ئەم تاقمە مومتازە - هێزی تایبەتی سوپای میرنشینی بابان لە شیعری نالیدا-بەشی2

بە گشتی ئەوەی لەو پارچە شیعرەی نالییەوە وەدستمان دەکەوێ ئەوەیە کە؛ نالی وەسفی گەورەیی و ڕێک و پێکی سوپای کوردانی بابان دەکا. تا ئاستی پیرۆزی دەیانباتە سەرێ و بە مایەی دڵخۆشی و پاکبوونەوەی نەفسی خەڵکی نیشتمان و ناسێنەری شوناسێکی تازەیان دەزانێ و وەک دیاردەیەکی تازە جێگۆڕکێ بە زاراوە ئایینی و ئوستوورەییەکان دەکا و لە خزمەت نەتەوەی خۆی دا، جارێکی دیکە سازیان دەکاتەوە و مانایان پێ دەبەخشێ و لەو ڕێیەوە چیرۆکی ئوستوورەیی و سلووکی نیشتمانی خۆی دادەڕێژێتەوە.

سەحرا بە تەجەللی دەکەنە وادیی ئەیمەن

قامەت شەجەر و، مەزهەری ئەڵتافی ئیلاهن

لە بەیتی دواتر نالی وێنەیەکی جودا و ئوستوورەیی لەو سوپایە ساز دەکا. بە کەڵک وەرگرتنێکی نێوان دەقی لە چیرۆکی "حەزرەتی مووسا" و دوانی لەگەل خودا و داواکاری و دەروکەتنی خۆدا بە ڕووی مووسادا و سووتانی تووری سینا و...

لەو بەیتەدا نالی پلە و پایەی پیرۆز بەو سوپایە دەبەخشێ و پلەیەکی خودایانەیان بۆ دادەنێ. ئەگەر لە چیرۆکی مووسادا، خودا بە ڕووی جیهاندا دەردەکەوی و وەکی دینداران دەڵێن تەجەللی دەکا، ئەو شوێنەی خودا خۆی بە مووسا نیشان دەدا بە "وادی ئەیمەن" ناسراوە. پێشتریش مووسا کە دەچێتە ئەو شوێنە بۆ وتووێژ لە گەڵ خودا یەکەم جار کە دەگاتێ ژنەکەی لەگەڵ دەبێ و بە تاریکە شەو دەگەنێ و بڕیارە لەگەل خودا یەک ببینن و بۆ بەرچاو ڕوونی و ڕێنمایی لە کێوی توورەوە ئاورێک بە نیشانە دیار دەکەوێ.

لە قورئانیشدا لە ئایەتی ١٤٣ی سوورەتی ئەعڕافدا هاتووە کە؛ کاتێک مووسا پێی نایە ژوانگەی ئێمەوە و کردگار لەگەڵی دوا، کوتی خوایە خۆتم نیشان دە، هەتا کوو لێت بڕوانم. خودا فەرمووی کە نامبینی. بەڵام جوان لە کێو بڕوانە ئەگەر هاتوو لە جێگاکەی خۆیدا ماوە ئەوە تۆش ئەمن دەبینی. کاتێک خودا خۆی بە کێوەکە نیشان دا، کێوەکە ئاسەواری نەما و تەختی زەوی بوو. مووسا تاسا و بە عەرزدا کەوت.

لە بەیتی بەرباسدا، نالی جێگۆڕکێی بە هەندێ لەو ماکانەی ناو چیرۆکەکەی مووسادا کردووە کە سەرنج ڕاکیشن.

 سەحرا بە تەجەللی دەکەنە وادیی ئەیمەن

قامەت شەجەر و، مەزهەری ئەڵتافی ئیلاهن

ئەو سەربازانە کە قەلبی سوپا و تاقمی مومتاز و لالە کولاە بوون، کە لە سەحرا دەردەکەون، ئەو سەحرایە وەکی وادی ئەیمەن لێدەکەن و ڕووناکی دادەگێڕن. هەر لەو سەحرایەدا دارێکی لێ بووە کە بە "شجرە المایسە" ناسراوە. ئەوانە قامەتیشیان وەک ئەو شەجەرە و دارە وایە و بەرزە. خۆیان وەک مەزهەری نووری خودا دەردەکەون و ڕووناکی دەبەخشن، کەواتە ئەوان پیرۆزن. بوونی ئەوان نیشانەی لوتفی خوداوەندە، وەک چۆن خودا لوتفی لەگەڵ مووسا کرد و خۆی پێ نواند و ئیمانی پێ قایم کرد.

 لێرەدا پلەی ئەو تاقمە مومتازە لە هی شاش دەچێتە سەرتر. چون ئەگەر لە چیرۆکی موسا دا، خودا تەجەللی دەکا، لێرەدا سەربازەکان تەجەللی دەکەن و دەردەکەون. واتە سەربازەکان نوێنەری لوتفی خودان و شاش هێمای مووسایە. نالی لێرەدا ئوستوورەی خۆی ساز کردووە کە لەسەر بنەمای سوپایەکی تایبەت دامەزاروە و بە ڕێبەرێکی تایبەتەوە هەموو وڵات ڕووناک دادەگێڕن و دەنەخشێنن.

گەهـ تاوس و، گەهـ کەبکن و، گەهـ بۆقەلەموونن

گەهـ ئاتەش و، گەهـ شوعلە، گەهێ دوودی سیاهن

سوپای باس کراو دوو سیمای جودایان هەیە، لایەکی ئەو سیمایە بۆ یارانە و لایەکی بۆ نەیاران. نیوە بەیتی یەکەم ئەو سەردەمەیە کە بۆ یار دەردەکەون کە لە شێوەی تاووس ڕەنگاوڕەنگ و نەخشینن و لە جۆری کەو دەقاسپێنن و قنە دەکەن و لە ڕەنگی قەل چەتر دەئەنگێون و جوانییەکانیان دەردەخەن. نیوە بەیتی دووەم سیمایەکە کە بە نەیاری دەنوێنن لە شێوەی ئاور سووتێنەرن و وەک بڵێسە گڕ بەردەدەنەوە هەموو جێ و وە ک دووکەڵی ڕەش بەر چاوی نەیار دەگرن.

لالەن بە بەدەن، ئەتڵەسی ئەخزەر کە لەبەر کەن

نەوڕەستە گوڵن، بەستە لەگەڵ دەستە گیاهن

تەنهایی سەمەن بەرگی بەنەوشە کە لەبەر کەن،

وەک نووری دڵی موئمین و زوڵماتی گوناهن

لە دوو بەیتی دواتردا دیسان سیمای سوپا مومتازەکە کامڵتر دەکا. لالە یان گوڵاڵە هێمای تازەیی و لاوی و جوانییە و ئەوانە لەش و لاریان وەک لالە گەش و سوور هە ڵگەراو و خوین تێزاوە و کە جلکی سەوزی سوپاش لەبەر دەکەن وەک گوڵی تازە ڕواون لەگەڵ بەستە گیادا بەستراون. واتە ڕووی سوور و بەرگی سەوزیان وەک دەستە گیایەکی بەستراوە کە گوڵی سوور لەسەری خۆ دەنوێنی، لەش و لاریان کە وەک سەمەن وایە کاتێک بەرگی وەنەوشەش لەبەر دەکەن هەم ڕوون و هەم تاریکن، واتە وەکی نوور لە دڵی تاریکیدا دەردەکەون، لایەک جلکی تاریک و لایەک ڕووی ڕوون و گەش. لە جلکی تۆخ و تاریکدا لەشی ڕوونیان ئیمانێکە لە دڵی تاریکدا دەدروشێتەوە.

بۆ سەیری خەرامیدەنی ئەم سەرو قەدانە،

سۆفی لە تەڵەبدان و، هەموو سالیکی ڕاهن

بۆ زوڵف و ڕوخ و ئەبرووی چون زوڵفی سیاتان

عالەم وەکوو نالی هەموو با ناڵە و ئاهن

لە دوو بەیتی دیکەدا دیسان نالی لە کۆمەڵێک زاراوەی بوارێکی جودا لە بواری سەربازی بۆ گەیاندنی بابەتی خۆی کەلک وەردەگرێ. تەسسەوف شێوازێکی دەروێشییە کە لەسەر بنەمای ڕێو ڕەسمێکی تایبەت دامەزراوە بۆوەی نەفس و وجوودی مرۆڤ پاک بێتەوە و بەو شێوەیە ئەوانە دەبنە تەرکە دونیا و مەبەستیشیان گەیشتن بە حەق و پێگەیشتن و پێگەیاندنی نەفسی خۆیانە. ئەو وشەیە لە ئەسڵدا واتە کەسێک کە جل و بەرگی پەشمینەی کۆنی لەبەر کردووە و ئەوەشیان بە یەکێک لە نیشانەکانی تەرکە دونیایی و زوهد زانیوە.

"تەڵەب" واتە ئەو ویستەی سۆفییەکان هەیانە و دەیانهەوی پێی بگەن. بە قەولی حافز دەست لە تەڵەب و داواکری هەڵناگرن تا بە مرادی خۆیان دەگەن. بۆ ئەو کارەش دەبێ ببنە ڕێڕەوی ڕێگای تەریقەت و سالیکی ڕێگایەک کە بە حەق و پاک بوونەوەی نەفسیان دەگەیەنێ.

لەو بەیتەدا، نالی دژوازییەکی سەیری خوڵقاندووە. سۆفی کە دەبێ تەرکە دونیا بێ و کاری بە هیچ کام لەو شتانەوە نەبێ لە دەروەی بازنەی دۆزینەوەی حەق و پاکبوونەوەی نەفس دان، کەچی بە پێچەوانەوە، سۆفی بە هۆی بوونی ئەو سوپایەوە لە ڕێڕەوەی خۆی لادەدا و ڕێساکانی پێشوو دەشکێنێ و بۆ دیتنی لار و لەنجەی ئەو باڵا وەک سەروی بەرزانە، بوونەتە سالیک و ڕێڕەوەی ڕێگای بینین و ناسینیان و ڕێی تەریقەتیان بە ڕێی نیشتمان گۆڕیوەتەوە.

لە بەیتی دواتردا نالی خۆی و عالەم یان خەڵکی پێک دەگرێ و دەڵێ بۆ دیتنی ئەو هەموو جوانییەی ئەو تاقمە هەم من و هەم عالەم هەر پەلە و ناڵە و هاوارمانە. بەیتی ئاخریش وەکی مودەڕیس باسی کردووە لە نێوان دوو نیو بەیتەکە و کۆی شیعرەکەس نالێکی یەک هەیە. هەموو ئەو باسانە دەبێ نالی خۆشحاڵ کەن و ئەوەش لە تاک تاکی بەیتەکاندا هەیە، کەچی نالی باسی ئەوە دەکا کە نابێ دڵی خۆی بڕەنجێنێ، چون ئەو تاقمە جێگە و پێگەی باشیان هەیە. پرسیار ئەوەیە بۆ دەبێ نالی دڵی بڕەنجێنێ لە حاڵێکدا هەموو شتێک بە دڵی ئەوە و سوپایەکی وا ئامادە و تەیار بوونی هەیە.

بەلام ئەگەر ئاوای لیک بدەینەوە کە "نابێ دڵی خۆت بڕەنجێنی" واتە نابێ خەم بخۆی کە وڵات لەمەودوا خاوەن سوپا و لەشکری ڕێک و پێک و خاوەن پلە و پایەیە. کێشەی ئەو بەیتەش لە باری ماناییەوە چارەسەر دەبێ.

بە گشتی ئەوەی لەو پارچە شیعرەی نالییەوە وەدستمان دەکەوێ ئەوەیە کە؛ نالی وەسفی گەورەیی و ڕێک و پێکی سوپای کوردانی بابان دەکا. تا ئاستی پیرۆزی دەیانباتە سەرێ و بە مایەی دڵخۆشی و پاکبوونەوەی نەفسی خەڵکی نیشتمان و ناسێنەری شوناسێکی تازەیان دەزانێ و وەک دیاردەیەکی تازە جێگۆڕکێ بە زاراوە ئایینی و ئوستوورەییەکان دەکا و لە خزمەت نەتەوەی خۆی دا، جارێکی دیکە سازیان دەکاتەوە و مانایان پێ دەبەخشێ و لەو ڕێیەوە چیرۆکی ئوستوورەیی و سلووکی نیشتمانی خۆی دادەڕێژێتەوە.

 

نالی! بە خودا حەیفە دەڕەنجێنی دڵی خۆت

ئەم تاقمە مەخسوسە هەموو ساحیبی جاهن

KURDŞOP
687 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!