ئەشکەوتی "تەمتەمان"، کۆنترین ئەشکەوتی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە ورمێ

سۆلین ورمێ

 

ئەشکەوتی "تەمتەمان" یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە مرۆییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و لە ئێران بەگشتی و شوێنێکی تایبەتە بۆ توێژەران و گەشتیاران.

ئەشکەوتی "تەمتەمان" دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای ورمێ و یەکێکە لە شوێنە جوانەکانی ئەو شارە و سروشتێکی سەرنجڕاکێشی بۆ گەشتیاران و لێکۆڵەرانی بواری شوێنەوارناسی هەیە. ئەم ئەشکەوتە بە دووریی ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری ورمێ، لە گوندی "تەمتەمان" هەڵکەوتووە و بەم ناوە ناسراوە و سەر بە بەخشی "نازی"یە. ئەشکەوتی تەمتەمان ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەم ئەشکەوتە و ناوچەکانی دەوروبەری یەکێکە لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤ. شوێنەوارەکانی ئەم ئەشکەوتە ژیانی مرۆڤەکان لە سەردەمانی کۆندا و شێوازی ژیانی ئەو قۆناغە نیشان دەدات. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم ئەشکەوتە دەریدەخەن کە مرۆڤەکان ئەوکات چۆن دەژیان و چۆن خۆراک و کەرەستەی بەردییان کۆ دەکردەوە کە لەو سەردەمەدا بەکار هێنراون.

مێژووی ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی "پالەئۆلیتیک"ی پێش مێژوو. توێژەرێکی ئەمریکی بە ناوی "کاریلتۆن ستانلی کوون" لە توێژینەوەیەکدا سەلماندی کە مێژووی ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر.

ئەم توێژەرە ساڵی ١٩٤٩ لە لێکۆڵینەوەکانیدا لەسەر ئەم ئەشکەوتە، ٤٨ پارچە ئاسەواری بەردین و نزیکەی سێ هەزار پارچە ئێسکی ئاژەڵانی جیاوازی دۆزییەوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەشکەوتی تەمتەمان تەنیا لە وەرزی هاویندا بەکار دەهێنرا. بەڵام زۆرێک لە پسپۆڕان و شارەزایان لەم بوارەدا بۆچوونێکی هاوبەشیان نییە.

لە ساڵی ١٩٨٧دا ڕێکخراوی "یوونسکۆ" ڕایگەیاند کە دوای لێکۆڵینەوەی لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان لە ئەشکەوتی تەمتەمان، شوێنەوارگەلێکی پەیوەندیدار بە خەڵکی سەردەمی " پالەئۆلیتیک" دۆزراوەتەوە. قۆناغی "پالەئۆلیتیک" نزیکەی ٣٥ هەزار ساڵ پێش زایینە.

شارەزایانی شوێنەوارناسی باس لەوە دەکەن کە ئەم ئەشکەوتە تەنانەت لە سەردەمی ئوراتووەکاندا بۆ نیشتەجێبوونی مرۆڤ بەکار هاتووە.

کۆی درێژیی ئەشکەوتەکە ٣٥.٣٥ مەتر و پانییەکەی ١٦.٩٠ مەتر دەبێت. لەنێو ئەشکەوتەکەدا دوو کون هەیە، کونەکەی لای ڕاست ٤ مەتر قووڵە و پانییەکەی ٥.٥ مەترە و ئەوەی لای چەپیش ٢٨ مەتر درێژە و پانییەکەی ٥ مەترە.

لەم ئەشکەوتەدا مرۆڤ دەتوانێت دیمەنێکی سەرنجڕاکێش ببینێت کە ئەویش کانیاوە کە خەڵکی دەوروبەر لە ئاوەکەی سوودمەند دەبن، ئەمەش وای کردووە گەشتیاران سەردانی ئەم شوێنە مێژوویی و سەرنجڕاکێشە بکەن. کەش و هەوای ئەم ئەشکەوتە لە وەرزی هاویندا فێنک و خۆشە، هەر بۆیە گەشتیاران لە گەرمەی هاویندا سەردانی دەکەن.

جگە لە نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەم ئەشکەوتەدا، لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم ئەشکەوتە لەلایەن ئاژەڵانی وەک "ڕێوی، سمۆرە، ئاسک، کەڵە کێوی و ئەسپەوە" بەکار هێنراوە و پاشماوەی ئەو ئاژەڵانەی لەم ئەشکەوتەدا بوون دەریدەخەن کە ئەم ئەشکەوتە شوێنی نیشتەجێبوونیان بووە.

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران و توێژەرانی نێوخۆیی و بیانی لە بواری شوێنەوارناسیدا سەردانی ئەم ئەشکەوتە دەکەن.

ئەشکەوتی تەمتەمان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک میراتێکی نەتەوەیی تۆمار کراوە.

 

KURDŞOP
374 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!