چیای شاهۆ و گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیا

چرۆ هەورامی

 

چیای "شاهۆ" لە زنجیرەشاخگەلێک پێک هاتووە و لە بەرزترین چیاکانی زاگرۆسە و لەنێوان پارێزگاکانی سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. پانایی ئەم زنجیرە کێوە ١٠ تا ١٥ کیلۆمەترە و درێژاییەکەیشی ٥٥ کیلۆمەترە کە لە خۆرهەڵاتی شاری سلێمانی (لە باشووری کوردستان) هەتاکوو باکووری ڕوانسەر (لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) درێژ دەبێتەوە. بەرزترین لووتکەی شاهۆ، ٣٣٩٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.

شاهۆ لە چەندین چیای جیاواز پێک هاتووە و هەر بەم هۆیەشەوە ناوی کوێستانی لێ نراوە. چیای شاهۆ بەهۆی بەرزییەکەیەوە کەش‌و‌هەوایەکی ساردی هەیە و لە لوتکەکاندا هەمیشە بەفر هەیە. بارانبارینی ساڵانە لە بەشەکانی باشوور ٥٠٠-٦٠٠ میلی‌مەترە و لە بەشەکانی باکووردا ٨٠٠ میلی‌مەترە.

چەند چیایەکی گرینگی شاهۆ بریتین لە "گاوڵ، قەڵاگور، نانەوێژە، هۆڵ ئاور، تاقە‌سەفید، تەخت‌سانی، پیرخدر و شور."

شاهۆ شوێنی کۆمەڵێک گیانلەبەری وەک "پڵنگ، چەقەڵ، گورگ، ورچ، ڕێوی، ئاسک، کەو و کەڵەکێوی"یە کە بەپێی یاسا دەبێ لەلایەن ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی حکوومەتی ئێرانەوە پارێزگاریی لێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایەش نەتەنیا پێشێل دەکرێت، بەڵکوو تەنانەت لەلایەن خودی دەستوپەیوەندییەکانی حکوومەتەوە پێشێل دەکرێت.

شاهۆ لە نزیک ڕووباری سیروان هەڵکەوتووە، هەروەها ئەشکەوتی "قوری قەڵا" یەکێک لە ئەشکەوتە تایبەت و ناوازەکانی شاهۆیە. ئەشکەوتی قوری قەڵا بووەتە شوێنێکی مێژوویی و گەشتیاریی گرینگ کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە هەموو کوردستان و ئێرانەوە ڕووی تێ دەکەن.

قوری ‌قەڵا گەورەترین ئەشکەوتی ئاویی ئاسیایە کە کەوتووەتە باکووری ڕۆژئاوای کرماشان و لەسەر ڕێی کرماشان- پاوەیە. تاکوو ئێستا تەنیا ١٣ کیلۆمەتر لە ئەشکەوتەکە لەلایەن ئەشکەوتوانانەوە دەرکەوتووە و هێشتا نەگەیشتوونەتە کۆتاییەکەی. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم ئەشکەوتە ئەوەیە کە خاوەن چەندین تالارە لەوانە: "تالاری زینەح (بەرزەخ) و تالاری بووک."

 هەندێک کەس پێیان وایە درێژیی ئەم ئەشکەوتە هەتاکوو خاکی باشووری کوردستانە، هەروەها پێشینەیەکی مێژووییی زۆری هەیە و کۆمەڵێک شتی مێژووییی تێدا دۆزراوەتەوە، لەوانە: هەندێک شتی سواڵەتی کە بە وێنەی ڕاوی پەلەوەر ڕازراوەتەوە، لەگەڵ سککە و کاسەی مێشکی مرۆڤ. تەنیا یەک گیانلەبەر لە ئەشکەوتەکەدا دەژیت کە ئەویش جۆرێکی شەمشەمەکوێرەیە.

بە دەیان جۆر گوڵ و گیا لە بەرزاییەکانی شاهۆ هەن کە دەتوانین ئاماژە بە چەند دانەیەکیان بکەین: "بووژانە، چنوور، هەڵاڵەبرمە، بەرزەڵنگ و وەرکەمەر". هەروەها کۆمەڵێک گیای لێیە کە خەڵکی ناوچەکە بە زۆری بۆ خواردن کەڵکی لێ وەردەگرن، وەک: "هەزبێ کێوی، کەنگەر، پیچک، سوورەبنە، بەڕەزا و قارچک (کارگ).

هەروەها کۆمەڵێک گیای بۆندار هەن کە بۆ نەخۆشییەکان کەڵکی لێ وەردەگرن و داری "بەڕوو، بنە، تەنگەز، چەقالە و بڵاڵوک" لە چیاکانی شاهۆدا هەن.

لە داوێنی بەرزاییەکانی شاهۆ ژمارەیەکی زۆر کانی هەیە کە ئاوی جووتیاری و هەروەها ئاوی خواردنەوەی شارەکانی ڕوانسەر و پاوە و گوندەکان دابین دەکەن.

هەوارەکانیش شوێنی نیشتەجێبوونی کاتی لە بەرزاییەکانی شاهۆن کە ئاژەڵداران لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهار تاکوو پاییز دەچنە ئەوێ. چەند هەوارێکی بەناوبانگی شاهۆ ئەمانەن: "هەواری شێخ عەزیز، هانە شاهۆ، هەوارە بەرزە و...".

بەهۆی ئەوەی شاهۆ شاخاوییە و زۆر بەرزە، ڕێگای چوون بۆ سەر شاخەکانی ئەستەمە، چەند ڕێگایەک بۆ سەرکەوتن بە شاخەکانی شاهۆدا هەن، یەکێک لەوانە، لە گوندی شمشێر یان تازاوا و لە گوندی دێوەزناوەوەیە. هەرچەندە ڕێگای زۆری دیکە هەن بەڵام ئەو دوو ڕێگایەی کە ئاماژەمان پێ کرد، ئاسانترن.

لێکۆڵینی مێژووناسان نیشانی داوە مرۆڤەکانی سەردەمی "بەرد" زیاتر لە ٤٠ هەزار ساڵ لەوە پێش لە ئەشکەوتەکانی داوێنی شاهۆ لە دەوروبەری ڕوانسەر، قوری قەڵا و هەجیج ژیاون و ئێستاش هەر لەو شوێنانە ئاسەوارەکانیان دیارن. هەروەها شوێنێکی دیکەی مانەوەی مرۆڤەکان کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێ هەزار ساڵ لەوە پێش لە نزیک گوندی ڕوارە کە لە داوێنی باکووری شاهۆیە.

 

KURDŞOP
550 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!