گوندی دەل لە هەورامان

- چرۆ هەورامی

گوندی "دەل" یەکێکە لە گوندەکانی هەورامانی تەخت و لە ٣٤ کیلۆمەتریی شاری سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنە هەڵکەوتووە. درێژایی جۆگرافیی گوندی دەل ٤٦-٢٨ دەرەجە و پانیی ٨-٣٥ دەرەجەیە و ١٣٤٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. دەل لە نێوان کێوە بەرزەکانی هەورامان هەڵکەوتووە و ڕووباری سیروان لە خواریەوە تێپەر دەبێت. دەل لەگەڵ ئەم گوندانە هاوسنوورە: ڕوار، زۆم، دەڵەمەرز و کۆڵیژ.

ئەگەر بمانەوێت لەسەر مێژووی گوندی دەل بدوێین، ئەوە سەرچاوەکان بەپێی کێو و دەشت و شوێنەکانییەوە باس لەوە دەکەن کە ئەم گوندە کۆن و مێژووییە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠ ساڵ لەوەپێش. لەوانەیە بۆ زۆربەمان جێگای پرسیار بێت کە ناوی دەل لە کوێوە هاتووە، بۆچی ناوی گوندەکە "دەل"ە‌‌، بەڵام بەداخەوە تاوەکوو ئێستا هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەکی ڕاست لەمبارەیەوە نییە.

گوندی دەل بەهۆی سروشتە دڵڕفێن و بێ وێنەکەی، گەشتیارێکی زۆر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و خەڵکی بیانی سەردانی ئەم گوندە دەکەن. بەڵام بەهۆی ساردبوونی هەوا و زستانە سەختەکەیەوە، گەشتیاران لە وەرزی پاییز و زستان ڕوو ناکەنە ئەم گوندە. زۆرتر لە وەرزی بەهار گەشتیاران دەچنە دەل چونکە دیمەنەکەی جوانتر و ڕازاوەترە و کەشوهەوایەکی خۆشیشی هەیە. یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگەکانی دەل "دەلۆر"ە کە بەرزتر لە گوندەکەیە و دەلی لێ دیارە.

گوندی دەل ٢٥٠ ماڵ دەبێت، حەشیمەتەکەی نزیک بە هەزار کەسە و دانیشتووانی گوندەکە لە وەرزی سەرمادا هەر لە گوندەکە دەبن، بەڵام کاتێک کەشوهەوا خۆش دەکات هەندێک لە خێزانەکان بە شێوەیەکی کاتی دەچنە هەواری "هەیشوور"، کە بە هەواری هاوینەی دەلییەکان ناسراوە. خەڵکی گوندەکە بەهۆی گەرمبوونی هەوا و کەمبوونی لەوەڕگە بۆ ئاژەڵاکانیان، دەچنە هەوار.

هەواری هەیشوور دیمەنێکی تایبەتی هەیە و شوێنێکی سەرسەوز و بەرزە و بەرامبەر بە شاخەکانی شاهۆیە.  

دەل لە هەورامان لانکەی دروسکردنی کڵاشە. زۆربەی دانیشتووانی گوند بە کاری دروستکردنی کڵاش سەرقاڵن. پیاوەکان ژێری کڵاشەکە دروست دەکەن و ژنانیش دەیچنن و بووەتە داهاتێک بۆ خەڵکی گوندەکە، بەم هۆیەشەوە ڕێژەی بێکاری کەمە. ئەو کڵاشانەی دروستیان دەکەن دەیاننێرنە شارەکان و زۆربەشی دەنێرنە هەرێمی کوردستان.

لە هەورامان ژنان پێگەیەکی تایبەتیان هەبووە و لە کاروبارەکاندا بەشدارییان کردووە. بەپێی قسەی پێشینییان لە گوندی دەل هەمووجارێک یەکێک لە شۆراکانی گوند ژن بووە. ژنان بگرە لە پیاوانیش زۆرتر کاریان کردووە، چ لەنێو گوند چ لە هەوار، کاتێک کۆچیان کردووە بۆ هەوار زۆرترینی ئەرکەکان لەسەر شانی ژنان بووە. وەک خۆیان بە هەورامی دەڵێن "ژیوای سەروو شانوو ژەنیوە بیەن".

بەهۆی زۆریی گژوگیا لەم ناوچەیەدا چەند جۆری داری تایبەت وەکوو "قەزوان، زرشک و سنجی (سیرنچک)" هەیە، هەروەها شوێنێکی باش و لەبارە بۆ ڕاگرتنی هەنگ. ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر هەنگوین لە دەل بەرهەم دێت و جیا لە لە بەرهەمهێنانی هەنگوین، بنێشتیش بەرهەم دێت کە بە بنێشتی کوردی ناسراوە، بنێشتەکە لە داری قەزوان یان بە هەورامییەکەی "وەن" دروست دەبێت و ئەویش شێوازی بەرهەمهێنانی تایبەتی خۆی هەیە و دەتوانن لەهەر دار قەزوانێک دوو ساڵ جارێک بنێشت بەرهەم بهێنن.

ئاوی خواردنەوەی ئەم گوندە لە کانی و ڕووباری سیروان و هەروەها کانیاوە وەرزییەکان دابین دەبێت. بەکارهێنانی ئاوی کانی و ڕوبارەکە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی خەڵکەکە هەیە چونکە ئاوێکی خاوێن و پاک و زوڵاڵە.

گوندی دەل هەروەک گوندەکانی دیکەی هەورامان ماڵەکانی لە بەرد و دار دروست کراون و ئەو مێعمارییە تایبەتە کە لە هەورامان دەبینرێت لە دەلیش دەبینرێت. هەرچەند ئێستا ژمارەیەکی کەم ماڵیان بە شێوازی ئەمڕۆیی دروست کردووە.

 

KURDŞOP
649 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!