"دهۆک" شارێک پڕاوپڕ لە جوانی لە باشووری کوردستان


 

- سیپان سۆفیزادە

 

ناوی دهۆک لە چییەوە هاتووە؟

لە بارەی ناوی دھۆک بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ئەوەی لە ھەموویان بەناوبانگترە ئەوەیە کە "دھۆک" بە واتای "دوو چیا، یان دوو ھێلکە" دێت، ناوی ئاشووری شارەکە "نوھەدرا"یە.

دھۆک لە سێ لاوە بە چیا دەورە دراوە، کە "چیای سپی" لە باکووری شارەکە، "چیای زاوا" لە باشووری شارەکە و "چیای مام سێن" لە ڕۆژھەڵاتی شارەکە هەڵکەوتووە.

هەروەها لای ڕۆژئاوای شارەکە دەتوانین بڵێین دەکرێتەوە بۆ لای دەشتی کشتوکاڵی سێمێڵ. زۆر لە شوێنەوار لەم ناوچەیە بەرچاو دەکەون کە یەکێک لە گرینگترین شوێنەوارەکان "ئەشکەوتی چوار ستوونە" کە دەکەوێتە سەر شاخێک لە ناوچەی "بەنداوی دهۆک".

چەندین خێڵ و عەشیرەت لەم ناوچەیە دەژین لەوانە گرینگترینیان "مزووری و زێباری و بەرواری و کوگار" و زۆر عەشیرەتی تریش بەرچاو دەکەون کە لە عەشیرەتە دێرینەکانن و داب و نەریتی خۆیان دەپارێزن کە لە باب و باپیرانەوە بە میرات بۆیان ماوەتەوە. دانیشتووانی ناوچەکە سەربە سێ ئایینی ئیسلام، مەسیحی و ئێزێدین.

شارۆچکەکانی پارێزگای دهۆک پێک دێن لە "دهۆک، زاخۆ، سێمێڵ، ئاکرێ، شێخان، بەردەڕەش و ئامێدی"، هەموو ئەمانەش چەند شارەدێیەک لە خۆ دەگرن و کۆی گشتیی ژمارەی دانیشووانی پارێزگای دهۆک دەگاتە "١٤٢٣١١٤" کەس.

ئەم شارە هەر لە کۆنەوە یەکێک بووە لە ناوچە بازرگانییەکانی ئاشوور، دواتر کورد لەوێ وردە وردە نیشتەجێ بووە. ئێستا خەڵکی دهۆک هەموویان کوردن و بە زاراوەی کرمانجیی سەروو قسە دەکەن.

مێژووی شاری دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزار ساڵ

پێش زایین، لە شارەکەدا "کورد، ئێزێدی، کلد و ئاشووری و ئەرمەنی" ژیاون. ساڵی "١٩٩١" لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر شاری دهۆک تەواوی دانیشتووانەکەی شارەکەیان بەجێهێشت.

هەروەها خەڵکی شاری دهۆک بەوە ناسراون کە خەڵکێکی نەتەوەیین و شانازی بە نەتەوەکەیانەوە دەکەن و زۆر کەسی شۆرشگێر و قارەمانی تێدا هەڵکەوتووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە دهۆک وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بووە لە نێوان عێراق و ئێران و سووریادا وەک دەروازەیەک بووە بۆ باشووری کوردستان و ئەوەش لە تۆمارە مێژووییەکاندا بەرچاوە.

شوێنە گەشتیارییەکانی دهۆک

 "پردی دەلال" لە زاخۆ دەکەوێتە پارێزگای دهۆک و یەکێکە لە پردە کۆنە مێژووییەکان، دوای ئەوەش "چیای گارە" دێت کە ئەمەش بەناوبانگترین چیای دهۆکە و "٢١٥١" مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە

. سەری چیای زاوا و گەڵی دهۆک دوو شوێنی گەشتیاری نزیكی ئەم شارەن کە دەكەوێتە نێوان هێڵی پانی"٤٣.٢٠" و "٤٤.١٠" ڕۆژهەڵات و هێڵی بازنەی "٣٦.٤٠" و "٣٧.٢٠" باكوور.

ئەم شارە دەیان میوانخانە و چێشتخانە و مۆتێلى لێیە و مۆزەخانەی شوێنەواری و مۆزەخانەی كولتووری و مۆزەخانەی كولتووری ئێزیدیەكانیش لەم شارە هەڵکەوتووە. هەروەها شاری یاری و بازاری سەردەم و باخچەیەكی بچوكی ئاژه‌ڵانی هەیە و چەندان سەنتەری رۆشنییریی لێیە و زانكۆی دهۆک و زانکۆی ئەمریکی لە دهۆکیش دوو ناوەندی گەورەی زانستیی ئەم شارەن. سنووری پارێزگاكە چەندان شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری مێژوویی و هەڵکۆڵراو لە دەوروبەریدا هەیە.

لە ڕووی کەشوهەواوە

دهۆک وەک شارەکانی تری دەورووبەری کەشوهەوایەکی چوار وەرزی هەیە، هاوینی گەرمی دەریای ناوەڕاستی هەیە. هاوینانی گەرم و بێ بارانە، زستانانی سارد و بە بارانە.

بارانبارین لە مانگە فێنکەکاندا زۆرە، لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا زۆرترین باران دەبارێت.

لە شارەکە بەفر بۆ ماوەی دوو یان سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە، لە بەرزایی و شاخەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆرتر بەفری پێوە دەمێنێتەوە، لە کۆتایی پاییزدا بارانێکی زۆر لەم ناوچەیە دەبارێت.

 

KURDŞOP
848 بینین
ئایا دەتهەوێت ئاگاداری دوایین بابەت و هەواڵەکانمان بیت؟
تکایە بڕیار بدە!