سەرەتای دەسپێکردنی مێژوونووسی کوردستان-تەوەر – بەشی 2

ئاران هەورامان

 

بەشی یەکەمی ئەم بابەتە لێرە بخوێننەوە

 

 مەبەست لە مێژوونووسیی کورستان‌تەوەر ئەوەیە مێژوونووس بە پێچەوانەی سوننەتی پێشووی مێژوونووسی، کورد و کوردستان دەکاتە ناوەندی بابەتەکەی و ئیتر وەک پێشوو بە باسکردنی داستانی ژیانی پێغەمبەر و پاشەکانەوە دەس پێ ناکات و تاریف کردنی دەسەڵاتی حاکمان مەبەست و بابەتی سەرەکی نییە، بەڵکوو ژیانەوەی ڕابردوو و مەزنکردن و بە مەزن و کۆن نیشاندانی کوردستان و نەتەوەی کورد ناوەند و مەبەست و بابەتی سەرەکیی بابەتەکەیە بۆیە ئەزەلی بوون و بە واتایەک بە سەرەتای کورد و لە پێش ئیسلامەوە دەس پێدەکات و بۆ بە کۆن و قەدیمی بوون و قەدیمی کردنی کورد و کوردستان دەس پێ دەکات. حوزنی لە بەر هەندێ هۆکار نەیتوانی بیری نەتەوە و نەتەوەسازی بکاتە گوتاری زاڵ و بە بۆنەی هەمان گوتاری ناوچەگەرایی بە داخەوە سەرەڕای ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەوە پەراوێز خرا.

شەش ساڵ پاش بڵاو بوونەوەی غونچەی بەهارستان، ئەمین زەکی بەگ، ئەفسەری پێشووی سپای عوسمانی و دواتر نوێنەر و ئەندام پەرلەمانی کورد لە بەغدا، یەکەم مێژووی تەواو کوردستان‌تەوەری لە ساڵی ١٩٣١ بڵاو کردەوە. هەڵبەت لە هەمان ساڵیشدا و لە درێژەی پرۆژەکەی حوزنی، «مێژووی ئومەرا و حوکمدارانی بەناوبانگی کوردستانی شارەزوور»ی، وەک بەشی چوارەمی مێژووەکە بڵاو کردەوە.

محەممەدئەمین زەکی بەگ

 

هەڵبەت فەرامۆش نەکرێت ئەمین زەکی بەگ خۆی لە پێشەكیی ئەم کتێبەی دەنووسێت بیری نووسینی ئەم کتێبە لە ساڵی ١٩١٠ کراوە تەنانەت یادداشتەکانی ئامادە بووە بەڵام بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە گەڕەکەکەیان یادداشتەکان لە نێو چوونەوە و دواتر بە بینینی وتارێکی مینۆرسکی لە زانستنامەی ئیسلامدا، دووبارە  دەستی بە نووسینی ئەم کتێبەی بەردەستی ئێمە کردووە. «لە دوای ئەم مەئیووسییە، بە دەساڵ، یەعنی لە ١٩٢٩ی میلادیدا ڕۆژیک لە کتێبخانەی مەجلیسی نەوابدا، ئەنسقلۆپەدیای ئیسلامم چاو پێ کەوت و لە جڵدی دووەمیدا بەحسێکی مەخسووسی کوردی تیایە لە تەرەف موستەشریق و عالمێکی زۆر بەناوبانگەوە، کە فۆن مینۆرسکییە، نووسراوە. بە شەوقێکی زیادەوە دوو سێ جار خوێندمەوە ئەم موتاڵایە مەیلی کۆنی تازە کردمەوە و سەرلەنوێ قەرارەم دا کە لەسەر ئەم ئەساسە، خولاسەیەکی تەئریخی کورد و کوردستان بنووسم». (ئەمین زەکی،١٣٩٧ :٣٧)

زەکی بەگ دەکرێت وەک ڕۆشنبیرێکی نەسڵی یەکەمی کوردی و بازنەی ئەستەموڵ تەماشا بکرێت کە لە ژێر کاریگەریی کەشوهەوای ئەستەموڵ و گۆڕانکاری لە دوو چەمکی نەتەوە(میللەت) و نیشتمان(وەتەن) ڕووی کردووەتە مێژوو ومێژوونووسیی نەتەوەکەی. « لە دوای ئەمە کە لە جێگەی تەعبیری عموومیی عوسمانی لەفزی تورک و توورانی لە تورکیادا باوی سەند، بە تەبیعەت وەکوو ئەفرادی میللەتەکانی تر منیش لە ناو ئەو کۆمەڵەدا غیرەتی خۆم چاکتر حیس کرد و غرووی قەومی، مەجبووری کردم لە هەموو فرسەتێکدا ئەم حیسسەی خۆم ئیزهار بکەم. بەڵام دەرحەق بە ئەسڵ و تەئریخی قەومەکەم هیچم نەئەزانی، چوونکە تا ئەو وەقتەی نە لە مەکتەبدا فکرێکی وامان درابوویە و نە لە دواییشدا زەروورەتی تەدقیقی تەئریخی کوردمان دیبوو و کەلیمەی جامیعەی عوسمانلی ئەعسابی قەومییەی هەموومانی تا دەرجەیەک خاوکردبووەوە. بارها ئەم سوئالەم لە خۆم ئەکرد: قەومی کورد لە چ نەتەوەیەکە؟ چی بە سەرهاتووە؟ بەڵام نەمئەتوانی جەوابێکی باشی بۆ بدۆزمەوە، بە ناعیلاجی لە چەند گەورەیەکی کوردم پرسی حەتا لەوانە دوانیشیان لە مامۆستاکانی تەئریخ بوون؛ یەکێکیان ئەسڵی کوردی بۆ ڕیوایەتێکی موشەووەش بردەوە سەر کوردی کوڕی عەمرۆی قەحتانی، ئەوی تریشیان کردینی بە نەتەوەی دێوێک کە چاسادیان پێ گووتوە. بە ڕاستی ئەم دوو جەوابە بێ خێرە زۆر سەغڵەتی دام و لەگەڵ ویجدانی خۆمدا قەول و بریم کرد کە خۆم تەدقیقی ئەم موعەممایە بکەم. زاتی بوونم لە ئەستەموڵدا فرسەتێکی باش بوو. وەقتی بێ ئیشیی خۆم بۆ ئەم تەدقیقانە دانا و لە ئیبتیدای ١٣٢٦ی ڕۆمییەوە دەسم کرد بە زیارەتی کتێبخانەکانی ئەستەموڵ». (زەکی بەگ،١٣٨٧ :٣٦)

محەممەد ئەمین زەکی،  وەک سیاسەت و بۆچوونی سیاسی و تەنانەت بەرژەوندیی تاکەکەسی سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی بوو و تا کاتی ڕۆخانی ئەو دەسەڵاتەش، سەرەڕای دەرکی بە جیاوازیی نەتەوەیی لە گەڵ تورک و مەیل بۆ پەردەهەڵدانەوە لە مێژووی نەتەوەکەی، لەگەڵی مایەوە و پاش ڕووخانی عوسمانییش ڕووی کردە بەغدا و لە باتی هەوڵ بۆسەربەخۆیی، پەیوەست بوونی بە بەغداوە هەڵبژارد و بەمجۆرە کاتی باسکردن لە هۆکارەکانی شکستهێنان و هەرەسهێنانیان بزاڤە نەتەوەیی وسەربەخۆییخوازەکانی کورد، بە شێوازێکی دوو لایەنە پاساو دەهێنیەتەوە: «کەس ناتوانێ ئینکاری بکا لە هەموو میللەتێکدا کەمێ زۆر، مەیلی سەربەخۆیی هەیە و ئەمەش لە حقووقی ئەساسییە و تەبیعییەی ئەفراد و ئەقوامە، لەم خسووسەوە تەعقیبی هیچ کەسێ و هیچ قەومێ نابێ بکرێ. ئەوندە هەیە ئەو قەومە، بەخسووس تێگەیشتووانی ئەو قەومە، ئەبێ لە پێش هەموو شتێکدا بۆ ئەم سەربەخۆییە چی پێویستە، ئەوە بکەنە هەدەف و غایە و ڕێگەیەکی ماقووڵ و ئەمین بگرنە پێش. لە عیلم و مەنتیق قەت لانەدەن و ڕۆح و ماڵی خۆیان بە بێ وەقت و بە هەڵەشە و بە خۆڕایی سەرف نەکەن، هێمن و وریا بن، بە برایەتی و دڵسۆزی دەس بدەنە دەسی یەک و بە بێ شەڕ و هەرا سەعی بکەن ڕوشدی ئیجتماعی و سیاسیی خۆیان بە مەکارمی ئەخلاق و عیلم و سەروەتیان ئیسبات بکەن. چونکە پێویستی سەربەخۆیی ئەمانەیە و لازمە بزانرێ کە لەم عەسرەدا سەربەخۆیی لە گەڵ جەهل و فەقردا ناژی و لە باتی ڕەفاە و سەعادەت بۆ قەومەکە، ئیستبداد و فەلاکەت ئەهێنێ و بە دەس غەریبە و موتەغەلیبەوە گیرۆدە و زەلیلی ئەکا (ئەمین زەکی،١٣٩٧ :٢٠٨)

محەممەدئەمین زەکی بەگ جیا لە بۆچوونی سیاسیی خۆی کە پێدەچێت زۆرتر مەیلی بەرەو واقیعخوازیی سیاسی یان تەنانەت بەرژەوندیی تاکەکەسی دەچوو، بەس لە گرنگی و کاریگەریی درێژخایەنی مێژوو و مێژوونووسی ئاگادار بوو. بۆیە تەنانەت پاش لە ێوچوونی یادداشتەکانی، وازی نەهێنا و دووبارە دەستی پێ کردەوە. هەڵبەت ناکرێت لەم بابەتە دوو خاڵی سەرەکی لە بیر بکرێت یەکەم ئەوەی ئەو پەرچەکردارەی ناوبراو لە ئاست ڕووکردنەوەی تورکانی هاوڕێز و هاوسەنگەری لە شوناسی نەتەوەییی تورکی کە لێرەدا محەممەدئەمین زەکی سەرەڕای هەستی بۆ کیان و شۆناسی عوسمانی، ناچار دەبێت ڕوو لە ڕابردوو و نەتەوەی خۆی بکاتەوە و دووەم ئەوەی مێژووی بیرۆکەی نووسینی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٣١ و ئەم ساڵە هاوکاتە لەگەڵ ناهومید بوونی زەکی بەگ لە چاکسازی لە دەوڵەتی تازە دامەزراوەی عێراقدا کە ئەو وەزیر و نوێنەری پارلەمانی پێشووی بووە و لەو دواییەدا هەندێ دەسەڵاتداری ڕەگەزپەرستی عەرەب، دەسەڵات و ڕۆڵی کاریگەری محەممەدئەمین زەکی بەگیان بۆ قبوڵ نەدەکرا بۆیە بە ڕاشکاوانە کەوتنە دژایەتی و ئەویش وەک ناهومێدی نامیلکەی دوو تەقەلای پێشووی لە ساڵی ١٩٣١ بڵاوکردەوە. کەواتە دەبێت و پێویستە ئەم بەرهەمەی لە گۆشەنیگای پەرچەکردار لە ئاست ڕەگەزپەرستیی تورک و عەرەب و بە پەراوێزخستنی کورد تەماشا بکرێت کە بە ناچاری پەنا دەباتەوە بەر شۆناسی نەتەوەیی و، مێژوونووسی بۆ ئەم ئامانجە هەڵدەبژێرێت.

 

.................................

نووسەری ئەم پێشەکییە لە کتێبێ بە نێوی مێژووی ڕۆشنبیری کوردی بە وردی باسی حوزنی کردوە بۆیە لێرەدا فرە باسەکەی نەکردوەتەوە.

 

KURDŞOP
384 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!