پەیکەرەی هێرکوولی یۆنانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

لە 39 کیلۆمەتریی شاری کرماشان و لە سنووری شارۆچکەی هەرسینی سەر بە پاریزگای کرماشان، لە داوێنی چیای بەناوبانگی بێستوون و لە سێبەری کوێستانی پڕاودا پەیکەرەیەکی بەردینی هێرکوول (هێراکلێس) ئەفسانە و ئوستوورەی ناوداری یۆنانی لە ناو دڵی گاشەبەردێکدا داتاشراوە.

ئەو پەیکەرەیە، یەکێک لە 28 شوێنەواری مێژوویییە کە لە چیای بێستوون دۆزراونەتەوە. پەیکەرەکە لە تەنیشت ڕێگای بەناوبانگی ئاوریشم یا وەک لەو ناوچەیە دەگوترێ ڕێگای خۆراسان هەڵکەوتووە و تەنیا 350 میتر لە تاقۆسان و کۆمەڵەی شوێنەوارەکانی بێستوون دوورە.

مێژووی پەیکەرەی هێرکوول

پەیکەرەکە پیاوێکی بە هەیبەتە بە قژی لوول و لەشی ڕووت کە لەسەر لاتەنیشت لەسەر پێستی شێرێک پاڵ کەوتووە و ئانیشکی دەستی چەپی داداوە و جامێک شەرابی بەو دەستەیەوە گرتووە. (لە پاش دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، جامە شەرابەکەی دەستی لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە شکێنراوە) دەستی ڕاستیشی لەسەر قاچی ڕاستی داناوە. ئەو پەیکەرەیە لەسەر سەکۆیەک بە درێژیی 220 سانتی مەتر دروست کراوە و درێژیی پەیکەرەکەش 147 سانتی مەترە و بەرزییەکەشی 150 سانتی مەترە. پەیکەرەکە لە ناو گاشەبەردێکی یەکپارچەدا داتاشراوە و لە پشتەوەڕا بە شاخەکەوە نووساوە.

لە تەنیشت پەیکەرەکەوە نەخشی دارێکی زەیتوون لە سەر بەردەکە هەڵکۆڵراوە و لەسەر لقی دارزەیتوونەکە تیردان و کەوانێک دەبینرێ. لە تەنیشت دارەکەش نەخشی گورزێک هەڵکۆڵراوە. لە تەنیشک ئەوانە کەتیبەیەک بە خەتی یۆنانی لەسەر لەوحێک کە 43 سانتی مەتر درێژ و 33 سانتیمەتر پانە، لە حەوت دێڕدا نووسراوە. لە ژێر پەیکەرەکەش نەخشی شێرێک بە درێژیی دوو مەتر و بەرزیی 114 سانتی مەتر هەڵکۆڵراوە.

بە پێی لێکۆڵینەوەکان و ئەوجۆرەی لە کەتیبەکەدا نووسراوە، پەیکەرەی هێرکوول 153 سال بەر لە زایینی مەسیح و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەشکانییەکاندا و لە کاتی پاشایەتیی مێهردادی یەکەم (ئەشکی نۆیەم لە زنجیرەی پاشایانی ئەشکانی . 136-174 پێش زایین)دا دروست کراوە.

دۆزینەوەی پەیکەرەی هێرکوول

ئەم پەیکەرەیە بە ڕێکەوت لە ساڵی 1956دا و لە کاتی دروستکردنی ڕێگای کرماشان بەرەو هەمەدان دۆزرایەوە. لەو ساڵەدا کاتێک کرێکاران بۆ دروستکردنی ڕێگاکە خەریکی دابڕینی داوێنی شاخەکە بوون، هەست دەکەن بۆڵدوزێرەکەیان لە بەردێکی زۆر سەخت و گەورە گیراوە هەر بۆیە کارەکەیان ڕادەگرن و بە دەست خڕکەبەرد و گڵەکانی شوێنەکە هەڵدەدەنەوە و بەم شێوەیە پەیکەرەی هێرکوول وەدیار دەکەوێت.

کاری ڕاکێشانی جادەی کرماشان بۆ هەمەدان بە هۆی دۆزینەوەی ئەو پەیکەرەیەوە ڕادەگیرێ و هەڵکۆڵینی دەوروپشتی پەیکەرەکە دوازدە ڕۆژ دەخایەنێت و لە کۆتاییدا، پەیکەرەیەک دەردەکەوی کە لە ناو دڵی گاشەبەردێکی گەورەدا داتاشراوە. بە هۆی بەرکەوتنی بۆڵدۆزیرەوە سەری پەیکەرەکە لە لاشەی جیا کرابووەوە و پاش گەڕان و پشکنین لە ناو بەردەکانی ناوچەکەدا سەری پەیکەرەکە دەدۆزنەوە و لە شوێنی خۆی دایدەنێنەوە بەڵام دەردەکەوێ بەشێک لە ریشی پەیکەرەکە شکاوە و لە جێی خۆی نەماوە.

دزرانی سەری پەیکەرەی هێرکوول

سەری ئەو پەیکەرەیە دوو جار لە ساڵەکانی 1977 و 1993 دزراوە بەڵام دواتر دۆزراوەتەوە. لە دزرانەکەی ساڵی 1993دا زیانێکی زۆری پێ گەیشت هەر بۆیە بۆ رێگری لە دزینی ئەو ئاسەوارە بەنرخە، بڕیاردرا لە هەمان بەرد، سەرێکی هاوشێوەی بۆ دروست بکرێ و لە جێی سەری ڕاستەقینەی پەیکەرەکە دابنرێ. سەری ڕاستەقینەی پەیکەرەکەش لە گەنجینەی شوێنەوارە مێژووییەکان پارێزراوە.

 

KURDŞOP
527 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!