گوندی هەجیج، خاوێنترین گوندی جیهان

چرۆ هەورامی

 لە نێو گوندەکانی هەوراماندا چەند گوندێک هەن کە بە هۆی هەندێ لە تایبەتمەندییەکانیانەوە ناوبانگێکی زیاتریان هەیە و هەمیشە دیار و بەرچاوترن. یەکێک لەو گوندە بەناوبانگانە کە سەر بە هەورامانی لهۆنە، گوندی هەجیجە. ئەو گوندە هەر وەک گوندەکانی دیکەی هەورامان دیمەنێکی بێ وێنە و ناوازەی هەیە، بەڵام ئەوەی هەجیجی بەناوبانگتر کردووە چەند شوێنێکی مێژوویی، ئایینی و گەشتیارییە کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا ئاماژەیان پێ دەکەین.

گوندی هەجیج لە ٣٥ کیلۆمەتریی شاری پاوە و ١٢٣ کیلۆمەتریی کرماشان لە بەشی نەوسوو هەڵکەوتووە و بەرینییەکەی ٥٣ هێکتارە. گوندەکانی دراوسێی هەجیج بریتین لە ناو، داریان، نۆدشە، دەرەهەجیج و ئەسپەرێز. ڕێگا و جادەی چوون بۆ هەجیج یەکێک لە جوانییەکانی هەورامانە و سرووشتێکی دڵڕفێنی هەیە. بۆ ئەوەی بڕۆی بۆ هەجیج دەبێ لە جادەیەکی پڕ پیچ و خەم و تونێل دەرباز ببی.

ئەو شوێنەی هەجیجی لێ هەڵکەوتووە دۆڵێکی سەرسەوزە و کەشوهەوایەکی خۆش و خاوێنی هەیە. هەروەها ناوی هەجیج بە واتای دۆڵێکی قووڵ و دوور و درێژە کە داری زۆری تێدا بێ. گوندی هەجیج ١٢٥٠ ساڵ لەمەوبەر دروست کراوە. مێژووی دروستبوونی هەجیج دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی سەید عوبەیدوڵڵا کوڕی ئیمام مووسای کازم کە بە "کۆسەی هەجیج" ناسراوە، دەچێتە ئەو شوێنە و لەگەڵ شەش کەسی تردا بناغەی گوندی هەجیج دادەمەزرێنن. بە پێی بەڵگە مێژووییەکان، سەید عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٩٠ هاتووەتە هەجیج و ماوەیەکی کەمیش لەو گوندە ماوەتەوە و کۆچێ دوایی کردووە. کۆسەی هەجیج یەکێک لە پیاوخاسانی ئەو گوندە بووە و ئێستاش ڕێزێکی تایبەتی لێ دەگرن و تەنانەت هەندێک جار سوێندی پێ دەخۆن. کۆسەی هەجیج وەکوو سەرچاوەیەکی گەشتیاریی ئایینی هەژمار دەکرێت و گەشتیاران لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستان، ئێران و هەروەها جیهانەوە سەردانی دەکەن.

گوندی هەجیج وەک خاوێنترین گوند لە جیهاندا لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ناسێنراوە. هەر کەسێک بچیتە هەجیج، یەکەم شت کەشوهەواکەی سەرنجی ڕادەکێشێت. ئەو هەوا خاوێنە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی هەجیج کەمتر تووشی نەخۆشی ببن؛ بەتایبەت نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجەی سیپەلک، ئاسم و هەناسەکێشان.

 خەڵکی هەجیج جلوبەرگی تایبەتیان هەیە و هەمووکات جلی کوردی لەبەر ئەکەن، تەنانەت ئەگەر لە گوند دەرکەون و بچنە گوند یان شارێکی تر هەر بەو جلوبەرگەوە دەچن کە خۆی ناسێنەری خەڵکی هەجیجە. پیاوەکانیان بە بێ دەسرەسەر و سەرپێچ و کڵاو ناگەڕن، دەسرەسەری هەجیجی لە قوماشی دەزۆ دروست دەکرێ و دەیپێچن بە دەوری سەریاندا. لە ڕاستیدا پشتوێن و مێزەر، کارتی نەتەوەیی و ناسنامەیە بۆ هەجیجییەکان.

دانیشتووانی ئەو گوندە پیشەساز و بەناوبانگن و هەر لە سەردەمانی پێشوودا لە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان، سەربەخۆ بوون. خەڵکی هەجیج سەرقاڵی دروستکردن و چنینی کڵاش، شاڵ، جاجم و چنینی جۆرە قوماشێک کە پێی دەڵێن "موهیر" بوون. بەڵام ئێستا هەندێک لە دانیشتووانی گوندەکە بۆ درێژەدانی خوێندن یان کارکردن لە هەجیج نەماون و ڕوویان لە شارەکان کردووە.

 کانی "بڵ" یەکێکە لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان. ئەم کانییە لە شاخەکانی هەجیجەوە هەڵدەقوڵێ و دەڕژێتە نێو ڕووباری سیروان. بە پێی بەڵگە مێژووییەکان "بڵ" وشەیەکی یۆنانییە و بە واتای خودای ئاوە. هەروەها لە هەوراماندا بڵ واتەیەکی دیکەی هەیە، کاتێک لە هاویندا هەوا زۆر گەرم دەبێ و ئەو مێوانەی لێکراونەتەوە لەبەر گەرماکەدا زوو تێک دەچن، بەم مێوەیە دەڵێن بڵ بووە. بەڵام شارەزایان باوەڕیان وایە کە ناوی تاڤگەی بڵ هەر لە ناوە یۆنانییەکەوە وەرگیراوە. ئاوی ئەم کانییە بە پیێ ڕێژەی باران بارین لە ساڵدا کەم و زۆر دەبێ. پێشتر ئاوی کانییەکە لە خوارەوەی گوند بوو و دەڕژایە ڕووبارەکەوە بەڵام ئێستا بە هۆی سەدی داریانەوە شوێنی هەڵقوڵانی ئاوی کانییەکەیان گواستووەتەوە سەرترەوە.

 شوێنە بەناوبانگەکانی گوندی هەجیج:

کانیی بڵ، بەنداوی داریان، بەرزاییەکانی شاهۆ، چل خانە، مزگەوتی جامیع، کۆسەی هەجیج، خانەقا و حەوزی پیر.

 

KURDŞOP
1553 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!