کۆمەڵە شوێنەواری بێستوون لە پارێزگای کرماشان - بەشی 1

 

کۆمەڵە شوێنەواری مێژووییی بێستوون

کۆمەڵە شوێنەواری مێژووییی بێستوون لە شوێنە گەشتیارییە هەرە گرینگەکانی پارێزگای کرماشانە. بێستوون شاخێکە کە لە سی کیلۆمەتریی باکووری ڕۆژهەڵاتی کرماشان و لەسەر ڕێگای کرماشان بۆ هەمەدان هەڵکەوتووە. شارۆچکەی بێستوونیش کە سەر بە شاری هەرسینی پارێزگای کرماشانە هەر لە تەنیشت شاخەکە هەڵکەوتووە.

کۆمەڵە شوێنەواری بێستوون 28 شوێنەواری تۆماری کراوی نیشتمانی و جیهانیی لەخۆ گرتووە کە کۆنترینیان دەگەڕێتەوە بۆ چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر و تەمەنی نوێترینیشیان چەند سەد ساڵێکە و لە سەردەمی پاشایانی سەفەویدا دروست کراوە. ئەم کۆمەڵە شوێنەوارە لەسەر ڕووبەری 1650 هێکتار هەڵکەوتووە و لە بواری جۆراوجۆریی شەوێنەوارەکانیشەوە لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگی هەیە.

گرینگترین شوێنەوارەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتین لە: کەتیبە(بەردەنووسی)ی بێستوون، نەخشی بەردینی بێستوون، پەیکەرەی هێرکوول، کۆشکی بێستوون، کاروانسەرای ئیلخانی، فەرهاد تاش، سەراوی بێستوون، پەرەستگەی مادی، قەڵای مادی، نەخشەبەردی گودەرز و نەخشەبەردی مێهردادی ئەشکانی، کاروانسەرای شاعەباسی، بەردەنووسی شێخ عەلیخان، پردی ساسانی، پردی بێستوون و ئەشکەوتەکانی بێستوون.

 

بەردەنووسی بێستوون

ئەم بەردەنووسە، بەسەرهاتی سەرکەوتنی "داریوشی یەکەمی هەخامەنەشی" بەسەر "گێئۆمات"دا دەگێڕێتەوە و وەک گرینترین شوێنەواری مێژوویی و هونەریی سەردەمی هەخامەنەشی، یەکێک لە ناودارترین شوێنەوارەکانی کۆمەڵەی بێستوونە و لە لایەن ڕێکخراوی یونسکۆوە تۆماری جیهانیی وەرگرتووە.

بەردەنووسەکە لەسەر گاشەبەردێکی ئاهەکی هەڵکۆڵراوە و پاش هەڵکۆڵینی، بە ڕووکەشێکی شەفافی لەعاب داپۆشراوە بۆ ئەوەی نووسراوەکانی لەناو نەچێت. درێژیی ئەو بەردەنووسە 22 مەتر و پانییەکەی 7.80 مەترە و بە سێ زمانی، ئاوێستایی، ئیلامی و ئەکەدی و بە خەتی بزماری لەسەری نووسراوە و نەخش و نیگاری ئەهوورامەزدا و ئەو کەسایەتییانەی باسیان کراوە لەسەر بەردەکە هەڵکۆڵراوە.

نەخشەبەردینی بێستوون

ئەم نەخشەبەردینە تابلۆیەکی هەڵکۆڵراو لە ناو بەردە کە درێژایییەکەی 6 مەتر و پانییەکەی 3.20 مەترە. دیمەنی سەرکەوتنی داریووشی هەخامەنەشی بەسەر گێئۆمات و ئەسیرکردنی ئەو و لایەنگرانی لەسەر ئەو تەختە بەردە نەخشێنراوە. دیمەنی ئەهوورامەزدا لە سەرەوە نەخشێنراوە کە ئاڵقەی هێز دەداتە دەست داریووشی هەخامەنەشی. هەروەها دیمەنی داریووش بە بەرزیی 180 سم دەبینرێ کە قاچی چەپی لەسەر سنگی گێئۆمات داناوە. 9 دیلی دەست بەستراو و کۆت لە گەردن کە بەرزیی باڵایان 120 سانتی مەترە بە دوای یەکدا ڕیز بوون و لە بەرانبەر داریووشدا ڕاوەستاون. کەواندار و نێزەدارێک کە باڵایان 150 سانتی مەترە، لە پشت سەری داریووشەوە وێستاون.

 

پەیکەرەکەی هێرکوول

سەبارەت بە پەیکەرەی هێرکوول بابەتێکی سەربەخۆمان لە کوردشۆپدا بڵاو کردووەتەوە لێرە بیخوێننەوە.

 

کۆشکی بێستوون

کۆشکێکی وێران و ناتەواوە کە ڕاست لە بەرانبەری بەردەنووسی بیستووندا هەڵکەوتووە و هی خەسرەوپەرویزی پاشای ساسانی بووە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی شوێنەوارناسان کە لە سالێ 1976 بەملاوە تا ئێستا لەم ناوچەیە بەردەوام بووە، ئەو کۆشکە تەنیا دیوارەکانی دەوروبەری دروست کراوە و بە هۆکارێکی نادیار، کۆشکەکە بە ناتەواوی ماوەتەوە و دواتر کراوەتە کاروانسەرا. پاشانیش کاروانسەراکە بە هۆی بوومەلەرزەوە وێران بووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی قاجارەکاندا گوندێک لە شوێنی کۆشکەکە دروست کراوە.

فەرهاد تاش

تەختەبەردێکە بە درێژیی 200 مەتر و بەرزیی 36 مەتر داتاشراوە و بە ناوی فەراتاش و تەختی فەرهادیش دەناسرێ. ئابراهام جەکسۆن کە ساڵی 1903 سەردانی ئەم شوێنەی کردووە پێی وایە ئەم بەردە کە هیچ نووسراوە و نەخشێکی لەسەر نییە، بۆ تۆمار کردنی سەرکەوتنەکانی داهاتووی پادشایەک بووە بەلام فریا نەکەوتووە سەرکەوتنەکانی تۆمار بکات. ژمارەیەکی دیکە لە شوێنەوارناسانیش پێیان وایە ئەم شوێنە لە ڕاستیدا کارگەی تاشینی بەرد بۆ ئامادەکردنی کەرەسەی پێویست بۆ دروست کردنی کۆشکەکەی خەسرەوپەرویز بووە. لە فۆلکلۆری ناوچەکەشدا دەگوترێ ئەم شوێنە لە لایەن فەرهادی کۆکەنەوە بە خۆشەویستیی شیرین داتاشراوە.

کاروانسەرای ئیلخانی

شوێنەوارێکی دیکەی کۆمەڵەی بێستوونە کە لە نزیک فەرهادتاش هەڵکەوتووە و لەسەر پاشماوەکانی کۆشکی نیوەکارەی ساسانی دروست کرابوو. ئەم کاروانسەرایە جگە لە حەوشێکی گەورە، 64 حوجرەی هەبووە و مزگەوتێکی بچووکیشی لەناودا بووە. شوێنەکە بە هۆی بوومەلەرزەوە وێران بووە بەڵام بەشێک لە پاشماوەکانی کاروانسەراکە ماوەتەوە. لە سەردەمی شاعەباسی سەفەویدا، لە کەرەسە داڕماوەکانی ئەم شوێنە بۆ دروستکردنی کاروانسەری شاعەباسی کەڵک وەرگیرا.

سەراوی بێستوون

ئاوی کانییەک کە لە نزیک شاخی بێستوون لە گۆلاوێکدا کۆ دەبێتەوە و بووەتە سەرچاوەی ژیان و هۆی نشتەجێبوونی مرۆڤ لەم شوێنە. هەروەها لە سەردەمی کۆندا ئەو کاروانانەی لە لای ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو عێراق دەچوون لە لای ئەو کانی و ئاو و سەراوە دەمانەوە و دەحەسانەوە. بەشێکی زۆر لە شەوێنەوارەکانی کۆمەڵەی بێستوون و لەوانەش: بەردەنووس و نەخشەبەردی داریووش، نەخشەبەردی ئەشکانی، پەیکەرەی هێرکوول، پەرەستگەی مادی، کاروانسەرای شاعەباسی و چەند شەوێنەوارێکی دیکە لە دەوروبەری سەراوی بێستوون هەڵکەوتوون.

ئاوی ئەم سەراوە بەبێ تام و بۆنە و هەم بۆ خواردنەوە دەشێ و هەم بۆ ئاودێرانی کێلگە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. دەوروپشتی سەراوەکەش داری چناری زۆر بەرز ڕواون کە شوێنەکەیان بۆ گەشتیاران کردووەتە شوێنێکی دڵڕفێن و سەرنجڕاکێش.

پەرستگەی مادی

پەرستگەی مادی یەکێکی دیکە لە شەوێنەوارە گرینگەکانی کۆمەڵەی بێستوونە و لە ژێر بەردنووسی داریووش هەڵکەوتووە. ئەم پەرستگەیە ڕووبەرێکە بە درێژی 10.50 مەتر و پانیی 7 مەتر و بەرزایی 1.5 مەتر کە بە بەردی دانەتاشراو و بە شێوەی وشکەچنی دروست کراوە و بە ڕێڕەوێک کە حەوت مەتر درێژ و 1.5 مەتر پانە کراوە بە دوو بەش. لە کۆتاییی ڕێڕەوەکەدا ژوورێک هەیە. گرووپێکی شوێنەوارناسی ئاڵمانی، ساڵی 1962 ڕایانگەیاند ئەم شوێنە پەرستگەیەکی سەردەمی مادەکانە. لە هەڵکۆڵینەکانی ئەم شوێنەدا چەندین پارچەی هەزارەی یەکەمی پێش زایین دۆزرانەوە.

 

KURDŞOP
581 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!