دەریاچەی "گەهەر" لە بەرزاییی چیاکانی پارێزگای لوڕستان

- ڕۆژ قادری

 

دەریاچەی "گەهەر" لە شوێنە گەشتیارییەکانی شارستانی "دورود"ە و لە ناوچە پارێزراوەکانی "ئۆشتۆرانکێو" (اشترانکوه) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی دورود لە پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە. دەریاچەی هەمیشەییی گەهەر لەلای ڕۆژاوای ئۆشتۆرانکێو، باشووری گەردەنەی "پەنبێ کال و تەنگەی تاپالێ" و باکووری ڕۆژهەڵاتی کێوی "سەرسەوز" هەڵکەوتووە. مەودای ئەم دەریاچەیە لە "خوڕەم ئاوا"ی ناوەندی پارێزگای لوڕستان، ١٢٠ کیلۆمەترە و ٣٥ کیلۆمەتریش لە شاری دورودەوە دوورە.

دەریاچەی گەهەر لە شوێنە گەشتیارییە گرینگەکانی پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لەنێوان زنجیرەکێوەکانی "ئۆشتۆرانکێو" دەدرەوشێتەوە. ئەم دەریاچەیە ٢ هەزار و ٣٦٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و هەندێک لێکۆڵینەوەی زەویناسی باس لەوە دەکەن کە بەهۆی بوومەلەرزەوە دروست بووە، چونکە ئەم دەریاچەیە لەسەر کەلێنی (گۆسەل) سەرەکیی زاگرۆس هەڵکەوتووە.

دەریاچەی گەهەر لە دوو بەشی گەهەری گەورە و گەهەری بچووک پێک هاتووە. دەریاچەی گەهەری گەورە کە پانییەکەی لەنێوان ٤٠٠ هەتا ٨٠٠ مەترە و درێژییەکەی ١٨٠٠ مەترە، ساڵانە میوانداری لە گەشتیارگەلێکی زۆری نێوخۆیی و بیانی دەکات.

بارینی ساڵانەی ئەم ناوچەیە زۆرتر بە شێوەی بەفرە و نزیکەی ٥٠٠ هەتا ٩٠٠ میلی‌مەترە کە لە زستاندا دەبێتە هۆی سەهۆڵبەندان، بە شێوەیەک کە ڕووی دەریاچەکە دەیبەستێت و دیمەنێکی ناوازە دەئافرێنێت. دەریاچەی گەهەری بچووک بە پانتایی پێنج هێکتار، نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە گەهەری گەورەوە دوورە. گەهەری بچووک زۆر قووڵ نییە و ئەگەر لێی ورد ببیتەوە، دەتوانیت ماسییەکانی بنی ببینیت. قووڵاییی گەهەری گەورە لەنێوان ٤ هەتا ٢٨ مەترە و قووڵاییی گەهەری بچووکیش ١ هەتا ٣ مەترە.

مەلەکردن لەم دەریاچەیەدا زۆر مەترسیدارە و تا ئێستا بە دەیان کەس لەو دەریاچەیەدا نوقم بوون و گیانیان لەدەست داوە. بەم هۆیەوە بەڕێوەبەریی گەشتیاریی ئەو دەریاچەیە و ئیدارەی ژینگەی پارێزگای لوڕستان، مەلەکەردن لەو دەریاچەیەیان قەدەغە کردووە.

سەرچاوی دابینکردنی ئاوی دەریاچەکە، ڕووباری "تاپالێ"یە کە ئاوێکی زۆر ڕوون و ساردی هەیە. ئەم ڕووبارە سەرەتا دەڕژێتە گەهەری بچووک و دواتر دەڕژێتە گەهەری گەورەوە. ئاوی دەریاچەکەش زۆر ڕوونە کە لە هەندێک شوێنیدا بنی دەریاچەکە و ماسییەکانی بنی دیارن. هەروەها دەریاچەی گەهەر لە سەرەکیترین ژینگەکانی ماسیی "قەزڵ‌ئاڵا"ی پەلکەزێڕین و خاڵ‌سوورە.

کەناراوی ئەم دەریاچەیە لەلای ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتییەوە بە شێوەی خیزە و شوێنەکانی تری بە گاشەبەرد تەنراوە. یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم دەریاچەیە ڕوو بە دارستانێکی چڕوپڕە کە لەلای خوار و سەرەوەی دەریاچەکە دیمەنێکی ناوازەی هەیە.

لەلایەکی ترەوە لە نزیکی دەریاچەی گەهەر دۆڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش بە ناوی دۆڵی "نەی گا" (درە نی گاه) هەڵکەوتووە کە لە وەرزی بەهاردا پڕ دەبێت لە "گوڵەخەندەران"ی جۆراوجۆر و هەڵاڵەبرمە. ئەمەش جوانیی دیمەنی ئەو ناوچەیە چەنده‌هێندە دەکات.

لەو هۆکارانەی کە زۆرتر گەشتیاران بۆ لای دەریاچەی گەهەر ڕادەکێشێت، یەکێکیان بەلەمسوارییە لەسەر دەریاچەکە و دووەمیان شاخەوانییە لە شاخەکانی دەوروبەری دەریاچەکە. چونکە ئەم دەریاچەیە لە ناوچەی شاخاویی ئۆشتۆرانکێو هەڵکەوتووە، شاخەوانانێکی زۆر لە هەموو وەرزەکانی ساڵ ڕوو لەو ناوچەیە دەکەن و وێڕای شاخەوانی، لە دیمەنە جوانەکانی ئەو دەریاچەیەش چێژ وەردەگرن. هەروەها ڕێگەی گەیشتن بە دەریاچەکەش بە پێ، بۆ خۆی شاخەوانی دێتە ئەژمار و چەند کاتژمێر دەخایەنێت.

لە سروشتی دەوروبەری دەریاچەی گەهەر، بە دەیان جۆر گیا، ڕووەک، گوڵ و دار بوونی هەیە کە دەتوانین ئاماژە بەمانە بکەین: "دارەکانی بەڕوو، چوالە، چنار، هەنجیر، سێو و گێوژ و گوڵەکانی گوڵەخەندەران، هەڵاڵەبرمە و هەڵاڵەی کێوی و...".

باشترین و خۆشترین وەرز بۆ سەردانکردنی ئەم دەریاچەیە، کۆتاییەکانی وەرزی بەهار و ناوەڕاستەکانی هاوینە، هەرچەند هەر وەرزێکی تایبەتمەندیی خۆی هەیە. هەروەها شەوانی ئەم ناوچەیە زۆر ساردە و لە کاتی مانەوەدا دەبێ کەرەستەی پێویستت پێ بیت. چونکە تا ناوەڕاستەکانی بەهار، لووتکەکانی ئۆشتۆرانکێو هەر بەفری پێوەیە و ئەمە کەشوهەوای ناوچەکەی سارد کردووە.

KURDŞOP
479 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!