە، بەو هیوایەی چالاکییەکانمان لە بواری زمانی کوردیدا بەهێزتر بکەین.

 

KURDŞOP
751 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!