داڵامپەڕ؛ چیای سێ سنوور

سۆلین ورمێ

 

شاخی داڵامپەڕ لەسەر سنووری ڕۆژهەڵات، باشوور و باکووری کوردستانە و مرۆڤ دەتوانێت بەشێک لەو سێ بەشەی کوردستان لەسەر لووتکەی شاخەکە ببینێت. شاخی داڵامپەڕ دەکەوێتە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ و ٣٥٠٠ مەتر بەرزە و ٥ کیلۆمەتر لە شاری ورمێوە دوورە.

شاخی داڵامپەڕ چەند تایبەتمەندییەکی هەیە و لەم بابەتەدا باسی ئەو تایبەتمەندییانە دەکەین. شاخی داڵامپەڕ بە کەش و هەوای خۆش ناسراوە، بەڵام لە وەرزی پاییز و زستاندا زۆر ساردە و بەفری ئەم شاخە هەرگیز بەتەواوەتی ناتوێتەوە و هەمیشە لەسەر لووتکەی شاخەکەدا بەفر هەیە.

بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، هەندێکجار ڕێژەی بەفر لەسەر لووتکەی شاخەکە لە وەرزی زستاندا دەگاتە ٨ مەتر. لە وەرزی زستاندا ئەم شاخە زۆر ساردە و زۆرجار با و بۆران تێیدا هەڵ دەکات. هەندێکجار شاخەوانان لە وەرزی زستاندا سەردەکەونە سەر ئەم شاخە. بەفری سەر شاخی داڵامپەڕ تەنانەت لە وەرزی هاوینیشدا دەمێنێتەوە و هەرگیز ناتوێتەوە و بەفری سەر لووتکەی شاخەکە دەمێنێتەوە و بەفری نوێی بەسەردا دەبارێت. هەروەها ئاوی زۆر ڕوون و جوان لە داڵامپەڕ سەرچاوە دەگرێت.

لەم شاخەدا گیای وەک "گونی، سیر، پەلپان، سیرەپان، کەنگەر، ڕێواس، برک و مەندی و... هتد" شین دەبن. شایانی باسە لە وەرزی بەهاردا گەشتیاران و خەڵکی ورمێ بۆ ئەم گیایانە سەردانی ئەم شاخە دەکەن و ئەم گیایانە بۆ زۆرێک لە دەرمانەکان باشن و لە پەنیر و هەندێک خواردنی دیکەشدا تێکەڵ دەکرێن. هەروەها لە داڵامپەڕ دارەکانی وەک "گرسک" (کولستک)، بڵاڵۆکی کێوی، گۆییژ، بادەمی کێوی و سێوی کێوی و هتد گەشە دەکەن.

لە داڵامپەڕ ئاژەڵگەلێکی وەک "تەیر و جۆرەکانی تری باڵندە، گورگ، کەروێشک، سمۆرە، کەڵە کێوی، ورچی قاوەیی، ڕێوی، چەقەڵ، مار و چەند جۆرێک لە مشک (لەلای سەرەوەی شاخەکە مشکی خۆڵەمێشی و لەلای خوارەوە مشکی زەرد) دەژین. هەروەها زۆرێک لە باڵندە کۆچەرییەکان لە وەرزی بەهاردا دێنە ئەم شاخە.

لە وەرزی بەهاردا کە بەفر لە شاخەکان هێدی‌هێدی دەتوێتەوە و زەوی شین دەبێتەوە، گەشتیارانی ئێران و کوردستان و تەنانەت گەشتیارانی بیانیش، سەردانی ئەم شاخە دەکەن و لە دیمەنە جوانەکانی ئەم شاخە چێژ وەردەگرن. شاخی داڵامپەڕ شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتی هەر سێ دیوی کوردستانە. ئەو کەسانەی ئاژەڵیان هەیە، لە وەرزی هاویندا دەچنە ئەم شاخە و هەتا وەرزی پاییز لەوێ دەمێننەوە.

هەروەها لە چیای داڵامپەڕدا دەریاچەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش هەیە کە پێشتر لە وتارێکدا بە ڕوونی باسمان کردووە؛ دەریاچەی داڵامپەڕ یان دەریاچەی "مام شێخ" یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارییە جوانانەی کە گەشتیارێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت.

بارودۆخی جوگرافیاییی تایبەتی ئەم ناوچەیە و سەهۆڵبەندان و سەهۆڵی سروشتی کە لە داڵامپەڕدا بوونیان هەیە، بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەم دەریاچە سروشتییە. بینینی سەیرانگەی داڵامپەڕ بۆ گەشتیارانی کوردستانی، ئێرانی و بیانی زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر سەرکەونە سەر لووتکە بەفراوییەکەی ئەم شاخە.

شایانی باسە کە شاخی داڵامپەڕ لە درێژاییی مێژوودا هێلانەی شۆڕشگێڕانی کورد بووە و زۆرێک لە شۆڕشگێڕان لەسەر ئەم شاخە ماونەتەوە و بووەتە پەناگەیەک بۆیان، بۆیە لەم ڕووەوە ئەم شاخە بۆ گەلی کورد زۆر پیرۆزە.

 

KURDŞOP
434 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!