چۆمان، بەرزەشارێک لەسەر ڕێگای هامڵتن

هانی مورتەزا

 

 

جوگرافیای چۆمان

قەزای چۆمان یەکێکە لە قەزا گرنگەکانی باشووری کوردستان کە سەر بە پارێزگای هەولێرە و بە دووریی 180 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەڵکەوتووە. ئەم قەزایە کە دەکەوێتە سەر ڕێگای هامڵتن، لە ساڵی 1961 دروست کراوە و لە ساڵی 1970 بە ڕەسمی کراوە بە قەزا.

ڕووبه‌ری‌ گشتیی‌ قه‌زای‌ چۆمان 892  كم چوارگۆشه‌یه‌، كه‌ ده‌كاته‌ ڕێژه‌ی‌ له‌ سه‌دا 5.7ی هەرێمی کوردستان. به‌رزیی ئەم قەزایە‌ له‌ ئاستی‌ ڕووی‌ ده‌ریاوە نزیكه‌ی‌ 1000 مه‌تره‌.

دەروازەی نیودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە خاڵێکی سنوریی گرنگی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی قەزای چۆمانەوە. قەزاکە سنورێکی جوگرافیی بەرفراوانی هەیە، لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی بە زنجیرە چیای قەندیلدا بۆ سنووری ناحیەی سەنگەسەری پشدەر سەر بە پارێرگای سلێمانی درێژ دەبێتەوە و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شاری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوسنوورە. لە ڕۆژئاواشەوە بە قەزای  سۆرانەوە دەبەسترێتەوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەم شارەوە چیای حەسارۆست هەڵکەوتووە كە لوتكەكەی هەڵگۆردە و بەرزییەكەی نزیكەی (3607) مەترە. قەزای چۆمان لە ڕووی تۆپۆگرافیاوە ناوچەیەکی فراوانی بەرزونزمیە. بە هۆی شاخاوی بوونی ناوچەکە و ڕێژەی زۆری باران و بەفر لەم ناوچەیە و هەروەها ڕووبەرێکی زۆر زەویی بەپیت، کشتوکاڵ یەکێک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی داهاتی خەڵکی ناوچەکەیە. ڕووبەری گشتی زەویی کشتوکاڵی چۆمان 283780 دۆنمە.

هەریەکە لە ناحیەکانی "گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، قەسرێ و سمیلان" سەر بە قەزای چۆمانن، و نزیکەی (117) گوندیش لە خۆ دەگرێت.

 

ئابووریی قەزای چۆمان

وەک ئاماژەی پێ کرا، قەزای چۆمان بە زەوی کشتوکاڵیی شیاو بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی دەوڵەمەندە. گرنگترین ئەو بەرووبومانەی لە سنوورەکەدا دەچێنرێن و ساڵانە بە هەزاران تەن رەوانەی بازار ناوخۆیەكان دەكرێن، بریتین لە:

١- گەنم

٢- قۆخ

٣- خەیار و تەماتە

٤- سێو

٥- قەیسی

٦- گوێز

قەزای چۆمان بە هۆی شاخاویبوون و هەوای سازگار و بوونی ئاو و ئالیکی زۆر بۆ ئاژەڵداریش زۆر گونجاوە. لەم ناوچەیە مەڕ و مانگا و بزن بەخێو دەکرێت کە هەم بووەتە هۆی داهاتی باش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و هەم بە گشتی لەسەر ئاستی قەزاکەش داهاتی گشتیی زیاد کردووە.

هەروەها لە بواری سامانی ئاوی شیرینیش دەوڵەمەندە کە لە ڕووی نیشتوجێبوون و فراوان بوونی سنووری قەزاکەش بایەخی ناوچەکەی زیاتر کردووە.

مێژووی چۆمان

قەزای چۆمان زۆربەی کات وەک ناوچەی باڵەکایەتی دەناسرێت، ناوچەیەکی شاخاوی و سەختە و بە درێژاییی زەمەن و مێژوو وەک شوێنی بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی کوردستان لە لایەن شۆڕشگێرانی کوردەوە بووە. باڵەكایەتی بە مەڵبەندی شۆڕش و لانکەی کوردایەتی دەناسرێت و لەکاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، بوو بە مەڵبەندی ئەو شۆڕشە و تا ساڵی 1974 دانیشتووانی ئەم دەڤەرە سەرەوەرییەكی مێژوویییان بۆ ناوچەكە تۆمار كرد كە بوون بە هەڵگری چەكی شەڕەف و بەرگرییان لە خاکی كوردستان کرد.

یەکێک لە خاڵە گرینگەکان لە مێژووی قەزای چۆماندا ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە شوێنی دانوستانی نێوان حكومەتی ناوەندیی ئەوسای بەغدا و سەركردایەتیی شۆرش بوو. خۆراگریی پێشمەرگەكانی شۆرشی ئەیلول و بەچۆكداهێنانی سوپای عێراق سەرئەنجام بەیانی یازدەی ئازار و وەرگیرانی مافی ئوتۆنۆمی بۆ باشووری کوردستانی لێ کەوتەوە.

لە ماوەی شۆڕشەکانی کورد لە باشووری کوردستاندا، ئەم سنوورە سەدان ڕووداوی جۆراوجۆر و داستانی مەزنی بەخۆوە بینیوە.

ئاو و هەوای قەزای چۆمان

ئاو و هه‌وای‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌ هاویندا فێنكه‌ و پله‌ی‌ گه‌رما له‌ 32 پلهی سیلیسی‌ تێناپه‌ڕێت. زستانی‌ سارد و به‌فراوییه‌ و لە ناوچە کوێستانییەکان لە وەرزی زستاندا زیاتر لە سێ مەتر بەفر دەبارێت. زۆربەی کات بەهۆی فێنکی و جوانیی ناوچەکانی و مانەوەی بەفر بۆ ماوەیەکی درێژ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە قەزاکە دەکەن.

 

دانیشتووانی قەزای چۆمان

ژماره‌ی‌ دانیشتووانی‌ قه‌زای‌ چۆمان به‌پێی‌ نه‌خشه‌ی‌ ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ پێشبینیكراوی‌ ده‌سته‌ی‌ ئاماری‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كودستان بۆ سالی‌ 2018 له‌ 87330 كه‌س پێكدێت. قەزای چۆمان هەر لە كۆنەوە مەڵبەندی فێركردنی زانست  و ئایینی ئیسلام بووە بۆ نموونە كەڵەشاعیری گەوەری كورد نالی و حاجی قادری کۆیی لە حوجرەكانی شێخ وەتمان و خۆشكان كە دوو گوندی سەر بە چۆمانن خۆێندوویانە و چەندین گەورە پیاوی دیکەی کوردستان لەم سنورەدا خوێندنیان تەواو کردووە.

 

پێکهاتەی ڕەگەز لە قەزای چۆمان.

ڕێژەی ئافرەت : 46%

ڕێژەی پیاو : 54%

KURDŞOP
457 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!