لێرە بەشی یەکەم بخوێنەوە:
سمکۆی شکاک؛ شۆڕشگێڕێک لە ڕێگای سەربەخۆیی کورد - بەشی1
پاش شەڕی جیهانی، عوسمانییەکان ئازەربایجان بەجێدێڵن و حکوومەتێکی بەهێز لە ئازەربایجان دانامەزرێ و تەنیا دەسەڵاتی کاریگەر و خاوەن جێگە و پێگە سمایل ئاغای شکاک بوو. ئەو جودا لە هێزەکانی خۆی چەندسەد کەس لە سەربازانی عوسمانییشی لەگەڵ بوون و پشتیوانییان لێ دەکرد.
حاكمی ورمێ "سەردار فاتیح" لەو سەردەمەدا دەیهەوێ بە وتووێژ هەڵیفریوێنێ بەڵام ئەو هەوڵە ئاکامێکی نابێ وحاکمی تەورێز "موکەڕەمولمولک"یش بۆمبێکی بە دیاری بۆ دەنێرێ کە دەتەقێتەوە و سمکۆ لێی دەرباز دەبێ .
مانگی فێورییەی ساڵی ١٩١٩ کۆبوونەوەیەک لە مابەینی گەورە خانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەیەدا باسی ڕاپەڕینێکی گشتی بە دژی دەوڵەتی ئێران کرابوو. بەڵام لەسەر ئەوە پێک هاتن کە تا دەوڵەتە گەورەکان ڕایان وەرنەگیرێ و ڕەزامەندی بۆ پشتیوانی و گۆڕانکاری دەرنەبڕن هیچ نەکەن.
پاش ئەوە دوو کەس و بە دوو ئاراستەی جوداوە بە مەبەستی ورووژاندنی باسی سەربەخۆییی کوردستان حەول دەدەن لە نوێنەرانی دەوڵەتانی بیانی و بەتایبەت ئینگلیس نزیک ببنەوە و ئەو داوایەی خۆیان و خەڵکی کوردیان پێ بگەیەنن. ئەوان داوای سەربەخۆییی کوردستان ببووە کەڵکەی تازەیان و هەر یەک لە ڕێیەکەوە بۆی تێکۆشان .
سەید تەهای شەمزینان ساڵی ١٩١٢بۆ ڕاکێشانی یارمەتیی ئینگلیزییەکان دەچێتە بەغدا و سمکۆش نامەیەک بۆ "ئاڕنۆلد تالبۆت ویلسۆن" نوێنەری دەوڵەتی ئینگلیس لە بەغدا دەنووسێ. بەڵام هیچ کامیان بەڵێنێکی دیاریکراو وەرناگرن.
پاش ئەوە سمکۆ چاوەڕێی ڕاپەڕینی خانەکانی دیکەی کوردستان نەمایەوە و شارەکانی "دەیلەمان" و "خۆی"ی گرت و پاشان گەورە شاری وەرمێی گەمارۆ دا، بەشێک لە خەڵکی ئازەریی "لەکستان" واتە بەشی باکووری ڕۆژئاوای دەیلەمان دانیان بە حاکمییەتەکەی دانەنا و ئەویش هێرشی کردنێ و تێکی شکاندن و تا "بەندەری شەڕەفخانە"ی ڕادان. ناوچەکانی باکووری گۆلی ورمێش کەوتە ژێر دەستی هێزەکانی سمکۆوە .
لەو کاتەدا حاکمی تازەی تەورێز "سەردار ئینتسار" بە هێزێکی زۆرەوە هێرش دەکاتە سە ڕ هێزی سمکۆ و پاشەکشەیان پێ دەکا و سەرەنجام سمکۆ لە گەڵ فەرماندەی هێزی قەزاق، "فیلیپۆف"، کە بە نوێنەرایەتیی تەورێز هیرشی کردبوو وتوێژ دەکا و ڕێک دەکەون.
ئەو ڕێک کەوتنەش هیندی دیکە پێگەی سمکۆ بەرز دەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٢٠دا دیسان دەشتەکانی ورمێ و سەڵماس و خۆی دەگرێ و بۆخۆی حاکم بۆ شاری ورمی دادەنێ. بەو شێوەیە ڕۆژ لە گەل ڕۆژ هێزەکانی سمکۆ پەرە دەستێنن و لە دوایین هێرشی بۆ سە ڕ سوپای ئێران ژمارەی چەکدارانی گەیشتوونەتە دەهەزار کەس.
سمکۆ ساڵی ١٩٢٠ چەندین کۆبونەوە لە نێو هەموو سەرۆک عێلە کوردەکانی ئازەربایجاندا ساز دەکا. هاوێنی ١٩٢١ /١٣٠٠ی هەتاوی هەرێمی دەستەڵاتی سمکۆ بریتییە لە سەرانسەری ڕۆژ ئاوای گۆلی ورمێ تا شاری بانە و سەردەشت و سووچی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی عێڕاق. لە عێلەکانیش جگە لە عێلی شکاک و تایەفەی هەرکی ، مامەش و مەنگوڕ و دێبوکری و پیران و زەرزا و گەورک و فەیزوڵلابەیگی و پشدەری و تایەفە بچووکەکانی بانەش ڕەگەڵ سمکۆ کەوتبوون.
شایانی باسە سمکۆ شاری "سابلاغ"یشی لە دەست هێزەکانی دەوڵەت دەرهێنا و لەو شەڕەدا بەشێک لە شاری سابڵاغ تاڵان کرا و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی دواتر سمایل ئاغا لە لایەن نەتەوەخوازانی کوردەوە تانەی لێ بدرێ. سمکۆ لە پاساوی ئەم ڕووداوانەدا گوتوویەتی: هێزەکانی ژاندەرمێریی ڕێژیم شەڕەکانیان بەرەو نێو کووچە و کۆڵانەکانی شار بردووە و منیش نەمتوانیوە پێش بە دژکردەوەی هێزەکانم بگرم.
بەڵام هەر دوای ئەوە سابڵاغ و وەک ناوەندی حوکمڕانی دەستنیشان دەکا و بۆ خۆی ئەوێ بەجێ دێڵێ و بە "هەمزاغا"ی دەسپێرێ. پاش ئەو هێرش و سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکانەی سمایل ئاغا و لەشکرە دەهەزار کەسییەکەی، خەڵکانی غەیرە کوردیش دان بە دەستەڵاتەکەیدا دەنێن، بۆ وێنە خەڵک و حاکمانی شارەکانی "میاندواو" و "مەراغە" و "بناو"یش تەسلیم نامەیان بۆ سابلاغ نارد .
سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی سمکۆ، کەسایەتییەکی بەرزی لێ ساز کردبوو. لە ژووئییەی ساڵی ١٩٢٢ هەرێمەکەی ئەو یەکجار گەورە ببۆوە. لە ڕۆژهەڵات و باشوورەوە گەیشتبووە "سائین قەڵا" و "سەقز" لە باکوور تا "قوتوور" و تەنانەت لە ناوچەی "مەریوان" و "هەورامان"یش کاریگەریی بووە و تەناتەت هێندێ تایەفەی باشووریتریش لە "لوڕستان" ئامادەی ڕاپەڕین بە لاینەگری لە سمایل ئاغا بوون.
لەو سەروبەندەدا ئێران لە هەموو لاوە شێوابوو. لە باکووری ئێران هێزەکانی "میرزا کووچک خان"ی جەنگەڵی دەستیان بە ڕاپەڕین کردبوو. لە لایەکی دیکەوە کەسێک بە ناوی "خاڵۆ قوربان"ی هەرسینی لە "پۆشتکووە" بە کۆوە کردنی هێزەکانی عەشایر بە دژی دەوڵەتی ناوەند ڕادەبێ. ڕەزا خان کە پێشتر مەیتەری سەفارەتی هولەند ببوو و ئێستاش بە کودێتا ببووە شای ئێران، حەولی دەدا بە هەر شێوەیەک بووە ئەو شۆڕشانە داکووژێنی. لە نێو ئەو هێزانەدا هێزی سمکۆی شکاک هێزێکی تەیار و کارامە بوون و لە چەندین تێکهەڵچوونی گەورەدا، هێزە دەوڵەتییەکانیان شکست دابوو. ڕەزا خان حەولی دا ئەو هێزانەی دیکەی دژبەری بۆ لای خۆی ڕابکێشێ تا بتوانێ بە تەواوی لەگەڵ هێزەکانی سمایل ئاغا بەشەڕ بێ. میرزا کووچک خان کە پەیوەندیی شاراوەی لەگەڵ سمایل ئاغای سمکۆ هەبوو و نەیارێکی سەرسەختی حکوومەتی ناوەندییش بوو درێژەی بە خەباتی خۆی دا، بەڵام خاڵۆ قوربانی هەرسینی ڕەگەڵ هێزەکانی ڕەزا خان دەکەوێ. لە لایەکیش پەیوەندیی لەگەڵ میرزا کوچک خان هەر دەمێنێ و لە ئاکامدا میرزا کوچک خان دەکووژێ و سەری بڕاوی میرزا کووچک خان بۆ ڕەزا خان دەبا.
پاش ئەو ڕووداوە، ڕەزا خان خاڵۆ قوربان ڕادەسپێرێ بە هێزێکی پۆشتە و تەیارەوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سمکۆ، لە ساڵەکانی ١٩٢١-١٩٢٢دا خاڵۆ قوربان لەشکرێک لە عەشایر بە مەبەستی هێرش بۆ سەر هێزەکانی سمایل ئاغا پێک دێنێ. پاش بیستنی ئەو هەواڵە سمایل ئاغا هێزەکانی ئامادە دەکا و لە شەڕێکی گەورەدا شکستێکی سەخت بەسەر هێزەکانی خاڵۆ قوربان دێنێ و پاشەکشەیان پێ دەکا.
رەزا خان کە لە شەڕدا دەروەستی سمکۆ و هێزی کورد نەهاتبوو، لە باری سیاسییەوە لە ژێر گوشاری نەتەوەخوازانی ئێرانیدا بوو هەر بۆیە لە ڕێگایەکی دیکەوە حەولی دا زەبر لە سمایل ئاغا بوەشێنێ و هەر بۆیە داوای ئەوە دەکا لەگەڵ سمایل ئاغا دیدار پێک بێنێ و لە ڕێگای وتوێژەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.
هەر بۆیە ساڵی ١٩٢٩دا ڕەزا خان بە مەبەستی دانوستان و وتوێژ و سازان بانگێشتنی شاری شنۆی دەکا. سمکۆ وەک دیپڵۆماتێک دەچێتە شنۆ تا لەگەڵ خودی ڕەزا خان دیدار بکا، بەڵام پاش ئەوەی دوو ڕۆژ لەوێ میوانی هێزەکانی دەوڵەت دەبێ و چاوەڕوان دەمێنێتەوە، لە ڕۆژی سێهەمدا "سەرهەنگ سادق خان" کە نوێنەری ڕەزا خانە، دەست لە نێو دەستی سمایل ئاغا بەڕێی دەکا و هەر لەوکاتەدا کە ماڵئاواییی لێ دەکا دەستوور دەدا تەقەی لێ بکەن و بەوشێوەیە هێرش دەکەنە سەر خۆی و شاندی یاوەری و هەموویان جگە لە دووکەس دەکوژرێن.
تیرۆری سمایل ئاغا پەڵەیەکی ڕەشی تاوانە بە سەر تەوێڵی حکوومەتی ناوەندیی ئێرانەوە کە میوانێکی سیاسی بە مەبەستی وتوێژ بانگ کردووە و بە شێوەیەکی دوور لە ئادابی ئینسانی و دیپلۆماتیک تیرۆری دەکەن و بەو شێوەیە کۆتایی بە شۆڕش و دەسەڵاتی سمکۆی شکاک دێ.