سمکۆی شکاک؛ شۆڕشگێڕێک لە ڕێگای سەربەخۆیی کورد- بەشی1

 

 شەڕی جیهانیی یەکەم جودا لەوەی گۆڕانێکی گەورەی بەسەر هەموو وڵاتانی ڕۆژئاواییدا هێنا و دوو بەرەی هێزی لە بەرانبەر یەکتردا ڕاگرت، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا  گۆڕانکاریی بەدوای خۆیدا هێنا و ڕێگای بۆ دەست تێوەردانی وڵاتانی وەک  "ئینگلیس" و "فەڕانسە" و  "ئەمریکا" لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچە خۆش کرد. لە لایەکی دیکەوە نەتەوە جیاوازەکانی ئەو جوغرافیا پان و بەرینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەرکام بە مەبەستی بنیاتنانی دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیان، هێزی نەتەوەییی چەکداریان ساز کرد و لەهەمان کاتدا سیاسەتوانەکانیان کەوتنە سات و سەودا و پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی جیهان. لەو نێوەدا نەتەوەی کوردیش لە هەموو پارچەکانی کوردستان حەولێکی زۆری دا بۆ وەدەستهێنانی بەشێک لە ویستە نەتەوەییەکانی خۆی و تەنانەت حەولی دا بۆ ڕزگار بوون لە ژێردەستەیی و سەربەخۆیی لەهەموو هێزە ناوچەییەکان کە سەدان ساڵ بوو دەیانچەوساندەوە.

یەکێک لەو کەسایەتییانەی ڕۆڵێکی شوێندانەری لە بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبووە، "سمایل ئاغای شکاک" ناسراو بە "سمکۆ"یە. سمایل ئاغا، ناسراو بە "سەردار نوسرەت" و کوڕی "موحەممەد ئاغا" و نەوەی "عەلیخانی شکاک" بوو. ئەو عێلە لە عێلە هەرە گەورەکانی کورد و ڕۆژئاوای ئێرانن  و کاریگەرییەکی زۆریان لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێدا هەبووە. بۆ شیکردنەوەی ئەو باسە زۆر توێژەری وەک "مارتین ڤان برووینسین" بە تایبەت کاریگەریی ئەو عێلەیان  لەسەردەمی شەڕی جیهانیی یەکەمدا خستووەتە بەر تیشکی تێرامان و  بە پشکنینی سەرچاوەکان و تەنانەت سازدانی وتوێژ لەگەڵ  سیاسەتوانان و چالاکانی کۆنی ئەو ناوچەیە، کۆمەڵە زانیارییەکی بەکەڵکیان بەدەستەوەداوە.

لە جەنگەی  شەڕی جیهانیی یەکەم و چەند ساڵێش دوای ئەو شەڕە، ناسراوترین کەسایەتی لە سنووری ئێران و عوسمانی، سمایل ئاغا سەرۆکی عێلی شکاک بووە. ئەو بە زیرەکی لەو دەرفەتەی ئاڵۆزییەکانی ناوچە لە چارەگە سەدەی یەکەمی سەدەی بیستەم بۆی دەستەبەر کردبوو کەڵکی وەرگرت و هاوسەنگیی  خۆی  لە نێوان عوسمانی و ڕووس و ئێران و ئینگلیزییەکان کە لەگەڵ هەمووان پەیوەندییان بوو، ڕاگرتبوو و  پەرەی بە دەسەڵات و کاریگەریی خۆی لە  ناوچە دابوو. دوای شەڕی جیهانی، خۆی وە ک حاکمێکی سەربەخۆ دەنواند و لەگەڵ تاقمێک لە ڕێبەرانی نەتەوەییی کورد هاوکاریی دەکرد و حکوومەتی ناوەندیی لەگەڵ کێشە ڕووبەڕوو دەکرد. تەنانەت کاتێک ئەرتەشی ئێڕان لە ئووتی ١٩٢٢ دا بە گوتەی  خۆیان کێشەی ئەویان داکووژاند و ئەو لە خاکی ئێران چووە دەرێ، وەک یاریگەرێکی بەهێز لە کوردستانی ناوەندیدا  مایەوە و ئینگلیس و عوسمانی لە کێشەی ویلایەتی مووسڵدا هەر دووکیان ویستیان لە بەرژەوەندیی خۆیان لێی نزیک  ببنەوە و کەڵک لە هێز و کاریزمای ئەو لە ناو کوردان وەرگرن.

ڕەوتی ژیانی سمکۆ شتێکی پێچەوانەی شێوازی ژیانی سەرۆک عەشیرەیەکی کورد نەبوو. زۆربەی خانە دەسەڵاتدارەکانی کورد بە بەستنی  پەیوەندی لەگەڵ بێگانەکان حەولیان دەدا  جێگە و پێگەی خۆیان لە نێو تایفەکەیاندا پتەو بکەن. پەیوەندییەکانیان زیاتر لەگەڵ دەوڵەتەکانی ئێران و عوسمانی بوو. بەڵام  لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا لەگەڵ زلهێزەکانی  ئەورووپایی و لەو ئاخریانەشدا، لەگەڵ ئامریکا پەیوەندییان گرت. ئەوەش وریاییی ئەوانی نیشان دەدا ، کە گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکانیان هەست پێکردبوو و  دەیانزانی بێ پشتیوانێکی نێودەوڵەتی ناتوانن بە ویستەکانی خۆیان بگەن.

لە ناو ئەو ڕێبەرانەی کورددا سمکۆ جگە لە تایبەتمەندییە تاکەکەسییەکانی، کات و شوێنی چالاکییەکەشی ئەوی زیاتر هەڵوارتە و تایبەت کردبوو. هەرێمی عێلی شکاک لە شاخەکانی ڕۆژئاوای گۆلی ورمێ  ڕاست بە تەنیشت سنووری  عوسمانییەوە بوو. تەنانەت لە کاتی ئاشتی و سوڵحیشدا کاریگەری  و نفووزی ئەو تایفەیە تا ناو سنوورەکانی  عوسمانییش دەوامەی دەبوو. ئەو ناوچەیە لە پەڕواێزی هەر دوو وڵاتی ئێران و عوسمانی پێکهێنابوو. تا سەرەتای  سەدەی  بیستەم سنوور مانایەکی بۆ تایفە  کوردەکان نەبوو و زۆربەیان لە هەر دوو بەری سنوور لەوەڕگەیان هەبوو. بە هۆی پەیوەندییە عەشیرەیی و بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتییەکان و هاوزمانی و هاوخوێنی و ... کوردی بەشە جوداکانی کوردستان خۆیان بە دانیشتوانی وڵاتێک و پسمامی یەک زانیوە  و ئەو دابەشکارییە، تا ئەوکات تەنیا لە زەینی داگیرکەرانی کوردستاندا بووە. سنوور حدوودێکی دیاریکراوی  نەبوو کە بە دەست دەوڵەتی ئێران یان عوسمانییەوە بێ . دەسەڵاتداری  لە ناوچە سنوورییەکان بەردەوام دەستاودەستی پێ کراوە.

عێلی شکاک وەکی کوتمان  لە عێلە گەورەکانی ئەو ناوچەیە بوون و لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا سمایل ئاغای سمکۆ سەرۆکایەتیی ئەو عێلەی وە ئەستۆ گرت. وەکی مارتین ڤان برۆیینسێن دەنووسێ ئەو عێلە دوای "عێلی کەڵهوڕ" لە "کرماشان" گەورەترین عێلی کوردن.

ساڵی ١٩٢٠ زیاتر لە دوو هەزار بنەماڵە بوون. ساڵی ١٩٠٦ پاش ئەوەی "عومەرئاغای مامەدی" و "جەعفەر ئاغای عەبدوویی" لە خانە دەستەڵاتدارەکانی شکاک هەرکام بە شێوەیەک دەکووژرێن، سمکۆ دەسەڵاتی شکاکەکان بە دەستەوە دەگرێ.

لە شۆڕسی مەشڕووتەدا، دەچێتە پاڵ هێز ەکانی "ئیقبالوسەڵتەنە" حاکمی ماکۆ و پاشان دەبێتە دەسەڵاتداری ناوچەی "قوتوور" و حکوومەتیش ئەو دەسەڵاتەی دەسەلمێنێ.

لە ١٩١٣ ەوە سمکۆ لەگەڵ ڕێبەرانی نەتەوەیی  کورد پەیوەندیی بە هێزی ساز  کردبوو و گوتاری ئەوانی سەلماندبوو. هەر وەها سمایل ئاغای شکاک،  لەگەڵ خوشکی "سەید تەها" جێگرەوەی "شێخ عوبەیدیللای نەهری" زەماوەندی کرد. ئەوەش ئەوەندی دیکە جێ پێی ئەوی قایم کرد. چون شێخ  تەها، کەسایەتییەکی بەهێز و کاریگەر بوو لەهەر دوو دیوی سنوور و شێخ عوبەیدیللاش  بۆخۆی پێشتر و  لەسەردەمی "ناسرەدین شای قاجار"دا ڕێبەرایەتیی شۆڕشێکی گەورەی بە دژی حکوومەتی ئێران کردبوو.

لە لایەکی دیکەوە سمایل ئاغا لەگەڵ "عەبدولڕەزاق بەدرخان"یش پەیوەندیی هەبوو کە لە میرەکانی بۆتان بوو. بەدرخان لە ورمێ گۆڤارێکی کوردیی چاپ دەکرد  کە دوای ئەوەی ڕووسەکان بەدرخان لە ورمێ دوور دەخەنەوە، بەرپرسیارێتیی ئەو گۆڤارەش تا  ساڵی ١٩١٤دەکەوێتە ئەستۆی سمایل ئاغا.

لە ساڵەکانی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، سمکۆ  خۆی لە شە ڕ پاراست و  هێزەکانی خۆی ڕێکخست و وەکی سەرچاوەکان دەڵێن وەک سیاسەتمەدارێکی لێزان هەموو دەرگاکانی بە ڕووی خۆیدا بە کراوەیی هێشتەوە. سمایل ئاغا دەیویست بە خوێندنەوەی سیاسەتی ناوچەیی و جیهانی، هێزە ئەورووپاییەکان و هەروەها دۆخی کورد و دۆخی ئێران بجووڵێتەوە و پارسەنگ ڕابگرێ. گۆڕانکارییەکانیش هێند ئاڵۆز بوون هەموو چالاکانی سیاسیی ناوچەی تووشی سەرلێشێوان کردبوو.

لە دوای شۆڕشی ڕووسیا کە  لەشکری "ژێنراڵ پاراتۆف"  لە کوردستان کشایەوە، سمکۆ توانی زۆربەی ناوچەکان و چەک و چۆڵەکانی وەک  تۆپخانە  بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

.............


سمکۆی شکاک؛ شۆڕشگێڕێک لە ڕێگای سەربەخۆیی کورد - بەشی2

KURDŞOP
634 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!