مامۆستا هێمن و پرسیارە جەوهەرییە تاڵەکان

ئەوەی لە زۆر دەقی هێمندا بە ڕوونی دەردەکەوێ و بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزاری و تەنیایی و خەمۆکیی شاعیر، شێوازی بیر و باوەڕ و ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ کەسی هەڵکەوتەی کۆمەڵگایە؛ ئەوەش تایبەتمەندیی زۆر یەک لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانە و بۆ زانیاریی زیاتر دەکرێ زۆر سەرچاوە بخوێنرێنەوە و یەک لەوان "کۆمەڵناسیی هەڵکەوتە کوژی"یە.

 

هێمن یەکێک لە ناسراوترین شاعیرانی کوردی سەدەی بیستەمە، کە بە تایبەت پاش مەرگی، ئاوڕێکی زۆری لێ دراوەتەوە. ئەوەی بە لای منەوە گرینگ و پرسیارسازە ئەوەیە کە بۆچی بەشێکی زۆر لە بەرهەمی ئەو شاعیرە،  بانگەوازی تەنیایی و خەمێکی قووڵە کە کەمتر بیستراوە و زیاتر دووپات کراوەتەوە. لەودیو وشە و بەیتە شیعرەکانی هێمنەوە، بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی باسی بێ‌هیوایی و دابڕان و دووری و خەم و تەنیایی تێیاندا بە خەستی ڕەنگی داوەتەوە، سیمای دوو مرۆڤ نیشانی خوێنەر دەدەن. یەکەمیان مرۆڤێک کە خەریکە لە دۆخی ناجێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک دەدوێ و خەمی ئەو، خەمی هەموو ئەو کەسانەیە وەک ئەو بیر دەکەنەوە و بە دەردی کوردەوە  چاراون. واتە خەریکە شاملوو گوتەنی "ژانی هاوبەشی هەمووان" لە قاو دەدا و دەیهەوێ لەو دەلاقەیەوە کارێک بکا بۆ ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگا ببێتە پێگەیەک هەمووان هاواری بکەنێ و ئەو دەنگە دووپات بکەنەوە کە لە ژانی گشتی دەدوێ. مرۆڤی دووهەم کە لە پشت شیعری هێمنەوە خۆی دەردەخا و خوێنەر دەیبینێ، شاعیرێکی تەنیا و وەڕەز لەو کۆمەڵگایەی کە سەردەمێک جێی هاوار و بانگیان بووه.

پرسیار ئەوەیە چۆنە شاعیرێکی شۆڕشگێڕ لە سەردەمێک لە ژیانیدا دەگاتە ئەو ئاستەی نامۆ بێ لەو کەسانەی سەردەمیک نەتەنیا ناسیاوی بوون، بەڵکوو هاووڵاتی و هاوسەنگەر و هاوڕێ و هاوژانی بوون.

ئەگەر لە باسی مرۆڤی یەکەمدا بمانهەوێ زیاتر وردبینەوە، کەسێک دەبینین لە جیگای منی بە کۆمەڵ دەدوێ و ئەو ژان و دەردەی ئەو هەستی پێ دەکا و دەتوانێ بیخاتە نێو چوارچێوەی هەڵبەستییەوە، ژانی نەتەوەیەکی زوڵم لێ کراوە. لەیەکەم شیعرەکانییەوە کە لە ساڵی ١٣٢١ی هەتاویدا نووسیونی ئەو دیاردەیە دەبینین.

گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردم ئەمن

قەت لەدەس ئەم چەرخە سپڵە نابەزم، مەردم ئەمن

ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم

ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن

گەر لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم

نۆکەریی بێگانە ناکەم تا لەسەر هەردم ئەمن

من لە زنجیر و تەناف و دار و بەند باکم نییە

لەت لەتم کەن، بمکوژن، هێشتا دەڵێم کوردم ئەمن

لەو شیعرەدا "زنجیر و تەناف و دار و بەند"ێک کە هێمن دیهێنێتە گۆڕێ و لەبەر چاوی خوێنەری ڕوخساری دزێویان وەدەر دەخا، ئەو کەرەسانەن کە وێڕای ژانی بێگانەپەرستی و بێگانەترسی، هەموو کۆمەڵگای کوردیان گەمارۆ داوە و ئەوە هەموو ئەو ویژدانە زیندووانەن هاوار دەکەن کە بۆ دەرباز بوون لەو کەشە دەبێ ڕێگایەک بدۆزرێتەوە.

لە شیعری "بابردەڵە"دا دیسان "شاعیر/مەل/نەتەوە" قسە دەکا. لەو تەمسیلەدا کە شاعیر خوڵقاندوویەتی یەکێکی دیکە لە ژانە هاوبەشەکان دێنێتە گۆڕێ؛ ئەویش دیلی و ژێردەستەیی کەسی لێزان و هەڵکەوتەیە کە لەو دەقەدا نموونە مەجازییەکەی بولبولە و نموونەی واقعییەکەی هێمنە و نموونەی گشتییەکەی هەموو ئەوانەن کە لە دۆخی نالەباری ژیر دەستەییدا، خەریکن بەردێک لەسەر بەردێک هەڵدەچنن و هەنگاویک بۆ بردنە پێشەوەی کاراونی ڕوو لە داهاتووی کورد هەڵدێننەوە.

لە سەرەتادا "بولبول" لەبەر ئازاری ژینی نالەباری و گیرۆدەیی قەفەس و هەموو بەربەستەکانی کۆمەڵگا، شین دەگێڕێ. تا مەلی ڕاستینی شیعرەکە لێی وەجواب دێ و تێی دەگەیەنێ کە کەسی هەڵکەوتە هەر هەڵکەوتە بوون و جیاواز بوونەکەی بەڵا و بەربەستێتی. واتە بەشێک لە کۆمەڵگا و بەشێک لە سیستەم، کە هەست بە زەق بوونەوەی کەسی وادەکەن هەڵوێست دەگرن و لە ناوەندی خۆیان وەدەری دەنێن. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە هەم ئەو بەشەی کۆمەڵ کە خۆی بە دەست کایەکانی دەستەڵاتەوە داوە و هەم ئەو بەشەی دەسەڵات کە خەریکی کۆنتڕۆڵی جومگەکانی کولتووری و بزوێنەرە کۆمەڵایەتییەکانە، یان دەیبەستنەوە یان شاربەدەری دەکەن. بەڵام چون ئەوە دەردێکی گشتییە و پێویستی بە چالاکیی زیاترە، دەبێ تا دوژمن، من وەک دیاردەیەکی زیندوو دەبینێ، تەنیا هۆکاری زیندووبوونەکەم واتە خوێندن و ئاگایی بەخشیم بمینێ. ئەو باسە لە چەند بڕگەی شیعرەکەدا دەستنیشان دەکەم.

 

لەبەر ئازاری ژینی نالەباری

دەناڵێ بلبلی شەیدا بەزاری

بەسۆز و داخەوە دەیگوت فەقیرم

پەڕوپۆم هەڵوەری، بێ وادە پیرم

مەلێکی فێری دارستان و لێڕ بێ

قەفەز پیری دەکا با شووی لە زێڕ بێ

تەلار و سەرسەرا و کۆشک چ دێنێ

کە کۆیلە وەرهەمی تێدا هەڵێنێ

لەگەڵ کازیوە بۆی نەفەڕم چڵاوچڵ

نەبینم گوڵ، چلۆن ئارام دەبێ دڵ

چ خۆشە عیشق و سەرمەستی، چ خۆشە

چ خۆشە ژین بەسەربەستی، چ خۆشە

چ تاڵە کۆیلەتی و دیلی، چ تاڵە

بە کەم بێ ژینی وا پڕ ئاهـ و ناڵە

من و کونجی قەفەز ئەی داد و بێداد

ئەمن دیلم، قەلیش سەربەست و ئازاد

لە سوێی هێلانەکەم لەت لەت بوو جەرگم

لە تاوی گوڵ نەمام، نیزیکە مەرگم

دەبێ چەند بەرد لە هێلانەم گرابێ؟

گوڵی سوورم چلۆن پەڕپەڕ کرابێ؟

دەبێ چۆن فێر کرابێ باڵ بکا کل

لەبەر پللاری دوژمن بێچوە بلبل

دەسا ئەو ڕاوکەرە کوێر بێ لە چاوان

منی خستە قەفەز بێ سووچ و تاوان

چ ئینسافە ئەمن بەو دەنگی خۆشم

ئەسیر و دیل و زیندانی و خەمۆشم

بەڵام ئێستا قەلی ڕووڕەش لە گوڵزار

بەقاڕەقاڕ دەدا گوێی خەڵکی ئازار

گوتم ئەی بلبلی خەمگینی دڵمەند

مەناڵێنە لە دەس داو و لە دەس بەند

بزانە تۆ ئەوی ئەهلی هونەر بێ

دەبێ یا دەسبەسەر یا دەربەدەر بێ

هونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە

هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە

ورینگە خۆشەکەت بۆ تۆ بەڵایە

ئەتۆ خۆش خوێنی حاڵت بۆیە وایە

ئەگەر نەتبا ورینگە و دەنگی وا خۆش

بەرەڵڵا بووی وەکوو ئەو ڕووڕەشە تۆش

منیش ئەی بلبلی بەندی وەکوو تۆم

وەها دوورم لە هێلانە و گوڵی خۆم

منیش وەک تۆ لەکیسم چوو گوڵی سوور

منیش هێلانەکەم لێ کراوە خاپوور

منیش بابردەڵەی بەر گێژەڵووکەم

دەمێک لەو قوڵکە، تاوێک لەو چڵووکەم

منیش زۆرداری پرزەی لێ بڕیوم

منیش بەدکاری بواری لێ تەنیوم

منیش بێدادی شاباڵی شکاندم

بەناکامی لە خوێناوی تلاندم

منیش چونکە بڕێک خاوەن هونەر بووم

هەمیشە ڕەنجەڕۆ بووم، دەربەدەر بووم

هەزار گۆوەند و سەد پەندم بەسەرهات

لە ئامێزم نەگرتووە بووکی ئاوات

هەزار سوڕکەم لەبن هەنگڵ دراوە

دەمم گیراوە، چاوم بەستراوە

لە ئامێزی گەرم بێ بەش کراوم

وەکوو تۆ تووشی ڕۆژی ڕەش کراوم

ژیانم پڕ لە ڕەنج و دەرد و داخە

ئەوە گیرساومەوە لەو کێو و شاخە

کەسێک نەی پرسی، نەیزانی چلۆنم

لە یادان چوومەوە، چیڕۆکە کۆنم

بە شەو ژان و پەژارەم دێنە پاڵێ

بە ڕۆژ ئۆقرەم نییە ساتێک لە ماڵێ

بەڵام هاودەردی ئازیزم هەتا هەم

وەکوو تۆ دەردی دڵ ناکەم لە دەس خەم

ئەمن پێم خۆش نییە ئاودەنگی قەل بم

ئەمن پێم خۆش نییە بێزراوی گەل بم

هەتا دوژمن نەگەوزێنێ دەخوێنم

دەخوێنم بۆ گەلی خۆم، هەر دەخوێنم

لە شیعری "تووڕەیی"دا دیسان تابڵۆیەکی وا دەبینین کە شاعیر باسی ئەوە دەکا کە بەر وبووی تێگەیشتن و زانین...چ بوو بۆ من جگە لە کوێرەوەری، تا لە دواییدا دەڵێ "لەو وڵاتە کەسێک لە خەو ڕابی....بەشی چارەرەشی و خەم و شێنە".

لەو چەشنە نووسینە کە دەنگێکی ناڕەزایەتی دێ و دەنگەکە دەنگی گشتی و هاواری گشتییە، لە شیعری هێمندا زۆرن و لەوە زیاتر بابەتەکە درێژ ناکەمەوە. بەڵام لە دوو شیعری "سازی ناساز" و "ئێوارەی پاییز"دا و هەڵبەت لە چەند دەقی دیکەشدا،  ئەوەی دەدوێ مرۆڤی دووەمی باسکراوە. شاعیرێک کە تەرە و دوورخراوەی کۆمەڵگاکەی خۆشێتی. ئەگەر بمانهەوێ لەسەر هۆکارەکانی بدوێین لەو کورتە نووسینەدا ناگونجێ و تەنیا ئاماژە بە خاڵێک دەکەم. ئەوەی لە زۆر دەقی هێمندا بە ڕوونی دەردەکەوێ و بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزاری و تەنیایی و خەمۆکیی شاعیر، شێوازی بیر و باوەڕ و ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ کەسی هەڵکەوتەی کۆمەڵگایە؛ ئەوەش تایبەتمەندیی زۆر یەک لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکانە و بۆ زانیاریی زیاتر دەکرێ زۆر سەرچاوە بخوێنرێنەوە و یەک لەوان "کۆمەڵناسیی هەڵکەوتە کوژی"یە. کۆمەڵگایەک کە تا ئێستاش کەشی کۆمەڵایەتییەکەی وای لێ نەهاتووە کەسی هەڵکەوتە و داهێنەر بزانێ کە "لە ناو بازاڕی ئەمڕۆکەی ژیاندا بەرهەمی ئەو بڕەوی هەیە و دەچێ" ڕەنگە سەدان پاساو بۆوە بهێنرێتەوە کە هێمن خۆی گوتوویەتی من هیچم لە کۆمەڵگاکەم ناوێ و لە وڵامی "مامۆستا هەژار"دا ڕایگەیاندووە: چمان لەو خەڵکە دەوێ؟ ئێمە بە ویستی خۆمان بووینەتە شاعیر. لە وڵامی ئەو نووسیانەدا دەبێ بگوترێ هێمنێک کە شیعر دەنووسێ، ڕاستگۆیانەتر و بێ پێچوپەناتر دەدوێ و بە کورتی ترسی لە هەڵسەنگاندنی قسەکانی لە لایەن کۆمەڵگاوە نییە بۆیە لەوێدا دەڵێ:

لە ناو بازاڕی ئەمڕۆکەی ئەدەبدا شیعری تۆ هێمن

وەکوو پوولی چرووکە هیچ ڕەواجێکی نیە ناچێ

 

ئەو کاردانەوەیە پێشتریش لە شیعری شاعیراندا هەبووە. "میسباحودیوانی ئەدەب" دەیان ساڵ پێش ئەو دەڵێ:

پێوەم ئەدەب دەمێک لەئەدەب خۆم کەنارە کەم

ئەزبەس کە بێ هونەریە لە لای بێ هونەر هونەر

بەڵام ئەو هەستە لای هێمن تا ئاستی قووڵترین خەم و ڕادەی تەریک کەوتنەوە و تەنیایی ڕۆیشتووە. بۆ  درێژەی ئەو باسە سووکەڵە ئاوڕێک لە "ئێوارەی پاییز" دەدەینەوە. "ئێوارەی پاییز" بە زۆر تیۆری و شێواز دەخوێنرێتەوە و شیعرێکە ئەوەندە لایەنی جوانیناسانە و مانایی تێدایە، کە هەم بە شێوەی دووبەیتیی نوێ بخوێنرێتەوە و قسە لەسەر تەباییی ناورۆک و قالبەکەی بکرێ، هەم لەسەر هەڵوێستی بۆ چینەکانی کۆمەڵگا لەنگەر بگیرێ و لە ڕوانگەیەی ڕیالیسمی سۆسیالیستییەوە چاوی لێ بکرێ و ... بەڵام ئەگەر مرۆڤ و بگێڕەوەی ئەو شیعرەش لە گۆشە نیگایەکەوە چاو لێ بکرێ و سەرنجی بدرێتێ، کەسێک دەبینین کە کەمترین هیوا و ترووسکاییی بۆ درێژە دان بە ڕەوتێک کە گرتوویەتە بەر نابینرێ. مرۆڤێک کە "جوانێ دەرکەی لێ پێوەداوە" و ئاسەواری لەبەر چاوی نەماوە. بە چاوی خۆی باربەری ڕووت دەبێنێ کە چۆن ژان و نەداریی لێ بەرهەم دێتەوە. هەموو سیمای جیهان-ژینگەی سیس بوون و خەریکی هەڵوەرینن و لە ڕاستەڕێی بەردەمی، دزێوییەکان ڕیزیان گرتووە.

هێمن لێرەدا ئەو پادشای بێ هیوایی و شکستەیە کە سەربازانی سەر شەقام، دزێوین و ڕیزیان گرتووە و ئەو بە بەردەمیاندا تێدەپەڕێ. بۆیە پرسیاری سەیر و وێرانکەر لە زەینیدا سەر هەڵدەدەن. ئەو پرسیارانەی دەتوانێ کۆمەڵگا بهەژێنێ. ئەگەر لێرەشدا لە ژان و دەرد دەدوێ و دیهەوێ بڕوا و لەگەڵیان سەر پێکەوە بنێ، ئەوە هەمان ژان و دەردی پێشوو نییە کە لەگەڵ کۆمەڵگاکەی تێیدا هاوبەش بوو. لێرەدا ژانی تەنیایی و برینی تاکەکەسیی خۆیەتی. لێرەدایە تەنانەت لە هەستەکانی ئینسانی دڕدۆنگە و دەپرسێ  "چۆن بە ئێوارەی پاییزیش هی وا هەیە پێبکەنێ؟"

لە کۆتاییی ئەو شیعرەیدا بە پێچەوانەی زۆر شیعری دیکەی، لە زمان خۆیەوە باسێک لە گەشبینی نییە. بۆیە ئەو پێی وایە "بەشی ئێمە، واتە کەسی ئەو، لە ناوچوونە". ئەوەی وڵام دەداتەوە "دوور بنواڕە ئاسۆ ڕوونە" کەسێکی دیکەیە کە دڵخۆشی دەکا، دەنا شاعیر خۆی تا سنووری هیوا بڕاوی فڕیوە.

لە شیعری "سازی ناساز"دا، ئیتر ئەو ئاشنایەش  وەلادەنێ. لەو شیعرەدا مرۆڤێک دەدوێ کە لە هەموو دیاردەیەکی نەزۆک و بێ بەرهەمدا خۆ دەبینێتەوە. دەگاتە ئاستێک، بوون و نەبوونی خۆشی لێ تێک دەچێ و گومانیان لێ دەکا. لە نێو ئەو گشتە هەستە تاڵ و وێرانەدا ڕوو لە خوێنەر، دڵدار، خەڵک، کۆمەلگا دەڵێ:

بلبلی باڵشکاوی وەختی گوڵم

هەر شەپۆڵان دەدا دڵی لە کوڵم

کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم

گڕی گرتووە دەروونی پڕ سۆزم

موغی بێ ئاگری شەوی یەلدام

چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام

کەوی بێ دەنگی نەوبەهارانم

گوڵی بێ ڕەنگی چاو لە بارانم

کونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم

سێبەری نازەنینی ڕەشپۆشم

دەستی بەربووی کچی گەڕی شاییم

هەستی خنکاوی لاوی سەوداییم

کێلی گۆڕی شەهیدی گومناوم

تاکە داری کڕووزی بێ ئاوم

دەفتەری شیعری شاعیری ڕووتم

شەمی سەرگۆڕ و داری تابووتم

کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم

خەونی ئاڵۆز و خاتیرەی تاڵم

ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم

باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم

باڵە سووتاوەکانی پەروانەم

شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم

چڵە ڕێحانی دوورە دێراوم

سازی ناسازی هەڵپەسێرراوم

تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم

خەستە و دەردەداری چی دەردم

ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم

شاعیری پیری تووڕە و زیزم

چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟!

خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم؟!

کورتی دەبڕمەوە و دەڵێم هێمن کەسێکی پرسیار ساز بوو. باس و پرسیارەکانی ئەو لەو بەشەی شیعرەکانیدا، ئێستاش لە جێگای خۆیاندا قورساییان هەیە و چاوەڕێی وڵامن. ئەو دۆخەی ئێستا لە فەزای گشتیی ڕۆشنبیریی کوردیدا دەبیندری، نە درەوشاوەترە لەو سەردەمەی هێمن باسی کردووە و نە کۆمەڵگا بە نیسبەت کەسانی هەڵکەوتەی خۆیەوە هەستیارترە. هەر ڕۆشنبیر و نووسەری نەتەوەی کوردە لە کایەی تازەی سیستەمدا، دەرخوارد کەسانی نەتەوی دەدرێ و ... ئایا کاتی ئەوە نییە دیسان وەک هێمن بپرسینەوە "کەوابوو ئاشنا بەشی ئێمە لە ناو چوونە"؟

KURDŞOP
802 بینین

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ کتێبی "چرووسکەک ژ بەرخوەدانیا کۆبانیێ"

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی کۆتایی

زۆرینەی نووسەران و شاعیرانی کوردستان، لە شیعر و دەقەکانیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر باسی نەورۆزیان کردووە کە لەبەر نەبوونی مەجال تەنیا ئاماژەمان بە چەند شاعیر و چەند نموونە شیعر کرد. پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە بکەم کە شاعیران "موخلیس، عەونی، هەژار، زاری، عەلی حەسەنیانی، ژیلا حسەینی، محەممەد ساڵح دیلان، ئەسیری، ناسر ئاغابرا، جەلال مەلەکشا، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵڵا پەشێو و..." لە چەندین شیعریاندا باسی "نەورۆز"یان کردووە و لەسەر کوردستانیبوونی نەورۆز جەختیان کردووەتەوە.

مەلای "جزیری" دەنگی هەڵبەستی کوردییە

مەلای جزیری لێدانی دڵ و هەستەکانە لە شیعری کلاسیکدا. مەلای جزیری ساڵی ١٥٦٥ لە جزیری بۆتان لەدایک بووە. ناوی "ئەحمەد"ە و لە شیعردا نازناوی "نیشانی، مەلێ و مەلا"یە و لە سەدەی ١٧دا ژیاوە. مەلا ئەحمەد جزیری لەسەر دەستی باوکی (شێخ محەممەد) دەستی بە خوێندن کردووە و لە مەدرەسەی "هەکاری و عیمادی" درێژەی بە خوێندن داوە.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی دووەم

لەم بەشەشدا ڕەنگدانەوەی زیاتری "نەورۆز" لە شیعر و دەقی کوردیدا دەخەینەڕوو. هەروەها پێویستە ئاماژەش بەوە بکەم کە وێڕای ئەوەی لەم وتارەدا ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا دەبینین، ئاوڕێکیش لە شاعیران و نووسەرانمان دەدەینەوە کە بەداخەوە ناوی هەندێکیان بە فەرامۆشی سپێردراون.

ڕەنگدانەوەی "نەورۆز" لە ئەدەبی کوردیدا – بەشی یەکەم

نەورۆز وەکوو جەژنی نوێبوونەوە و ئازادی، لە ئەدەبی کوردیدا و لەلای شاعیران و نووسەرانی کورد، هەمیشە جێی بایەخ و تێڕامان بووە. شاعیران و نووسەرانی کورد وەکوو دیوێکی جوانی و دەرچەیەکی ئازادی و هێمای ڕزگاریی نەتەوەیی، نەورۆزیان لەنێو شیعر و دەقەکەیاندا بەکار هێناوە. ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ گرێدراویی حاشاهەڵنەگری کورد و کوردستان بە نەورۆزەوە

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی سێیەم

ڕەخنەی پەداگۆژیک لە بواری پەروەردە لەسەر چیرۆکی منداڵان؛ هەندێکجار لە چیرۆکی منداڵاندا تووشی ئەو جۆرە وشەیە دەبین کە کاریگەرییان لەسەر مێشکی منداڵان دەبێت و ڕێگەیان پێ دەدات بیرۆکەیەکی خراپ لە مێشکیاندا دروست بکەن. بۆ نموونە دەتوانین لێرەدا سەرنجەکانمان لەسەر چیرۆکی "تیتی و پیرێ، کال و سێڤێ و نیسکۆ" بخەینەڕوو. لە بەشێکی چیرۆکی "تیتی و پیرێ"دا وەها دەڵێت:

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی دووەم

هەندێک ڕەخنەی پەداگۆژیک لەسەر چیرۆکی منداڵان – بەشی یەکەم

لەو کۆمەڵگەیەدا کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین، هەرچەندە دەبینین ئەدەبی کوردی لە گەشەکردندایە، بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، بەڵام زۆربەی چیرۆکەکانی منداڵان لایەنی لاوازی زۆریان هەیە کە کاریگەرییان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە و دەبنە کێشە.

ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!