عەلائەددینی سەججادی و گەشتێک لە کوردستاندا


دیاکۆ شاسواری

 

 

عەلائەددینی سەججادی ناوێکی ناسراوە لە مێژووی نووسین و ئەدەبیاتی کوردیدا و یەکێک لەو ڕۆشنبیرانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ و تا دوا ساتەکانی ژیانی لەوێ دەمێنێتەوە. ساڵی ١٩٠٧ لە گەڕەکی قەتارچیانی شاری سنە لە دایک دەبێ.  بەڵام پاشان وەدوای خوێندن دەکەوێ. دوای ئەوەی خوێندنی کتێبە سەرەتاییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەواو دەکات، لە ساڵی١٩٢٣دا دێتە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە دەبێتە فەقێ. لە ساڵی ١٩٣٨دا دەرسی مەلایەتی تەواو دەکات. پاشان مامۆستا سەججادی وەک هەموو خوێندەوارانی باش خوێندەوار، ڕوو دەکاتە شاری بەغدا کە شاری گەورە و میترۆپۆلی عێراق بووە. لەوێ دەست دەکا بە کاری ڕۆشنبیری. سەردەمێک لە گۆڤاری گەلاوێژدا لەگەڵ برایم ئەحمەد کار دەکات. دواتر  ماوەیەک لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستا بۆ ئەدەبیات و مێژووی ئەدەبی کوردی و پاشان وەک ئەندامی کارای کۆڕی زانیاری کورد، هاوکاری ئەو کۆڕە دەبێ. دوایین پلەی ئیدارییشی ئەمینداری گشتیی ئەوقافه کە پلەیەکی ئیداریی وەک وەزیرە. تا دوا ساڵی خانەنشین بوون لە هەولێر لەو پۆستەدا کار دەکا. سەججادی زۆر کاری لێکۆڵینەوەی و نووسینی لە بواری ئەدەب و مێژووی کوردیدا کردووە و سەرەنجام ساڵی ١٩٨٤ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی دەکا.

 بەشێک لە کتێبەکانی بریتین لە؛  ڕشتەی مرواری،  مێژووی ئەدەبی کوردی،  دەقەکانی ئەدەبی کوردی، مێژووی ڕاپەڕینی کورد،گێتیی زیندەوەر، مێژووی پەخشانی کوردی و کتێبی گەشتێک لە کوردستاندا.

 لەنێو ئەو کتێبانەیدا ناسراوترین کتێبی "مێژووی ئەدەبی کوردی" و "ڕشتەی مرواری"یە. بەڵام کتێبێکی کە کەمتر باسی لێ کراوە کتێبێکە بە نێوی "گەشتێک لە کوردستاندا". لەو نووسینەدا دەمهەوێ ئاوڕی لێ بدەینەوە.

سەفەرنامە نووسین یەکێک لە شێوازەکانی نووسین بووە کە لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا سەفەرنامەنووسان ئەزموونەکانی خۆیان بە مەبەستی جوودا جوودا نووسیوەتەوە. بۆ وێنە لە ناو فارسەکاندا سەفەرنامەی "ناسرخوسرەوەی قوبادییانی" شاعیری گەورەی ئێرانی، سەفەرنامەیەکە کە ئەزموونه تاکەکەسییەکانی ناسرخوسرەو دەگرێتە. ئەو لەو ڕێگایەوە ناسیاریی خۆی لە جوغڕافیای وڵاتە موسوڵمانەکانی سەدەی پێنجەم بە بەردەنگانی ڕادەگەیەنێت. یا سەفەرنامەی "پترۆ دلاوالە" کە لە سەردەمی سەفەوییەکاندا سەردانی ئێرانی کردووە، زۆر بابەت ڕوون دەکاتەوە و هەندێک بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمەی کوردستانی سەفەوییە بەخوێنەر ڕادەگەینێ و خوێنەر لە ڕێگەی ئەو سەفەرنامەیەوە جیاوازییەکانی ناوچە جوداکانی کوردستان بۆ وێنە ناوچەی کرماشان، ناوچەی گەڕووس و ناوچەی ئەردەڵان لە یەکتری جودا دەکاتەوە. لە نێو کورداندا سەفەرنامە نووسین بە شێوەی پەخشان شتێکی باو نەبووە. بەڵام ساڵی 1955 مامۆستا عەلائەددین سەججادی لە گەشتێک کە بە کوردستاندا کردوویەتی سەفەرنامەی خۆی نووسیوە و نێوی کتێبەکەشی هەر ناوە "گەشتێک بە کوردستان دا".

ئەوەی لەو کتێبەی عەلائەددین سەججادیدا جێگای سەرنجە ئەوەیە کە خوێنەر شێوەڕوانینی کەسایەتییەکی ناسراو و نووسەرێکی بەتوانا بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ئەو شوێنانەی کە سەفەری بۆ کردووە دەبینێ. هەرچەندە له باری زەمانییەوە سەردەمێک که عەلائەددین سەججادی سەفەری کردووە، سەردەمێکی زۆر لەمێژ نییە، بەڵام لە چەند بارەوە دەتوانین بڵێین ئەو کتێبە گرینگایەتیی هەیە: هەندێک لە بارودۆخی سروشتی و کۆمەڵایەتیی دەیەی پەنجای زایینیمان لە باشووری کوردستان بۆ ڕوون دەبێتەوە. لە لایەکی دیکەوە سەججادی ئەو گەشتەی لە شاری موسڵەوە دەست پێ دەکات و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی شاری موسڵ باس دەکات. واتە ئەوەی کە سەججادی لە شاری موسڵ دەیبینێ واته پێکهاته‌ی عەرەب و کوردی ئەو شارە بۆ ئێستا و بۆ تێگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستا گرینگە. زیاتر لە نیو سەدە لەوە پێش ئەوەی کە سەججادی باسی دەکا ئەوەیە کە شاری موسڵ ناو شارەکەی زیاد لەوەی کە کوردی تێدا بووە زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانی عەرەب بوون، بەڵام سەججادی جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە کۆی دەوروبەری شاری موسڵ واته دێهات و دەوروبەری شاری موسڵ کورد بوون و ئەوە بۆ ئێستای سیاسەتمەدارانی کورد گرینگە کە چەندە دەوروبەری شاری موسڵ دەکەوێتە جوگرافیایەکەوە کە هەرێمی کوردستان لەژێر دەسەڵاتیدایە.

جوودا لەوە سەججادی وەک کەسێکی خوێندەوار، شێوازی خوێندەواریی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەو سەردەمەدا باس دەکات. بۆ وێنە لە موسڵ باسی هێندێک بابەت دەکا کە بۆ ئەو کات سەرنجڕاکێشن. باسی ئەوە دەکا موسڵ چەند کتێبخانەی گشتیی هەبووه. لەو کتێبخانانە چەندە کتێب هەبوون. کەڵکەڵەی ئەوەی بووە کە بزانێ لەو شارە کە پێکهاتێکی عەرەب و کوردیشی لێیە، ئایا کتێبی کوردی لە کتێبخانەکانی دەست دەکەوێت و دواتر ڕادەی بە ئەمانەت وەرگرتنی کتێب لە ساڵی هەزار و نۆ سەد و پەنجاو پێنج لە شاری موسڵ چۆن بووە. ڕۆژانە چەند کتێب لە لایەن خەڵکەوە بە ئەمانەت وەرگیراوه؟ لە کتێبخانەی موسڵ چەند کەس خەریکی خوێندنەوەی کتێب بوون؟

شوێنه گرینگ و گەشتیاری و کولتوورییەکانی شاری موسڵ کامانه‌ن. دوای موسڵ کە ڕوو دەکاتە شاره‌کانی کوردستان وەک ئاکرێ و زاخۆ، دیسان ڕوانینی سەججادی و بەراوردێک که لە بەینی شارێکی عەرەب نشینی وەک موسڵ و شارەکانی دیکەی کوردستان دەیکا بۆ خوێنەر خاوەن بایەخە. ڕوونی دەکاتەوە کە لەو سەردەمەدا بارودۆخی شارە کوردنشینەکان و شارێکی گرینگی وەک موسڵ کە عەرەبنشینە چۆن بووە. چ لەباری خزمەتگوزاریی مەدەنی و کاری کاروباری شارەدارییەوە، چ لە باری ئاوەدانییەوە هێندێک زانیاری بە دەستەوە دەدا کە ئەو زانیارییانە بۆ مێژوونووس و کۆمەڵناسان بەکەڵکن.

عەلائەددین سەججادی لەو کتێبەیدا ویستویەتی زۆر وردبینانە هەموو ئەو شتانەی هاتوونەتە سەر ڕێی بنووسێتەوە. وردترین بەسەرهات و ڕووداوەکانی کە هاتوونه سەر ڕێی یادداشت کردووە و لە پێشەکیشدا باسی کردووە و دەڵێ: ئەوە بۆ ئەو کەسانە گرینگە کە لە داهاتوودا دەیانەوێ بزانن لە ناوچە کوردستانییەکان و لە جوگرافیی کوردستان چی ڕووی داوە. هەرچەند زمانێک کە سەججادی هەڵیبژاردووە زمانێکی زۆر دەوڵەمەند نییە. بە زمانێکی ساکار نووسیویەتی و تەنانەت زمانەکەی زمانێکی زۆر ڕێک و پێکیش نییە. بەڵام سەفەرەکەی سەفەرێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە. هەر شارێکی کە دیوە بە شێوەی سەفەرنامەنووسەکانی کۆن ژمارەی دانیشتووان و ڕووبەری ئەو شارەی نووسیوە. ژمارەی ماڵەکانی نووسیوە. مەودای شارەکانی لە یەکتر نووسیوە. هەمووی ئەوانە لە داهاتوودا گرینگایەتیی خۆیان دەبێ و ئێستاش بۆ خوێنەری کورد چەند تایبەتمەندییان هەیە:

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە زمانەکەی ئەگەرچی زمانێکی زۆر ئەدەبی و ڕەوان نیە، زمانێکی پوخت و دروستە. زمانێکی سادەیە و هەموو کەس تێی دەگا. لە لایەکی دیکەوە خوێنەر گەشتێکی یەک مانگەی کوردستان لەگەڵ سەججادی دەکا و شارە جیاوازەکانی کوردستان دەناسێ. شێوەی پەیوەندییەکانی خوێندەوارێکی کورد لەو سەردەمدا لەگەڵ دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەناسێ. چون عەلائەددین سەججادی کەسێکی ناسراو و نێوبەدەرەوە بووە و دیارە هەر شارێک کە دەچێ، پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا و موئه‌سه‌ساته دەوڵەتییەکان و بەڕێوبەرەکان هەبووه و لەو ڕێگایەوە هێندێک سەرەداو بۆ خوێنەر دەست دەکەوێت کە ڕادەی ڕۆڵ و پێگەی کوردەکان لە دامودەزگا دەوڵەتییەکان لەو سەردەمەدا چ بووە. پەیوەندیی سەججادی وه‌ک نووسەرێک لەگەڵ شاعیران و نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەم بۆ وێنە کەسانی وەک شاکر فەتاح چۆن بووە. کۆی ئەو تایبەتمەندییانە کتێبێکی پوختمان دەداتێ و خوێنەر دەتوانێ سەفەرێکی یەک مانگە بە کوردستاندا بکا و نیو سەدە بگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی کوردستان و شارە جیاوازەکانی کوردستان لە نیگا و کامێرای عەلائەددینی سەججادییەوە ببینێ.

KURDŞOP
524 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!