چیمەنی بزێو، دوڕگەیەک کە لەگەڵ شنەی با دا دەجووڵێت

 

شنۆ ڕەسووڵی

 

لە شاری تیکابی ناوچەی هەوشار، تاڵاوێکی بچووک بە ناوی "چەملی" هەیە کە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین دەستکردەکانی سروشت لە ئاستی هەمووی جیهاندایە. ئەو شوێنە لە باشووری پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و لە هەموو کوردستان و ئێرانەوە خەڵک سەردانی دەکەن.

تیکاب کەشوهەوایەکی چوار وەرزی هەیە و لە هەر وەرزەی ساڵدا کەشوهەوای تایبەتی خۆی هەیە. ئەم شارە ئاسەواری مێژوویی زۆریشی هەیە کە گرینگترینیان تەختی سلێمان و زیندانی سلێمانە. بەڵام سەرچاوەی گەشتیاریی سروشتیشی هەیە کە چیمەنی بزێوی چەملی لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییە سروشتییەکانی ئەو شارەیە کە چەندین گۆڤاری بیانییش لەسەریان نووسیوە.

وشەی چەملی لە دوو وشەی چەم و وەلی پێکهاتووە؛ بەڵام ئەو دوو وشەیە لە کوردیدا تێکەڵ بوون و دەوترێت چەملی. چەم بە مانای چۆم و ڕووبارە و وەلی بە مانای دۆست و سەرپەرست دێت. جیا لەو ناوە بە ناوی  "چەملی گۆل"یش دەناسرێت.

ئاوی ئەو تاڵاوە لەژێر زەوی هەڵدەقووڵێت و جیا لەوەش هەندێک کانی لەو شوێنە هەیە کە ئاوەکانیان دەڕژێتە ناو ئەو تاڵاوە.

پانتاییی تاڵاوەکە یەک هێکتارە و قووڵاییەکەی هەتا ئێستا نەپێوراوە. تاڵاوەکە لە ناو دۆڵێکی قووڵدا هەڵکەوتووە کە پڕە لە دار و گوڵی جوان و دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە. لە ناو تاڵاوەکەدا پەلەوەری ئاوی وەک ماسی و مراویی کێوی دەژین.

لە دەوروبەری تاڵاوەکە قامیشەڵانێک هەیە کە بەرزیی قامیشەکانی دەگاتە دوو میتر. لە ناوەڕاستی تاڵاوەکەشدا، دوڕگەیەکی پێکهاتوو لە چیمەن دروست بووە کە بە تێکهاڵانی ڕەگ و ڕیشەی چیمەنەکە لە ناو ئاوەکە وەک یەکەیەکی یەکپارچە خۆی دەنوێنێ و پانتایی ڕووبەرەکەی 80 میتری دووجایە و یەک مەتریش ئەستوورە.

ئەو چیمەنە ٨٠ میترییە وەکوو بەلەمێکە کە کاتێک بای دێت لەسەر ئاوەکە وەجووڵە دەوکەێت و دەڕوات. هەر بۆیە ناوی ئەو شوێنەیان ناوە "چیمەنی بزێوی چەملی". ئەو چیمەنە با بۆ هەر لایەک بێت ئەویش بۆ ئەو شوێنە دەڕوات. کاتێک ئەو چیمەنە دەجووڵێک دیمەنێکی سەرنجڕاکێش دەخوڵقێنێ کە ساڵانە سەدان گەشتیار بۆ دیتینی ئەو دیمەنە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. چیمەنی بزێو لە شێوەی کەوانەیەکە کە چواردەوری بە ئاو گەمارۆ دراوە کاتێک چیمەنەکە لە ناوەندی ئاوەکەدا جێگیر دەبێ، لە نێوان 5 هەتا 8 میتر لە کەنارەکانی تاڵاوەکە دوو دەکەوێتەوە و ئەمەش مەودایەک ساز دەکات بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن لە ناو ئاوی تاڵاوەکەدا مەلە بکەن.

ئەگەرچی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر چۆنێتیی پێکهاتنی ئەم چیمەنە و هۆکاری جووڵەی لە ناو ئاوەکە نەکراوە بەڵام شارەزایانی بواری ژینگە و زەویناسی پێیان وایە چیمەنی بزێو لە کۆمەڵێک ڕووەک پێکهاتووە کە ڕیشەیان لە ناو ئاودا گەشە دەکات و پێویستیان بە خاک نییە. ریشەی ئەم گیا و ڕووەکانە لە ناو ئاوی ئەم تاڵاوەدا تێکهاڵاوە و پێکهاتەیەکی یەکپارچەی دروست کردووە کە لەسەر ئاوەکە ماوەتەوە و نوقم نابێ و لەبەر ئەوەی بە هیچ شوێنێکەوە نەبەستراوەتەوە، لەگەڵ هەڵکردنی با، لە ناو ئاوەکەدا وەجووڵە دەکەوێ.

چیمەنی بزێوی چەملی لە 15 کیلۆمیتریی شاری تیکاب هەڵکەوتووە. تەنیا مەرجێک کە بۆ سەردانی ئەو شوێنە هەیە ئەوەیە دەبێ خەڵک پاک و خاوێنی بپارێزن. هیچ دامودەزگایەکی حکوومەتیش چاودێریی ئەو شوێنە ناکات و تەنیا خەڵک لەسەر ئەرکی خۆیان دەیپارێزن.

چیمەنی بزێو، هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی لەسەر نەکراوە و تەنیا ناوەندە گەشتیارییەکان بۆ ناساندنی ئەم شوێنە هێندێک بابەت و زانیاریی سەرەتاییان لەبارەیەوە بڵاو کردووەتەوە. هەرچەند لایەنە فەرمییەکان لە باری دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ گەشتیارانیش کەمتەرخەم بوون و ئەم ناوچە جوان و دڵڕفێن و سەرنجڕاکێشە هێچ خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی بۆ گەشتیاران لێ نییە.

 

KURDŞOP
463 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!